زۆرێك له‌خه‌ڵكی شاره‌كه بیانووی په‌نابردن بۆ خوێندنگا ئه‌هلییه‌كان به‌وه ده‌هێننه‌وه كه ئاستی خوێندنگا حكومییه‌كان هاتووه‌ته خواره‌وه‌و ده‌یانه‌وێت منداڵه‌كانیان دوای ده‌رچونیان له‌قوتابخانه شتێك فێربووبن، بۆ ئه‌وه‌ش خوێندنگا ئه‌هلییه‌كان باشترین بژارده‌ن.
ئه‌حمه‌د سلێمان كه دانیشتوویهكی به‌سره‌یه‌و هه‌ر سێ منداڵه‌كه‌ی له‌خوێندنگای ئه‌هلی ده‌خوێنن، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت له‌ترسی نزمی ئاستی خوێندن له‌خوێندنگا حكومییه‌كان ناچار بووه بڕێك پاره‌ی زۆر بدات بۆ ئه‌وه‌ی سێ منداڵه‌كه‌ی له‌خوێندنگای ئه‌هلی بخوێنن‌و ئاینده‌یان روون بێت.
سلێمان به‌وه دڵخۆشه كه منداڵه‌كانی به‌ئاسووده‌یی دهخوێننو هاتوچۆ ده‌كه‌ن، چونكه هۆكاری گواستنه‌وه‌ی باشیان بۆ دابینكراوه‌و پۆلهكانیشیان هۆكاری گهرمكردنهوهو ساردكردنی تێدایه‌و خاوه‌نی تاقیگه‌ی پێشكه‌وتوون.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سلێمان‌و كه‌سوكاری خوێندكاران به‌ده‌ست به‌رزی كرێی خوێندن له‌خوێندنگا ئه‌هلییه‌كان دهناڵێنێتو له‌مڕووه به"نیقاش"ی وت "هیچ رێوشوێنێك دیاری نه‌كراوه بۆ بڕی پاره‌كه‌و چۆنێتی قیسته‌كانی، هه‌ر خوێندنگایه‌ك به‌دڵی خۆی بڕیار دهداتو هه‌موو ساڵێكیش كرێ به‌رز ده‌كه‌نه‌وه".
به‌پێی قسه‌ی باسم قه‌ترانی به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی په‌روه‌رده‌ی به‌سره ژماره‌ی خوێندنگا ئه‌هلییه‌كانی به‌سره 466 خوێندنگای سهرهتاییو ناوه‌ندین، له‌كاتێكدا ساڵی 2007 ئه‌م ژماره‌یه نه‌ده‌گه‌یشته پێنج خوێندنگا.
قه‌ترانی ئاماژه به‌وه ده‌كات سیاسه‌تی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده خۆی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه هانی كردنه‌وه‌ی خوێندنگای ئه‌هلی بدات، چونكه به‌و هۆیه‌وه فشار له‌سه‌ر خوێندنگا حكومییه‌كان كه‌مبوونه‌ته‌وه.
له‌مڕووه‌وه به"نیقاش"ی وت "هه‌مان رێوشوێنی خوێندنگا حكومییه‌كان به‌سه‌ر خوێندنگا ئه‌هلییه‌كانیشدا سه‌پێنراوه له‌رووی پرۆگرامه‌كانی خوێندنه‌وه، ئه‌گه‌ر پابه‌ندیش نه‌بن، ئه‌وا رووبه‌رووی سزای داخستن ده‌بنه‌وه".
پسپۆڕانی بواری په‌روه‌رده‌ش هه‌مان بۆچوون پشتڕاست ده‌كه‌نه‌وه كه زۆربوونی خوێندنگا ئه‌هلییه‌كان به‌هۆی خراپی ئاستی خوێندنی گشتییه‌وه‌یه له‌رووی دهوامو نه‌بوونی پێداویستییه‌كانه‌وه.
نازم كه‌ریم سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی به"نیقاش"ی وت "خوێندنگا ئه‌هلییه‌كان زۆر كێشه‌یان چاره‌سه‌ر كردووه، ره‌نگه له‌چه‌ند ساڵی داهاتوودا كه‌رتی خوێندنی ئه‌هلی شوێنی خوێندنی حكومی بگرێته‌وه".
كێشه‌ی هه‌ره سه‌ره‌كی كه‌رتی خوێندنی گشتی له‌به‌سره‌و زۆربه‌ی پارێزگاكانی تری عێراق له‌وه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه كه پرۆگرامه‌كانی خوێندن كۆنن‌و خوێندنگاكانیش قه‌ره‌باڵغن، به‌جۆرێك هه‌ر خوێندنگایه‌ك سێ دهوامو زیاتر ده‌كرێت، ته‌نانه‌ت ژماره‌ی پێوانه‌یی ئه‌مساڵ تۆماركراوه كاتێك خوێندنگایه‌ك ژماره‌ی دهوامهكانی گه‌یشتووه‌ته حه‌وت ده‌وام، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی هه‌ر پۆلێكیش نزیكه‌ی شه‌ست خوێندكاری تێدایه.
مه‌كی حه‌سه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی به‌سره ئاماژه به‌وه ده‌كات كه له‌به‌سره‌دا 1800 خوێندنگای حكومی هه‌ن، هه‌رچه‌نده به‌شێكیان نوێن، به‌ڵام به‌شی هه‌ره زۆریان كۆن‌و داڕماونو به‌كه‌ڵكی خوێندن نایه‌ن.
به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده به"نیقاش"ی وت "ئێستا پێویستمان به 700 بینای خوێندن هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مێك قه‌ره‌باڵغی سه‌ر خوێندنگاكان كه‌م بكه‌ینه‌وه".
