راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ئاهه‌نگی‌ بێ‌ تام‌و بۆن
ئه‌مساڵ كه‌ركوك نه‌ورۆزێكی شه‌رمنانه‌ی به‌ڕێكرد

سه‌مه‌ر ره‌بیع
جه‌ژنی نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ له‌كه‌ركوك جیاوازبوو به‌راورد به‌و ئاماده‌كاریانه‌ی پارێزگاكه‌ ساڵانه‌ بۆ پێشوازیكردن له‌ رۆژانی یه‌كه‌می ساڵی كوردی به‌خۆوه‌ی ده‌بینی.
29.03.2018  |  كه‌ركوك
 ( :وێنه الموسوعة الحرة )
( :وێنه الموسوعة الحرة )

ئاماده‌كردنی خواردن‌و چوونه‌ده‌ره‌وه‌ بۆ سه‌یران له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌ سه‌وزه‌كانی سه‌ر رێگای هه‌ردوو شاری هه‌ولێر‌و سلێمانی بڵاوترین نه‌ریتی ئاهه‌نگگێڕانی جه‌ژنی نه‌ورۆزن له‌كه‌ركوك، به‌ڵام ئه‌مساڵ گۆڕاون.

  

"نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ رۆحی‌ خۆی له‌ده‌ستداوه‌ له‌ئاماده‌كردنی جلوبه‌رگی كوردی ئاڵ‌و واڵا‌و كۆبوونه‌وه‌ی خێزانه‌كان بۆ هه‌ڵپه‌ڕین له‌سه‌ر ئاوازی زوڕنا" ئه‌مه‌ قسه‌ی دیدار محه‌مه‌د یه‌كێك له‌سه‌ردانیكه‌رانی به‌نداوی شیرینه‌ كه‌ به‌ "نیقاش"ی وت "ئه‌مساڵ به‌نداوه‌كه‌ هێنده‌ی نه‌ماوه‌ خاڵی بێت له‌ئاهه‌نگگێڕان‌و كه‌شوهه‌واكه‌ش كه‌مێك نامۆیه‌، له‌بیرمه‌ له‌ساڵانی رابردوودا تووشی قه‌رباڵغییه‌كی زۆری هاتووچۆ ده‌بووین تاده‌گه‌یشتینه‌ شوێنی مه‌به‌ستمان‌و كاتێك ده‌شگه‌یشتین شوێنێكی چۆڵمان نه‌ده‌بینیه‌وه‌ بۆ دانیشتن به‌هۆی زۆری ئاهه‌نگگێڕانه‌وه‌".

 

كه‌ركوك كه‌ دانیشتووانه‌كه‌ی وا راهاتوون هه‌موو ساڵێك ئاهه‌نگی جه‌ژنی نه‌ورۆز بگێڕن، ئه‌مڕۆ دانیشتووانه‌كه‌ی ته‌نیا چه‌ند سه‌یرانێكیان بۆ ناوچه‌كانی نزیك سه‌نته‌ری شاره‌كه‌ ئه‌نجام داوه‌، چونكه‌ گه‌رموگوڕییه‌كه‌ی ساڵانیان شه‌رمنی پێوه‌دیاربوو، ئه‌و مه‌نجه‌ڵانه‌ی له‌ ناوچه‌ سه‌وزاییه‌كاندا به‌ درێژایی رێگا ده‌ره‌كییه‌كانی شاره‌كه‌ له‌سه‌ر خه‌ڵوز لێده‌نران ئه‌مساڵ سارد‌و كاڵ بوون‌و هه‌ڵپه‌ڕكێكانیش گه‌رموگوڕیی‌و جوانیه‌كه‌ی جارانیان له‌ده‌ستدابوو.

