راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ژیان ده‌كرێته‌وه‌ به‌به‌ری‌ به‌غدادا

موستەفا سەعدون
گروپه‌ خۆبه‌خشه‌كان له‌به‌غدا ده‌یانه‌وێت شوێنه‌واری‌ ته‌قینه‌وه‌و توندوتیژی‌ به‌سه‌ر شاره‌كه‌وه‌ بسڕنه‌وه‌و ژیانی‌ بكه‌نه‌وه‌ به‌به‌ردا
28.05.2015  |  بەغدا
كه‌مپه‌ینه‌كانی‌ به‌خشینه‌وه‌ی‌ ژیان به‌به‌غدا له‌لایه‌ن خه‌ڵكێكی‌ زۆره‌وه‌ پێشوازییان لێده‌كرێت ( :وێنه عن موقع بناء العراق)
كه‌مپه‌ینه‌كانی‌ به‌خشینه‌وه‌ی‌ ژیان به‌به‌غدا له‌لایه‌ن خه‌ڵكێكی‌ زۆره‌وه‌ پێشوازییان لێده‌كرێت ( :وێنه عن موقع بناء العراق)

دوای‌ هه‌موو ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌به‌غدا كه‌ریم وه‌سفی‌ میوزیكژه‌ن ئامێره‌ چه‌لۆكه‌ی‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌بات‌و ده‌چێته‌ شوێنی‌ ته‌قینه‌وه‌كان‌و له‌سه‌ر داروپه‌رودووه‌ رووخاوه‌كان ده‌ست ده‌كات به‌ژه‌نینی‌ میوزیك.

 

وه‌سفی‌ كه‌ جاران مایسترۆی‌ تیپی‌ سه‌مفۆنی‌ نیشتیمانی بوو، رۆژی‌ 28ی‌ نیسانی‌ رابردوو رێبوارانی‌ سه‌ر شه‌قامه‌كه‌ی‌ تووشی‌ سه‌رسوڕمان كرد كاتێك ده‌ستیكرد به‌ژه‌نینی "ئاوازی‌ ژیان" له‌ژێر باڵه‌خانه‌یه‌كدا كه‌ نهۆمی‌ یه‌كه‌می‌ به‌ته‌واوی‌ سوتابوو، پارچه‌ی‌ شوشه‌و ئۆتۆمبێله‌ بۆمبڕێژكراوه‌كه‌ش به‌و ناوه‌دا بڵاوبوو بووه‌وه‌.

 

وه‌سفی‌ له‌باره‌ی‌ كاره‌كه‌یه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌وه‌ی‌ من ده‌مه‌وێت زاڵكردنی‌ ده‌نگی‌ میوزیك‌و ژیانه‌ به‌سه‌ر ده‌نگی‌ ته‌قینه‌وه‌و كاولكاری‌.. من به‌شێكم له‌و خه‌ڵكه‌ی‌ هه‌موو رۆژێك به‌ئاگر ده‌سوتێ‌، به‌ڵام ژیان‌و هونه‌ری‌ خۆش ده‌وێت.. هه‌ست به‌ئاسووده‌یی‌ ده‌كه‌م كه‌ له‌شوێنی‌ ته‌قینه‌وه‌كاندا میوزیك ده‌ژه‌نم.. وا هه‌ست ده‌كه‌م نۆته‌كان داروپه‌ردووه‌كان ده‌به‌نه‌وه‌ شوێنی‌ خۆیان".

 

ئه‌و ده‌شڵێت "میوزیك دڵنیایی‌ ده‌به‌خشێت به‌خه‌ڵكی‌ له‌ئاینده‌یه‌كی‌ باشتر‌و پێیان ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ته‌م‌و نه‌هامه‌تییه‌كانی‌ ژیان له‌كۆڵ خۆیان بكه‌نه‌وه‌، ده‌توانن باش بژین". درێژه‌ به‌قسه‌كانی‌ ده‌دات‌و ده‌ڵێت "میوزیك بۆ خه‌ڵك مانایه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌یه‌، پاككردنه‌وه‌ی‌ شوێنی‌ ته‌قینه‌وه‌كان به‌ته‌نها به‌س نییه‌، به‌ڵكو ده‌بێت به‌ئاواز ئاشتی‌ په‌خش بكه‌ین‌و ناشرینی‌‌و كاولكاری‌ راوبنێین".

 

رۆژی‌ 13ی‌ ئه‌م مانگه‌ (ئایار) له‌كاتی‌ رێكردنی‌ ژماره‌یه‌ك له‌زیاره‌تكاران بۆ مه‌زارگه‌ی‌ ئیمام كازم له‌ناوچه‌ی‌ ئه‌عزه‌مییه‌ی‌ به‌غدا، پێكدا هه‌ڵپژان له‌نێوان چه‌ند كه‌سێكدا روویداو به‌هۆیه‌وه‌ی‌ ژماره‌یه‌ك ماڵ‌و دوكان‌و فه‌رمانگه‌ی‌ حكومی‌ سوتێنران، هه‌رچه‌نده‌ رێگاكان داخرابوون، به‌ڵام له‌پڕ وه‌سفی‌ به‌ئامێره‌ میوزیكه‌كه‌یه‌وه‌ له‌وێ‌ ده‌ركه‌وت.

