راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

شیعر ژنانی‌ كوردستان‌و به‌سره‌ كۆده‌كاته‌وه‌

وه‌حید غانم
به‌هۆی‌ ئه‌و هه‌موو كێشه‌و ناكۆكییه‌ سیاسی‌و تایفیه‌ی‌ له‌عێراقدا دروستبووه‌، ئه‌گه‌ر شیعر نه‌بوایه‌ ره‌نگه‌ ژنانی‌ كوردستان‌و خواروی‌ عێراق به‌ئاسانی‌ به‌یه‌ك نه‌گه‌یشتنایه‌.
10.03.2016  |  به‌سره
غلاف الكتاب الذي جمع النتاج الشعري النسوي ( :وێنه الناشر هانز شلير )
غلاف الكتاب الذي جمع النتاج الشعري النسوي ( :وێنه الناشر هانز شلير )

دوو ساڵه‌ برجیت سڤنسۆنی رۆژنامه‌نووس خه‌ریكی‌ وه‌رگێڕانی‌ چیرۆك‌و هۆنراوه‌یه‌ له‌عێراقییه‌وه‌ بۆ ئه‌ڵمانی‌‌و زمانه‌كانی‌ تر، به‌تایبه‌تیش كاری‌ یه‌كه‌می‌ له‌سه‌ر ژنه‌ نوسه‌ره‌كانه‌.

 

پرۆژه‌ی‌ ئه‌م ژنه‌ رۆژنامه‌نووسه‌ له‌لایه‌ن په‌یمانگه‌ی‌ گۆتا له‌هه‌ولێرو باڵێۆزخانه‌ی‌ ئه‌ڵمانیا له‌به‌غدا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت‌و سه‌ره‌تاش به‌دوو كتێبی‌ شاعیرو ئه‌دیبانی‌ عێراقی‌ له‌به‌غداو كوردستان‌و به‌سره‌ ده‌ستی‌ پێكردووه‌ به‌ناوی‌ "چاوه‌كانی‌ ئانانا" (خواوه‌ندی‌ توڕه‌یی‌ سۆمه‌رییه‌كان).

 

برجیت كه‌ وۆركشۆپێكی‌ چوار رۆژه‌ی‌ رێكخست له‌به‌سره‌ به‌به‌شداری‌ ژنان‌و كچانی‌ به‌سره‌و به‌غداو كوردستان، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ پێشوتر زۆربه‌ی‌ چالاكییه‌كانی‌ له‌كوردستان بووه‌، به‌ڵام بڕیاریداوه‌ روو بكاته‌ به‌سره‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كار له‌گه‌ڵ ژنانی‌ ئه‌وێش بكات.

 

برجیت بۆ گۆڤارێك كارده‌كات‌و رووماڵی‌ رووداوه‌كانی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست‌و عێراقیان بۆ ده‌كات، له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "رۆژنامه‌گه‌ری‌ له‌دنیای‌ ئه‌ده‌ب‌و نوسینه‌وه‌ نزیكه‌، بۆیه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ باشم له‌گه‌ڵ نوسه‌رانی‌ ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ی‌ عێراق په‌یداكردووه‌، ئێستاش هه‌وڵه‌كانم چڕكردووه‌ته‌وه‌ له‌گوێزانه‌وه‌ی‌ ئه‌زموونی‌ ناوخۆی‌ عێراق بۆ خوێنه‌رانی‌ ئه‌ڵمانی‌".

 

دوو كتێبی‌ یه‌كه‌م له‌به‌سره‌ چاپكراون‌و وه‌رگێڕاون بۆ زمانه‌كانی‌ ئه‌ڵمانی‌‌و فه‌ره‌نسی‌، بڕیار وایه‌ دواتریش وه‌ربگێڕدرێن بۆ زمانه‌كانی‌ ئینگلیزی‌‌و ئیتاڵی‌.

 

ده‌شڵێت "زیاتر گرنگیم به‌شیعری‌ ژنانه‌ ده‌دا، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ ته‌نها له‌به‌سره‌ بوونی‌ نییه‌، بۆیه‌ بڕیارمدا ژنانی‌ هه‌ولێرو سلێمانی‌‌و به‌غدا به‌شداری‌ پێبكه‌م، له‌راستیدا قورس بوو بڕوا به‌ژنانی‌ كوردستان بهێنم بێنه‌ به‌سره‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وان پێیان وایه‌ بارودۆخی‌ به‌سره‌ ته‌واو نییه‌، به‌ڵام كه‌ هاتن بینیان به‌جۆرێكی‌ تره‌و هه‌ر زوو هاوڕێیه‌تیان په‌یداكرد".

