راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ژیان ره‌نگ بكه‌
دیواره‌كانی‌ به‌غدا به‌وێنه‌ ده‌نه‌خشێنرێن

سار ا قاهیره‌
كۆمه‌ڵێك گه‌نجی‌ به‌غدا ده‌یانه‌وێت له‌رێی‌ ره‌نگكردنی‌ به‌ربه‌سته‌ كۆنكرێتییه‌كانه‌وه‌ ژیان‌و زیندوێتی‌ به‌پایته‌خت ببه‌خشنه‌وه‌.
23.06.2016  |  به‌غدا
هه‌ڵمه‌تی‌ ره‌نگكردنی‌ دیواره‌كانی‌ به‌غدا
هه‌ڵمه‌تی‌ ره‌نگكردنی‌ دیواره‌كانی‌ به‌غدا

ئه‌و به‌ربه‌سته‌ كۆنكرێتیانه‌ی‌ به‌هۆكاری‌ ئه‌منی‌ له‌زۆربه‌ی‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی‌ به‌غدا دانراون، بۆ زۆركه‌س مایه‌ی‌ ناره‌حه‌تی‌‌و دڵته‌نگییه‌، به‌ڵام چه‌ند گه‌نجێك به‌فڵچه‌و بۆیه‌ ده‌یانه‌وێت ئه‌و دیمه‌نه‌ بگۆڕن.

 

ژماره‌یه‌ك خوێندكاری‌ په‌یمانگای‌ هونه‌ره‌ جوانه‌كان كه‌ وێنه‌كێش‌و جواننوسیان تێدایه‌، ده‌ستیان داوه‌ته‌ پاككردنه‌وه‌و ره‌نگكردنی‌ به‌ربه‌سته‌ كۆنكرێتییه‌كان.

 

هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ سه‌ره‌تا له‌لایه‌ن چه‌ند گه‌نجێكه‌وه‌ ده‌ستی‌ پێكردوو ورده‌ ورده‌ گه‌شه‌ی‌ به‌خۆوه‌ بینی‌، ته‌نانه‌ت ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ خه‌ڵك هاتنه‌ پاڵی‌ كه‌ هیچ له‌وێنه‌كێشان نازانن.

 

له‌گه‌رمه‌ی‌ شه‌ڕی‌ تایفیدا (ساڵی‌ 2005) زۆربه‌ی‌ ناوچه‌ هه‌ستیارو گرنگه‌كانی‌ به‌غدا به‌به‌ربه‌ستی‌ كۆنكرێتی‌ له‌یه‌ك دابڕێنران، دیمه‌نی‌ ئه‌و دیواره‌ تۆزاویانه‌ هه‌موو رۆژێك ده‌كه‌وێته‌ به‌رچاوی‌ به‌غدادییه‌كان، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئه‌و گه‌نجانه‌ ده‌یانه‌وێت شێوه‌یه‌كی‌ تری‌ پێ ببه‌خشن.

 

زه‌ینه‌ب حللی‌ وێنه‌كێش‌و خوێندكاری‌ په‌یمانگای‌ هونه‌ره‌ جوانه‌كان، خۆی‌‌و هاوڕێ‌ خۆبه‌خشه‌كانی‌ یه‌كه‌مجار ده‌كه‌ونه‌ پاككردنه‌وه‌ی‌ دیواره‌كان به‌شوشتن‌و لێكردنه‌وه‌ی‌ پۆسته‌رو ئاگانامه‌كان، پاش ئه‌وه‌ ره‌نگی‌ ده‌كه‌نه‌وه‌و وێنه‌ی‌ له‌سه‌ر ده‌كێشن.

 

وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ خۆی‌ ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات ئامانجیان له‌مكاره‌ بانگه‌شه‌ی‌ ئاشتی‌‌و پێكه‌وه‌ ژیان‌و ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ شه‌ڕو كوشتاره‌، له‌گه‌ڵ پاڵپشتی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان‌و نوسینی‌ دروشمی‌ نیشتمانی‌.