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حكومه‌تیش توانای نییه ئه‌م ژماره زۆره‌ی بینا دروست بكات‌و تازه ده‌رچووان دابمه‌زرێنێت، بۆیه خه‌ڵكی په‌نا بۆ خوێندنگا ئه‌هلییه‌كان ده‌به‌ن.
به‌پێی ئاماره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی به‌سره، نزیكه‌ی 20% خوێندكارانی به‌سره كه كۆی گشتیان هه‌شت سه‌د هه‌زار كه‌سه له‌خوێندنگا ئه‌هلییه‌كان ده‌خوێنن.
فیراس عه‌لی به‌ڕێوه‌به‌ری یه‌كێك له‌خوێندنگا ئه‌هلییه‌كانی به‌سره ئاماژه به‌وه ده‌كات خوێندنی تایبه‌ت هه‌لی كاری بۆ ئه‌و مامۆستایانه خولقاندووه كه ده‌رفه‌تی دامه‌زراندنیان نه‌بووه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئه‌و پسپۆڕانهشی هێناوه‌ته‌وه سه‌ر كار كه خانه‌نشین بوون‌و هێشتا توانای كاركردنیان هه‌یه.
فیراس به"نیقاش"ی وت "خوێندنگا ئه‌هلییه‌كان به‌ڕێكوپێكی ده‌وامیان تیا دهكرێتو وه‌ك خوێندنگا حكومییه‌كان دوا ناكه‌ون له‌دابه‌شكردنی پرۆگرامه‌كانی خوێندن".
فیراس عه‌لی به‌ڵگه‌ی قسه‌كانی به‌وه ده‌هێنێته‌وه كه ئاستی ده‌رچوون له‌خوێندنگا ئه‌هلییه‌كاندا به‌رزه‌و ده‌ڵێت "خوێندكارانی خوێندنگا ئه‌هلییه‌كان له‌تاقیكردنه‌وه گشتییه‌كاندا پله‌ی یه‌كه‌م به‌ده‌ست ده‌هێنن، ئه‌مه‌ش كوالێتی خوێندن‌و ئاستی سه‌ركه‌وتنی پرۆژه‌كه‌مان ده‌رده‌خات".
زۆری خواست له‌سه‌ر خوێندنگا ئه‌هلییه‌كان وایكردووه كرێی ساڵانه‌یان به‌رز ببێته‌وه، به‌جۆرێك كرێی یه‌ك ساڵی خوێندن لهخوێندنگایهكی ئه‌هلی سه‌ره‌تایی له‌نێوان ملیۆن‌و پێنج سه‌د هه‌زار بۆ دوو ملیۆن‌و پێنج سه‌د هه‌زار دیناردایه، بۆ خوێندنی ناوه‌ندیش ده‌گاته سێ تا پێنج ملیۆن دینار، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه ئه‌و خێزانانه‌ی داهاتیان دیاریكراوه ناتوانن منداڵ بنێرنه خوێندنگا ئه‌هلییه‌كان.
حه‌سه‌ن سلێمان كه فه‌رمانبه‌ری كۆمپانیانی به‌نداوه‌كانی عێراقه‌و داهاتی دیاریكراوه ئاماژه به‌وه ده‌كات خوێندنگا حكومییه‌كان كوالێتیان هه‌رچۆنێك بێت ناچارن منداڵه‌كانیانی بۆ ببه‌ن.
حه‌سه‌ن به"نیقاش"ی وت "چوار منداڵم له‌قۆناغه جیاجیاكانی خوێندنن، كاتێك ویستم ناویان له‌خوێندنگا ئه‌هلییه‌كان تۆمار بكه‌م، تێگه‌یشتم بۆ ساڵێك ده‌بێت هه‌شت ملیۆن دیناریان بۆ بده‌م، له‌كاتێكدا داهاتی خۆم بۆ ساڵه‌كه یانزه ملیۆن دیناره".
كه‌ریمه حسێن مامۆستای زمانی ئینگلیزی پێی وایه زیاده‌ڕه‌وی له‌نرخی خوێندنگا ئه‌هلییه‌كاندا هه‌یه‌و به"نیقاش"ی وت "كرێی ئه‌و خوێندنگایانه به‌رده‌وام زیاد ده‌كه‌ن، ئیدارهكانیشیان خوێندكاران ناچار ده‌كه‌ن كرێی زیاتر بده‌ن به‌كڕینی كتێب‌و جل‌و به‌رگ".
ئه‌م ناڕه‌زاییه‌ی له‌سه‌ر كرێی خوێندنگا ئه‌هلییه‌كان هاتووه‌ته ئاراوه، وای له‌حكومه‌تی خۆجێیه‌تی به‌سره كردووه خۆی ئاماده بكات بۆ ده‌ركردنی یاسایه‌ك كه له‌رێیه‌وه كار‌و كرێی خوێندنگا ئه‌هلییه‌كان رێك بخرێت.
ئه‌مین مه‌نسور سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و فێركردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای به‌سره ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه پرۆژه یاساكه‌یان خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می ماوه بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاری له‌باره‌وه بدرێت.
ئه‌مین به"نیقاش"ی وت "به‌پێی یاساكه نابێت كرێی ساڵانه‌ی خوێندكارێكی ئاماده‌یی له‌ملیۆنێك‌و پێنج سه‌د هه‌زار دینار تێپه‌ڕ بكات، هه‌روه‌ها یه‌ك ملیۆن دینار بۆ قۆناغی ناوهندیو شه‌ش سه‌د هه‌زار دینار بۆ سه‌ره‌تایی".
ئه‌مین گه‌شبینه به‌وه‌ی یاساكه له‌گه‌ڵ ده‌رچونیدا ئه‌ركی سه‌رشانی كه‌سوكاری خوێندكاران كه‌م ده‌كاته‌وه، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن كاری پێبكات.