راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

پێناسەکات چییە؟
هاوڵاتی‌ پله‌ یه‌ك‌و پله‌ دوو ناسنامه‌ دیاری‌ ده‌كات

موسته‌فا حه‌بیب
جۆری‌ ئه‌و پێناسه‌ی‌ له‌گیرفانتدایه‌ ده‌ریده‌خات تۆ كێیت، ده‌زگا فه‌رمییه‌كانیش هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ پله‌و كه‌سایه‌تی‌ تۆ هه‌ڵده‌سه‌نگێنن.
27.08.2015  |  به‌غدا
پاش ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌به‌غدای‌ پایته‌خت ( :وێنه Ceerwan Aziz / Metrography)
پاش ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌به‌غدای‌ پایته‌خت ( :وێنه Ceerwan Aziz / Metrography)

ره‌نگه‌ هیچ شتێك به‌قه‌د پێناس بۆ عێراقییه‌كان گرنگ نه‌بێت، ئه‌ویش به‌هه‌موو جۆره‌كانی‌ حكومی‌‌و حیزبی‌‌و ئه‌منی‌‌و كه‌سییه‌وه‌، له‌مامه‌ڵه‌ی‌ رۆژانه‌شدا رێزی‌ هه‌ر كه‌سێك گرێدراوه‌ به‌جۆری‌ ئه‌و ناسنامه‌یه‌ی‌ پێیه‌تی‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی‌ ته‌نها پێناسی‌ باری‌ شارستانییان پێیه‌، به‌رده‌وام تووشی‌ ده‌رده‌سه‌ری‌ ده‌بن.

 

قاسم توركی‌ كه‌ كرێكارێكه‌ له‌به‌غدا ده‌ڵێت "عێراق وڵاتی‌ ناسنامه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ناسنامه‌ت پێبێت ژیان به‌رده‌وامه‌و ته‌نانه‌ت ده‌توانیت یاساشكێنیش بكه‌یت، ناسنامه‌شت پێنه‌بێت به‌رۆژی‌ رووناك ئه‌ستێره‌ت نیشان ده‌ده‌ن، هیچ یه‌كسانییه‌ك له‌نێوان عێراقییه‌كاندا نییه‌".

 

توركی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ده‌سته‌واژه‌ی‌ یاسا له‌سه‌روو هه‌موانه‌وه‌یه‌ به‌سه‌ر هه‌موو عێراقییه‌كاندا په‌یڕه‌و ناكرێت، هه‌ڵگرانی‌ ناسنامه‌ له‌به‌رپرس‌و فه‌رمانبه‌رو كه‌سانی‌ سه‌ربازی‌ كه‌س ناتوانێت لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكات‌و له‌ناو فه‌رمانگه‌و له‌مامه‌ڵه‌كاندا رێزی‌ زۆریان لێده‌گیرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاوڵاتییه‌كی‌ ئاسایی‌ بویت‌و ناسنامه‌ی‌ حكومیت پێنه‌بوو، ئه‌وا كێشه‌ی‌ زۆرت دێته‌ پێش".

 

له‌عێراق به‌ده‌یان جۆری‌ ناسنامه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌فه‌رمانبه‌رانی‌ حكومی‌ ده‌درێن هه‌ر له‌پله‌ باڵاكانه‌وه‌ تا كه‌سانی‌ خواره‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ناسنامه‌ی‌ تایبه‌ت به‌كه‌سانی‌ ئه‌منی‌‌و سه‌ربازی‌، به‌م دواییه‌ش ناسنامه‌ی‌ گروپه‌ شیعه‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ بۆ زیاد بووه‌.

 

هه‌موو ئه‌مانه‌ش ناسنامه‌كانیان به‌كارده‌هێنن بۆ كارێك كه‌ دووره‌ له‌به‌كارهێنانی‌ یاساییه‌وه‌، بۆ نموونه‌ له‌خاڵه‌كانی‌ پشكنین ده‌ریده‌خه‌ن بۆ تێپه‌ڕبوون، یان له‌كاتی‌ سه‌ردانی‌ فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی‌ مامه‌ڵه‌كانیان خێرا رایی‌ بكرێت‌و پێش كه‌سانی‌ ئاسایی‌ بخرێن.