 

وه‌سفی‌ له‌به‌رده‌م یه‌كێك له‌خانووه‌ سوتاوه‌كاندا ده‌ستیكرد به‌ژه‌نینی‌ میوزیك، خاوه‌نی‌ خانووه‌ سوتاوه‌كانیش له‌ده‌وری‌ كۆبووبوونه‌وه‌و پێده‌كه‌نین، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ هیچ رووینه‌دابێ‌، میوزیك هه‌ستێكی‌ جیاوازی‌ له‌لا دروستكردن.

 

له‌سه‌ر شه‌قامی‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌عزه‌مییه‌ كه‌ هه‌ردوو به‌ری‌ كه‌رخ‌و ره‌سافه‌ی‌ به‌غدا پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، پاسێكی‌ پڕ له‌كوڕوكچی‌ خۆبه‌خش كه‌ جله‌كانیان هاوشێوه‌ی‌ یه‌كبوو گه‌یشته‌ شوێنه‌كه‌و داوایان له‌خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ كرد پشوو بده‌ن، چونكه‌ له‌بری‌ ئه‌وان ده‌ست ده‌كه‌ن به‌پاككردنه‌وه‌ی‌ ناوچه‌كه‌و شوێنه‌واری‌ سوتان‌و ته‌قینه‌وه‌كان خاوێن ده‌كه‌نه‌وه‌.

 

هه‌موو ئه‌م هه‌ڵمه‌تانه‌ی‌ له‌به‌غدا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت ده‌ستپێشخه‌ری‌ نوێن له‌لایه‌ن كه‌سانی‌ رۆشنبیرو خاوه‌ن بڕوانامه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ژیان بكه‌نه‌وه‌ به‌به‌ری‌ شاره‌كه‌دا.

 

دكتۆره‌ هودا فوراتی‌ كه‌ پسپۆڕی‌ نه‌خۆشییه‌كانی‌ خوێنه‌، یه‌كێكه‌ له‌ئه‌ندامانی‌ ئه‌و گروپه‌ خۆبه‌خشه‌ی‌ چوونه‌ ناوچه‌ی‌ ئه‌عزه‌مییه‌، وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت هه‌ستی‌ به‌ئاسووده‌یی‌ ده‌كرد كاتێك شوشه‌ی‌ شكاوی‌ دوكان‌و خانووه‌كانی‌ كۆده‌كرده‌وه‌.

 

فوراتی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ ئاسووده‌ بوون به‌بینینمان، هه‌ستێكی‌ جوانه‌ كه‌ بزانیت كه‌سێك به‌ده‌نگته‌وه‌ دێت بۆ تێپه‌ڕاندنی‌ نه‌هامه‌تییه‌كان، كاری‌ خۆبه‌خشانه‌ پێكه‌وه‌ ژیان له‌ناو كۆمه‌ڵگادا توندوتۆڵ ده‌كات".

 

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "هه‌موو ئه‌وانه‌ی‌ له‌شوێنی‌ رووداوه‌كه‌ بوون نه‌یانده‌زانی‌ هاوكاره‌كه‌یان سه‌ر به‌ چ تایفه‌یه‌كه‌، هه‌موو له‌پێناو عێراقدا كاریان ده‌كرد".

 

له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند مانگی‌ رابردوودا كه‌مپینی‌ گروپه‌ خۆبه‌خشه‌كان له‌هه‌موو ناوچه‌ جیاوازه‌كانی‌ عێراق رۆڵی‌ گه‌وره‌یان هه‌بووه‌ له‌به‌ده‌مه‌واچوونی‌ ئاواره‌كان، ئه‌و كۆمه‌كانه‌ی‌ پێشكه‌شیان كردووه‌ هیچی‌ كه‌متر نه‌بووه‌ له‌كۆمه‌كی‌ فه‌رمانگه‌ ره‌سمییه‌كان، ئێستاش ئه‌م كه‌مپه‌ینانه‌ بۆ خاوێنكردنه‌وه‌ی‌ به‌غدا كه‌وتوونه‌ته‌ گه‌ڕ له‌داروپه‌ردووی‌ ته‌قینه‌وه‌و كاولكارییه‌كان.

 

دكتۆر ئیلاف محه‌مه‌د كه‌ خاوه‌نی‌ بیرۆكه‌ی‌ كه‌مپه‌ینی‌ خاوێنكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌عزه‌مییه‌یه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئامانجی‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌م كه‌مپه‌ینه‌ گه‌یاندنی‌ په‌یامی‌ ته‌بایی‌‌و پێكه‌وه‌ ژیان‌و خۆشه‌ویستییه‌ بۆ ژیان".

 

ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی‌ بۆ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ به‌كارهێنراون سه‌رجه‌میان ئه‌و به‌رهه‌مه‌ ده‌ستیانه‌ بوون كه‌ له‌لایه‌ن ئاواره‌كانه‌وه‌ دروستكراون‌و دواتر هه‌ر بۆ كۆمه‌كی‌ ئاواره‌كان فرۆشراونه‌ته‌وه‌.

 

كه‌مپه‌ینه‌كانی‌ خاوێنكردنه‌وه‌و ژیاندنه‌وه‌ی‌ به‌غدا به‌رده‌وامن، له‌ناو ئه‌وانه‌شدا ئاوازه‌كانی‌ وه‌سفی‌ شوێنێكی‌ تایبه‌تیان گرتووه‌، ئه‌و كه‌ هێشتا به‌رده‌وامه‌ له‌ژه‌نین ده‌ڵێت "به‌میوزیك ژیان ده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌به‌ری‌ به‌غدادا".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