راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

به‌ربڵاوترینیان فرۆشتنی‌ گورچیله‌یه‌
هه‌رێمی کوردستان... بازرگانی شاراوه‌ به‌ئاواره‌کانه‌وه‌

کاوە شێخ عەبدوڵا
بانده‌کانی قاچاخچێتی به‌مرۆڤ له‌عێراق، ئێستا هه‌لێکی زێڕینیان ده‌ستکه‌وتووه‌ تا قازانجێکی زۆر له‌بازرگانییه‌کی بێ سه‌رمایه‌یان ده‌ست بکه‌وێ له‌و ئاواره‌و په‌نابه‌رانه‌ی روویان له‌هه‌رێمی کوردستان کردووه.
2.07.2015  |  سلێمانی
ئاواره‌كانی‌ كامپی‌ عه‌ربه‌ت ( :وێنه أحمد محمد )
ئاواره‌كانی‌ كامپی‌ عه‌ربه‌ت ( :وێنه أحمد محمد )

به‌گوێره‌ی به‌دواچوونێکی "نیقاش" له‌هه‌رێمی کوردستان که‌ ئێستا بۆته‌ لانکه‌ی زیاتر له‌ملیۆنێک ئاواره‌ی ناوخۆو په‌نابه‌ری سوریی. ده‌رکه‌وتووه‌ بانده‌کانی بازرگانی به‌مرۆڤ رێگه‌و شێوازی تازه‌یان دۆزیوه‌ته‌وه‌ بۆ ده‌ستکه‌وتنی قازانجێکی زۆر به‌تێچوویه‌کی یه‌گجار که‌م، به‌رچاوترین بازرگانی خۆی له‌کڕین‌و فرۆشتنی گورچیله‌دا ده‌بینێته‌وه‌.

 

کاربه‌ده‌ستانی حکومیی‌و پۆلیس له‌و هه‌رێمه‌ نکوڵی له‌وه‌ ناکه‌ن، که‌ بانده‌کان دوای هاتنی ژماره‌یه‌کی له‌راده‌ به‌ده‌ری ئاواره‌ له‌شاره‌کانی ناوه‌ڕاست‌و رۆژئاوای عێراقه‌وه‌ زیاتر جموجوڵیان ده‌ستپێکردووه‌، به‌ڵام ده‌ڵێن به‌هۆی ئه‌وه‌ی رێگه‌و شێوازی تازه‌ ده‌گرنه‌به‌ر، که‌متر ده‌که‌ونه‌ داوی پۆلیس‌و هێزه‌ ئاسایشپارێزه‌کانه‌وه‌.

 

سه‌ره‌تای مانگی حوزه‌یران، نووسینگه‌ی مافی مرۆڤ له‌گه‌رمیان (که‌ ئیداره‌یه‌که‌ له‌چه‌شنی پارێزگاو که‌وتۆته‌ باشووری رۆژهه‌ڵاتی شاری سلێمانی) له‌راپۆرتێکدا که‌ له‌ 21 لاپه‌ڕه‌ پێکهاتبوو، ئاشکرایکردبوو له‌ده‌ڤه‌ره‌که‌ی ئه‌وان که‌ هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ پارێزگای دیاله‌، بازرگانی به‌مرۆڤ به‌تایبه‌ت گورچیله‌وه‌ زیادی کردووه‌و به‌گشتی 31 حاڵه‌تی تۆمارکردنی فرۆشتنی گورچیله‌ تۆمار کراوه‌.

 

راپۆرته‌که‌ی نووسینگه‌ی گه‌رمیان له‌میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان وا بڵاوکرایه‌وه‌ که‌ ئه‌وانه‌ی گورچیله‌یان لێ کڕدراوه‌ ئاواره عه‌ره‌به‌کانن‌. به‌ڵام هه‌ر زوو ئه‌و نووسینگه‌یه‌ له‌روونکردنه‌وه‌یه‌کدا رۆژی 16ی حوزه‌یران رایگه‌یاند ئه‌وان "ناوی هیچ لایه‌کمان نه‌هێناوه‌ وه‌کو ئاواره‌ عه‌ره‌به‌کان ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێ گورچیله‌ فرۆشه‌کان له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستانن."

