راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

خه‌ونه‌كه‌ت ره‌نگ بكه‌
گه‌نجانی‌ ناسڕییه‌ ژیان ده‌به‌خشنه‌وه‌ به‌شاره‌كه‌یان

ئه‌حمه‌د سامر
له‌كه‌ناری‌ روباری‌ فورات له‌ناسڕییه‌ كۆمه‌ڵێك گه‌نج چه‌ند میزه‌ڵدانێكیان به‌ئاسماندا هه‌ڵدا كه‌ خه‌ونه‌كانی‌ خۆیان له‌سه‌ر نوسیبوو.
5.11.2015  |  ناسڕییه
به‌شێك له‌چالاكییه‌كانی‌ فێستیڤاڵی‌ خه‌ونه‌كه‌ت ره‌نگ بكه‌
به‌شێك له‌چالاكییه‌كانی‌ فێستیڤاڵی‌ خه‌ونه‌كه‌ت ره‌نگ بكه‌

 

گه‌نجه‌كان ئه‌م پرۆژه‌یه‌یان ناونابوو فێستیڤاڵی‌ (خه‌ونه‌كه‌ت ره‌نگ بكه‌)‌و له‌گه‌ڵ هه‌ر میزه‌ڵدانێكیشدا ئاڵایه‌كی‌ عێراقیان گرێدابوو، سه‌ره‌تای‌ ده‌ستپێكردنی‌ بۆ 21ی‌ ئه‌یلولی‌ رابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا چالاكییه‌ خێرخوازییه‌كان له‌سه‌ر تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌رده‌وامییان هه‌یه‌.

 

عیماد عه‌لی‌‌و هاوڕێكانی‌ دوو هه‌فته‌ سه‌رقاڵی‌ ئاماده‌كردنی‌ ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ بوون كه‌ چه‌ند چالاكییه‌كی‌ له‌خۆگرتووه‌، وه‌ك قسه‌كردن به‌ده‌نگی‌ به‌رز له‌باره‌ی‌ خواسته‌كاتنی‌ گه‌نجانه‌وه‌و ئه‌نجامدانی‌ چالاكی‌ هونه‌ری‌‌و كۆكردنه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ك.

 

عیماد بۆخۆی‌ فۆتۆگرافه‌رو ده‌رهێنه‌ری‌ كورته‌ فیلمه‌ ده‌ڵێت "له‌و قاوه‌خانه‌یه‌ی‌ لێی‌ كۆده‌بووینه‌وه‌ ئه‌م بیرۆكه‌یه‌مان دانا كه‌ ئامانج لێی‌ ره‌وینه‌وه‌ی‌ ئه‌و بێهیواییه‌یه‌ كه‌ پاش خۆپیشاندانه‌كان‌و بێباكی‌ حكومه‌ت هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌".

 

ده‌شڵێت "وابڕیاره‌ ئه‌مه‌ بكه‌ینه‌ چالاكییه‌كی‌ ساڵانه‌ كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی‌ گه‌نجان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، خۆشحاڵییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ رۆشنبیرو هونه‌رمه‌ندانی‌ پارێزگاكه‌ش هاوكارییان كردین".

 

ژماره‌یه‌ك میوزیسیان‌و هونه‌رمه‌ند به‌شێوه‌یه‌كی‌ خۆبه‌خشانه‌ به‌شداری‌ چالاكییه‌كه‌یان كردو له‌پاڵیدا پێشانگای‌ شێوه‌كاری‌‌و فۆتۆگرافی‌ كرانه‌وه‌و شانۆگه‌ری‌ پێشكه‌ش كراو كۆڕی‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ شیعر به‌ڕێوه‌چوو.

 

ئیمان خه‌فاجی‌ كه‌ بۆخۆی‌ مامۆستای‌ سه‌ره‌تاییه‌و یه‌كێكه‌ له‌به‌شداربووانی‌ ئه‌و چالاكییه‌ ده‌ڵێت "ئه‌م فێستیڤاڵه‌ هه‌وڵێكی‌ راستگۆیانه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ هیوا بۆ گه‌نجان بگێڕدرێته‌وه‌و به‌هره‌ شاراوه‌كانی‌ تیا ده‌ربخرێت".

 

له‌چالاكییه‌كه‌دا گه‌نجان باسیان له‌خه‌ون‌و خولیاكانی‌ خۆیان ده‌كردو بۆ ده‌بازبوون له‌باسه‌ سیاسییه‌كانیش چه‌ندین بڕگه‌ی‌ ته‌نز ئامێز پێشكه‌ش كران.

 

خالد رازی‌ كه‌ یه‌كێك بوو له‌و گه‌نجانه‌ی‌ پلانی‌ وابوو بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق، چووه‌ سه‌ر شانۆكه‌و به‌ده‌نگی‌ به‌رز وتی‌ "بیرم له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ وه‌ك گه‌نجانی‌ تر بچمه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات، به‌ڵام به‌هۆی‌ ئه‌م هه‌وڵه‌ ساده‌یه‌وه‌ تێگه‌یشتم ئه‌گه‌ر هه‌موومان به‌شداربین له‌بنیادنانه‌وه‌ی‌ وڵاتدا، ئه‌وا كاری‌ گه‌وره‌مان پێده‌كرێت، هیوادارم گه‌نجه‌كانمان وڵات بۆ دزو پیاوكوژه‌كان جێنه‌هێڵن".

