راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هه‌وڵێكی‌ بێ‌ پشت‌و په‌نا
سینه‌ماكارانی‌ به‌سره‌ له‌جێگای‌ هۆڵ په‌نا بۆ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌به‌ن

سه‌لیم وه‌ززان
ژماره‌یه‌ك سینه‌ماكاری‌ به‌سره‌ به‌هۆی‌ نه‌بوونی‌ هۆڵ‌و پاڵپشتییه‌وه‌، به‌توانایه‌كی‌ كه‌مه‌وه‌ كورته‌ فیلم به‌رهه‌مده‌هێنن‌و له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوی‌ ده‌كه‌نه‌وه‌.
14.03.2018  |  به‌سره‌
 ( :وێنه Qumrah film festival)
( :وێنه Qumrah film festival)

ره‌عد ئه‌بو ئه‌شته‌ر ئه‌كته‌ر‌و سناریست باس له‌و ئاسته‌نگانه‌ ده‌كات كه‌ رووبه‌ڕوویان ده‌بنه‌وه‌‌و ده‌ڵێت: "ئاسته‌نگی به‌رهه‌مهێنان، واته‌ بوونی لایه‌نی سپۆنسه‌ركه‌ر، كاریگه‌ری نه‌رێنی به‌سه‌ر خواستی سینه‌ماكارانی به‌سره‌وه‌ به‌جێهێشتووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ زۆربه‌مان روویان كردووه‌ته‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌ كه‌سییه‌كان بۆ به‌رهه‌مهێنانی كاری سینه‌مایی كورت‌و نمایشكردنی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان تا راسته‌وخۆ بگاته‌ بینه‌ران، پاڵنه‌ره‌كه‌شمان له‌وه‌دا ئاره‌زووی به‌رده‌وامبوونمانه‌ له‌سه‌ر كار‌و گه‌یاندنی په‌یامێكه‌ بۆ خه‌ڵكیش".

 

ئه‌و به‌ "نیقاش"ی وت:" له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ند كارمان كردووه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی چه‌ند فیلمێك وه‌كو (عه‌لی بابا)‌و (ئامانج)‌و (ئه‌و)‌و (بردنه‌وه‌ی سوور) هه‌روه‌ها (ئاسمانی ترس)‌و چه‌ند كارێكی دیكه‌. ئێستاش به‌ره‌و یانه‌ی سینه‌مای به‌سره‌ ده‌چین بۆ پێشكه‌شكردنی كارێك به‌ناونیشانی: جومگه‌كانی بینین، كه‌ تێیدا ره‌خنه‌ له‌ حاڵه‌ نه‌رێنییه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی ده‌گرین".

 

ئه‌بو ئه‌شته‌ر كه‌ هه‌ندێك له‌ كاره‌كانی خه‌ڵاتی ناوخۆیی‌و عه‌ره‌بییان بردووه‌ته‌وه‌، باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ رووبه‌ڕووی ئاسته‌نگ ده‌بنه‌وه‌ له‌ نمایشكردنی فیلمه‌كانیان له‌ هۆڵه‌كانی سینه‌مادا كه‌ به‌م دواییانه‌ هه‌ندێكیان دابینكراون،  روونیشیده‌كاته‌وه‌ "به‌م دواییانه‌ له‌گه‌ڵ خانه‌یه‌كی نمایشكردن له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی بازرگانی (تایم سكوێر) رێككه‌وتین بۆ نمایشكردنی فیلمی (بردنه‌وه‌ی سوور) ئه‌ویش دوای رێككه‌وتن له‌سه‌ر زیادكردنی ماوه‌ی فیلمه‌كه‌ كه‌ ئه‌وه‌شمان ئه‌نجام دا، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نمایشكردنی فیلمه‌كه‌ ره‌تكرایه‌وه‌".

 

ئه‌و سینه‌ماكارانه‌ی روویانكردووه‌ته‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی كاره‌كانیان له‌ تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان رووبه‌ڕووی سه‌ختی ده‌بنه‌وه‌ له‌ نمایشكردنی هه‌موو فیلمه‌كانیاندا. بۆیه‌ جگه‌ له‌و كورته‌ فیلمانه‌ی ماوه‌كه‌یان له‌ (5) تێپه‌ڕ ناكات، زۆربه‌یان له‌وه‌ ده‌ترسن نمایشكردن له‌ فه‌یسبووك ببێته‌ هۆی "سووتان"ی ئه‌و فیلمانه‌یان كه‌ ئومێده‌وارن له‌ فێستیڤال‌و پێشبڕكێ سینه‌ماییه‌كاندا به‌شدارییان پێ بكه‌ن.