 

ده‌ڵاڵه‌کانی گورچیله‌فرۆشی

هه‌ڵکه‌وته‌ی جوگرافی گه‌رمیان که‌ شاری که‌لار ناوه‌نده‌که‌یه‌تی، نزیکه‌ له‌ناوچه‌یه‌کی به‌رینی وه‌کو پارێزگای دیاله‌ که‌ له‌مانگی ته‌موزی ساڵی رابردوو کاتێ چه‌کدارانی داعش گه‌یشتنه‌ ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌، بووه‌ مه‌یدانی شه‌ڕێکی سه‌خت له‌نێوان پێشمه‌رگه‌و چه‌کدارانی داعش، دواتر سه‌ره‌تای مانگی شوباتی ئه‌مساڵ به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی‌و پێشمه‌رگه‌، داعش له‌و ده‌ڤه‌ره‌ دوور خرایه‌وه‌. بۆیه‌ ناوچه‌یه‌که‌ خه‌ڵکه‌که‌ی به‌جارێ توشی سه‌رلێشێوان هاتوون.

 

ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ ده‌روازه‌یه‌کی گرنگه‌ بۆ گه‌یشتن به‌به‌غدای پایته‌خت. به‌گوێره‌ی به‌دواداچوونی "نیقاش"، به‌شی زۆری ئه‌و ده‌ڵاڵانه‌ی کاری گورچیله‌ فرۆشی ده‌که‌ن. له‌شاری به‌غداوه‌ دێنه‌ هه‌رێمی کوردستان‌و له‌گه‌ڵ ده‌ڵاڵه‌ کورده‌کان مشته‌ری بۆ گورچیله‌ی فرۆشراو په‌یدا ده‌که‌ن.

 

کاروان محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری (سه‌نته‌ری گورچیله‌ی ده‌ستکرد له‌گه‌رمیان) له‌لێدوانێکدا بۆ "نیقاش" سه‌باره‌ت به‌و بازرگانییه‌ وتی: "ئێمه‌ به‌ڵگه‌ی سه‌لمێنراومان نییه‌ سه‌باره‌ت به‌بازرگانیکردن به‌گورچیله‌ی ئاواره‌کانه‌وه‌ له‌هه‌رێمی کوردستان، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی خه‌ڵک دێته‌ سه‌نته‌ره‌که‌ی ئێمه‌و پرسیار له‌وانه‌ ده‌که‌ین گورچیله‌یان بۆ چێنراوه‌، ده‌ڵێن له‌به‌غداوه‌ بۆمان په‌یدا کراوه‌."

 

به‌گوێره‌ی رێساو ده‌ستووری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌هه‌رێمی کوردستان، ئه‌و که‌سانه‌ی گورچیله‌ ده‌به‌خشن، ده‌بێ چه‌ند مه‌رجێکی ته‌ندروستی‌و کۆمه‌ڵایه‌تیان تێدابێ ئه‌وسا له‌سه‌نته‌ره‌کانی چاندنی گورچیله‌ کاروباری به‌خشینی گورچیله‌یان بۆ رایی ده‌که‌ن له‌وانه‌:

مه‌رجه‌ كه‌سی‌ به‌خشه‌ر ته‌مه‌نی‌ له‌18 ساڵ كه‌متر نه‌بێ‌و كه‌سێكی‌ نزیكی‌ خێزانه‌كه‌ی‌ ئه‌و که‌سه‌ی گورچیله‌ی پێ ده‌به‌خشێ له‌گه‌ڵیدابێ. به‌ئاره‌زووی‌ خۆی‌‌و بێ‌ هیچ به‌رانبه‌رێكی‌ ماڵیی‌ گورچیله‌كه‌ی‌ ببه‌خشێ‌. ده‌بێ به‌خشه‌ر باری‌ ده‌روونیی‌ ته‌واوبێ‌‌و له‌ڕووی‌ جه‌سته‌ییه‌وه‌ توانای‌ هه‌بێ‌. نابێ هیچ نه‌خۆشییه‌كی‌ خراپ‌و درێژخایه‌نی‌ هه‌بێ. به‌خشه‌ر سوێند ده‌درێ که‌ به‌ خۆڕایی ئه‌و گورچیله‌یه‌ ده‌به‌خشێ به‌و نه‌خۆشه‌ی که‌ پێویستی پێیه‌تی.