 

بۆ نموونه‌ كاتێك ئه‌فسه‌رێكی‌ پله‌ به‌رز له‌خاڵێكی‌ پشكنین ناسنامه‌كه‌ی‌ ده‌خاته‌ روو، كارمه‌ندانی‌ ئه‌و بازگه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ پله‌كه‌یان له‌و نزمتره‌، بۆیه‌ ناتوانن بیپشكنن، له‌كاتێكدا ئه‌وانه‌ی‌ هه‌ڵگری‌ ناسنامه‌ی‌ ئاسایین به‌وردی‌ ده‌پشكنرێن.

 

عه‌لا ساعدی‌ كه‌ عه‌ریفه‌ له‌پۆلیسی‌ ئیتیحادی‌‌و له‌یه‌كێك له‌خاڵه‌كانی‌ پشكنین له‌به‌غدا كارده‌كات به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌پێی‌ ئه‌و فه‌رمانانه‌ی‌ بۆ ئێمه‌ هاتووه‌ ده‌بێت هه‌موو جۆره‌ ئۆتۆمبێلێك بپشكنین بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ریزپه‌ڕ بۆ هیچ كه‌سێك بكرێت، جا پله‌كه‌ی‌ هه‌رچییه‌ك بێت، هه‌روه‌ها فه‌رمان به‌ئه‌فسه‌ره‌ پله‌ به‌رزه‌كانیش كراوه‌ ناسنامه‌كانیان بۆ كارێك به‌كارنه‌هێنن كه‌ دوور بێت له‌به‌كارهێنانی‌ یاسایی‌ خۆیه‌وه‌".

 

به‌ڵام به‌قسه‌ی‌ عه‌ریف عه‌لا زۆربه‌ی‌ ئه‌فسه‌رو فه‌رمانبه‌ره‌ پله‌باڵاكانی‌ حكومه‌ت ناسنامه‌كانیان له‌خاڵه‌كانی‌ پشكنین بۆ ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن كه‌ كارمه‌نده‌كان بترسن‌و نه‌یان پشكنن.

 

به‌قسه‌ی‌ عه‌لا چه‌ندین كارمه‌ندی‌ خاڵه‌كانی‌ پشكنین له‌لایه‌ن ئه‌فسه‌رانی‌ پله‌به‌رزه‌وه‌ رووبه‌رووی‌ لێپێچینه‌وه‌ بوونه‌ته‌وه‌‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆیان به‌كارهێناوه‌ بۆ سزادانی‌ ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی‌ پشكنیویانن.

 

وانه‌بێت ئه‌و ئه‌فسه‌رو فه‌رمانبه‌ره‌ باڵایانه‌ ناسنامه‌كانیان ته‌نها له‌خاڵه‌كانی‌ پشكنین به‌كارهێنابێت، به‌ڵكو له‌هه‌موو فه‌رمانگه‌یه‌كی‌ حكومی‌ ده‌ریده‌خه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ سه‌ره‌ نه‌گرن‌و زوو كاره‌كه‌یان رایی‌ بێت.

 

قوسه‌ی‌ هادی‌ كه‌ شۆفێرێكی‌ تاكسییه‌ له‌به‌غدا ده‌ڵێت "ئه‌و كه‌سانه‌ وا مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئێمه‌ هاوڵاتی‌ پله‌ دوو بین، ناسنامه‌كانیان به‌كارده‌هێنن بۆ راپه‌ڕاندنی‌ كاره‌كانیان، یاساش ته‌نها به‌سه‌ر كه‌سانی‌ ئاساییدا جێبه‌جێ‌ ده‌كرێت".