 

به‌سره‌ به‌ یه‌كێك له‌ یه‌كه‌مین ئه‌و شاره‌ عه‌ربییانه‌ داده‌نرێت كه‌ له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی رابردووه‌وه‌ هۆڵی نمایشی سینه‌مایی‌و شانۆی تێدا كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌ نه‌وه‌ده‌كاندا له‌كاتی گه‌مارۆی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر عێراق په‌كیان كه‌وت‌و ئه‌وانه‌ش كه‌مابوونه‌وه‌ له‌لایه‌ن توندڕه‌وانه‌وه‌ ته‌قێندرانه‌وه‌‌و دواتر بوونه‌ ناوه‌ندی بازرگانی. له‌ سه‌ره‌تای ساڵی رابردووشدا شاره‌كه‌ كردنه‌وه‌ی پێنج هۆڵی سینه‌مای له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی بازرگانی (تایم سكوێر) به‌خۆوه‌ بینی كه‌ (700) كورسی له‌خۆده‌گرن‌و ئامێری هاوچه‌رخیان تێدایه‌ كه‌ به‌ سیستمی  3D كارده‌كه‌ن.

 

ره‌حیم خه‌ڵه‌فی ئه‌كته‌ر باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ ساڵی 1983وه‌ خه‌ریكی نواندنه‌‌و عاشقی كاره‌كه‌یه‌تی له‌به‌رئه‌وه‌ پشت به‌ ده‌ستپێشخه‌ری‌و سپۆنسه‌ركردنی به‌كۆمه‌ڵ ده‌به‌ستێت له‌لایه‌ن عاشقانی هونه‌ری سینه‌ماوه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی كارێكی دیاریكراو، هه‌روه‌ها ماڵه‌كه‌شی له‌ وێنه‌گرتنی چه‌ند فیلمێكدا به‌كارهێناوه‌‌و كه‌سانێكیش هه‌ن رێگه‌یان پێده‌ده‌ن شوێنی كاره‌كه‌یان یان ئۆتۆمبیله‌كانیان بۆ به‌ ئه‌نجامگه‌یاندنی كاری هونه‌ری به‌كاربهێنن.

 

ئه‌و به‌ "نیقاش"ی وت: "له‌ ئێستادا كاره‌كانمان له‌ یوتیوب یاخود په‌یجه‌كانی فه‌یسبووك بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی هانده‌رانه‌شمان له‌لایه‌ن بینه‌رانه‌وه‌ به‌دیكردووه‌ كه‌ وامان لێده‌كات به‌رده‌وام بین. له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا چه‌ند كورته‌ فیلمێكمان نمایشكردووه‌ وه‌كو (هه‌ره‌ج وه‌مه‌ره‌ج)‌و (غایب ئه‌بو لمه‌شاكیل)‌و چه‌ند فیلمێكی دیكه‌. ئه‌م ئه‌زموونه‌ ده‌رفه‌تێكی بۆ توانا گه‌نجه‌كان ره‌خساندووه‌ تا كاره‌كانیان پێشكه‌ش به‌ جه‌ماوه‌ر بكه‌ن‌و ببێته‌ سه‌كۆی ناساندنی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی ئه‌زموونی نوێیان هه‌یه‌‌و سه‌رنجی رێكخه‌رانی فێستیڤاڵه‌كان بۆ خۆیان رابكێشن".

 

به‌ڵام نمایشكردن له‌ فه‌یسبووك‌و سه‌كۆی تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی دیكه‌ جێگره‌وه‌یه‌كی راسته‌قینه‌ پێشكه‌ش به‌ به‌رهه‌مهێنه‌رانی سینه‌ما ناكات، له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ فائیز كه‌نعان ده‌رهێنه‌ری سینه‌مایی ده‌ڵێت: "ئه‌و كاره‌ سینه‌ماییانه‌ی بۆ هۆڵه‌كانی نمایشكردنی گشتی گونجاون ته‌نیا ئه‌و فیلمه‌ پرۆفیشناڵانه‌ن كه‌ پیشه‌سازی سینه‌مایان له‌سه‌ر راوه‌ستاوه‌".

