راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

كامپی‌ له‌یلان... ژیانێكی‌ سه‌خت‌و ئاینده‌یه‌كی‌ نادیار

شاڵاو محەمەد
ئاواره‌كانی‌ ئه‌نبارو سه‌لاحه‌دین‌و دیاله‌ راسته‌ له‌كامپه‌كانی‌ كه‌ركوك مه‌ترسی‌ داعشیان له‌سه‌ر نه‌ماوه‌، به‌ڵام نه‌خۆشی‌‌و نه‌بوونی‌ خزمه‌تگوزاریی‌‌و بێلانه‌یی‌ بووه‌ته‌ گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌ بۆیان.
25.06.2015  |  کەرکوک
ئاواره‌كان له‌كاتی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ پێخه‌فدا ( :وێنه شاڵاو محه‌مه‌د)
ئاواره‌كان له‌كاتی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ پێخه‌فدا ( :وێنه شاڵاو محه‌مه‌د)

به‌دووری‌ (20كم) له‌باشووری‌ شاری‌ كه‌ركوك له‌سه‌ر زه‌وییه‌كی‌ سه‌د دۆنمی‌، به‌هه‌زاران ئاواره‌ی‌ پارێزگاكانی‌ سه‌لاحه‌دین‌و ئه‌نبار‌و دیاله‌ له‌چادره‌كانی‌ كه‌مپی‌ له‌یلاندا كۆبوونه‌ته‌وه‌و له‌م وه‌رزی‌ گه‌رمایه‌دا ژیانیان له‌وپه‌ڕی‌ خراپیدایه‌.

 

له‌و كامپه‌دا هه‌زارو 800 چادر هه‌یه‌، هه‌ر خێزانێك زیاتر نه‌بێت له‌هه‌شت كه‌س چادرێكی‌ ده‌درێتێ‌‌و كۆی‌ ئاواره‌كانیش له‌وێ‌ نزیكه‌ی‌ 8500 كه‌سن.

 

ئاواره‌كانی‌ ئه‌م كامپه‌ ساڵێكی‌ سه‌ختی‌ ژیانیان به‌ڕێكرد، پاش ئه‌وه‌ی‌ له‌حوزه‌یرانی‌ ساڵی‌ رابردووه‌وه‌ له‌ده‌ست داعش هه‌ڵاتن، په‌نایان بۆ كامپێك برد كه‌ هه‌موویانی‌ خسته‌ به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی‌ قورس.

 

عومه‌ر سه‌باح یه‌كێكه‌ له‌و هه‌زاران ئاواره‌یه‌ی‌ له‌تكریته‌وه‌ رووی‌ له‌كه‌ركوك كردووه‌، وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت بۆ نزیكه‌ی‌ دوو مانگ ده‌چێت به‌هیچ جۆرێك له‌كامپه‌كه‌ نه‌چووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ناو جه‌رگه‌ی‌ شاری‌ كه‌ركوك ناچاره‌ رێگایه‌كی‌ سه‌خت ببڕێت‌و هۆیه‌كانی‌ گواستنه‌وه‌ش به‌ئاسانی‌ ده‌ست ناكه‌ون.

 

عومه‌ر به‌"نیقاش"ی‌ وت "كاتێك له‌ترسی‌ داعش هه‌ڵهاتین چاوه‌ڕێ نه‌بووین ئاوا له‌شوێنێكی‌ دووره‌ ده‌ست نیشته‌جێ بكرێین، ژیانی‌ كامپه‌كان جۆرێكی‌ دیكه‌یه‌ له‌زیندان‌و ده‌مانه‌وێت بارودۆخ كه‌مێك باش ببێت‌و زوو بگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنه‌كانی‌ خۆمان".

 

هه‌رچه‌نده‌ ئێستا له‌تكریت داعش راونراوه‌، به‌ڵام عومه‌ر ده‌زانێ‌ ئاسان نییه‌ به‌مزووه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ شاره‌كه‌ی‌ خۆی‌، وه‌ك ئاماده‌كارییه‌كیش له‌ئێستاوه‌ ناوی‌ خۆی‌ له‌عومه‌ره‌وه‌ گۆڕیوه‌ بۆ عه‌ممارو ده‌ڵێت "ئه‌زانم به‌م زووانه‌ میلیشیا شیعه‌كان له‌و شاره‌ ناچنه‌ ده‌ره‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌یفیان به‌ناوی‌ عومه‌ر نایه‌ت، بۆیه‌ ناوێكم هه‌ڵبژاردووه‌ كه‌ سبه‌ی‌ رۆژ كارم رایی‌ بكات".