 

كه‌ریم خیوری‌ سه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌دیبانی‌ به‌سره‌ یه‌كێك بوو له‌به‌شداربووانی‌ ئاهه‌نگی‌ كۆتایی‌ وۆركشۆپه‌كه‌، خۆشحاڵی‌ خۆی‌ راگه‌یاند به‌رێكخستنی‌ كۆڕی‌ شیعر خوێندنه‌وه‌ له‌بارودۆخێكی‌ ناهه‌مواری‌ سیاسی‌‌و ئه‌منیدا.

 

كه‌ریم به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌گه‌ر هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ بكرایه‌ ره‌نگه‌ پرۆژه‌كه‌ سه‌ركه‌وتووتر بوایه‌، به‌ڵام نه‌ راوێژمان پێكرا بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ كه‌سه‌كان، نه‌ له‌لای‌ ئێمه‌ش كۆڕه‌كه‌ به‌سترا".

 

له‌باره‌ی‌ گرنگیدانی‌ وۆركشۆپه‌كه‌ به‌ئه‌ده‌بی‌ ژنانه‌، ده‌ڵێت "ناكرێت ئه‌ده‌بی‌ به‌سره‌یی‌‌و عێراقی‌ جیا بكرێته‌وه‌ بۆ ژنانه‌و پیاوانه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ حاڵه‌تێكی‌ مرۆییه‌".

 

به‌ڵام برجیت رونیده‌كاته‌وه‌ له‌به‌رهه‌مه‌ بڵاوكراوه‌كانی‌ پێشوودا كه‌ به‌هاوكاری‌ یه‌كێتی‌ ئه‌دیبانی‌ به‌غدا بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ ده‌نگی‌ نێرینه‌ زاڵ بووه‌، بۆیه‌ ئه‌مجاره‌ ویستوویه‌تی‌ گرنگی‌ به‌مێینه‌ بدات‌و له‌رێی‌ شیعرو ئه‌ده‌به‌وه‌ دژی‌ توندوتیژی‌ بوه‌ستنه‌وه‌.

 

په‌یمانگای‌ گۆتا له‌ساڵانی‌ شه‌سته‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردووه‌وه‌ له‌به‌غداو به‌سره‌ رۆڵی‌ كاریگه‌ری‌ هه‌بووه‌ بۆ ناساندنی‌ ئه‌ده‌بی‌ ئه‌ڵمانی‌ له‌عێراقدا، به‌ڵام دواتر په‌یمانگاكه‌ داخراوه‌و له‌ساڵی‌ 2013 ده‌ستی‌ كردووه‌ته‌وه‌ به‌چالاكی‌ له‌به‌غدا، به‌ڵام وه‌ك برجیت ده‌ڵێ هێشتا بارودۆخ له‌بار نه‌بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ په‌یمانگاكه‌ له‌به‌سره‌ بكه‌نه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئێستا هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی‌ ناوه‌ندی‌ فێربوونی‌ زمانی‌ ئه‌ڵمانی‌ له‌و شاره‌.

 

له‌وۆركشۆپه‌كه‌دا ژنه‌ نوسه‌ری‌ ئه‌ڵمانی‌ (ئه‌نكا توكلی) به‌شداری‌ كردو چه‌ند قه‌سیده‌یه‌كی‌ به‌ئه‌ڵمانی‌ خوێنده‌وه‌، ئانكا نوێنه‌رایه‌تی‌ په‌یمانگای‌ هنریش بێلی‌ گه‌وره‌ نوسه‌ری‌ ئه‌ڵمانی‌ ده‌كرد، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد كه‌ به‌نیازه‌ كۆبه‌رهه‌مه‌كانی‌ ئه‌و نوسه‌ره‌ وه‌ربگێڕێته‌ سه‌ر زمانی‌ عه‌ره‌بی‌.

 

له‌باره‌ی‌ چوونیشی‌ بۆ به‌سره‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ تووشی‌ سه‌رسوڕمان بووه‌ له‌ئازایه‌تی‌ ژنانی‌ به‌سره‌و حه‌زیان بۆ بواری‌ رۆشنبیری‌.

