راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

به‌هره‌ نه‌كوژاوه‌كان
هونه‌ری‌ عێراقی‌ له‌له‌نده‌ن باڵاده‌ست‌و له‌به‌غدا بنده‌سته‌

نازلی‌ ته‌رزی‌
ژماره‌یه‌ك به‌هره‌مه‌ندو هونه‌رمه‌ندی‌ عێراقی‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ی‌ خۆیان ده‌رگای‌ لێ داخستوون، له‌ئه‌وروپا پێشوازییه‌كی‌ گه‌رم له‌به‌رهه‌مه‌كانیان ده‌كرێت‌و هونه‌ركه‌یان نمایش ده‌كه‌ن.
26.05.2016  |  له‌نده‌ن
تابلۆیه‌كی‌ جولی‌ عه‌دنان
تابلۆیه‌كی‌ جولی‌ عه‌دنان

بۆ یه‌كه‌مجار ژماره‌یه‌ك هونه‌رمه‌ندی‌ عێراقی‌ له‌پێشانگایه‌كی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ (ئارت 16) له‌له‌نده‌ن هونه‌ره‌كه‌یان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا به‌هۆی‌ بارودۆخی‌ عێراقه‌وه‌، هونه‌رو هه‌موو بواره‌كانی‌ تر پاشه‌كشه‌ی‌ گه‌وره‌یان به‌خۆوه‌ بینیوه‌.

 

پێشانگای‌ (ئارت 16) پێشانگایه‌كی‌ ساڵانه‌یه‌و مانگی‌ ئایار له‌له‌نده‌ن به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی‌ له‌وێ‌ نمایش ده‌كرێن ده‌فرۆشرێنه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ له‌ 33 وڵاته‌وه‌ هونه‌رمه‌ندان به‌شداری‌ پێشانگاكه‌یان كردووه‌، به‌ڵام رۆژنامه‌ی‌ (The Art Newspaper) بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌رهه‌می‌ عێراقییه‌كان به‌هێزترین به‌رهه‌م بوون له‌پێشانگاكه‌دا.

 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ له‌نده‌ن پێشوازی‌ گه‌وره‌ له‌كاره‌كه‌یان كرد، به‌ڵام هونه‌رمه‌نده‌ عێراقییه‌كان دڵته‌نگن له‌وه‌ی‌ له‌وڵاته‌كه‌ی‌ خۆیاندا هیچ ئاسۆیه‌ك نییه‌ بۆ خستنه‌ سه‌ر پێی‌ بیرۆكه‌كانیان.

 

قاسم سه‌بتی‌ كه‌ هونه‌رمه‌ندێكی‌ عێراقییه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ناوه‌نده‌ هونه‌ری‌‌و كۆمه‌ڵه‌و پێشانگاو ئه‌كادیمیاكان به‌هۆی‌ شه‌ڕه‌وه‌ خاپور كران‌و دواتریش ئاوه‌دان نه‌كرانه‌وه‌".

 

ده‌شڵێت "ده‌وڵه‌ت هیچ گرنگی‌ به‌هونه‌ر نادات‌و ده‌یه‌وێت خه‌ڵك بباته‌ دواوه‌، هه‌موو كارێكی‌ له‌پێناو ده‌سته‌بژێرێكی‌ ئاینیدایه‌ كه‌ له‌رابردوودا گیریان خواردووه‌".

 

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات هه‌ركه‌سێك ئه‌مڕۆ به‌غدا ببینێت له‌سایه‌ی‌ شه‌ڕدا، هه‌رگیز بڕوا به‌وه‌ ناهێنێت كه‌ چالاكترین شار بووه‌ له‌رووی‌ رۆشنبیرییه‌وه‌.