 

زه‌ینه‌ب به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌م كاره‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی‌ گه‌نجانه‌یه‌و هیچ لایه‌ك نییه‌ پشتیوانیمان بكات، به‌ڵكو هه‌ر له‌ناو خۆماندا پاره‌ی‌ بۆیاخ‌و كه‌لوپه‌له‌كانمان كۆكردووه‌ته‌وه‌".

 

كاری‌ زه‌ینه‌ب له‌م هه‌ڵمه‌ته‌دا نه‌خشاندنی‌ وێنه‌ی‌ نۆته‌كانی‌ سرودی‌ نیشتیمانی‌ عێراق بووه‌ له‌سه‌ر دیواره‌كانی‌ موسته‌نسرییه‌.

 

له‌یس سه‌بری‌ یه‌كێكی‌ تره‌ له‌گه‌نجه‌ به‌شداربووه‌كانی‌ ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ كات‌و شوێنی‌ ده‌ستپێكردنی‌ پرۆژه‌كه‌یان له‌رێی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ راده‌گه‌یه‌نن، له‌و رێیه‌شه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ گه‌نج لێیان كۆده‌بنه‌وه‌.

 

له‌یس به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌ندێ‌ خه‌ڵك كاره‌كه‌مان به‌بێ‌ كه‌ڵك ده‌بینن‌و گاڵته‌یان پێی‌ دێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ هیچ ساردمان ناكاته‌وه‌و به‌رده‌وام ده‌بین".

 

ده‌شڵێت "ئامانج له‌م پرۆژه‌یه‌ چه‌سپاندنی‌ گیانی‌ جوانی‌‌و لێبورده‌ییه‌، له‌گه‌ڵ نمایشكردنی‌ به‌هره‌و توانای‌ ئه‌و گه‌نجه‌ هونه‌رمه‌ندانه‌ی‌ حكومه‌ت فه‌رامۆشی‌ كردوون".

 

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ سه‌ره‌تای‌ ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ له‌سه‌ر ده‌ستی‌ چوار گه‌نج ده‌ستی‌ پێكردووه‌ كاتێك په‌یجێكی‌ فه‌یسبووكیان كردووه‌ته‌وه‌ به‌ناوی‌ "په‌نجه‌مۆری‌ خێر"، كاری‌ په‌یجه‌كه‌ جگه‌ له‌پاككردنه‌وه‌و ره‌نگكردنی‌ به‌ربه‌سته‌ كۆنكرێتییه‌كان، دابه‌شكردنی‌ هاوكاریی‌ بووه‌ به‌سه‌ر هه‌ژارو لێقه‌وماواندا.

 

ئێستا ژماره‌ی‌ خۆبه‌خشه‌كانی‌ ناو ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ گه‌یشتووه‌ته‌ سه‌دو په‌نجا گه‌نج‌و پێشبینی‌ ده‌كرێت له‌گه‌ڵ كۆتایی‌ هاتنی‌ تاقیكردنه‌وه‌كان، ژماره‌كه‌ زیاتریش ببێت.

 

هونه‌رمه‌ندی‌ شێوه‌كار مه‌ها قه‌یسی‌ یه‌كێك بووه‌ له‌و كه‌سانه‌ی‌ هه‌ر زوو به‌شداری‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی‌ كردووه‌و تائێستا سیانزه‌ تابلۆی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌سه‌ر دیواره‌ كۆنكرێتییه‌كانی‌ به‌غدا نه‌خشاندووه‌، له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "شانازییه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌ بۆ من كه‌ توانیومه‌ شوێنده‌ستی‌ خۆم به‌سه‌ر دیواره‌كانه‌وه‌ جێبهێڵم".

 

هه‌موو مانگێك گه‌نجه‌كان له‌رێی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ كۆده‌بنه‌وه‌و بڕیار ده‌ده‌ن كاری‌ داهاتوویان له‌كوێ‌ بێت، پاش كۆبوونه‌وه‌ی‌ خۆبه‌خشه‌كانیش له‌هه‌ر یه‌كه‌یان بڕی‌ ده‌ هه‌زار دینار یان زیاتر كۆده‌كرێته‌وه‌ بۆ كڕینی‌ بۆیه‌و كه‌لوپه‌له‌كان، ئینجا روو ده‌كه‌نه‌ ناوچه‌كه‌.

