راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

له‌هه‌موو عێراقه‌وه‌ سه‌ردانی‌ ده‌كه‌ن
گه‌ڕاوه‌كه‌ی‌ خورماڵ بووه‌ته‌ شوێنی‌ چاره‌سه‌ری‌ نه‌خۆشی‌

سەلام هانەدنی
"منداڵه‌كه‌م هه‌موو گیانی‌ ده‌خوراو بووبوو به‌لیر، هه‌رچی‌ دكتۆرم برد چاره‌ی‌ نه‌بوو، ئێستا به‌شكم له‌م گه‌ڕاوه‌ چاكبێته‌وه‌" ئه‌مه‌ قسه‌ی‌ هه‌ردی‌ عه‌بدوڵا بوو كه‌ له‌شاری‌ سلێمانییه‌وه‌ منداڵه‌كه‌ی‌ هێنابوو بۆ خورماڵ.
14.03.2018  |  هه‌ڵه‌بجه‌
گەڕاوی خورماڵ ( :وێنه سلام هاندني)
گەڕاوی خورماڵ ( :وێنه سلام هاندني)

هه‌ردی بۆ "نیقاش" وتی‌ "پێشتر چه‌ند خزم‌و كه‌سێكمان سه‌ردانی ئێره‌یان كردووه‌و زۆر سودیان لێوه‌رگرتووه‌، بۆیه‌ منیش ئومێدم هه‌یه‌ منداڵه‌كه‌م چاك ببێته‌وه‌".

 

له‌ناحیه‌ی خورماڵ (باكوری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ هه‌ڵه‌بجه‌) ئاوێكی كانزایی سروشتی هه‌یه‌ كه‌ پێی ده‌گوترێت "گه‌ڕاوه‌كه‌ی خورماڵ" ئاوێكه‌ پله‌ی گه‌رمی به‌رزتره‌ له‌ئاوی ئاسایی رێژه‌یه‌ك ماده‌ی كیمیایی تێدایه‌، به‌هۆی‌ بوونی‌ بڕێكی‌ زۆری‌ گۆگرده‌وه‌ بۆنێكی‌ تایبه‌تی‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌هێلكه‌ی‌ كوڵاو ده‌چێت.

 

ئاوی گه‌ڕاو خه‌ڵكی‌ له‌ناوچه‌ جیاجیاكانی‌ عێراق‌و كوردستان بۆ چاره‌سه‌ری‌ نه‌خۆشییه‌كانی‌ پێست سه‌ردانی‌ ده‌كه‌ن‌و زۆربه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ ده‌چنه‌ ئه‌وێ ده‌ڵێن نه‌خۆشییه‌كه‌یان به‌ره‌و چاكبوونه‌وه‌ چیووه‌.

 

سیروان محه‌مه‌د خاوه‌نی‌ كۆمپانیای‌ گه‌شتیارییه‌و له‌ناوچه‌ جیاجیاكانی‌ عێراقه‌وه‌ خه‌ڵكی‌ بۆ ئه‌م گه‌ڕاوه‌ ده‌هێنێت، ئه‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌مرۆ ژماره‌یه‌ك گه‌شتیارم له‌به‌سره‌وه‌ هێناوه‌، زۆرێك له‌خه‌ڵكی‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی‌ عێراق داوای‌ سه‌ردانی‌ ئه‌م گه‌ڕاوه‌ ده‌كه‌ن".

 

سیروان وتیشی "دوانزه‌ ساڵه‌ ئه‌م كاره‌ ده‌كه‌م، هه‌رچی‌ كه‌سم هێناوه‌ دواتر وتویانه‌ نه‌خۆشییه‌كانی‌ پێستیان چاكبووه‌ته‌وه‌، خۆم‌و كه‌سوكاره‌كه‌سم هه‌مووی‌ بۆ هاتووین".

 

وتیشی‌ "ئه‌م جێیه‌ وای‌ لێهاتووه‌ له‌هه‌موو ناوچه‌كان به‌ناوبانگه‌و خه‌ڵكی‌ خۆیان داوا ده‌كه‌ن بۆ ئێره‌یان بهێنم، زۆربه‌ی‌ جار چه‌ند ده‌به‌ ئاوێكیش له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌به‌نه‌وه‌".

 

ئه‌م ئاوه‌ به‌هۆی بونی ماده‌ كیمیاوییه‌كان تام‌و ره‌نگ‌و بۆنی‌ جیاوازه‌و بۆ خواردنه‌وه‌و ئاودێری‌ به‌كارنایه‌ت، هه‌ر به‌رهه‌مێكی‌ كشتوكاڵیشی‌ پێ ئاو بدرێت وشك ده‌كات.

 

شه‌رمین نادر له‌هه‌ولێره‌وه‌ بۆ سه‌ردانی‌ گه‌ڕاوه‌كه‌ هاتبوو، به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌موو ئه‌وانه‌ی‌ پێشتر هاتوونه‌ته‌ ئێره‌ وتویانه‌ زۆر سودیان لێ‌ بینیوه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ش هاتین‌و كه‌سوكاره‌كه‌شم پێیان وتووم چه‌ند ده‌به‌ ئاوێكیان بۆ ببه‌مه‌وه‌".

