راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

برینێك 28 ساڵه‌ ساڕێژ نه‌بووه‌
چیرۆكی‌ منداڵه‌ ونبووه‌كانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌

سەلام هانەدنی
چیرۆكی‌ منداڵه‌ ونبووه‌كانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ سه‌ره‌ڕای‌ تێپه‌ڕبوونی‌ نزیكه‌ی‌ سێ‌ ده‌یه‌، به‌ڵام هێشتا كۆتایی‌ نه‌هاتووه‌و ساڵ به‌ساڵ گۆڕانكاریی‌ نوێی‌ تیا رووده‌دات.
10.03.2016  |  هه‌ڵه‌بجه‌
هاونازو شایلی‌، ئه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌میان به‌كه‌سوكاری‌ شاد بوه‌وه‌وه‌، به‌ڵام دووهه‌میان هێشتا ئه‌نجامی‌ ده‌ست نه‌كه‌وتووه‌ ( :وێنه Salam Hanadny)
هاونازو شایلی‌، ئه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌میان به‌كه‌سوكاری‌ شاد بوه‌وه‌وه‌، به‌ڵام دووهه‌میان هێشتا ئه‌نجامی‌ ده‌ست نه‌كه‌وتووه‌ ( :وێنه Salam Hanadny)

ئه‌مساڵ 28 ساڵ تێپه‌ڕ ده‌بێت به‌سه‌ر كیمیابارانكردنی‌ هه‌ڵه‌بجه‌، هه‌موو ساڵێكیش له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی‌ ده‌یان چیرۆكی‌ خه‌مهێن‌و كاره‌ساتبار ده‌بنه‌وه‌ باس‌و خواسی‌ خه‌ڵكی‌.

 

رۆژی‌ 16ی‌ ئازاری‌ 1988 فرۆكه‌كانی‌ رژێمی‌ به‌عس شاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌یان كیمیابارانكرد (83 كم باشوری‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ سلێمانی‌) به‌پێی‌ ئاماره‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمیش زیاتر له‌پێنج هه‌زار هاوڵاتی‌ به‌ژن‌و پیرو منداڵه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

 

چیرۆكه‌كه‌ ته‌نها لێره‌دا كۆتایی‌ نایه‌ت، به‌ڵكو سه‌دان برینی‌ ساڕێژنه‌بوو به‌یاده‌وه‌ری‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌و شاره‌وه‌ ماوه‌، یه‌كێك له‌دیارترین دۆسێكانیش په‌یوه‌سته‌ به‌و منداڵانه‌ی‌ له‌كاتی‌ رووداوه‌كه‌ له‌كه‌سوكاریان دابڕاون‌و تائێستا نه‌دۆزراونه‌ته‌وه‌.

 

له‌ترسی‌ كیمیاباران‌و بۆمباران، ئه‌و خه‌ڵكه‌ی‌ كاتی‌ رووداوه‌كه‌ به‌رنه‌كه‌وتن به‌كۆمه‌ڵ ئاواره‌بوون، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ رێگای‌ سلێمانی‌ له‌خه‌ڵكه‌كه‌ گیرابوو، بۆیه‌ سه‌رجه‌میان به‌ره‌و ئێران هه‌ڵهاتن، له‌م بێنه‌و به‌رده‌یه‌شدا به‌سه‌دان منداڵ له‌كه‌سوكاریان داده‌بڕێن‌و به‌شێكیان ئه‌وكاته‌و ساڵانی‌ دواتر به‌كه‌سوكاریان شاد ده‌بنه‌وه‌، به‌ڵام ژماره‌یه‌كی‌ تریان تائێستا چاره‌نووسیان به‌نادیاری‌ ماوه‌ته‌وه‌و كه‌سوكاریشیان هه‌ر له‌سۆراغیان ده‌گه‌ڕێن.