 

ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی‌ به‌شداری‌ فیستیڤاڵه‌كه‌یان كردبوو ده‌یانویست بزانن بۆ ناونراوه‌ (خه‌ونه‌كه‌ت ره‌نگ بكه‌)، تا ئه‌و كاته‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ چالاكییه‌كه‌ هۆكاره‌كه‌ی‌ بۆ روون كردنه‌وه‌.

 

هه‌موو گه‌نجه‌كان له‌ده‌وری‌ سندوقێك كۆبوونه‌وه‌ كه‌ له‌شێوه‌ی‌ سندوقی‌ ده‌نگدان بوو، هه‌ر یه‌كێكیان خه‌ونه‌كه‌ی‌ خۆی‌ له‌سه‌ر كاغه‌زێكی‌ بچووك ده‌نوسی‌‌و ده‌یخسته‌ ناو سندوقه‌كه‌وه‌، ئینجا له‌جێیه‌كی‌ تر له‌به‌رامبه‌ر بڕێك پاره‌ی‌ كه‌م میزه‌ڵانێكیان ده‌كڕی‌ له‌و ره‌نگه‌ی‌ خۆیان حه‌زیان لێیه‌تی‌.

 

مه‌یسه‌م هاشمی‌ نوسه‌ر ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ی‌ زۆر سه‌رنجی‌ راكێشام توانای‌ داهێنه‌رانه‌ی‌ گه‌نجه‌كان بوو كه‌ چۆن به‌كه‌ره‌سته‌ی‌ ساده‌ ئه‌و كاره‌ گه‌وره‌یه‌یان رێكخستووه‌".

 

ده‌شڵێت "دڵخۆشییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و داهاته‌ كه‌مه‌ی‌ له‌فێستیڤاڵه‌كه‌وه‌ ده‌ست ده‌كه‌وت ده‌كرێته‌ دیاری‌ بۆ خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كان، له‌كاتێكدا حكومه‌ت به‌بودجه‌یه‌كی‌ زه‌به‌لاحه‌وه‌ ئه‌وه‌ی‌ پێ ناكرێت".

 

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ عه‌لی‌ حسێنی‌ توێژه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ گه‌نجان گۆڕه‌پانه‌كانی‌ ناڕه‌زایه‌تییان كردبووه‌ شوێنی‌ ده‌ربڕینی‌ خواسته‌كانیان‌و ده‌شڵێت "ئێستا شه‌قامی‌ عێراقی‌ به‌ده‌ست گه‌نجانه‌وه‌یه‌و ئه‌وان ده‌توانن ئاستی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ به‌رز بكه‌نه‌وه‌".

 

به‌هۆی‌ ئه‌و به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنه‌ی‌ له‌كاتی‌ به‌ڕێوه‌چوونی‌ فێستیڤاڵه‌كه‌ روویدا، ئێستا به‌ڕێوه‌به‌رانی‌ چه‌ند په‌یجێكیان له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كردووه‌ته‌وه‌ بۆ په‌ره‌دان به‌لایه‌نی‌ خێرخوازی‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌.

 

له‌و كۆمه‌كه‌ی‌ له‌پرۆژه‌كه‌ كۆكرایه‌وه‌ پێداویستی‌ 24 منداڵی‌ هه‌ژار دابینكرا له‌گه‌ڵ دابه‌شكردنی‌ گۆشت به‌سه‌ر خێزانی‌ شه‌هیده‌كاندا، له‌قۆناغی‌ دوای‌ ئه‌وه‌شدا هه‌ڵمه‌تی‌ خوێنبه‌خشین رێكخرا بۆ منداڵانی‌ تالاسیما.

 

عیماد عه‌لی‌ ده‌ڵێت "له‌هه‌ڵمه‌تی‌ خوێن به‌خشینه‌كه‌دا ته‌نها له‌ماوه‌ی‌ 48 كاتژمێر له‌ڕێی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ بانگه‌واز كراو به‌هۆیه‌وه‌ 180 كه‌س خوێنیان به‌خشی‌ كه‌ زۆربه‌یان له‌گه‌نجان بوون".

 

له‌دوای‌ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ش جل‌و به‌رگ‌و كه‌لوپه‌لی‌ خوێندن بۆ 40 خوێندكار دابینكراو ئێستاش بیر له‌وه‌ ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ توێژه‌كانی‌ تریش سودمه‌ند بن.

 

ئه‌م فێستیڤاڵه‌ بۆنه‌یه‌ك بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌مته‌رخه‌می‌ حكومه‌ت بیری‌ ئاماده‌بووان بهێنێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌موویان ره‌خنه‌یان له‌وه‌ هه‌بوو كه‌ حكومه‌ت به‌ئاسانترین شێوه‌ ده‌توانێت ئه‌م كارانه‌ بكات، به‌ڵام خه‌میان پێوه‌ ناخوات.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