 

له‌سه‌رووی ئه‌مانه‌وه‌ هه‌ر كاتێ ئه‌و لیژنه‌یه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی که‌ سه‌رپه‌رشتی پرۆسه‌ی به‌خشینی گورچیله‌که‌ ده‌کات، بۆی ده‌رکه‌وت له‌ پرۆسه‌که‌دا‌ باسی‌ پاره‌ كراوه‌ له‌و به‌خشینه‌دا، ئه‌وا ته‌واوی‌ به‌خشینه‌که‌‌ ره‌تده‌كرێته‌وه‌.

 

قازانجی گه‌وره‌ بۆ ده‌ڵاڵه‌کانه‌

به‌گوێره‌ی قسه‌ی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ک که‌ له‌نزیکه‌وه‌ ئاگاداری بازرگانیکردنن به‌گورچیله‌ له‌هه‌رێمی کوردستان بۆ "نیقاش"، پرۆسه‌ی فرۆشتن‌و په‌یداکردنی گورچیله‌ بووه‌ته‌ بازرگانییه‌کی پڕ له‌قازانج‌و ده‌ڵاڵه‌ عه‌ره‌به‌کان رۆڵی سه‌ره‌کی ده‌گێڕن له‌و سه‌وداو مامه‌ڵه‌یه‌دا. بازرگانییه‌که‌ش به‌مجۆره‌ ده‌ست پێده‌کات که‌ چه‌ند ده‌ڵاڵێکی کورد له‌شاره‌کانی دهۆک‌و که‌رکوک‌و له‌وێشه‌وه‌ بۆ سلێمانی‌و هه‌ولێر ده‌بنه‌ نێوانگیری ده‌ڵاڵه‌ عه‌ره‌به‌کانی به‌غداو ئه‌و که‌سانه‌ی گورچیله‌یان پێویسته‌.

 

دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی گورچیله‌ ده‌فرۆشن له‌ئه‌ستۆی ده‌ڵاڵه‌ عه‌ره‌به‌کانه‌، ده‌ڵاڵه‌کان ئه‌و ره‌وشه‌ نائارامه‌ی ناوه‌ڕاستی عێراقیان قۆستووه‌ته‌وه‌‌و ژماره‌یه‌کی زۆر خه‌ڵکیان رازیکردووه‌ که‌ گورچیله‌یان بفرۆشن له‌به‌رانبه‌ر بڕێک پاره‌ که‌ زیاتره‌ له‌ 5 ملیۆن دینار. به‌شێکی زۆر له‌و که‌سانه‌ی ئاماده‌ن گورچیله‌یان بفرۆشن که‌سانی ئاواره‌و لێقه‌وماون به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه‌.

 

به‌ڵام شته‌ نائاساییه‌که‌ لێره‌دایه‌ که‌ نرخی گورچیله‌یه‌ک له‌لایه‌ن ده‌ڵاڵه‌کانه‌وه‌ ده‌فرۆشرێ به‌ 20 تا 25 ملیۆن دینار! له‌وێدا قازانجی هه‌ره‌ سه‌ره‌کی به‌ر ده‌ڵاڵه‌کان ده‌که‌وێ‌و گورچیله‌فرۆشیش که‌مترین پاره‌ی پێده‌درێ.

 

فێڵ له‌یاسا

ده‌ڵاڵ‌و بازرگانان به‌مرۆڤ وه‌کچۆن ده‌توانن کۆده‌کانی بازاڕ بشکێنن بۆ قازانجێکی زۆر، ئاواش توانیویانه‌ فێڵ‌و رێگای په‌ی پێنه‌براو بدۆزنه‌وه‌ بۆ درێژه‌دان به‌بازرگانییه‌کی ترسناک‌و قه‌ده‌غه‌کراو. وته‌بێژی پۆلیسی سلێمانی که‌ ئێستا له‌ده‌ڤه‌ری ئه‌وان ده‌یان هه‌زار ئاواره‌ نیشته‌جێکراون، رایده‌گه‌یه‌نێ دۆزینه‌وه‌و ده‌ستگیرکردنی بازرگان‌و ده‌ڵاڵه‌کان له‌ده‌ڤه‌ره‌که‌ی ئه‌وان که‌مبۆته‌وه.

