ناوه‌ندی "ئه‌ندێشه" ناوه‌ندێكی رۆشنبیرییه له‌سلێمانی، ره‌نگبێ پڕ جوڵه‌ترین ناوه‌ندی چاپكردن‌و به‌رهه‌مهێنانی كتێبیش بێت له‌سه‌رانسه‌ری عێراقدا به‌وه‌ی ساڵانه نزیكه‌ی سه‌د كتێب لۆگۆی ئه‌ندێشه‌یان ده‌چێته سه‌ر.
هه‌ژار مه‌جید خاوه‌نی ناوه‌نده‌كه وه‌ك خۆی ده‌ڵێت شه‌ڕی گه‌وره‌ی ئه‌و له‌پاڵ زیادكردنی چالاكییه رۆشنبیرییه‌كاندا بۆ ئه‌وه‌یه وه‌به‌رهێنانی كتێب بكاته پیشه‌سازی خۆژێن.
له‌نهۆمی چواره‌می بینایه‌ك له‌قه‌ره‌باڵغترین شه‌قامی سلێمانی، كه شه‌قامی مه‌وله‌وییه ناوه‌ندی رۆشنبیری ئه‌ندێشه رۆژانه سه‌دان كه‌س سه‌ردانی دهكهنو سوود له‌چالاكییه جۆراو جۆره‌كانی ده‌بینن.
هه‌ژار مه‌جید له‌ساڵی 1976 له‌شاری جوانڕۆی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان (كوردستان ئێران) له‌دایكبووه‌و به‌هۆی بارودۆخی سیاسی زێدی خۆی به‌جێهێشتووه‌و رووی له‌باشووری كوردستان (هه‌رێمی كوردستان) كردووه‌و له‌ئه‌یلولی 2012 كتێبخانه‌یه‌كی بچووكی به‌ناوی "ئه‌ندێشه" دروستكردووه، دوای تێپه‌ڕبوونی چوار ساڵیش ئێستا كتێبخانه بچووكه‌كه‌ی بووه‌ته ناوه‌ندی رۆشنبیری گه‌وره، خۆیشی ده‌ڵێت "ئه‌ندێشه، گه‌وره‌ترین ناوه‌ندی رۆشنبیری ئه‌هلییه له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌شێوه‌ك له‌تارانی پایته‌ختی ئێران‌و به‌یروتی پایته‌ختی لوبنانیش ناوه‌ندی له‌و شێوه‌یه نییه، كه دوو شاری گه‌وره‌ن له‌وه‌به‌رهێنانی كتێب له‌ناوچه‌كه".
هه‌ژار مه‌جید به"نیقاش"ی وت "له‌سه‌ره‌تای دروستكردنی كتێبخانه‌ی ئه‌ندێشه ئامانجی ئه‌وه‌مان هه‌بووه رۆژ به‌رۆژ كتێبخانه‌كه بكه‌ینه ناوه‌ندێكی گه‌وره‌ی رۆشنبیری‌و ئێستا دوای چوار ساڵ له‌بنیادنانی كتێبخانه‌كه گه‌یشتووین به 50%ی ئه‌و ئامانجه".
ناوه‌ندی رۆشنبیری ئه‌ندێشه له‌چه‌ند به‌شێك پێكدێت، ئه‌وانیش: به‌شی كتێبخانه، گه‌وره‌ترین به‌شی ناوه‌نده‌كه‌یه، كه خۆی كتێب چاپ دهكاتو بڵاویده‌كاته‌وه، هه‌روه‌ها ناوه‌ندێكیشه بۆ بڵاوكردنه‌وه‌و فرۆشتنی كتێبی ئه‌و ده‌زگاو چاپخانانه‌ی كتێب چاپ دهكهنو به‌رهه‌مده‌هێنن.
به‌شی كتێبخانه‌ی ئه‌ندێشه 25 هه‌زار ناونیشانی كتێبی به‌زمانه‌كانی كوردی‌و عهرهبیو توركی‌و فارسی‌و ئینگلیزی تێدایه، كه له‌و ژماره‌یه خۆی 250 كتێبی به‌زمانی كوردی چاپكردووه‌و بڵاوكردووه‌ته‌وه.
هه‌ژار له‌و باره‌وه ده‌ڵێت "ئامانجی ئێمه له‌وه‌به‌رهێنانی كتێب ساڵانه 100 كتێبه، كه خۆمان چاپی بكه‌ین‌و بڵاویبكه‌ینه‌وه، به‌ڵام تائێستا نه‌گه‌یشتووین به‌و ئامانجه، به‌شێكی زۆری په‌یوه‌ندی به‌و قه‌یرانه داراییه‌وه هه‌یه، ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه رووی له‌هه‌رێمی كوردستان كردووه".