 

عومه‌ر له‌تكریت كاری‌ ده‌لاكی‌ كردووه‌و تا ئه‌و كاته‌ی‌ ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر دوكان‌و پیشه‌كه‌ی‌ خۆی‌، ئێستا له‌ناو خێوه‌ته‌كان به‌بڕێك پاره‌ی‌ كه‌م سه‌ری‌ ئاواره‌كان چاك ده‌كات.

 

وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ چاوه‌ڕێ بن كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر له‌وێ‌ ده‌مێننه‌وه‌، له‌ئێستاوه‌ زۆرێك له‌ئاواره‌كان له‌ناو كامپه‌كه‌دا ده‌ستیانكردووه‌ به‌كارو كاسپی‌‌و ده‌یانه‌وێت له‌و رێیه‌وه‌ بژێوی‌ ژیانی‌ خۆیان دابین بكه‌ن.

 

له‌نزیك چادره‌كه‌ی‌ عومه‌ره‌وه‌ عاره‌بانه‌یه‌كی‌ خوارده‌مه‌نی‌ هه‌یه‌ كه‌ خواردنی‌ فه‌لافل‌و مریشك‌و قیمه‌  ده‌فرۆشێت، له‌به‌رانبه‌ر ئه‌وانیشدا دوكانی‌ گۆشتفرۆش‌و بازاڕێكی‌ بچوك بۆ فرۆشتنی‌ جل‌و به‌رگی‌ به‌كارهاتوو هه‌یه‌ كه‌ خاوه‌نه‌كانیان سه‌رجه‌میان له‌ئاواره‌كانی‌ نێو كامپه‌كه‌ن‌و له‌لایه‌ن ئیداره‌ی‌ كامپه‌وه‌ ڕێگه‌یان پێدراوه‌ بۆ دابینكردنی‌ خه‌رجی‌ رۆژانه‌یان  ئه‌و كارانه‌ بكه‌ن.

 

ئاواره‌كانی‌ كامپی‌ له‌یلان ته‌نها گیرۆده‌ی‌ كه‌مده‌رامه‌تی‌ نه‌بون، به‌ڵكو كێشه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌تریان هه‌یه‌، به‌هۆی‌ بونی‌ یه‌ك بنكه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ سه‌ره‌تایی‌‌و یه‌ك ئامبۆلانس، به‌پێی‌ بڕیارێكیش ئامبۆلانسه‌كه‌ ته‌نها له‌كاتێكدا ده‌جوڵێت كه‌ چوار نه‌خۆش هه‌بێت، ئه‌گه‌ر نا به‌هۆی‌ دووری‌ رێگاوه‌ ئاماده‌نییه‌ تاكه‌ نه‌خۆشێك بگوازێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ حاڵه‌ته‌كه‌ی‌ قورسیش بێت.

 

عائیشه‌ حه‌مید دایكی‌ هه‌شت منداڵه‌، له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت "كاتێك منداڵه‌كه‌م تووشی‌ سكئێشه‌یه‌كی‌ كتوپڕ بوو به‌په‌له‌ گه‌یاندمه‌ بنكه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ نێو كامپه‌كه‌، به‌ڵام پێیان ووتم ده‌بێت بگوازرێته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی‌ گشتی‌ كه‌ركوك، كاتیك به‌ره‌و ئامبۆلانسه‌كه‌ رۆیشتم، پێیان وتم په‌له‌ مه‌كه‌ بزانین نه‌خۆشی‌ دیكه‌ دێت، چونكه‌ ناكرێت بۆ هه‌ر نه‌خۆشێك بچێته‌ كه‌ركوك و بگه‌ڕێته‌وه‌".

 

عائیشه‌ وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت ناچاربووه‌ له‌گه‌ڵ منداڵه‌كه‌ی‌ 45 ده‌قیقه‌ بمێنێته‌وه‌ ئینجا به‌ره‌و كه‌ركوك به‌ڕێكه‌وتون.

 

به‌رپرسانی‌ باڵای‌ ئیداره‌ی‌ كه‌ركوك ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن به‌هۆی‌ بوونی‌ 115 هه‌زار خێزانی‌ ئاواره‌ی‌ پارێزگاكانی‌ خوارووی‌ عێراق له‌شاری‌ كه‌ركوك كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی‌ 850 هه‌زار كه‌س، ئیداره‌ی‌ شاره‌كه‌ ناتوانێت پێداویستیه‌كان به‌خێرایی‌ دابین بكات له‌به‌ر ئه‌و بارودۆخه‌شه‌وه‌ كه‌ تێی‌ كه‌وتوون ئاواره‌كان له‌هه‌ندێك خزمه‌تگوزاری‌‌‌ بێبه‌ش بوون، چاوه‌ڕێش ناكرێت به‌مزوانه‌ بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كانی‌ خۆیان.