 

له‌لای‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێم به‌ره‌سمی‌ ئه‌و منداڵه‌ ونبووانه‌ وه‌ك قوربانی‌ تۆماركراون‌و له‌و كێله‌ ره‌مزیانه‌ی‌ له‌هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ قوربانییه‌كان دروستكراوه‌ ناویان نوسراوه‌، به‌ڵام كاتێك یه‌كێكیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ له‌گۆڕه‌كه‌ی‌ هاتبێته‌ ده‌ره‌وه‌و ناویان له‌سه‌ر كێله‌كه‌ ده‌سڕێته‌وه‌.

 

عائیشه‌ ئه‌حمه‌د (65 ساڵ) ژنێكی‌ دانیشتووی‌ هه‌ڵه‌بجه‌یه‌، كاتی‌ كیمیابارانكردن پێنج منداڵی‌ لێ بزر ده‌بێت‌و تائێستا چاوه‌ڕێی‌ گه‌ڕانه‌وه‌یانه‌، عائیشه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌ر پێنج منداڵه‌كه‌م له‌گه‌ڵ تراكتۆری‌ دراوسێیه‌كماندا سه‌رخست بۆ ئه‌وه‌ی‌ رزگاریان ببێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ ئیتر دواجار بوو بیانبینم، چونكه‌ له‌وه‌ به‌دواوه‌ نازانم چیان به‌سه‌رهات‌و تائێستا چاوه‌ڕێی‌ گه‌ڕانه‌وه‌یانم".

 

ئه‌و ژنه‌ تائێستاش كۆڵی‌ نه‌داوه‌ له‌گه‌ڕان به‌دوای‌ منداڵه‌كانیدا، به‌ڵام هیچی‌ ده‌ست نه‌كه‌وتووه‌‌و گله‌یی‌ له‌حكومه‌تی‌ هه‌رێمیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌می‌ چاره‌نووسی‌ منداڵه‌كانیانی‌ نه‌خواردووه‌و به‌ره‌سمی‌ هه‌وڵ بۆ دۆزینه‌وه‌یان نه‌دراوه‌، هه‌رچه‌ند دڵنیایه‌ له‌وه‌ی‌ تا دیوی‌ ئێران لانی‌ كه‌م چوار منداڵی‌ به‌سه‌لامه‌تی‌ ده‌ربازیان بووه‌، به‌ڵام ئیتر له‌وێدا زانیارییه‌كانی‌ بچڕاون.

 

له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "كه‌ چوینه‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ كه‌ره‌ج له‌نزیك تاران ناوی‌ چوار منداڵم هه‌بوو كه‌ چووبوونه‌ ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌و وتیان ناردومانن بۆ خانه‌ی‌ بێ دایك‌و باوكان‌و به‌ڵام منداڵه‌كه‌ی‌ ترم ناوی‌ نه‌بوو".

 

بیست‌و هه‌شت ساڵی‌ ره‌به‌قه‌ عائیشه‌و كه‌سوكاری‌ تری‌ منداڵه‌ ونبووه‌كان له‌هه‌ردوو دیوی‌ ئێران‌و عێراق بۆ منداڵه‌كانیان ده‌گه‌ڕێن، به‌ڵام نه‌ ئه‌وه‌تا بزانن له‌كوێن، نه‌ ئه‌وه‌تا گۆڕیشیان دیاره‌، هه‌ر زانیارییه‌كیشیان به‌ر گوێ‌ كه‌وتبێت شوێنی‌ كه‌وتوون، به‌ڵام زۆربه‌یان به‌هیوابڕاوی‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

 

سه‌ڵاح محه‌مه‌د (45 ساڵ) یه‌كێكی‌ تره‌ له‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ له‌رۆژی‌ 16ی‌ ئازاره‌وه‌ له‌خوشك‌و براكانی‌ دابڕاوه‌و ئیتر نه‌یبینیونه‌ته‌وه‌، له‌لیستی‌ منداڵه‌ ونبووه‌كاندا ناوی‌ دوو خوشك‌و برایه‌كی‌ محه‌مه‌د هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ویش له‌كاتی‌ قه‌ره‌باڵغی‌ ئاواره‌بووندا ونده‌بن‌و تائێستا هیچ له‌باره‌یانه‌وه‌ نازانێت.

