راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

قه‌زای‌ پڕ له‌مار ده‌زانی‌ له‌كوێیه‌؟
له‌و قه‌زایه‌ سێ‌ رۆژ جارێك كه‌سێك مار پێوه‌ی‌ ده‌دات

رەعد سالم
ره‌نگه‌ به‌لاته‌وه‌ سه‌یر بێت قه‌زایه‌ك هه‌بێت تیایدا هه‌ر سێ‌ رۆژ جارێك كه‌سێك مار پێوه‌ی‌ بدات، ورده‌كاری‌ چیرۆكه‌كه‌ لێره‌دا ده‌خوێنیته‌وه‌.
7.10.2015

دانیشتوان‌و جوتیارانی‌ گونده‌كانی‌ ناسرییه‌ گیرۆده‌ی‌ ده‌ستی‌ مار بوون كه‌ به‌هۆی‌ وشكه‌ساڵییه‌وه‌ بێشومار بڵاوبوونه‌ته‌وه‌و قوربانییه‌كانیشیان له‌گه‌وره‌و بچووكن.

 

فه‌هد ساحب (25 ساڵ) وه‌ك فریادڕه‌سی‌ دانیشتوانی‌ گونده‌كانی‌ ناسرییه‌ ده‌ناسێنرێت، پاش ئه‌وه‌ی‌ خۆی‌ خه‌ریكبوو ببێته‌ قوربانی‌ مار كه‌ له‌قه‌زای‌ سه‌ید دخیل له‌ناسرییه‌ له‌كاتی‌ راهێنان له‌سه‌ربازگه‌ی‌ پۆلیسی‌ فریاكه‌وتن پێوه‌یدا.

 

ئه‌وانه‌ی‌ له‌ده‌وری‌ فه‌هد بوون پێیان سه‌یربوو كه‌ له‌كاتی‌ پێوه‌دانیدا یه‌كسه‌ر ماره‌كه‌ مردو دواتریش به‌شێوه‌یه‌كی‌ سه‌رسوڕهێنه‌ری‌ خوێنی‌ فه‌هد بووه‌ چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌وانه‌ی‌ مار پێوه‌یان ده‌دات.

 

ئێستا فه‌هد ناوبانگی‌ به‌ (ئه‌بو حه‌ییه‌ "ماره‌وان") ده‌ركردووه‌‌و هه‌ر كاتێك خوێن بدات به‌و كه‌سانه‌ی‌ مار پێوه‌یان ده‌دات، یه‌كڕاست چاك ده‌بنه‌وه‌و خوێنه‌كه‌ی‌ ده‌بێته‌ شیفا.

 

فه‌هد ده‌ڵێ‌ "ماره‌كه‌ چوار جار پێوه‌ی‌ دام بۆخۆی‌ ده‌م‌و ده‌ست مرد، پزیشكه‌كان پێیان وتم خوێنم ئه‌و كاته‌ بووه‌ته‌ چاره‌سه‌ر بۆ پێوه‌دانی‌ مار، له‌گه‌ڵ پێوه‌دانیدا له‌هۆش خۆم چووم، دواتریش به‌زه‌حمه‌ت هه‌ناسه‌م بۆ ده‌دراو چاوم ده‌یبینی‌، ته‌نانه‌ت پاش چاكبوونه‌وه‌ش چاوم كرزبوو تا دواتر له‌به‌غدا چاره‌سه‌رم وه‌رگرت".

 

له‌و كاته‌وه‌ فه‌هد بووه‌ته‌ رزگاركه‌ی‌ یانزه‌ كه‌س كه‌ نۆیان ژن بوون، به‌ڵام لێی‌ قه‌ده‌غه‌ كراوه‌ هیچ جۆره‌ گۆشتێك بخوات، بۆیه‌ ئێستا ته‌واو لاواز بووه‌.

 

قه‌زای‌ سه‌ید دخیل (25كم باشوری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ زیقار) بووه‌ته‌ ناوچه‌یه‌كی‌ مه‌ترسیدار بۆ پێوه‌دانی‌ مار، ته‌نانه‌ت ماری‌ ده‌وروبه‌ری‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ش هه‌ر به‌"ماری‌ سه‌ید دخیل" ده‌ناسرێت كه‌ درێژیان له‌نێوان سی‌ سانتیمه‌تر بۆ مه‌ترێكه‌، ئه‌م مارانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ له‌دوو گروپ پێكهاتوون، جۆرێكیان كوبرای‌ كوشنده‌یه‌و جۆری‌ دووه‌میان پێی‌ ده‌وترێت (ئوم سه‌ڵیب) له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ هێڵه‌كانی‌ سه‌ر ناوچاوانی‌ له‌خاچ ده‌چێت‌و 4 بۆ 5 هێلكه‌ ده‌كات‌و له‌هه‌ر هێلكه‌یه‌كیش شه‌ست مار دێنه‌ ده‌ره‌وه‌.