 

هه‌روه‌ها بۆ "نیقاش"ی روونكرده‌وه‌: "دروستكردنی فیلمی سینه‌مایی پیشه‌سازییه‌كی ته‌واوه‌‌و پێویستی به‌ ده‌ستوه‌ردانی ده‌وڵه‌ت هه‌یه‌ بۆ پشتیوانیكردنی، ئه‌مه‌ش له‌ ئێستادا له‌لای ئێمه‌ به‌رده‌ست نییه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ كاره‌ سینه‌ماییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی رووناكی‌و وێنه‌گرتن‌و ده‌نگ‌و نواندن‌و ئه‌دا ساده‌‌و ساكارن، بۆ نموونه‌ له‌ هه‌موو به‌سره‌دا به‌ڕێوه‌به‌رێكی وێنه‌گرتن یان به‌ڕێوه‌به‌رێكی رووناكی یاخود به‌ڕێوه‌به‌رێكی پرۆفیشناڵی ده‌نگی تێدا نییه‌، ئێمه‌ پێویستمان به‌ دروستكردنی كارگه‌یه‌ تا پسپۆری جیاجیامان بۆ به‌رهه‌م بهێنن، چونكه‌ كه‌س ناتوانێت فیلمێكی راسته‌قینه‌ به‌رهه‌مبهێنێت ئه‌گه‌ر تیمێكی ته‌واوی نه‌بێت".

 

سه‌باره‌ت به‌ ئاستی به‌شداریكردنی تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش له‌ هێنانه‌ئارای ئه‌زموونێكی سینه‌ماییدا، ده‌ڵێت: "ئه‌م ئه‌زموونه‌ بچووكانه‌ فیلمێك نایه‌ننه‌دی كه‌ شیاوبێت بۆ هۆڵه‌كانی نمایشكردن، كه‌ فیلمێكی پرۆفیشناڵی درێژ بێت پێوانه‌ی چۆنایه‌تی تێپه‌ڕێنێت‌و تایبه‌تمه‌ندی ئه‌ندازه‌یی‌و وێنه‌‌و ده‌نگی دروستكراوی هه‌بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌و كارانه‌ی له‌ سۆشیال میدیادا نمایش ده‌كرێن شیاوی نمایشكردنی راسته‌قینه‌ نین، چونكه‌ كه‌موكوڕیان هه‌یه‌ له‌ جۆر‌و روونی وێنه‌‌و ماوه‌كه‌شیان كورته‌، چونكه‌ خێرایی داونلۆدكردن‌و پیشاندانی له‌سه‌ر شاشه‌ی مۆبایل یاخود لاپتۆت واده‌خوازێت. به‌رهه‌مهێنانی فیلمێكی سینه‌مایی (90) ده‌قیقه‌یی پێویستی به‌ بودجه‌ی زیاتر له‌ (100) ملیۆن دۆلاره‌‌و چاره‌كی ئه‌و بودجه‌یه‌ش له‌ عێراقدا به‌رده‌ست نییه‌، چونكه‌ سینه‌مای ئه‌مڕۆی عێراق له‌ ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی پیشه‌سازی سینه‌مای پرۆفیشناڵی جیهاندایه‌".

 

سینه‌مای عێراق كه‌ له‌ قۆناغه‌كانی رابردوودا پشتی به‌ پشتیوانی دارایی ده‌وڵه‌ت ده‌به‌ست بۆ مه‌به‌ستی سیاسی‌و بانگه‌شه‌كردن، له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ندێك هه‌وڵی كه‌می تاكه‌كه‌ كه‌سیدا، له‌ ئێستادا راوه‌ستاوه‌. 