 

مه‌هدی به‌یاتی چالاكوانی سیاسی به‌ "نیقاش"ی وت: "ره‌وشی كه‌ركوك جۆرێك له‌گرژی پێوه‌دیاره‌ به‌هۆی دروستكردنی قه‌یران له‌لایه‌ن هه‌ندێك لایه‌نه‌وه‌، نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ هه‌رگیز له‌ ساڵانی رابردوو نه‌ده‌چوو كه‌ هه‌موو بۆنه‌كانی شاره‌كه‌ یه‌ك ره‌نگن، هه‌روه‌ها هه‌ستیاری ره‌وشی ئه‌مڕۆش ره‌نگدانه‌وه‌ی نه‌رێنی له‌سه‌ر گیانی ئاهه‌نگگێڕان هه‌بووه‌".

 

به‌یاتی وتیشی: "كۆبوونه‌وه‌كانی ئاهه‌نگگێڕان به‌بۆنه‌ی نه‌ورۆزی ئه‌مساڵه‌وه‌ زۆر كه‌من له‌ترسی هه‌ر به‌ ئامانجگرتنێك ئه‌گه‌ر رووبدات".

 

هاوكات سازان كاوه‌ كه‌ ژنێكی كورده‌‌و له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا له‌ شاره‌كه‌دا نیشته‌جێیه‌ وتی: "ساڵانێكه‌ ئێمه‌ راهاتووین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ لێره‌ بن‌و  ئاسایشی شاره‌كه‌ بپارێزن، به‌ڵام نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ جیاواز بوو كه‌ تێیدا هێزه‌كانی عێراق ئاماده‌ییان هه‌بوو، خێزانه‌ كورده‌كانیش له‌كه‌ركوك دابه‌شبوون به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی پارێزگارییان له‌ داب‌و نه‌ریته‌ په‌یڕه‌وكراوه‌كانی یاده‌كه‌ كرد به‌ چوونه‌ده‌ره‌وه‌ بۆ ناوچه‌ سه‌وزاییه‌كان، له‌ كاتێكدا به‌شی دووه‌میان ته‌نیا له‌ ماڵه‌وه‌ مانه‌وه‌‌و ئاهه‌نگگێڕانه‌كه‌یان خێزانی بوو".

 

هه‌روه‌ها وتیشی: "هه‌ندێك له‌ خه‌ڵكی كه‌ركوك پێیان وایه‌ شاره‌كه‌یان له‌ حاڵه‌تی ماته‌مدایه‌ به‌هۆی چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌‌و زۆربه‌ی حزبه‌ كوردییه‌كان له‌ شاره‌كه‌، هه‌رچه‌نده‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌ته‌واوی كۆنترۆڵی ره‌وشی ئه‌منیشیان كردووه‌، هاووڵاتیانیش به‌دوای ئارامیدا ده‌گه‌ڕێن له‌هه‌ر لایه‌نێكه‌وه‌ پێشكه‌ش بكرێت".

 

یادكردنه‌وه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆز له‌ شاری برایه‌تیدا ته‌نیا تایبه‌ت نییه‌ به‌ یه‌ك نه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو هه‌موو پێكهاته‌كانی عه‌ره‌ب‌و توركمان‌و مه‌سیحی له‌گه‌ڵ خاوه‌نی جه‌ژنه‌كه‌ كه‌ كورده‌، ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی پارێزگاكه‌‌و ئاگری نه‌ورۆز ده‌كه‌نه‌وه‌‌و ئاهه‌نگده‌گێڕن به‌سه‌ماكردن یاخود هه‌ڵپه‌ڕكێ، هه‌روه‌ها ئه‌و خواردنه‌ خۆشانه‌ش له‌بیر ناكه‌ن كه‌ چێشتخانه‌ی كه‌ركوكی پرٍكردووه‌ له‌وانه‌ش دۆڵمه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ به‌هار‌و به‌ ماستی ترشی بزن‌و گه‌ڵامێو ئاماده‌ده‌كرێت.