 

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ محه‌مه‌د نوری‌ كه‌ جواننوسێكی‌ عێراقییه‌و له‌دوبه‌ی‌ ده‌ژی‌، پشتیوانی‌ قسه‌كانی‌ سه‌بتی‌ ده‌كات‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆ هونه‌ر له‌عێراق له‌پاشه‌كشه‌دایه‌، هه‌رچه‌نده‌ چه‌ندین لاوی‌ به‌هره‌مه‌ند هه‌ن‌و كه‌س ده‌ستگیرۆییان ناكات، بۆیه‌ هه‌ر خه‌می‌ په‌یداكردنی‌ بژێوی‌ خێزانه‌كانیانه‌".

 

هونه‌رمه‌نده‌ عێراقییه‌كان له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌ی‌ "روئیا"كه‌ دامه‌زراوه‌یه‌كی‌ قازانج نه‌ویسته‌ پشتیوانی‌ كراون‌و به‌رهه‌مه‌كانیان به‌شداری‌ پێشانگاكه‌ی پێكراوه‌، له‌مڕووه‌وه‌ ته‌مارا چه‌له‌بی‌ سه‌رۆكی‌ دامه‌زراوه‌كه‌ ده‌ڵێت "ئارت 16 ناوه‌ندێكی‌ بازرگانی‌ گرنگه‌ بۆ به‌هره‌مه‌نده‌ عێراقییه‌كان".

 

جاران له‌زۆربه‌ی‌ پێشانگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ته‌نها ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ به‌شدارییان ده‌كرد كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراقبوون، به‌ڵام به‌شداربووانی‌ ئه‌مجاره‌ خۆیان له‌عێراقدا ده‌ژین.

 

هه‌رچه‌نده‌ به‌ر له‌ساڵی‌ 1990 هونه‌ر له‌عێراقدا له‌خزمه‌تی‌ سیاسه‌تدا بوو، به‌ڵام زۆر ئه‌فراندنی‌ گرنگ ئه‌نجامده‌درا‌و ده‌وڵه‌ت پشتیوانی‌ ده‌كردن، به‌ڵام ئه‌مڕۆ پاشه‌كشه‌یه‌كی‌ به‌رچاو دیاره‌و ئه‌وه‌ی‌ ده‌كرێنه‌وه‌ ته‌نها چه‌ند پێشانگایه‌كی‌ بچووكن كه‌ ئه‌ویش میدیاكان فه‌رامۆشی‌ ده‌كه‌ن.

 

به‌رهه‌می‌ هونه‌رمه‌نده‌ عێراقییه‌كان له‌پێشانگای‌ "ئارت 16" گوزارشتی‌ له‌مێژوو ئێستای‌ وڵات ده‌كردو شارستانی‌ ئاشوورییه‌كان به‌روونی‌ پێوه‌ی‌ دیار بوو.

 

ته‌مارا چه‌له‌بی‌ له‌باره‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ به‌رهه‌مه‌كانه‌وه‌ ده‌ڵێت "به‌جۆرێك هه‌ڵبژێردران زیاتر گوزارشت له‌و ئامانجانه‌ بكات كه‌ دامه‌زراوه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ هه‌وڵی‌ بۆ ده‌دا".

 

له‌ناو هه‌موو جۆره‌كانی‌ هونه‌ردا، فۆتۆگرافی‌ به‌سه‌ر ئه‌وانی‌ تردا زاڵبوو، ره‌نگه‌ هۆكاره‌كه‌شی‌ ئه‌وه‌بێت كه‌ كاركردن له‌و بواره‌دا ئاسان بێت وه‌ك له‌بواره‌كانی‌ تر، ته‌ماراش پێی‌ وایه‌ فۆتۆگرافی‌ هونه‌رێكه‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ له‌نه‌وه‌كانی‌ پێشووتر جیا ده‌كاته‌وه‌.

 

یه‌كێك له‌و به‌رهه‌مانه‌ ئه‌یمه‌ن عامری‌ خاوه‌نی‌ بوو به‌ناوی‌ "ئه‌و ژنانه‌ی‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی‌ به‌غدا كارده‌كه‌ن"‌و له‌ماوه‌ی‌ ساڵانی‌ 2013و 2014 به‌رهه‌مهێنراوه‌‌و باس له‌وانه‌ ده‌كات كه‌ به‌شاراوه‌یی‌ كاری‌ له‌شفرۆشی‌ ده‌كه‌ن.