 

فه‌تحی شه‌داد نه‌قیبی هونه‌رمه‌ندان له‌ به‌سره‌ ره‌شبینانه‌ وه‌سفی هونه‌ری سینه‌ما له‌ به‌سره‌‌و عێراق به‌گشتی ده‌كات كه‌ "له‌ ئێستادا له‌ژێر سفردایه‌"‌و پاساو بۆ ئه‌وه‌ش ده‌هێنێته‌وه‌‌و ده‌ڵێت: " هونه‌ر به‌گشتی خراپبووه‌، هونه‌ری سینه‌ماش له‌ هه‌موو هونه‌ره‌كان زیاتر ده‌كه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ری هه‌لومه‌رج‌و سه‌قامگیری كۆمه‌ڵگه‌‌و بۆچوونی ده‌وڵه‌ت‌و كه‌رتی تایبه‌ته‌وه‌، چونكه‌ پیشه‌سازییه‌كی قازانج ویسته‌. ئێمه‌ پێویستمان به‌ ژێرخانه‌ له‌ هۆڵی نمایش‌و ستۆدیۆی به‌رهه‌مهێنان‌و شاره‌زایی‌و پشتیوانی دارایی، خه‌ڵك سینه‌مایان له‌بیرچووه‌ته‌وه‌، به‌تایبه‌تی نه‌وه‌ی نوێ".

 

له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كانیش بۆ دروستكردنی ئومێد، ئه‌و به‌ "نیقاش"ی وت: "سه‌ره‌ڕای هه‌لومه‌رجه‌ نائاساییه‌كه‌‌و پشتیوانینه‌كردنمان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌، كار بۆ گۆڕینی واقیعی هونه‌ر له‌ به‌سره‌ ده‌كه‌ین له‌ڕێگای سازكردنی فێستیڤاڵی سینه‌مایی وه‌ك فێستڤاڵی ساڵانه‌ی "قومره‌"ی سینه‌مایی كه‌ له‌مانگی نیسانی داهاتوودا به‌سره‌ میوانداری ده‌كات، هه‌روه‌ها چه‌ندین چالاكی دیكه‌. هه‌وڵده‌ده‌ین ده‌رفه‌تێك بۆ توێژی گه‌نجانی به‌هره‌مه‌ند بڕه‌خسێنین كه‌ هه‌ندێك له‌ كاره‌كانیان سه‌ركه‌وتنیان له‌ فێستیڤاڵه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا به‌ده‌ستهێناوه‌‌و هه‌ندێكیشیان خه‌ڵاتی ده‌رهێنان‌و وێنه‌گرتن‌و مۆزیكیان بردووه‌ته‌وه‌، ئه‌وانه‌ش هه‌نگاوی تاكه‌كه‌سی هیوابه‌خشن‌و به‌ها جوانه‌كان پته‌وتر ده‌كه‌ن دوور له‌و به‌رهه‌مانه‌ی هه‌ندێك له‌ تازه‌پێداكه‌وتوو له‌ تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان نمایشیان ده‌كه‌ن".

 

سه‌ركه‌وتنی ئه‌زموونی مۆڵی تایم سكوێر له‌ڕێی كردنه‌وه‌ی پێنج هۆڵی هاوچه‌رخه‌وه‌ ره‌نگه‌ وا له‌ پاره‌داره‌كان بكات وه‌به‌رهێنان له‌ كه‌رتی به‌رهه‌مهێنانی سینه‌مادا بكه‌ن، غه‌یس مه‌جید خوێندكاری كۆلیجی هونه‌ره‌ جوانه‌كان هیواخوازه‌ هۆشیاری سه‌باره‌ت به‌ رۆڵی هونه‌ری سینه‌ما له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا گه‌شه‌ بكات‌و له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ به‌ "نیقاش"ی وت: "هیوادارم له‌ كاتی ده‌رچوونم له‌ زانكۆ ببینم یه‌كێك بایه‌خ به‌ به‌رهه‌مهێنانی فیلمی سینه‌مایی ده‌دات، چونكه‌ به‌سره‌ خاوه‌نی چه‌ندین توانای گه‌نجانه‌یه‌ كه‌ پێویستیان به‌ پشتیگری‌و شاره‌زاییه‌، هه‌روه‌ك شاره‌كه‌ش ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ مێژووه‌ سیاسی‌و رۆشنبیری‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی‌و خاكێكی به‌پیتی به‌رهه‌مهێنانی فیلمی سینه‌ماییه‌‌و بینه‌ری عێراقیش خواستێكی راسته‌قینه‌ی هه‌یه‌ بۆ بینینی ئه‌و كاره‌ ناوخۆییانه‌ی زۆر ده‌مێكه‌ چاوه‌ڕێیان ده‌كه‌ن".

  

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