 

سه‌جا عه‌بدوڵڵا كه‌ ژنێكی عه‌ره‌بی شاره‌كه‌یه‌ ده‌ڵێت: "هه‌موو ساڵێك له‌گه‌ڵ برا كورده‌كانمان یادی جه‌ژنی نه‌ورۆز ده‌كه‌ینه‌وه‌‌و ده‌چینه‌ هاوینه‌هه‌وار‌و شوێنه‌ جوانه‌كانی ناو كه‌ركوك یاخود ده‌ره‌وه‌ی، ئه‌مساڵیش رێوشوێنه‌ ئه‌منییه‌كان به‌ڕوونی دیاربوون‌و هیچ پێشێلكارییه‌ك رووی نه‌دا، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌ندامانی سوپای عێراق ئه‌و نه‌ریت‌و جلوبه‌رگانه‌یان به‌لاوه‌ سه‌یربوو له‌گه‌ڵ ئاهه‌نگگێڕاندا خۆشحاڵی خۆیان ده‌رده‌بڕی".

 

جلوبه‌رگی كوردی پێگه‌یه‌كی تایبه‌تی له‌ جه‌ژنه‌كانی به‌هاردا هه‌یه‌‌و پێشوه‌خت ئاماده‌كاری بۆ ده‌كرێت به‌ كڕینی قوماشی ئاڵ‌و واڵا‌و ره‌نگاو ره‌نگ كه‌ له‌ ئێران‌و هیندستانه‌وه‌ هاورده‌ ده‌كرێت‌و له‌سه‌ر شێوازی كۆنی عێراقی یاخود ئێرانی ده‌دوورێت له‌ ورده‌كاریدا جیاوازن، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ ژنێكی خاوه‌ن دوكانی تایبه‌ت به‌ دوورینی جلوبه‌رگی ژنان له‌ كه‌ركوك به‌ "نیقاش"ی وت: "له‌ ساڵانی رابردوودا وه‌رزی جل دوورین له‌ مانگی كانوونی دووه‌مه‌وه‌ ده‌ستیپێده‌كرد‌و له‌ مانگی ئازاریشدا به‌دیاریكراوی ده‌گه‌یشته‌ ترۆپك، چونكه‌ دوو بۆنه‌ی گرنگی له‌خۆگرتووه‌ ئه‌وانیش رۆژی جلوبه‌رگی كوردی له‌ 10ی‌ ئازار‌و جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌ له‌ 21ی هه‌مان مانگدا، به‌ڵام ئه‌مساڵ وه‌رزه‌كه‌ زۆر سنووردار بوو ژماره‌ی كڕیارانیش زۆر كه‌م بوو ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه‌ ئه‌منییه‌وه‌ بێت كه‌ شاره‌كه‌ی پێدا تێپه‌ڕی، پێشتر داوای لێبوردنم له‌ هه‌ندێك كڕیار ده‌كرد، چونكه‌ كاتم نه‌بوو قوماشه‌كانیان بۆ بدوورم له‌به‌ر زۆری داواكارییه‌كان، به‌ڵام ئێستا شته‌كه‌ جیاوازه‌".

 

تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ چه‌ند هه‌واڵێكی ساخته‌دا باسیان له‌ هه‌ڵوێستی راكان جبوری پارێزگاری كه‌ركوك به‌ وه‌كاله‌ت كرد كه‌ رێگه‌ نادات ئاگری نه‌ورۆز بكرێته‌وه‌‌و ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر قه‌ڵای دێرینی شاره‌كه‌ وه‌كو ساڵانی رابردوو هه‌لًبكرێت، به‌ڵام دواتر ئه‌و ده‌نگۆیه‌ ره‌تكرایه‌وه‌‌و ئاگر كرایه‌وه‌‌و هه‌ردوو ئاڵای عێراق‌و كوردستان هه‌ڵكران‌و ژماره‌یه‌ له‌ كه‌سانی په‌یوه‌ندیدار ئاماده‌ی ئاهه‌نگه‌كه‌ش بوون‌و هیچ پێشێلكارییه‌كی ئه‌منیش تۆمار نه‌كرا.

 

كه‌ركوك ئه‌مساڵ به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز ئاهه‌نگی نه‌ورۆزی گێڕا‌و هه‌ندێك له‌ دانیشتووانیش ترسیان هه‌بوو، به‌ڵام یاده‌كه‌ به‌ ئارامی به‌ڕێوه‌چوو، دانیشتووانیش ئومێده‌وارن ساڵی داهاتوو ئاهه‌نگی به‌هاریان خۆشتر بێت.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