 

سه‌ڵاح خه‌تای‌ یه‌كه‌می‌ نه‌دۆزینه‌وه‌ی‌ خوشك‌و براكانی‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی‌ به‌رپرسانی‌ هه‌رێم‌و به‌كه‌مته‌رخه‌میان ده‌زانێت، به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌گه‌ر حكومه‌ت ده‌ڵێ‌ ئه‌وان نه‌ماون ئه‌ی‌ بۆ ناوه‌ ناوه‌ هه‌ندێك له‌و منداڵانه‌ ده‌دۆزرێته‌وه‌، ئێمه‌ هه‌موو رۆژێكمان هه‌ر مردنه‌و دایك‌و باوكیشمان به‌داخی‌ دیار نه‌مانی‌ منداڵه‌كانیانه‌وه‌ سه‌ریان نایه‌وه‌".

 

لوقمان عه‌بدولقادر به‌رپرسی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ قوربانیانی‌ كیمیابارانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌مان بۆچوونی‌ سه‌ڵاحی‌ هه‌یه‌و حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و به‌تایبه‌تی‌ وه‌زاره‌تی‌ شه‌هیدان به‌كه‌مته‌رخه‌م ده‌بینێت‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "چه‌ندینجار به‌وه‌زاره‌تی‌ شه‌هیدانمان وتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌دیوی‌ ئێران منداڵه‌ ونبووه‌كان بهێننه‌وه‌و پشكنینی‌  DNA یان بۆ بكرێت، به‌ڵام به‌بیانووی‌ سه‌رقاڵییه‌وه‌ دۆسێكه‌یان فه‌رامۆشكردووه‌".

 

به‌پێی‌ ئه‌و ئامارانه‌ی‌ له‌لای‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ی‌ لوقمان تۆماركراوه‌، 109 منداڵ له‌لیستی‌ شوێن بزربووه‌كاندا هه‌ن، له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردووشدا ژماره‌یه‌ك له‌وانه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌و به‌كه‌سوكاریان شادبوونه‌ته‌وه‌.

 

عه‌لی‌ عوسمان جێگری‌ پارێزگاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌و به‌رپرسی‌ لیژنه‌ی‌ منداڵه‌ ونبوه‌كانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌ی‌ بۆ "نیقاش" پشتڕاستكرده‌وه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌و 109 منداڵه‌، منداڵی‌ 67 خێزانن‌و ئه‌وانه‌شی‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ سه‌رجه‌میان ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ له‌ئێران بوون، وتیشی‌ "فشارمان خستووه‌ته‌ سه‌ر وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌‌و شه‌هیدان بۆ ئه‌وه‌ی‌ په‌له‌ بكرێت له‌دۆزینه‌وه‌ی‌ ئه‌و منداڵانه‌".

 

پێنج ساڵ پێش ئێستا (2011) عه‌لی‌ یه‌كێك بوو له‌و كه‌سانه‌ی‌ به‌ته‌مه‌نی‌ (24 ساڵی‌) گه‌ڕایه‌وه‌، ته‌نانه‌ت چیرۆكی‌ عه‌لی‌ بوو به‌بابه‌تی‌ فیلمێكی‌ سینه‌مایی‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ پێنج خێزان خۆیان به‌خاوه‌نی‌ ده‌زانی‌‌و چاوه‌ڕێی‌ پشكنینی‌ خوێنیان ده‌كرد، تا دواجار له‌رێی‌ پشكنینی‌ خوێنه‌وه‌ ده‌ركه‌وت كه‌ كوڕی‌ كامه‌ خێزان بووه‌و به‌دایكی‌ شاد بووه‌وه‌.

