راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

رێگاكانی‌ ناسرییه‌ رۆژانه‌ قوربانی‌ ده‌خه‌نه‌وه‌

رەعد سالم
رێگاو بانه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ نێوانی‌ ناسرییه‌و به‌غداو پارێزگاكانی‌ خواروو به‌جۆرێك وێرانبوون كه‌ به‌هۆیانه‌وه‌ سه‌دان كه‌س بوونه‌ته‌ قوربانی‌.
7.01.2016  |  زیقار
رێبوارانی‌ رێگا ده‌ره‌كییه‌كانی‌ ناسرییه‌ له‌شه‌ڕێكی‌ به‌رده‌وامدان له‌گه‌ڵ رێگاو بانه‌كاندا
رێبوارانی‌ رێگا ده‌ره‌كییه‌كانی‌ ناسرییه‌ له‌شه‌ڕێكی‌ به‌رده‌وامدان له‌گه‌ڵ رێگاو بانه‌كاندا

حه‌یده‌ر كازم (25 ساڵ) كاتێك له‌مانگی‌ نیسانی‌ ساڵی‌ رابردوو خۆیی‌‌و چه‌ند سه‌رنشینێك له‌زیقاره‌وه‌ به‌ره‌و به‌سره‌ ده‌چوون، له‌سه‌ر رێگا ئۆتۆمبێله‌كه‌ی‌ وه‌رگه‌ڕاو به‌چاوی‌ خۆی‌ مه‌رگی‌ بینی‌، سه‌ره‌نجامه‌كه‌شی‌ به‌برینداری‌ لێی‌ ده‌رچوو.

 

حه‌یده‌ر كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ سه‌رنشینی‌ تردا بووه‌ كاتێك شۆفێره‌كه‌ به‌خێرایی‌ 120 كیلۆمه‌تر له‌كاتژمێرێكدا لێی‌ خوڕیوه‌، تووشی‌ رووداوه‌كه‌ بوون، له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "شۆفێره‌كه‌ خه‌و بردیه‌وه‌‌و تووشی‌ رووداوه‌كه‌ بوو، به‌هۆیه‌وه‌ به‌شێكمان براین بۆ نه‌خۆشخانه‌و ئه‌وانی‌ تریش ته‌رمه‌كانیان چوونه‌ پزیشكی‌ دادوه‌ری‌".

 

حه‌یده‌ر ده‌ست‌و قاچی‌ راست‌و حه‌وزو په‌راسوی‌ شكاوه‌‌و چه‌ند نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی‌ خێرای‌ بۆ كراوه‌ تا ژیانی‌ رزگار بكه‌ن‌و ئێستاش له‌سه‌ر كورسی‌ ده‌جوڵێت‌و ده‌شڵێت "پزیشكه‌كان پێیان وتم ساڵێكم ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانم بكه‌ومه‌وه‌ جوڵه‌".

 

ئه‌و گه‌نجه‌ كه‌ جاران له‌یه‌كێك له‌چێشتخانه‌كان كاری‌ ده‌كرد بۆ به‌خێوكردنی‌ ژن‌و سێ‌ منداڵه‌كه‌ی‌، ئێستا پێی‌ وایه‌ بووه‌ته‌ ئه‌ركێكی‌ گران به‌سه‌ر كه‌س‌و كاره‌كه‌یه‌وه‌.

 

رێگا سه‌ره‌كییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ناسرییه‌ به‌جۆرێك شێواوو خراپ بوون كه‌ سه‌دان كه‌سی‌ وه‌ك حه‌یده‌ریان كردووه‌ته‌ قوربانی‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ چاره‌یه‌كیان بۆ بدۆزرێته‌وه‌.

 

به‌پێی‌ ئاماره‌كانی‌ فه‌رمانگه‌ی‌ هاتوچۆی‌ زیقار له‌سه‌ره‌تا هه‌تا كۆتایی‌ ساڵی‌ رابردوو (306) رووداوی‌ هاتوچۆ له‌و پارێزگایه‌ روویانداوه‌و به‌هۆیه‌وه‌ (505) كه‌س بریندار بوون.

 

عه‌مید عه‌لا عه‌بد عه‌وده‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ فه‌رمانگه‌ی‌ هاتوچۆی‌ زیقار به‌"نیقاش"ی‌ وت "رووداوه‌كان كۆتاییان نایه‌ت‌و به‌هۆیانه‌وه‌ له‌ماوه‌ی‌ ساڵێكدا 115 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، زۆربه‌ی‌ رووداوه‌كانیش پێكدا كێشانی‌ راسته‌وخۆ بوون".

 

ئه‌وه‌ش روون ده‌كاته‌وه‌ كه‌ حاڵه‌ته‌كان ته‌نها له‌سه‌ر رێگا ده‌ره‌كییه‌كان نین، به‌ڵكو له‌ناو شاریشدا په‌نجا رووداوی‌ پێكدا كێشان‌و وه‌رگه‌ڕان‌و شێلان تۆماركراون.

 

به‌ڕێوه‌به‌ری‌ هاتوچۆ ئۆباڵی‌ سه‌ره‌كی‌ رووداوه‌كان ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی‌ خێرا لێخوڕین‌و ده‌ڵێت "شۆفێران پابه‌ند نابن به‌رێنماییه‌كانی‌ هاتوچۆوه‌ به‌تایبه‌ت له‌رووی‌ خێرا لێخوڕین‌و به‌ستنی‌ پشتێنی‌ سه‌لامه‌تی‌".