 

له‌گه‌ڵ هاتنی‌ وه‌رزی‌ دروێنه‌و به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ پله‌ی‌ گه‌رما ماره‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو دێنه‌ ده‌ره‌وه‌، بۆیه‌ زۆربه‌ی‌ قوربانییه‌كانیان له‌گوندنشینه‌كانن، جا له‌كاتی‌ كاردا بێت یان له‌رێی‌ هاتووچۆ، هه‌ندێجاریش له‌ژووری‌ نوستنه‌كانیان ده‌رده‌كه‌وێت.

 

قه‌زای‌ سه‌ید دخیل نزیكه‌ی‌ حه‌فتا هه‌زار كه‌سی‌ تێدا ده‌ژی‌، به‌هۆی‌ زۆربوونی‌ حاڵه‌ته‌كانی‌ پێوه‌دانه‌وه‌، ئێستا بابه‌تی‌ شه‌وو رۆژی‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ بووه‌ته‌ باسی‌ مار.

 

ئه‌مین سه‌هلانی‌ كه‌ دانیشتووی‌ گوندی‌ (ئال جومعه‌)یه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات به‌ته‌نها له‌گونده‌كه‌ی‌ ئه‌وان شه‌ست كه‌س مار پێوه‌ی‌ داون‌و تیایاندایه‌ گیانی‌ له‌ده‌ستداوه‌، بۆخۆیشی‌ مانگی‌ نیسانی‌ رابردوو له‌كاتی‌ كاركردنی‌ له‌كێڵگه‌كه‌یان مار پێوه‌ی‌ داوه‌.

 

ئه‌مین به‌وردی‌ رووداوه‌كه‌ی‌ بیرماوه‌و ده‌ڵێت "له‌كاتی‌ پشوودان هه‌ر كه‌ دانیشتم ماره‌كه‌ پێوه‌یدام، به‌هۆیه‌وه‌ تووشی‌ چاوكزی‌‌و خوێنبه‌ربوونی‌ ناوه‌كی‌‌و ده‌ره‌كی‌‌و نه‌خۆشی‌ میزه‌ڵدان بووم".

 

گوندی‌ (ئال بو جنح) یه‌كێكی‌ تره‌ له‌و گوندانه‌ی‌ رێژه‌ی‌ پێوه‌دانی‌ مار تیایدا به‌رزه‌و دواهه‌مین حاڵه‌تیش منداڵێكی‌ ته‌مه‌ن چوار ساڵ بووه‌ به‌ناوی‌ نور مشتاق كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ گیانی‌ له‌ده‌ستداوه‌.

 

عه‌بدوئیلا جه‌بار مامی‌ نور به‌"نیقاش"ی‌ وت "جه‌سته‌ی‌ لاوازی‌ نه‌یتوانی‌ به‌رگه‌ی‌ ژه‌هره‌كه‌ بگرێت‌و سێ‌ رۆژ له‌نه‌خۆشخانه‌ مایه‌وه‌و پاش ئه‌وه‌ گیانی‌ له‌ده‌ستدا".

 

حه‌یده‌ر عه‌زیز قایمقامی‌ قه‌زای‌ سه‌ید دخیل هۆكاری‌ زۆبوونی‌ مار له‌ناوچه‌كه‌دا ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆ وشكه‌ساڵی‌ به‌بیابان بوون‌و له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌موو مانگێك شه‌ش بۆ نۆ حاڵه‌تی‌ پێوه‌دانی‌ مار له‌قه‌زاكه‌ماندا تۆمار ده‌كرێت"، واته‌ به‌نزیكه‌یی‌ هه‌ر سێ‌ رۆژ جارێك كه‌سێك مار پێوه‌ی‌ ده‌دات.

 

حه‌یده‌ر ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات تاكه‌ بنكه‌یه‌كی‌ ته‌ندروستی‌ فریای‌ ئه‌و هه‌موو حاڵه‌ته‌ ناكه‌وێت‌و ده‌ڵێت "زۆرێك له‌قوربانییه‌كان ده‌گوێزرێنه‌وه‌ بۆ زیقار كه‌ 25 كیلۆمه‌تر دووره‌، ئه‌مه‌ش ژیانی‌ خۆیان‌و كه‌سوكاریان ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌".

