ماوه‌ی پێنج ساڵه عه‌لی حسێن داینی به‌ندی ماڵه‌كه‌ی خۆیانه لهدیالهو بۆ كاری زۆر پێویست نه‌بێت نایه‌ته ده‌ره‌وه، چه‌ندیش بتوانێت خۆی ده‌پارێزێت له‌چوونه سه‌ر شه‌قامی گشتی، چونكه له‌خاڵه‌كانی پشكنین هێزه ئه‌منییه‌كان له‌رێی لاپتۆپه‌وه ته‌ماشای ناوی رێبواران دهكهنو ئه‌گه‌ر ناوه‌كه‌یان هاوشێوه‌ی تیرۆریستێكی داواكراو بێت، یه‌كسه‌ر ده‌ستگیر ده‌كرێن.
خێزانه‌كه‌ی عه‌لی حسێن كه هه‌ندێ كه‌س بهلێقهوماو ناویان ده‌به‌ن وا نه‌بێت كێشه‌یان ته‌نها له‌ناوی باوكه‌كه‌دا بێت، به‌ڵكو هه‌ر دوو كوڕه‌كه‌ی (حسێن عه‌لی حسێن – 26 ساڵ)و (حه‌سه‌ن عه‌لی حسێن – 27 ساڵ) پێشتر له‌ناو زانكۆی دیاله‌دا دهستگیركراونو ئه‌گه‌ر ناسیاوێكیان له‌ناو بنكه‌ی پۆلیس به‌پاره ئازادی نهكردنیایه، ئه‌وا زه‌حمه‌ت بوو روناكی ببیننه‌وه.
عومه‌ر یاسین دلێمی كه له‌یه‌كێك له‌وه‌زاره‌ته‌كانی عێراق كارمه‌نده ده‌ڵێت "به‌ر له‌وه‌ی دابمه‌زرێم ناسیاوێكمان رێنمایی كردم كه ناو‌و نازناوه‌كه‌م بگۆڕم بۆ محه‌مه‌د، چونكه ئه‌و ناوه لای شیعه‌و سوننه‌ش هه‌یه‌و ئه‌گه‌ر میلیشیا شیعه‌كانی ناو دیاله ده‌ستگیری بكه‌ن یه‌كسه‌ر به‌ناوه‌كه‌یدا ده‌یناسنه‌وه كه سوننه‌یه".
عومه‌ر (29 ساڵ) ئاماژه به‌وه ده‌كات سه‌ره‌تا ناوه تازه‌كه‌ی به‌لاوه سه‌یر بووه تا ورده ورده له‌سه‌ری راهاتووه‌و مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانیشی نه‌ماوه.
عوسمان به‌كر (30 ساڵ) یه‌كێكی تره له‌و كه‌سانه‌ی كێشه‌ی له‌گه‌ڵ ناوه‌كه‌یدا هه‌یه، ئه‌و كه دانیشتووی ناوچه‌ی میقدادیه‌ی دیاله‌یه به"نیقاش"ی وت "كاتی شه‌ڕی تایفی له‌نێوان شیعه‌و سوننه ناوی خۆم نه‌گۆڕی، چونكه كه‌م ده‌چوومه ده‌ره‌وه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ میلیشیا شیعه‌كان له‌شاره‌كه‌دا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌و جل‌و بهرگو ئۆتۆمبێلی حكومه‌تیان پێیه، بۆیه له‌ترسا ناوه‌كه‌م گۆڕی نه‌وه‌ك ئه‌وان ده‌ستگیرم بكهنو خۆم‌و كه‌سوكاره‌كه‌شم بكه‌وینه به‌رده‌م مه‌ترسی".
زۆرن ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌دیاله ناوی خۆیان گۆڕییه‌وه، جا یا له‌به‌ر مه‌ترسی میلیشیا شیعه‌كان، یان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناوه‌كه‌یان هاوشێوه‌ی ناوی داواكراوێكه.
ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا رۆژنامه لۆكاڵی‌و ره‌سمییه‌كان پڕ بوو له‌ئاگاداری دادگاكان له‌باره‌ی ناوگۆڕینهوه، به‌و هۆیه‌وه ده‌زانرا ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی خوازیاری ناو گۆڕینن چه‌نده زۆرن.