 

قوسه‌ی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌ر له‌چه‌ند رۆژێك چوومه‌ فه‌رمانگه‌ی‌ هاتوچۆ بۆ ئه‌وه‌ی‌ خاوه‌ندارێتی‌ ئۆتۆمبێله‌ نوێیه‌كه‌م بخه‌مه‌ سه‌ر خۆم، بینیم سه‌ره‌یه‌كی‌ دوورو درێژ گیرابوو، به‌ڵام له‌ته‌نیشت ئێمه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی‌ باجی‌ حكومی‌‌و سه‌ربازییان پێبوو تێده‌په‌ڕین‌و مامه‌ڵه‌كه‌یان به‌شێوه‌یه‌كی‌ نایاسایی‌ بۆ ته‌واو ده‌كرا".

 

ناسنامه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ناوچه‌ی‌ سه‌وزی‌ به‌غدا كه‌ باره‌گای‌ په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت‌و باڵیۆزخانه‌كانی‌ لێیه‌، كاریگه‌رترین ناسنامه‌ن له‌عێراقدا.

 

ئه‌م ناسنامانه‌ به‌پێی‌ گرنگییان كراون به‌چه‌ند ره‌نگێكه‌وه‌، گرنگترینیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ره‌نگه‌كه‌ی‌ ره‌شه‌، كاتێك كه‌ سوپای‌ ئه‌مه‌ریكی‌ لێبوو ئه‌م ناسنامه‌یه‌ ره‌نگی‌ شین بوو، كه‌سانی‌ سه‌ربازی‌ له‌پله‌ی‌ فه‌رمانده‌ی‌ فیرقه‌ به‌ره‌وسه‌ر، هه‌روه‌ها وه‌زیره‌كان ئه‌م ناسنامانه‌یان پێده‌درێت كه‌ ده‌توانن چه‌ند ئۆتۆمبێلێكی‌ تر له‌گه‌ڵ خۆیاندا ببه‌نه‌ ژووره‌وه‌ به‌بێ‌ پشكنین، ئه‌م ناسنامه‌یه‌ ده‌درێت به‌منداڵی‌ به‌رپرسه‌ باڵاكانیش.

 

ناسنامه‌یه‌كی‌ تر هه‌یه‌ ره‌نگه‌كه‌ی‌ ئه‌رخه‌وانییه‌، ئه‌مه‌یان له‌كاتی‌ سوپای‌ ئه‌مه‌ریكا ره‌نگی‌ سه‌وز بوو، ده‌درێت به‌بریكاری‌ وه‌زیرو به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌‌و راوێژكاره‌كانی‌ حكومه‌ت‌و په‌رله‌مان‌و كه‌سانی‌ سه‌ربازی‌ به‌پله‌ی‌ لیواو عه‌مید، ئه‌مه‌ ده‌توانێت سێ‌ ئۆتۆمبێل به‌سه‌رنشینه‌كانیه‌وه‌ بباته‌ ناوچه‌ی‌ سه‌وز.

 

ناسنامه‌یه‌كی‌ تر هه‌یه‌ به‌ره‌نگی‌ ره‌ساسی‌، جاران ره‌نگه‌كه‌ی‌ پرته‌قاڵی‌ بوو، ئه‌مه‌ش ده‌درێت به‌هاوڵاتیانی‌ ئاسایی‌ نیشته‌جێی‌ ناوچه‌ی‌ سه‌وز، هه‌روه‌ها ده‌درێت به‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی‌ له‌وێ‌ كارده‌كه‌ن، ئه‌م كه‌سه‌ ده‌توانێت تاكه‌ ئۆتۆمبێلێك بباته‌ ژووره‌وه‌، ئه‌ویش ئه‌و ئۆتۆمبێله‌یه‌ كه‌ خۆی‌ لێی‌ ده‌خوڕێت.