 

به‌ڵام ئه‌حمه‌د مسلم (40 ساڵ) كه‌ له‌هێڵی‌ نێوان ناسرییه‌ به‌غدا چه‌ند ساڵێكه‌ شۆفێری‌ تاكسییه‌، خه‌تای‌ سه‌ره‌كی‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كانه‌وه‌ كه‌ رێگاكانیان فه‌رامۆشكردووه‌.

 

ئه‌حمه‌د به‌"نیقاش"ی‌ وت "رێگای‌ ناسرییه‌و به‌غدا چه‌ندین چاڵ‌و چۆڵی‌ تێدایه‌‌و هیچ هێمایه‌كی‌ هاتوچۆشی‌ تیا دانه‌نراوه‌، بۆیه‌ بوونه‌ته‌ ته‌ڵه‌ی‌ مردن".

 

زۆربه‌ی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ قوربانییه‌كان له‌سه‌ر رێی‌ ناحیه‌ی‌ فه‌جرن له‌باكوری‌ ناسڕییه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی‌ 22 كیلۆمه‌تردا بیست كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و (74) كه‌سی‌ تر بریندار بوون.

 

زوهێر كامل به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ناحیه‌كه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "كێشه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌وه‌یه‌ رێگاكه‌ یه‌ك سایده‌و كه‌سیش نایه‌ت به‌ده‌میه‌وه‌، باجه‌كه‌ش ته‌نها هاوڵاتیان ده‌یده‌ن".

 

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ ژماره‌ی‌ قوربانییه‌كان كه‌ فه‌رمانگه‌ی‌ هاتوچۆ بڵاویكردوونه‌ته‌وه‌ راسته‌قینه‌ نین‌و ته‌نها ئه‌و قوربانییانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ ده‌م‌و ده‌ست له‌رووداوه‌كان ده‌كه‌ونه‌وه‌‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی‌ برینداره‌كان گه‌یشتنه‌ نه‌خۆشخانه‌، ئیتر كه‌ له‌وێش گیان له‌ده‌ست بده‌ن له‌ناو ئاماره‌كاندا ئاماژه‌یان پێ ناكرێت".

 

ره‌باب وادی‌ (45 ساڵ) یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ی‌ كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ به‌رووداوی‌ هاتوچۆ تیاچوون، ئه‌و ورده‌كاری‌ گیان له‌ده‌ستدانی‌ هاوسه‌ره‌كه‌یی‌‌و هه‌ر سێ‌ منداڵه‌كه‌ن له‌رێی‌ ناسرییه‌ به‌غدا بۆ "نیقاش" گێڕایه‌وه‌و وتی‌ "جه‌ژنی‌ قوربانی‌ رابردوو به‌ره‌و ماڵی‌ مامیان به‌ڕێكه‌وتن‌و نه‌مزانی‌ ئه‌وه‌ دواهه‌مین جاره‌ ده‌یانبینمه‌وه‌، بارهه‌ڵگرێك خۆی‌ كێشا به‌ئۆتۆمبێله‌كه‌یانداو ئه‌وه‌ی‌ بۆ من مایه‌وه‌ ته‌نها ناوو وێنه‌و یادگارییه‌كانیانه‌".

 

كازم سه‌هلانی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ فه‌رمانگه‌ی‌ رێگاوبانی‌ زیقار دان به‌زۆری‌ قوربانییه‌ ماڵی‌‌و گیانییه‌كاندا ده‌نێت، به‌ڵام هۆكاری‌ چاكنه‌كردنی‌ رێگاو بانه‌كه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆ نه‌بوونی‌ بودجه‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌و رێگایه‌ی‌ ساڵانی‌ هه‌شتاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو له‌نێوان زیقارو به‌غدا دروستكراوه‌، ماوه‌ی‌ سی‌ ساڵه‌ هیچ چاكسازییه‌كی‌ تیا نه‌كراوه‌و به‌هۆی‌ كه‌ش‌و هه‌واو شه‌ڕه‌وه‌ ته‌واو تێكچووه‌".

 

هه‌رچی‌ حكومه‌تی‌ خۆجێیه‌تی‌ پارێزگاكه‌شه‌ خۆی‌ ده‌بوێرێ‌ له‌به‌رپرسیارێتی‌ چاككردنه‌وه‌ی‌ رێگاو بانه‌ ده‌ره‌كییه‌كان، وه‌ك نیعمه‌ زاملی‌ ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات، كاری‌ چاككردن‌و دروستكردنی‌ رێگای‌ ده‌ره‌كی‌ له‌ئه‌ستۆی‌ وه‌زاره‌تی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌دایه‌.

 

زاملی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "پرۆژه‌ی‌ رێگا ستراتیژییه‌كان له‌چوارچێوه‌ی‌ وه‌به‌رهێنانی‌ وه‌زاره‌تدایه‌، حكومه‌تی‌ خۆجێیه‌تیش به‌هۆی‌ به‌ده‌مه‌وه‌ نه‌هاتنی‌ ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ تووشی‌ قه‌یران بووه‌".

 

رێبوارانی‌ سه‌ر رێگا سه‌ره‌كییه‌كانی‌ زیقار كه‌وتوونه‌ته‌ ناو بازنه‌یه‌كی‌ به‌تاڵه‌وه‌و له‌گه‌ڵ خۆ بێبه‌ری‌ كردنی‌ هه‌موو ئه‌و فه‌رمانگه‌ به‌رپرسانه‌ نازانن كێ‌ به‌هانای‌ ئه‌وانه‌وه‌ ده‌چێت‌و ئه‌و مۆته‌كه‌كه‌یان له‌كۆڵ ده‌كاته‌وه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