 

كێشه‌ی‌ عه‌لی‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ له‌زمانی‌ خوشك‌و براكانی‌ نه‌ده‌زانی‌، چونكه‌ ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ لای‌ خێزانێكی‌ فارسی‌ زمان په‌روه‌رده‌ بووه‌و هیچ كوردی‌ فێر نه‌بوو بوو.

 

ئه‌و كوڕه‌ به‌ته‌مه‌نی‌ یه‌ك ساڵان له‌كیمیابارانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌دا ون ده‌بێت‌و خێزانێكی‌ ئێرانی‌ له‌شاری‌ (مه‌شهه‌د) له‌خۆی‌ ده‌گرن، كاتێك خوێندنی‌ ئاماده‌یی‌ ته‌واو ده‌كات‌و ده‌یه‌وێت له‌زانكۆ بخوێنێت، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ ره‌گه‌زنامه‌كه‌ی‌ ئێرانی‌ نابێت رێی‌ خوێندنی‌ پێنادان، ئیتر له‌وێوه‌ ده‌زانێت كه‌ كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ له‌هه‌ڵه‌بجه‌ن‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

 

نزیكه‌ی‌ هه‌شت مانگ پێش ئێستا كچێكی‌ ته‌مه‌ن (29 ساڵ) به‌ناوی‌ مه‌ریه‌م گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ هه‌ڵه‌بجه‌و پاش پشكنینی‌ خوین كه‌سوكاری‌ خۆی‌ دۆزیه‌وه‌، مه‌ریه‌میش به‌هه‌مان شێوه‌ لای‌ خێزانێكی‌ ئێرانی‌ گه‌وره‌ بوو بوو.

 

گێلاس ئه‌سكه‌نده‌ر دایكی‌ مه‌ریم به‌"نیقاش"ی‌ وت "هیچ هه‌ستێك له‌وه‌ گه‌وره‌تر نییه‌ دوای‌ 28 ساڵ ئه‌و كچه‌م ببینمه‌وه‌ كه‌ به‌یه‌ك ساڵی‌ لێم ونبوو، وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ خوا تازه‌ هاونازی‌ پێ به‌خشیبێتمه‌وه‌".

 

مه‌ریه‌م ناوه‌ راسته‌قینه‌كه‌ی‌ له‌لای‌ دایك‌و باوكی‌ (هاوناز)ه‌، به‌ڵام كه‌چووه‌ته‌ ئێران خێزانێك له‌وێ‌ گرتویانه‌ته‌ خۆ‌و ناوی‌ (مه‌ریه‌م)یان لێناوه‌.

 

دایكی‌ مه‌ریه‌م (هاوناز) سێ‌ منداڵی‌ هه‌بووه‌، (رێباز) له‌گه‌ڵ خۆی‌ ده‌ربازی‌ بووه‌و هاونازو كوڕێكی‌ لێ‌ ونبووه‌، ئێستا كه‌ هاونازی‌ دۆزیوه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت "تا مردن چاوه‌ڕێی‌ كوڕه‌كه‌ی‌ ترم ئه‌كه‌م كه‌ لێم ونبووه‌، به‌ڵكو ئه‌ویش وه‌ك هاوناز ببینمه‌وه‌".

 

چوار مانگ له‌مه‌وبه‌ر كچێكی‌ تر كه‌ ئه‌ویش ته‌مه‌نی‌ (29 ساڵه‌) به‌ناوی‌ (شایلی‌ حسێن) گه‌ڕایه‌وه‌ هه‌ڵه‌بجه‌و پشكنینی‌ خوێنی‌ بۆ كراوه‌ تا به‌كه‌سوكاری‌ شاد بێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ منداڵیان لێ‌ ونبووه‌، ناوی‌ خۆیان تۆماركردووه‌و سه‌مپڵی‌ خوێنیان لێ‌ وه‌رگیراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌گه‌ر منداڵێك دۆزرایه‌وه‌ به‌خوێنه‌كه‌ی‌ ئه‌وان به‌راورد بكرێت، به‌ڵام تائێستا ئه‌نجامی‌ پشكنینی‌ خوێنه‌كه‌ ساغ نه‌بووه‌ته‌وه‌.