 

سه‌رکه‌وت ئه‌حمه‌د وته‌بێژی پۆلیسی سلێمانی بۆ "نیقاش" وتی: " پێشتر کڕین‌و فرۆشتنی گورچیله‌ هه‌بوو، پۆلیس‌و ئاسایشی سلێمانی چه‌ندین بازرگان‌و ده‌ڵاڵی ئه‌و بواره‌یان ده‌ستگیرکردووه‌، به‌ڵام ئێستا ده‌ستگیرکردنیان که‌میکردووه‌و نزیکه‌ی چوار مانگ ده‌بێ هیچ که‌سێ له‌سه‌ر ئه‌و تاوانه‌ له‌ده‌ڤه‌ری سلێمانی ده‌ستگیر نه‌کراوه‌."

 

سه‌رکه‌وت ئاماژه‌ی به‌وه‌دا مادام حاڵه‌تی کڕینی گورچیله‌ هه‌ر ماوه‌، ئه‌وا ده‌رده‌که‌وێ ده‌ڵاڵه‌کان فێڵ‌و رێگه‌ی دیکه‌یان دۆزیوه‌ته‌وه تا نه‌که‌ونه‌ به‌رده‌ستی پۆلیس.

 

به‌گوێره‌ی قسه‌ی کاربه‌ده‌ستێکی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێمی کوردستان که‌ نه‌یویست ناوی بنووسرێ، ده‌ڵاڵه‌کان ئێستا بۆ ئه‌وه‌ی نه‌که‌ونه ژێر گومانی پۆلیس‌و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، له‌گه‌ڵ که‌سوکاری ئه‌و نه‌خۆشه‌ی گورچیله‌ی بۆ ده‌چێنرێ رێده‌که‌ون که‌ به‌جۆرێک مامه‌ڵه‌ یاساییه‌کان بکه‌ن هیچ که‌سێ هه‌ستی پێ نه‌کات‌و له‌و باره‌یه‌وه‌ ته‌زویراتی زۆر ده‌که‌ن له‌هه‌ندێ به‌ڵگه‌نامه‌دا.

 

سه‌رکه‌وت ئه‌حمه‌د که‌ له‌هه‌مان کاتدا به‌رپرسی مه‌رکه‌زێکی پۆلیسه‌ له‌سلێمانی ده‌ڵێ: له‌و کاتانه‌دا که‌ ئێمه‌ هیچ به‌ڵگه‌یه‌کمان به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌بێ ناتوانین بکه‌وینه‌ نێوان ئه‌و که‌سانه‌ی گورچیله‌ ده‌به‌خشن‌و ئه‌وانه‌ی گورچیله‌ وه‌ر ده‌گرن.‌‌ بۆیه‌ ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ ده‌ڵاڵه‌کان رێگه‌ی تازه‌یان دۆزیبێته‌وه‌.

 

بازرگانی شاراوه‌

ئه‌وه‌ی که‌ زۆر بووه‌ته‌ جێی باس بازرگانییه‌ به‌ئه‌ندامانی جه‌سته‌ی مرۆڤه‌وه‌ له‌هه‌رێمی کوردستان، به‌ڵام به‌رپرسێکی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ له‌هه‌رێمی کوردستان رایده‌گه‌یه‌نێ ئێستا بازرگانیکردن به‌مرۆڤه‌وه له‌م ده‌ڤه‌ره‌‌ هه‌ر جه‌سته‌یی نییه،‌ به‌ڵکو گه‌یشتووه‌ته‌ بازرگانی به‌فیکرو توانای خه‌ڵکه‌وه‌.

 

تاڤگه‌ عومه‌ر، بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ فەرمانگەی‌ یاسایی‌ له‌ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی‌ مرۆڤ له‌لێدوانێکدا بۆ "نیقاش" سه‌رباری جه‌ختکردنه‌وه‌ له‌بوونی بازرگانی به‌مرۆڤه‌وه‌ وتی: "بێگومان ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ ئەو بۆشاییە یاساییەی لەهەرێمی كوردستان تایبەت بەبازرگانی بەمرۆڤەوە هەیە، چونكە تائێستا له‌کوردستان ئەم یاسایە نییە."

