دواهه‌مینجار چوومه گۆڕستانی "ئوم لتسعه" كه چه‌ند هاووڵاتیه‌كی مه‌ده‌نی له قوربانیانی ئۆپراسیۆنه سه‌ربازییه‌كانی تێدا به‌خاكسپێردراوه.
چه‌ند گۆڕێكی ریزكراو به‌ته‌نیشت یه‌كه‌وه، به‌ده‌ستێك هه‌ڵكه‌ندراون له ترساندا له‌رزیوه، ماته‌مگێڕان به په‌له ماڵئاواییان له ته‌رمه‌كان كرد بۆئه‌وه‌ی به‌خێرایی بگه‌ڕێنه‌وه ژێرزهمینهكانو دووربن له زه‌بروزه‌نگی جه‌نگ، به‌م شێوه‌یه كاروبار له "ئوم لتسعه" به‌ڕێوه‌ده‌چێت كه گۆڕستانی ئه‌و قوربانیانه‌یه تائێستاش به‌رده‌وامن له شایه‌تیدان له‌سه‌ر ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی "ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ت" به‌سه‌ر شاره‌كه‌یدا هێناون.
له‌دووره‌وه له پیاوێكی پشت چه‌ماوه وردبوومه‌وه كه زه‌رفێكی به‌ده‌سته‌وه بوو، به سهردانهواوی به‌ره‌و گۆڕستانه‌كه ده‌چوو، له رۆیشتنهكهیدا له‌سه‌رخۆ ئه‌ملاولای ده‌كرد تا پێ به‌و گۆڕانه‌دا نه‌نێت كه به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی بڵاوببوونه‌وه.
له‌به‌رده‌م سێ گۆڕی ته‌نیشت یه‌كدا راوه‌ستا، هه‌ردوو ده‌ستی به‌رزكرده‌وه تا سوره‌تی فاتیحه بخوێنێت‌و پاشان به‌ته‌نیا له‌سه‌ر زه‌وی دانیشت‌و ده‌به‌یه‌كی پلاستیكی ئاوی ده‌رهێناو ده‌ستیكرد به ئاوڕشێنكردنیان.
رووبه‌ری گۆڕستانه‌كه نزیكه‌ی هه‌زار مه‌تر چوارگۆشه‌یه‌و ده‌كه‌وێته‌وه ناوه‌ڕاستی ناوچه‌یه‌كی خاپووركراوهوه، به‌ر له‌وه‌ی له ئازاری 2017دا ئۆپراسیۆنه سه‌ربازییه‌كان بۆ له‌ناوبردنی رێكخراوی "داعش" له به‌ری راست ده‌ستپێبكه‌ن، ئه‌و گۆڕستانه باخچه بوو.
محه‌مه‌د باسم ده‌ڵێت: له‌وێ نیشته‌جێم – ئاماژه‌ی بۆ ماڵه‌كه‌ی كرد كه به‌سه‌ر "ئوم لتسعه"دا ده‌ڕوانێت -، به‌خاكسپاردنی ده‌یان رۆڵه‌ی ناوچه‌كه‌م بینیوه به ژن‌و منداڵ‌و گهنجو پیره‌وه كه به‌هۆی بۆردومانی فڕۆكه‌كان یان هاوه‌ن گیانیان له‌ده‌ستداوه، باخچه‌كه‌مان به جه‌سته‌ی قوربانیان چاندووه.
ئه‌و ئاماژه بۆ ئه‌و پیاوه ده‌كات كه به‌ته‌نیا له گۆڕستانه‌كه دانیشتووه‌و ده‌ڵێت: "ئه‌و پیره‌مێرده ناوی قوسه‌ی ئه‌بو حسێنه له دانیشتووانی گه‌ڕه‌كی موشاهدهیه كه له‌م نزیكانه‌یه، رۆژانه سه‌ردانی گۆڕستانه‌كه ده‌كات، داماوه رۆڵه‌كانی له‌ده‌ستداوه".