 

شایلی‌ ئه‌و كاته‌ی‌ له‌رووداوه‌كه‌دا بزربووه‌ ژن‌و پیاوێكی‌ ئێرانی‌ له‌شاری‌ كه‌ره‌ج به‌ناوی‌ حسێن‌و فاتیمه‌ گرتوویانه‌ته‌ خۆ‌و گه‌وره‌یان كردووه‌، تا ئه‌وه‌ی‌ بووه‌ته‌ ئه‌ندازیاری‌ كشتوكاڵ.

 

شایلی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "شه‌ش ساڵ پێش ئێستا دایك‌و باوكم پێیان وتم كه‌ من كچی‌ ئه‌وان نیم‌و له‌كاره‌ساتی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ونبووم، كاتێكیش له‌رێی‌ ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌ بینیم مه‌ریه‌م گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌ڵه‌بجه‌و كه‌سوكاری‌ خۆی‌ دۆزیوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ منی‌ هاندا كه‌ منیش بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌سوكاره‌كه‌ن ببینمه‌وه‌".

 

ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ریش دوانی‌ تر له‌منداڵه‌ ونبووه‌كانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بڕیاریاندا بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌یان‌و پشكنینی‌ خوێن ئه‌نجام بده‌ن، ئه‌و دوو كه‌سه‌ش ناویان (ئه‌عزه‌م‌و بارزان)ه‌.

 

بارازان ته‌مه‌نی‌ 29 ساڵه‌و له‌شاری‌ سنه‌ خوێندنی‌ ته‌واوكردووه‌و خێزانداره‌، ئه‌عزه‌میش ته‌مه‌نی‌ 30 ساڵه‌و له‌تاران نیشته‌جێیه‌و ئه‌ویش خێزانداره‌و دوو منداڵی‌ هه‌یه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ قوربانیانی‌ كیمیابارانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت، پشكنینی‌ خوێنی‌ بارزان‌و ئه‌عزه‌م ته‌واو بووه‌و ئه‌مساڵه‌ له‌یادی‌ كیمیابارانه‌كه‌داو له‌رۆژی‌ 16ی‌ ئازار به‌كه‌سوكاره‌كه‌یان شاد ده‌كرێنه‌وه‌.

 

عه‌لی‌‌و مه‌ریه‌م له‌گه‌ڵ شه‌ش منداڵی‌ تر به‌كه‌سوكاریان شاد بوونه‌ته‌وه‌‌و شایلی‌‌و ئه‌عزه‌م‌و بارزانیش چاوه‌ڕێی‌ ئه‌نجامی‌ پشكنینه‌كانن، به‌ڵام تائێستا نزیكه‌ی‌ سه‌د منداڵ چاره‌نووسیان به‌نه‌زانراوی‌ ماوه‌ته‌وه‌و 28 ساڵه‌ كه‌سوكاره‌كه‌یان به‌شوێنیاندا ده‌گه‌ڕێن‌و به‌شێكیان به‌و خه‌م‌و خه‌فه‌ته‌وه‌ سه‌ریان نایه‌وه‌، به‌ڵام چیرۆكی‌ گه‌ڕاوه‌كان كۆتاییه‌كی‌ دڵخۆشكه‌ره‌ كه‌ زۆربه‌یانی‌ ئاسووده‌ كردووه‌و هیوایه‌كی‌ كردووه‌ به‌به‌ریاندا بۆ شادبوونه‌وه‌ به‌وانه‌ی‌ كه‌ ماون.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