 

له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌ر له‌وه‌ی‌ بێمه‌ به‌سره‌ دوودڵ بووم، چونكه‌ له‌رێی‌ هۆكانی‌ راگه‌یاندنه‌وه‌ ئه‌وه‌مان ده‌بیست كه‌ بارودۆخی‌ ئه‌منی‌ مه‌ترسیداره‌، به‌ڵام هه‌ر كه‌ گه‌یشتمه‌ فرۆكه‌خانه‌ ترسم نه‌ما، به‌ڵام جۆرێك له‌دڵه‌راوكێم هه‌بوو، كه‌ ژنه‌ نوسه‌ره‌كانی‌ به‌سره‌شم بینی‌، ئه‌و دڵه‌راوكێیه‌ ره‌وییه‌وه‌".

 

له‌یلا شه‌ماع راهێنه‌ری‌ ۆركشۆپه‌كه‌ كه‌ خۆی‌ به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك لوبنانییه‌و له‌ئه‌ڵمانیا نیشته‌جێیه‌ له‌باره‌ی‌ بینینی‌ ژنه‌ شاعیره‌كانی‌ به‌سره‌وه‌ ده‌ڵێت "بیرۆكه‌ی‌ وۆركشۆپه‌كه‌ ئه‌وه‌ بوو هانی‌ ژنان بدرێت به‌شێوه‌یه‌كی‌ داهێنه‌رانه‌ بنوسن‌و بڕوای‌ زیاتریان به‌خۆیان بێت".

 

ده‌شڵێت "به‌داخه‌وه‌ بارودۆخی‌ ژنانی‌ به‌سره‌ ناهه‌مواره‌، هه‌ریه‌كێك له‌ژنه‌ شاعیره‌ به‌شداربووه‌كانیش له‌ژیانیاندا رووبه‌رووی‌ كاره‌ساتێك بوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام خۆشه‌ویستیان بۆ شیعرو ژیان له‌ده‌ست نه‌داوه‌".

 

ئیلهام ناسر زوبێدی‌ یه‌كێك له‌ژنه‌ شاعیره‌ به‌شداره‌كان خۆشحاڵی‌ خۆی‌ ده‌ربڕی‌ به‌و ئه‌موونه‌و وتی‌ "راسته‌ ژنه‌ شاعیره‌كانی‌ به‌سره‌ له‌سه‌ر فه‌یسبووك په‌یوه‌ندیمان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجاره‌ رووبه‌رووی‌ یه‌كتر ببینین‌و چاومان به‌ژنه‌ شاعیره‌كانی‌ به‌غداو كوردستانیش بكه‌وێت".

 

ئاشتی‌ عه‌بدوڵا رۆژنامه‌نووس‌و نوسه‌ری‌ كوردی‌ كه‌ به‌هۆی‌ بارودۆخی‌ به‌سره‌وه‌ ناچار بووه‌ جل‌و به‌رگێكی‌ پۆشته‌تر له‌وانه‌ بپۆشێت كه‌ له‌سلێمانی‌‌و هه‌ولێر له‌به‌ری‌ كردوون، پێی‌ وایه‌ خه‌ڵكی‌ به‌سره‌ شایه‌تی‌ ژیانێكی‌ باشترن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ له‌ده‌وڵه‌مه‌ندترین پارێزگای‌ عێراقدا ده‌ژین له‌رووی‌ سامانی‌ نه‌وته‌وه‌.

 

ئاشتی‌ به‌راوردی‌ هه‌ردوو كۆمه‌ڵگای‌ كوردی‌‌و به‌سره‌یی‌ ده‌كات‌و ده‌ڵێت "كۆمه‌ڵگای‌ به‌سره‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ پیاو سالارییه‌و ژنان ده‌یانه‌وێت شوێنی‌ خۆیان بكه‌نه‌وه‌ بۆ ده‌رخستنی‌ تواناكانیان، به‌ڵام له‌كوردستان ئاستی‌ هۆنراوه‌ی‌ ژنانه‌ به‌رزتره‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ به‌هۆی‌ ژینگه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ ژنان بوێرترن، هه‌رچه‌نده‌ كۆمه‌ڵگای‌ كوردیش كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ پیاو سالاره‌".

 

برجیت ده‌ڵێت "داوا له‌سیاسه‌تمه‌داره‌ عێراقییه‌كان ده‌كه‌م هانی‌ ژنان بده‌ن بۆ رێبه‌رایه‌تیكردن، چونكه‌ خاوه‌ن به‌رهه‌م‌و ئه‌زموون‌و پێكه‌وه‌ ژیانن له‌گه‌ڵ كه‌سانی‌ تر، ئێمه‌ له‌ئه‌ڵمانیا به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاشتیانه‌ ده‌ژین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ژنان رێبه‌رایه‌تیمان ده‌كه‌ن".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