 

یه‌كێكی‌ تر له‌كێشه‌ی‌ ئاواره‌كان دابڕانه‌ له‌خوێندن، چونكه‌ منداڵه‌كانی‌ ئه‌م كامپه‌ به‌هۆی‌ نه‌بوونی‌ خوێندنگا‌و سه‌رقاڵییان به‌دابینكردنی‌ بژێوی‌ ژیانیانه‌وه‌ ناتوانن به‌رده‌وام بن له‌خوێندن.

 

موسته‌فا فه‌یسه‌ڵ (ته‌مه‌ن 12 ساڵ) یه‌كێكه‌ له‌و سه‌دان خوێندكاره‌ ئاواره‌یه‌ی‌ له‌خوێندن دابڕاوه‌و ئێستا له‌ناو كامپه‌كه‌یان میوه‌ ده‌فرۆشێ‌، چاوی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌ی‌ خۆیان (تكریت)‌و بگاته‌ قۆناغی‌ ناوه‌ندی‌، چونكه‌ باوكی‌ به‌ڵێنی‌ پێداوه‌ ئه‌گه‌ر بگاته‌ ئه‌و قۆناغه‌ پایسكیلی‌ بۆ ده‌كرێت.

 

موسته‌فا هێشتا هیوابڕاو نه‌بووه‌ نه‌ له‌گه‌یشتن به‌خوێندنی‌ ناوه‌ندی‌‌و نه‌ له‌بوونی‌ به‌خاوه‌ن پایسكیل، به‌ئاواته‌وه‌یه‌ بارودۆخی‌ شاره‌كه‌یان باش بێت‌و به‌و ئاواتانه‌ی‌ بگات.

 

فه‌رحان جبوری‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ كه‌ركوك به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "دوو قوتابخانه‌ی‌ تایبه‌ت به‌ئاواره‌كانمان هه‌یه‌ كه‌ توانای له‌خۆگرتنی چوار هه‌زار خوێندكاریان هه‌یه‌‌و به‌ شێوه‌ی دوو ده‌وامی وانه‌ی تێدا ده‌وترێته‌وه‌"، به‌ڵام ئه‌م دوو خوێندنگایه‌ به‌شی‌ سه‌رجه‌م ئاواره‌كان ناكه‌ن.

 

به‌هۆی‌ به‌رزی‌ پله‌ی‌ گه‌رماوه‌ كه‌ هه‌ندێجار ده‌گاته‌ په‌نجا پله‌ی‌ سه‌دی‌، ئاواره‌كان له‌بارودۆخێكی‌ زۆر ناڕه‌حه‌تدان، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ نه‌خۆشی‌ له‌ناو منداڵه‌كاندا بڵاوببێته‌وه‌و به‌ته‌مه‌نه‌كانیش مه‌ترسی‌ بكه‌وێته‌ سه‌ر ته‌ندروستیان.

 

بارودۆخی‌ پارێزگاكانی‌ سه‌لاحه‌دین‌و ئه‌نبارو دیاله‌ به‌شێوه‌یه‌ك ناچێته‌ پێشه‌وه‌ كه‌ هیوای‌ زوو گه‌ڕانه‌وه‌ به‌ئاواره‌كان ببه‌خشێت، چه‌نده‌ زیاتریش له‌ناو ئه‌و كامپه‌ بمێننه‌وه‌ گوزه‌رانیان سه‌ختتر ئه‌بێت.

 

ئاواره‌كان چاویان له‌ده‌ستی‌ به‌رپرسانی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوكه‌ جێگه‌یه‌كی‌ باشترو خزمه‌تگوزارییان بۆ دابین بكه‌ن، به‌رپرسانی‌ ئه‌و پارێزگایه‌ش رایده‌گه‌یه‌نن كه‌ ئه‌و كاره‌ به‌ته‌نها به‌وان ناكرێت، به‌ڵكو له‌سه‌ر به‌رپرسانی‌ ئه‌و پارێزگایانه‌ش پێویسته‌ كه‌ ئاواره‌كانی‌ لێوه‌ هاتوون (ئه‌نبار، سه‌لاحه‌دین، دیاله‌) كه‌ به‌شێك له‌بودجه‌ی‌ پارێزگاكانیان بۆ ئاواره‌كان خه‌رجبكه‌ن‌و هه‌مووی‌ به‌عه‌لاگه‌ی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوكدا هه‌ڵنه‌واسن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