جگه له‌به‌شی كتێبخانه، به‌شی هونهریو چالاكی رۆشنبیری‌و منداڵان‌و چه‌ند به‌شێكی تریشی هه‌یه، رۆژانه‌و هه‌فتانه به‌پێی تایبه‌تمه‌ندی خۆیان چالاكییان ده‌بێت، له‌گه‌ڵ بوونی فیستیڤاڵی وهرزانهو ساڵانه‌ی ناوه‌نده‌كه.
لایه‌نی هه‌ره سه‌رنجراكێشی ناوه‌ندی ئه‌ندێشه له‌گه‌ڵ جۆراوجۆری چالاكییه‌كانی بریتییه لهكوالێتیو نرخ، كه به‌قسه‌ی خاوه‌نه‌كه‌ی، ئه‌وان له‌كاره‌كانیان باشترین كوالییهتی به‌كارده‌هێنن‌و به‌هه‌رزانترین نرخیش ده‌یگه‌یه‌ننه لایه‌نی كڕیار، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی به‌شێكی زۆر له‌چالاكییه‌كانیان بێبه‌رانبه‌ره.
له‌و به‌شانه‌ی كار‌و چالاكییه‌كانیان بێبه‌رانبه‌ره، به‌شی منداڵانه، ئه‌و به‌شه تایبه‌ته به‌چالاكییه‌كانی منداڵان‌و مانگانه وێنه‌كێشان‌و مۆسیقا فێری ئه‌و منداڵانه ده‌كه‌ن سه‌ردانی ناوه‌نده‌كه ده‌كه‌ن.
شادیار شۆڕش ته‌مه‌ن 16 ساڵ یه‌كێكه له‌و مێردمنداڵانه‌ی له‌كاتی ئاماده‌كردنی ئه‌م راپۆرته له‌ناوه‌ندی رۆشنبیری ئه‌ندێشه سه‌رقاڵی چالاكییه‌ك بوو، وتی "ماوه‌ی دوو ساڵه به به‌رده‌وامی سه‌ردانی ناوه‌ندی رۆشنبیری ئه‌ندێشه ده‌كه‌م، كه بووه‌ته جێگه‌یه‌كی به بایهخو سوودبه‌خش بۆ من‌و سه‌دان كه‌سی تریش له‌شاری سلێمانی‌و ده‌وروبه‌ری".
شادیار وتیشی "رۆژانه له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم چه‌ندێك كاتی زیاده‌مان له‌به‌رنامه‌ی كاری خۆمان هه‌بێت سه‌ردانی ناوه‌ندی رۆشنبیری ئه‌ندێشه ده‌كه‌ین‌و سوود له‌خوێندنه‌وه‌ی كتێب، یان چالاكییه‌كانی تر ده‌بنین".
ناوه‌ندی رۆشنبیری جگه له‌وه‌ی وه‌به‌رهێنان لهكتێبو چالاكییه‌كانی تریش ده‌كات، رۆڵی كتێبخانه‌یه‌كی گشتی ده‌بینێت، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌و كتێبخانه‌یه به‌شێكی تایبه‌ت كردووه به‌و خوێنه‌رانه‌ی توانای كتێب كڕینیان نییه، یان نایانه‌وێت كتێب بكڕن، به‌وه‌ی ده‌توانن كتێب له‌كتێبخانه‌كه بخوازنو بیخوێننه‌وه‌و دواتر بیگه‌ڕێننه‌وه بۆ كتێبخانه‌كه.
هه‌ژار مه‌جید له‌و باره‌وه ده‌ڵێت "ئه‌و به‌شه‌ی كتێبخانه‌كه‌مان رۆڵی كتێبخانه‌یه‌كی گشتی حكومی ده‌بینێت، كتێبخانه‌كه خاوه‌نی سه‌دان كتێبه‌و به‌بێ به‌رانبه‌ر سه‌دان كه‌س هه‌فتانه‌و مانگانه سوود له‌كتێبه‌كانی ناوی ده‌بینن".
هه‌روه‌ها هه‌ژار باسی له‌وه‌ش كرد، ئه‌وان ئێستا جێگه‌ی كتێبخانه‌ی گشتی شاری سلێمانیان گرتووه‌ته‌وه‌و سه‌د به‌رانبه‌ری ئه‌وان له‌و به‌شه سه‌ردانیكه‌ریان هه‌یه، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌و ئاسانكارییانه‌ی له‌و به‌شه كردوویانه "به‌پێچه‌وانه‌وه كاری خواستن له‌كتێبخانه‌ی گشتی سلێمانی كه پڕه لهرۆتینات".
ئه‌ندێشه ئێستا ته‌نیا له‌سلێمانی نه‌ماوه‌و لقێكی سه‌ره‌كی هاوشێوه‌ی سلێمانی له‌شاری هه‌ولێرش هه‌یه، ئه‌مه جگه له‌بوونی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی كتێبخانه‌كانی شار‌و شارۆچكه‌كانی تری هه‌رێمی كوردستان.