 

سه‌باره‌ت به‌ جۆری دیکه‌ی بازرگانی به‌مرۆڤ له‌هه‌رێمی کوردستان تاڤگه‌ وتی: ‎" بازرگانیكردن بەمرۆڤەوە هەموو رەگەزێك دەگرێتەوە بەتایبەتیش كچان‌و ئافرەتان، چونكە بەحوكمی ئەو كۆمەڵگە پیاوسالارییەی هەیە لەكوردستان، ئافرەتان زیاتر بازرگانییان پێوە دەكرێ. ئێستا ئه‌و دیارده‌یه‌ له‌ژێر ناوی هاوسه‌رگیریی ئه‌نجام ده‌درێ که‌ کچان له‌به‌رانبه‌ر برێك پارە یان كاڵایەكی دیكە ده‌فرۆشرێن، كەواتە ئەم حاڵەتە بازرگانی پێوەكردنە. هەروەها منداڵانیش بەرێژەیەكی بەرچاو لەكۆمەڵگەدا بازرگانییان پێوە دەكرێ به‌ئاشکرا دیاره‌ ئه‌و منداڵانەی كە لەسەر شەقامەكان دەخرێنە بەر كار لەلایەن گەورەكان‌و گروپی تاییبەتەوە. ئەمە ئەوە ناگەیەنێ كە پیاوان بازرگانییان پێوە ناكرێت بەتایبەتیش لەلایەن ئەو كەسانەی كە بازرگانی بەهزری مرۆڤەكانەوە دەكەن زیاتر پیاوان روو بەرووی ئەم جۆرە بازرگانییە دەبنەوە."

 

بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ فەرمانگەی‌ یاسایی‌ له‌ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی‌ مرۆڤ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات که‌ "زۆربوونی رێژەی ئاوارەو پەنابەران له‌هه‌رێمی کوردستان، بەدڵنیاییەوە باشترین فاكتەرە بۆ زۆربوونی بازرگانیكردن به‌مرۆڤه‌وه،‌ چونكە ئەم توێژە بەتوێژی "پەراوێز خراو" ناودەبرێن‌و لەوانەبە بەرانبەر كەمترین پارە رەزامەندی پیشان بدەن بەفرۆشتنی ئەندامێكی جەستەیان یان ئەندامێكی خێزانەكەیان، چونكە سروشتی ژیانی ئەم توێژە وادەخوازێت كە لەبەر پێداویستیەكانی رۆژانەیان زۆر جار پەنا دەبەنە بەر ئەم جۆرە مامەڵەیه‌."

 

‌سۆران عومه‌ر، سه‌رۆکی لیژنه‌ی مافی مرۆڤ له‌په‌رله‌مانی کوردستان ئه‌ویش ده‌ڵێ که‌ بازرگانی به‌مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان به‌چه‌ندین جۆر هه‌یه‌. سه‌باره‌ت به‌بۆشایی‌و نه‌بوونی یاسایه‌ک بۆ قه‌ده‌غه‌کردنی بازرگانی به‌مرۆڤه‌وه‌ رایگه‌یاند: ئێستا په‌رله‌مانی كوردستان (پرۆژه‌ یاسای گواستنه‌وه‌و چاندنی به‌شه‌كانی جه‌سته‌ی مرۆڤ‌و پرۆژه‌ یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی بازرگانی به‌مرۆڤ)ی له‌ به‌رده‌ستدایه‌و تائێستا خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌میان بۆ كراوه‌.

 

سۆران له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت: "ناتوانم بڵێم حاڵه‌تی بازرگانی به‌مرۆڤ له‌ هه‌رێمی کوردستان بووه‌ته‌ دیارده‌، به‌ڵام مه‌ترسی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ په‌ره‌ بسێنێ‌و باندو مافیاکان ئه‌م ره‌وشه‌ نائاساییه‌ بقۆزنه‌وه‌ تا ده‌ستیان بگاته‌ ئاواره‌کان‌و به‌و جۆره‌ی بۆیان ده‌ست ده‌دات بازرگانییان پێوه‌ بکه‌ن. من له‌و باوه‌ڕه‌دام هێزه‌ ئاسایشپارێزه‌کان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بازرگانی به‌مرۆڤه‌وه‌ لاوازن‌و له‌ئاستی پێویستدا نین."

 

كاوه‌ شێخ عه‌بدوڵا

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