 

یه‌كێكی‌ تر له‌به‌رهه‌مه‌ سه‌رنجڕاكێشه‌كان به‌رهه‌مه‌كانی‌ جولی‌ عه‌دنان بوو به‌ناوی‌ "ده‌توانی‌ بڕۆیت"، بیرۆكه‌كه‌ له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گرتووه‌ چه‌ند كه‌سێك وێنه‌ی‌ ئه‌و وڵاتانه‌ به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێ‌ سه‌ردانی‌ بكه‌ن یان كۆچی‌ بۆ بكه‌ن.

 

به‌هره‌مه‌نده‌كان له‌وێ‌ به‌رهه‌مه‌كانیان ده‌فرۆشرا، به‌ڵام خۆیان ئاماده‌ نه‌بوون، له‌مڕووه‌وه‌ لیما شه‌حاده‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ "روئیا" روونیده‌كاته‌وه‌ كه‌ نه‌توانراوه‌ ڤیزای‌ به‌ریتانیا بۆ هونه‌رمه‌نده‌كان وه‌ربگیرێت.

 

ته‌مارا چه‌له‌بی‌ له‌كاتی‌ كردنه‌وی‌ پێشانگاكه‌دا به‌"نیقاش"ی‌ وت "راسته‌ هونه‌ر پاشه‌كشه‌ی‌ كردووه‌، به‌ڵام به‌هره‌كان نه‌كوژاونه‌ته‌وه‌، له‌عێراق هه‌موو شتێك دژی‌ هونه‌رمه‌نده‌كان وه‌ستاوه‌ته‌وه‌".

 

ئه‌م رێگریانه‌ به‌روونی‌ له‌كاری‌ هونه‌رمه‌نده‌كاندا ره‌نگی‌ دابووه‌وه‌، سه‌قر عه‌بدوڵا سلێمان یه‌كێك له‌به‌شداربووه‌كان چه‌ند نامه‌یه‌كی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ هونه‌ری‌ بۆ "تێكده‌رو تیرۆریست‌و ده‌سته‌بژێری‌ گه‌نده‌ڵ" پێچابۆوه‌ به‌ناوی‌ "بخوێنه‌وه‌" بیرۆكه‌كه‌ی‌ له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گرتبوو كه‌ ده‌قی‌ ناو كتێبی‌ پیرۆزی‌ ئاینه‌ جیاوازه‌كان بوو، تیایدا ده‌ركه‌وتبوو خاڵی‌ هاوبه‌ش زیاتر له‌خاڵی‌ ناكۆك.

 

تابلۆی‌ زه‌یتی‌‌و چاپكراوو سیرامیك‌و چه‌ندین هونه‌ری‌ تر له‌به‌رهه‌مه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ هونه‌رمه‌ندو به‌هره‌مه‌ندانی‌ عێراقی‌ بوو له‌پێشانگاكه‌ی‌ له‌نده‌ن.

 

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م پێشانگایه‌ هیوایه‌كی‌ به‌خشییه‌وه‌ به‌به‌شداربووه‌كان، به‌ڵام هێشتا مه‌ترسییه‌كانی‌ سه‌ر هونه‌ری‌ عێراقی‌ نه‌ڕه‌ویوه‌ته‌وه‌، له‌مباره‌یه‌وه‌ وێنه‌كێشی‌ شاره‌زا له‌بواری‌ وێنه‌ی‌ جوڵاو سجاد عه‌باس ده‌ڵێت "هونه‌رمه‌ندانی‌ عێراق له‌سه‌ر په‌ت رێده‌كه‌ن".

 

عه‌باس به‌"نیقاش"ی‌ وت "هونه‌رمه‌ندێكی‌ عێراقی‌ ئه‌گه‌ر بیه‌وێت بیرۆكه‌یه‌كی‌ نا باو له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاو ئاین‌و سیاسه‌ت بخاته‌روو، بێگومان رووبه‌رووی‌ مه‌ترسی‌ ده‌بێته‌وه‌".