حوسێن حوسێنی مامۆستای به‌شی فیزیای سكوڵی زانستی زانكۆی سلێمانی وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێده‌كات هه‌ركاتێكی هه‌بێت روو له‌ناوه‌ندی رۆشنبیری ئه‌ندێشه دهكاتو سوود له‌چالاكییه رۆشنبیرییه‌كانی ده‌بینێت، كه به‌ناوه‌ندێكی گرنگی ده‌بینێت له‌شاری سلێمانی.
حوسێن حوسێنی، كه پسپۆری له‌زانستی فیزیا هه‌یه‌و خاوه‌نی چه‌ند كتێبێكی زانستییه، بۆ "نیقاش" وتی "من یه‌كێكم له‌و نووسه‌رانه‌ی تائێستا 6 كتێبم له‌لایه‌ن ئه‌ندێشه‌وه بۆ چاپكراوه‌و چه‌ند كتێبێكی تریشم ئاماده‌یه بۆ چاپكردن، سه‌رجه‌م كتێبه‌كانم بێ به‌رانبه‌ر بۆ چاپكراوه‌و ته‌نانه‌ت 15%ی قازانجیشم بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه".
ئه‌و مامۆستایه‌ی زانكۆ جه‌خت ده‌كاته‌وه ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی ناوه‌ندی رۆشنبیری ئه‌ندێشه ئه‌نجامیده‌دات، "پیشه‌سازییه له‌كتێبدا"، نموونه‌شی به‌وه هێنایه‌وه، له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوو ئه‌ندێشه 25 كتێبی زانستی به‌زمانی كوردی چاپ كردووه، كه ئه‌مه نموونه‌ی له‌مێژووی رۆشنبیری‌و زانستی كوردیدا نه‌بووه‌و هه‌موو كتێبه‌كانیشی له‌بازاڕ ساغكردووه‌ته‌وه.
له‌گه‌ڵ ناوه‌ندی رۆشنبیری ئه‌ندێشه، له‌ئێستادا چه‌ند ناوه‌ندێكی رۆشنبیری تر، وه‌ك كێبڕكێكار ناوه‌نده‌كه هه‌یه، له‌وانه ناوه‌ندی رۆشنبیری غهزهلنووسو چه‌ند ناوه‌ندێكی حكومی‌و حیزبی، ئه‌وه‌ش به‌ڕووی جوانی ئه‌و شاره داده‌نرێت كه له‌لایه‌ن حكومه‌تی ههرێمو په‌رله‌مانی كوردستان كراوه به‌پایته‌ختی رۆشنبیری هه‌رێمی كوردستان.
بابه‌كر دڕه‌یی به‌رێوه‌به‌ری گشتی رۆشنبیری سلێمانی به"نیقاش"ی وت "ناوه‌ندی رۆشنبیری ئه‌ندێشه‌و ئه‌و ناوه‌ندانه‌ی تر له‌و بواره كارده‌كه‌ن، كاریگه‌ری ئه‌رێنیان له‌بواری رۆشنبیری‌و هونه‌ری شاری سلێمانی كردووه".
بابه‌كر دڕه‌یی راشیگه‌یاند "بوونی ئه‌و جۆره ناوهندانهو كێبڕكێكردنیان له‌بواری هونهریو رۆشنبیری ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی رووی جوانی پایته‌ختی رۆشنبیری هه‌رێمی كوردستان نیشانبده‌ن، هه‌روه‌ها هۆكارێكیشن بۆ ئه‌وه‌ی ئاستی رۆشنبیری‌و هونه‌ری شاره‌كه‌ش زیاتر به‌رزبكه‌نه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌بینرێت".
ئه‌ندێشه ته‌نیا بهچاپكردنو بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێب‌و چالاكییه جۆراوجۆره‌كانی تره‌وه نه‌وه‌ستاوه، به‌ڵكو ساڵانه فیستیڤاڵێكی گه‌وره به‌ڕێوه‌ده‌بات كه تیایدا جگه له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆری كتێب، خه‌ڵاتی تایبه‌ت به‌سه‌ر نوسه‌رو داهێنه‌راندا دابه‌ش دهكاتو چالاكی میوزیك‌و گۆرانی به‌ڕێوه ده‌بات.
فیستیڤاڵه‌كه‌ی ئه‌مساڵ چواره‌مین فیستیڤاڵه كه له‌رۆژی 1 تا 5ی كانوونی یه‌كه‌م ده‌خایه‌نێت، سێ رۆژی یه‌كه‌م لهسلێمانیو دوو رۆژه‌كه‌ی تر له‌هه‌ولێر ده‌بێت، تیایدا 42 كتێبی تازه بڵاوده‌كرێته‌وه‌و شه‌ش خه‌ڵات بۆ بواره جۆرهبهجۆرهكان به‌سه‌ر باشترین نوسه‌راندا دابه‌ش ده‌كرێت.