 

له‌باره‌ی‌ كاتی‌ كاركردنه‌وه‌، مه‌ها قه‌یسی‌ ده‌ڵێت "له‌زۆربه‌ی‌ پرۆژه‌كاندا دوو هه‌فته‌مان پێده‌چێت، هه‌موو رۆژێكیش پاش خۆرئاوابوون ده‌ست پێده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی‌ نه‌كه‌وینه‌ به‌ر گه‌رما".

 

ئه‌وه‌ی‌ ماهاو هاوڕێكانی‌ نیگه‌ران كردووه‌ ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵكی‌ گوێ‌ به‌پاككردنه‌وه‌و نه‌خشاندنه‌ی‌ به‌ربه‌سته‌كان ناده‌ن، بۆیه‌ به‌ماوه‌یه‌كی‌ كه‌م پاش كاره‌كه‌ی‌ ئه‌مان، دیواره‌كان وه‌ك جاری‌ جارانیان لێدێته‌وه‌.

 

مه‌ها باس له‌جۆری‌ ئه‌و وێنانه‌ ده‌كات كه‌ ده‌یكێشن‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات زۆربه‌ی‌ بابه‌تی‌ وێنه‌كانیان بریتییه‌ له‌نه‌خشاندنی‌ ئه‌و دیمه‌نانه‌ی‌ په‌یوه‌ستن به‌كۆی‌ عێراق‌و به‌غداوه‌، وه‌ك خانووی‌ كۆن‌و تاق‌و دارخورماو دیمه‌نی‌ سروشتی‌، ده‌شڵێت "گه‌نجه‌كان هیچ دیوارێك به‌بێ‌ ره‌نگكردن جێناهێڵن، بۆ ئه‌وه‌ی‌ ره‌نگی‌ مردوو خه‌مهێنی‌ به‌ربه‌سته‌ كۆنكرێتییه‌كان بشارنه‌وه‌".

 

هه‌رچه‌نده‌ به‌شێك له‌خه‌ڵكی‌ به‌غدا هیچ گرنگییه‌كیان بۆ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ نییه‌و گوێی‌ پێناده‌ن، به‌ڵام بۆ زۆر كه‌سی‌ تر مایه‌ی‌ سه‌رنج‌و ده‌ستخۆشییه‌.

 

مه‌نال ساڵح مامۆستای‌ زانكۆی‌ موسته‌نسه‌رییه‌ وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت شانازی‌ به‌م كاره‌وه‌ ده‌كات‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌و وێنانه‌ی‌ گه‌نجه‌كان ده‌ینه‌خشێنن له‌رووی‌ ده‌رونییه‌وه‌ كاری‌ كردووه‌ته‌ دانیشتوانی‌ به‌غدا".

 

ده‌شڵێت "ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و گه‌نجانه‌ ده‌یكه‌ن به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ تیرۆرو شه‌ڕی‌ تایفییه‌‌و حه‌زی‌ ژیانه‌ بۆ ساڕێژكردنی‌ برینه‌كانی‌ عێراق".

 

شه‌یما مه‌ته‌ر چالاكوانی‌ كۆمه‌ڵی‌ مه‌ده‌نی‌ كه‌ له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداری‌ پرۆژه‌ی‌ ئه‌و گه‌نجانه‌یه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "لایه‌نی‌ هه‌ره‌ دڵخۆشكه‌ره‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و گه‌نجانه‌ سه‌ربه‌خۆن‌و هیچ ئامانجێكیان نییه‌ جگه‌ له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ خۆشه‌ویستی‌‌و ئاشتی‌‌و شاردنه‌وه‌ی‌ دیمه‌نه‌كانی‌ توندوتیژی‌".

 

ئه‌وه‌ی‌ شه‌یماو دانیشتوانی‌ تری‌ به‌غدای‌ ئاسووده‌ كردووه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م جۆره‌ هه‌ڵمه‌تانه‌ بوونه‌ته‌ زیاتر لێك نزیككردنه‌وه‌ی‌ پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی‌ پایته‌خت‌و ئه‌و دیوارو به‌ربه‌ستانه‌ی‌ له‌یه‌كی‌ كردوون، ئێستا یه‌كی‌ خستوونه‌ته‌وه‌.

 

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