به‌وریایه‌وه له ئه‌بوحسێن نزیك بوومه‌وه، سڵاوم كرد‌و لهنزیكیهوه دانیشتم، دڵته‌نگی به‌ته‌واوی به روخساریه‌وه دیار بوو، لێم‌پرسی بۆچی لێره داده‌نیشیت؟ له وه‌ڵامدا وتی: "ئه‌مانه رۆڵهكانمن، حسێن‌و عهلیو سومه‌یه، له‌كاتی ئۆپراسیۆنه سه‌ربازییه‌كاندا لێره بهخاكمسپاردوون، به گولله هاوه‌نێك تیاچوون كه به‌ر ماڵه‌كه‌مان كه‌وت، هه‌موو رۆژێكیش سه‌ردانیان ده‌كه‌م‌و فاتیحه بۆ گیانیان ده‌خوێنم".
نزیكه‌ی ته‌رمی سه‌د قوربانی له‌م گۆڕستانه‌دا نێژراون كه چه‌ند جارێك ناسنامه‌كه‌ی گۆڕاوه، پێشتر گۆڕستانی دانیشتووانی شاری كۆن بوو. له‌و باره‌یه‌وه محه‌مه‌د حه‌دید ده‌ڵێت: "باپیرانم لێره نێژراون، كاتێكیش داعش موسڵی كۆنترۆڵكرد، فه‌رمانی ده‌ركرد بۆ گواستنه‌وه‌ی تهرمهكانیانو گۆڕستانه‌كه‌ی كرده باخچه، له‌به‌رئه‌وه‌ی خه‌ڵك توانای ئه‌وه‌یان نه‌بوو له رۆژانی شه‌ڕی سه‌ختی نێوان هێزه عێراقییهكانو چه‌كدارانی داعش له ناوچه‌كه بچنه ده‌ره‌وه، بۆیه ناچاربوون قوربانیان له باخچه‌و گۆڕه‌پانی مزگه‌وته‌كاندا بنێژن تا كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی له ژووره‌كاندا بیاننێژن.
"لێره‌دا به‌خاكمان سپارد" محه‌مه‌د باسم ئه‌مه‌ی وت كاتێك رێنوێنی محه‌مه‌د حه‌دیدی ده‌كرد بۆ سه‌ر گۆڕی براكه‌ی كه ئه‌ویش له نیسانی 2017دا به گولله هاوه‌نێك گیانی له‌ده‌ستداوه، هه‌روه‌ها وتی: "دوای ئازادكردنی شاره‌كه خێزانه‌كه‌ت گه‌ڕانه‌وه بۆئه‌وه‌ی ئێسك‌و پروسكه‌كه‌ی بگوازنه‌وه بۆ ئه‌و گۆڕستانانه‌ی له ده‌وروبه‌ری شاری موسڵ ته‌رخان كراون".
وتیشی: "كاتێك شه‌ڕه‌كه دژوار بوو، ژماره‌ی قوربانیان له خه‌ڵكی ناوچه‌كه زیادی كرد، لێره شوێنێكم هه‌ڵبژارد تا ببێته گۆڕستانی خۆم‌و خێزانه‌كه‌م، باوه‌ڕم وابوو رزگارمان نابێت، دواتر شوێنه‌كه به‌رته‌سك بووه‌وه، بۆیه دام به خێزانێكی حه‌وت كه‌سی كه ماڵه‌كه‌یان بۆردومان كرابوو هه‌موویان مردبوون، به‌گریانه‌وه بهخاكمانسپاردن، خێزانێكی ته‌واو له‌ناوبران".
محه‌مه‌د حه‌دید ده‌ڵێت: "كاتێك سه‌ردانی گۆڕستانه‌كه‌م كرد كاره‌ساتی له‌ده‌ستدانی خۆشكهكهمم لا ئاسان بوو، زۆرێك له خێزانه‌كان سێ رۆڵه یان زیاتریان له‌ده‌ست دابوو، وه‌كو ئه‌بو حسێنی دراوسێمان كه له ساڵی 2015وه شاره‌كه‌ی بهجێهێشتو نه‌گه‌ڕایه‌وه تا داعشی لێ ده‌ركرا".