 

عه‌باس خه‌فاجی‌ دانیشتووی‌ ناوچه‌ی‌ كه‌راده‌ی‌ نزیك له‌ناوچه‌ی‌ سه‌وز به‌"نیقاش"ی‌ وت "رێگرتن له‌خه‌ڵك بۆ ئه‌وه‌ی‌ بچنه‌ ناوچه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ وه‌ك ناوچه‌ی‌ سه‌وز، كارێكی‌ نا یاساییه‌، جاران ئه‌م جێگه‌یه‌ كراوه‌بوو پردێكیشی‌ تێدابوو كه‌ هه‌ردوو به‌ری‌ كه‌رخ‌و ره‌سافه‌ی‌ پێكه‌وه‌ گرێده‌دایه‌وه‌، به‌ڵام ئێستا ته‌نها به‌رووی‌ به‌رپرسه‌كاندا كراوه‌ته‌وه‌".

 

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ رێگه‌ پێدراو نییه‌ ناسنامه‌ بۆ كاری‌ تایبه‌تی‌ به‌ركاربهێنرێت، له‌مڕووه‌وه‌ عه‌میدێكی‌ پۆلیس كه‌ خۆی‌ داوایكرد ناوی‌ نه‌هێنرێت به‌"نیقاش"ی‌ وت "پاش لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ هه‌ندێك له‌ته‌قینه‌وه‌كان له‌رێی‌ چه‌ند كه‌سانێكه‌وه‌ كارئاسانی‌ بۆ كراوه‌ كه‌ ناسنامه‌ی‌ حكومییان پێبووه‌و توانیویانه‌ ته‌قه‌مه‌نییه‌كه‌ ده‌رباز بكه‌ن".

 

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت "به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوان به‌ر له‌چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك ده‌ستی‌ گرتووه‌ به‌سه‌ر چاپخانه‌یه‌كدا كه‌ ناسنامه‌ی‌ ساخته‌ كردووه‌و فرۆشتوێتی‌ به‌گروپه‌ چه‌كداره‌كان بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر شه‌قام‌و له‌فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان بتوانن به‌كاریان بهێنن"، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ وه‌زاره‌ت پێشتریش رێنمایی‌ ده‌ركردووه‌ كه‌ هه‌مووان وه‌ك یه‌ك مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، كه‌چی‌ هێشتا دیارده‌ی‌ به‌كارهێنانی‌ باج به‌رده‌وامه‌.

 

به‌م دواییه‌ جۆرێكی‌ تر له‌ناسنامه‌ په‌یدا بووه‌ كه‌ ئه‌وانیش گرنگییه‌كی‌ زۆریان هه‌یه‌و له‌خاڵه‌كانی‌ پشكنین كارئاسانی‌ ته‌واویان بۆ ده‌كرێت، ئه‌ویش ناسنامه‌ی‌ گروپه‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبییه‌.

 

چه‌كدارانی‌ ئه‌و گروپانه‌ پێناسه‌كانیان بۆ كاری‌ نایاسایی‌ به‌كارده‌هێنن، هه‌رچی‌ خاڵه‌كانی‌ پشكنین‌و فه‌رمانبه‌رانی‌ ده‌وڵه‌تیشه‌ لێیان ده‌ترسن‌و ناتوانن دوایان بخه‌ن.

 

قاسم توركی‌ ئه‌و كرێكاره‌ی‌ به‌ده‌ست خاڵه‌كانی‌ پشكنینه‌وه‌ گیرۆده‌ بووه‌ تا ده‌چێته‌ سه‌ر كاره‌كه‌ی‌‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئێستا بیر له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ پێناسێكی‌ ساخته‌ دروست بكات بۆ ئه‌وه‌ی‌ كاره‌كانی‌ رایی‌ ببن، ده‌ڵێت "له‌عێراق ژیان به‌بێ‌ ناسنامه‌ سه‌خته‌" به‌ڵام له‌وه‌ ده‌ترسێت ئاشكرا ببێت‌و دوایی‌ بخرێته‌ زیندانه‌وه‌.

 

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