 

به‌هۆی‌ ده‌سته‌پاچه‌یی‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندو لۆكاڵی‌ پارێزگاكه‌، چالاكوانانی‌ مه‌ده‌نی‌ بۆ ماوه‌ی‌ ساڵێكه‌ هه‌ڵمه‌تێكیان به‌رپا كردووه‌ له‌پێناو به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ ماری‌ كوشنده‌ له‌ناوچه‌كه‌دا.

 

حه‌سه‌ن تائی‌ یه‌كێك له‌چالاكوانانی‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌چه‌ند كه‌لوپه‌لێكی‌ ساده‌و سه‌ره‌تاییه‌وه‌ له‌یه‌ك ساڵدا 370 مارمان گرتووه‌و هه‌موو جۆره‌كانیمان خستووه‌ته‌ به‌رده‌ست تاقیگه‌كانی‌ زانكۆی‌ زیقار بۆ لێكۆڵینه‌وه‌و دۆزینه‌وه‌ی‌ رێچاره‌یه‌ك".

 

موحسین عه‌بدولعه‌زیز به‌ڕێوه‌به‌ری‌ فه‌رمانگه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ زیقار دیارده‌ی‌ پێوه‌دانی‌ مار به‌"كێشه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌" ناوده‌بات به‌هۆی‌ قه‌یرانی‌ داراییه‌وه‌و ده‌ڵێت "به‌هۆی‌ نه‌بوونی‌ پاره‌وه‌ نه‌مانتوانیوه‌ ده‌رمانی‌ پێویست ده‌ست بخه‌ین بۆ له‌ناوبردنی‌ ماره‌كان، ناشتوانین نموونه‌ی‌ ماره‌كان بنێرین بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق تا لێی‌ بكۆڵنه‌وه‌و چاره‌سه‌رێكی‌ بۆ بدۆزینه‌وه‌".

 

رۆژ به‌رۆژ ترسی‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ زیاتر ده‌كات‌و ترسیان له‌وه‌یه‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ گه‌شه‌ بكات، ئێستاش هه‌موو ئومێدیان به‌وه‌رزی‌ زستاندا هه‌ڵواسیوه‌ كه‌ مار تیایدا سڕ ده‌بێت.

 

عیماد عه‌لی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ به‌شی‌ پاراستنی‌ كشتوكاڵی‌ له‌فه‌رمانگه‌ی‌ كشتوكاڵی‌ زیقار پێشنیاری‌ ئه‌وه‌ ده‌كات له‌وه‌رزی‌ سڕبوونی‌ ماردا ده‌رمانی‌ له‌ناوبردنیان بۆ به‌كاربهێنرێت‌و بۆ "نیقاش"ی‌ روونكرده‌وه‌ "ماده‌یه‌كی‌ له‌ناوبردنی‌ مار كه‌ وه‌ك هه‌ویر وایه‌ ده‌درێت له‌ده‌می‌ كونی‌ ماره‌كان، به‌وهۆیه‌وه‌ له‌ناو ده‌چن".

 

ئه‌وه‌ش باس ده‌كات كه‌ ئه‌مه‌ رێگه‌چاره‌ی‌ كۆتایی‌ نییه‌، چونكه‌ ئه‌و ژماره‌ بێشوماره‌ به‌ئاسانی‌ له‌ناو نابرێن‌و به‌رده‌وام گه‌شه‌ ده‌كه‌ن.

 

به‌ڵام جوتیاران له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ی‌ فه‌رمانگه‌ی‌ كشتوكاڵدا نین، چونكه‌ له‌وه‌ ده‌ترسن منداڵه‌كانیان ده‌ست بۆ ئه‌و ماده‌ كوشندانه‌ ببه‌ن‌و زیانیان به‌ر بكه‌وێت.

 

له‌ئێستاوه‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ ترسیان له‌وه‌یه‌ له‌پاش زستانه‌وه‌ جارێكی‌ تر ئاوها گیرۆده‌ی‌ مار ببن، چونكه‌ به‌قسه‌ی‌ داخل رازی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ زیقار له‌مانگی‌ ئازار هه‌تا ئه‌یلولی‌ ئه‌مساڵ 44 كه‌س له‌و پارێزگایه‌ مار پێوه‌ی‌ داون، ئه‌مه‌ش ته‌نها ژماره‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ گه‌یه‌ندراون به‌نه‌خۆشخانه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