هه‌ندێك خێزان ئێسكوپروسكی رۆڵه‌كانیان له "ئوم لتسعه" گواسته‌وه‌و له گۆڕستانی دیكه به‌خاكیان سپاردنه‌وه، پێده‌چێت سه‌ره‌ی گۆڕه‌كانی دیكه‌ش بێت بۆ گواستنه‌وه‌ی ئێسك‌و پروسكه‌كانیان.
ته‌نیا ئه‌بو حسێن نییه كه به‌رده‌وام سه‌ردانی ئه‌م شوێنه پڕ له‌خه‌مه ده‌كات، له‌سه‌ر یه‌كێك له گۆڕه‌كان پارچه شوكولاتهو گوڵی په‌رشوبڵاوم بینی، چه‌ند ناوێك به ده‌ست نووسرابوونو چه‌سپێندرابوون به پارچه ته‌خته‌و به‌رده‌وه، ئه‌وانه ناوی ئه‌و قوربانیانهبوون كه لێره به‌خاكسپێردراون.
به‌م دواییانه تیمه‌كانی فریاكه‌وتنی سه‌ر به به‌رگری شارستانی نه‌ینه‌وا له "ئوم لتسعه" كاریان له‌سه‌ر هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی ته‌رمی هاووڵاتیانی مهدهنیو گواستنه‌وه‌یان بۆ گۆڕستانه‌كان كرد، پێشتریش راگه‌یه‌ندرابوو كه زیاتر له 2500 ته‌رمی ئه‌و قوربانیانه هه‌ڵگیراونه‌ته‌وه كه به‌هۆی ئۆپراسیۆنه سه‌ربازییه‌كانه‌وه له ماوه‌ی ئادار تا ته‌مموزی 2017 گیانیان له‌ده‌ست دابوو.
ژماره‌كه هێشتا له به‌رزبوونه‌وه‌دایه‌و ئه‌ندازیار دوره‌ید حازم سه‌رۆكی لیژنه‌ی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كان له شاره‌وانی موسڵ له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا به "نیقاش"ی وت: "له 6ی حوزه‌یرانی 2017وه تا ئێستا 2653 ته‌رمی هاووڵاتیانی مه‌ده‌نیمان ههڵگرتووهتهوهو راده‌ستی كه‌سوكاریان كراونه‌ته‌وه".
پاككردنه‌وه‌ی شاره‌كه له ته‌رم به‌رده‌وامه، ژماره‌یه‌ك ته‌رمی چه‌كدارانی داعشم له خانوو كڵێساكانی شاری كۆندا بینی، حازم ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه شاره‌وانی شوێنی بۆ "داپۆشینی ته‌رمی داعشه‌كان له گۆڕی به‌كۆمه‌ڵدا له ده‌ره‌وه‌ی سنووری شاری موسڵ " ته‌رخان كردووه.
به ئه‌سته‌م له‌سه‌ر پێ وه‌ستاو به تێكشكاوییهوه لێیدڕوانیمو وتی: "هیچ شتێك قه‌ره‌بووی ئه‌وانم بۆ ناكاته‌وه، ژیانم كۆتایی هات، هه‌وڵده‌ده‌م لێره بیانهێڵمهوهو پێیان لێنابڕم، حسێنی (20 ساڵ) ئیشی له‌گه‌ڵ ده‌كردم، ئه‌وان به كۆچكردنیان پشتیان شكاندم".
به‌ده‌م سڕینی ئه‌و فرمێسكانه‌ی رژابوونه سه‌ر روومه‌ته چرچولۆچهكانی، بتڵێكی پلاستیكی ده‌رهێناو ئاوپرژێنی هه‌رسێ گۆڕه‌كه‌ی كرد‌و رۆیشت.