دیاله كه دانیشتوانه‌كه‌ی فره رهنگو تایفه‌و نه‌ته‌وه‌یه له‌نێوان شیعه‌و سوننه‌و كورددا له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه خه‌ڵكه‌كه‌ی مه‌ترسییان له‌سه‌ره به‌هۆی ناوه‌كانیانه‌وه.
به‌پێی قسه‌ی شاره‌زایان قورسترین جۆری ناوگۆڕین ئه‌و جۆره‌یه كه كه‌سه‌كه داوای گۆڕینی نازناوی عه‌شیره‌ته‌كه‌ی ده‌كات، چونكه ده‌بێت سه‌ره‌تا داوایه‌ك پێشكه‌شی دادگای باری كه‌سێتی بكات‌و ره‌زامه‌ندی فه‌رمانگه په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ده‌ست بهێنێت، ئێستاش بڕیارێكی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ئه‌وه‌نده‌ی تر كاره‌كه‌ی قورس كردووه، چونكه ته‌نها رێ به‌گۆڕینی ناوی (سه‌دام) ده‌دات.
حه‌یده‌ر حسێن مه‌ندلاوی كه ئه‌فسه‌ری فه‌رمانگه‌ی ره‌گه‌زنامه‌یه به"نیقاش"ی وت "فه‌رمانگه‌كه‌مان له‌دوو مانگی رابردوودا له‌نێوان 150 بۆ 200 مامه‌ڵه‌ی پێگه‌یشتووه بۆ ناوگۆڕین كه هۆكاری زۆربه‌یان بۆ ئه‌وه‌یه تایفهكهیان نه‌ناسرێته‌وه‌و ته‌نها ژماره‌یه‌كی كه‌م به‌هۆكاریی ئاسایی ده‌یگۆڕن". ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات كه ئه‌و پرۆسه‌یه به‌ڕێوشوێنی زۆر قورس‌دا تێده‌په‌ڕێت.
ئه‌وه‌ش روون ده‌كاته‌وه كه ناوگۆڕین به‌پێی ده‌ستور ئازادییه‌كی كه‌سییه‌و مافی هه‌ر كه‌سێكه، به‌ڵام رێوشوێنه‌كان له‌وه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه كه له‌دوو رۆژنامه‌ی رۆژانه ئاگادارییه‌ك بڵاو بكرێته‌وه‌و ناو گۆڕینه‌كه بۆ هه‌ڵهاتن نه‌بێت لهتاوانێك، هه‌رچه‌نده ئێستا ئه‌وه‌ش راگیراوه.
ته‌نانه‌ت ئه‌و كه‌سانه‌ی كه بۆ هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵهاتون بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی بژین ناوی خۆیان بۆ كوردی گۆڕیوه، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وانه زۆر ئاسانه كه كوردی ده‌زانن یاخود خێزانێكی كوردی‌یان هێناوه، هه‌ندێكی تریش نازناوه‌كه‌یان بۆ عه‌شیره‌تێكی خاوه‌ن پێگه‌و به‌هێز ده‌گۆڕن.
پارێزه‌ر عه‌لیا عه‌بود ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ناوگۆڕین بۆ هه‌ر كه‌سێك ته‌نها یه‌كجار رێی پێدراوه، ئه‌ویش ئه‌گه‌ر نه‌نگییه‌ك لهناوهكهدا ههبێو به‌ڵگه‌ی پێویستی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته له‌به‌ر ده‌ستدا بێت.
ئێستا وه‌زاره‌تی ناوخۆ بۆ ماوه‌ی دوو ساڵی پرۆسه‌ی ناوگۆڕینی راگرتووه، مه‌گه‌ر ئه‌وانه نه‌بێت كه ناویان سه‌دامه، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناویان له‌سه‌رۆكی له‌ناوچووی عێراق دهچێتو ره‌نگه له‌لایه‌ن خه‌ڵكییه‌وه گاڵته‌یان پێ بكرێت‌و كێشه‌یان بۆ دروست بكرێت.