 

وتیشی‌ "به‌داخه‌وه‌ ئه‌م شوێنه‌ گرنگییه‌كی‌ باشی‌ پێنه‌دراوه‌، له‌هه‌ر جێگه‌یه‌كی‌ تر بوایه‌ ده‌كرایه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ گه‌شتیاری‌ گرنگ".

 

له‌ساڵی‌ 1920ه‌وه‌ ئه‌م ئاوه‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌، له‌و كاته‌وه‌ تائێستا ئاو به‌رده‌وام له‌ژێر شاخێكی بچوك‌و نزیك به‌قه‌ڵای مێژووی خورماڵ دێته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام نه‌ زیاد ده‌كات‌و نه‌ كه‌م‌و له‌وه‌رزی‌ هاوین‌و زستانیشدا پله‌ی‌ گه‌رماكه‌ی‌ جێگیره‌.

 

ساڵێكه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم جێی‌ تایبه‌تی‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئاوی‌ گه‌ڕاوه‌كه‌ دروستكردووه‌ كه‌ سێ‌ حه‌وزی‌ جیاوازه‌، دوانی‌ داخراو بۆ ژنان‌و پیاوان‌و دانه‌یه‌كی‌ سه‌ربه‌تاڵیش.

 

عه‌لی ئه‌حمه‌د سه‌رپه‌رشتیاری ئاوی گه‌ڕاوی خورماڵ بۆ "نیقاش" وتی "ئاوه‌كه‌ له‌سێ شوێنه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵێت كه‌ ته‌نیا چه‌ند مه‌ترێكی كه‌م دوورن له‌یه‌كتریه‌وه‌، پێشتر زۆر سودی لێنه‌بینراوه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژوورو سیاجی بۆ نه‌كرابوو، به‌ڵام ئێستا به‌باشی‌ سوودی‌ لێ‌ ده‌بینێرت".

 

وتیشی‌ "خه‌ڵكی‌ به‌نرخێكی‌ كه‌م دێنه‌ ئێره‌، چونه‌ ژووره‌وه‌ به‌ هه‌زار دیناره‌و هه‌ر ده‌به‌ ئاوێكیش به‌ 500 دینار"

 

عه‌لی‌ باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ له‌هه‌موو شاره‌كانی‌ عێراقه‌وه‌ خه‌ڵك بۆی‌ ده‌چن‌و وتی‌ "ئه‌و كه‌سه‌ی‌ دێته‌ ئێره‌ ده‌بێت هیچ پارچه‌یه‌كی‌ ئاسن‌و زیوی‌ پێوه‌ نه‌بێت، چونكه‌ ئاوه‌كه‌ ئاسن‌و زیو ده‌ڕزێنێت، هه‌روه‌ها سه‌ره‌ڕای‌ بۆنه‌ ناخۆشه‌كه‌ی‌ ئه‌و كه‌سه‌ بۆی‌ نییه‌ تا 24 كاتژمێر خۆی‌ بشوات، بۆ ئه‌وه‌ی‌ سوود له‌گه‌ڕاوه‌كه‌ ببینێ‌".

 

هه‌رچه‌نده‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی‌ له‌وێ‌ بوون به‌په‌یامنێری‌ "نیقاش"یان وت له‌كه‌سانی‌ تریان بیستووه‌ كه‌ ئه‌م گه‌ڕاوه‌ هه‌موو نه‌خۆشییه‌كانی‌ پێست چاره‌سه‌ر ده‌كات، به‌ڵام پزیشكه‌ پسپۆڕه‌كان رایه‌كی‌ تریان هه‌یه‌.

 

د. هه‌ردی خه‌لیل پزیشكی پسپۆر له‌بواری نه‌خۆشیه‌كانی پێست بۆ "نیقاش" وتی "ئاوی گه‌رماوی خورماڵ به‌هۆی بونی گۆگرد تێیدا چاره‌سه‌ری هه‌ندێ نه‌خۆشی پێست ده‌كات وه‌ك گه‌رۆڵی‌و زیپكه‌‌و قلیشانی پێست‌و لیر‌و خورانی پێست".

 

وتیشی‌ "كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ندێ كه‌س هه‌ر نه‌خۆشیكی پێستی هه‌بێت راسته‌وخۆ په‌نا ده‌باته‌ به‌رئه‌و ئاوانه‌، ئه‌مه‌ش كارێكی‌ هه‌ڵه‌یه‌، چونكه‌ بۆ هه‌ندێ‌ نه‌خۆشی‌ خراپه‌، بۆ نموونه‌ له‌كاتی‌ سوتانی‌ پێست هه‌ركه‌سێك ئه‌و ئاوه‌ به‌كار بهێنێت، خراپتر ده‌بێت باشتر نابێت".

 

ئه‌و دكتۆره‌ باسی‌ له‌وه‌ش كرد "راسته‌ ئه‌و ئاوه‌ كاریگه‌ری‌ خۆی‌ هه‌یه‌، به‌ڵام مه‌حاڵه‌ به‌جارێك به‌كارهێنان نه‌خۆشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكات".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