راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

رۆژنامه‌نووسانیش گورزی‌ تایفیان به‌ركه‌وت

موستەفا سەعدون
رۆژنامه‌نووسه‌كانی‌ ناو په‌رله‌مان ده‌ڵێن جیاكاری‌ كراوه‌ له‌رێزلێنانی‌ په‌یامنێرانداو بنه‌مای‌ تایفی‌ كراوه‌ته‌ پێوه‌ر نه‌ك پرۆفیشناڵی‌‌و بابه‌تی‌ بوون.
21.05.2015  |  بەغدا
رۆژنامەنووسانی ناو پەرلەمان
رۆژنامەنووسانی ناو پەرلەمان

زیاتر له‌حه‌فتا رۆژنامه‌نووس له‌ناو په‌رله‌مانی‌ عێراقدا كارده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌وانه‌ ته‌نها پێنجیان ده‌ستنیشانكراون بۆ ئه‌وه‌ی‌ رێزیان لێبنرێت، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی‌ زۆری‌ له‌لای‌ رۆژنامه‌نووسان دروستكردووه‌ به‌و پێیه‌ی‌ له‌سه‌ر پێوه‌ری‌ تایفی‌ رۆژنامه‌نووسه‌كان دیاریكراون.

 

ئه‌و ده‌زگایانه‌ی‌ خه‌ڵاتكراون بریتین له‌(كه‌ناڵی‌ عێراقییه‌ی‌ سه‌ر به‌ده‌وڵه‌ت‌و ئاژانسی‌ هه‌واڵی‌ لۆكاڵی‌ سه‌ر به‌سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نووسان‌و كه‌ناڵی‌ رووداوی‌ نێچیره‌ڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و كه‌ناڵی‌ شه‌رقیه‌ كه‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ رای‌ سوننه‌ ده‌كات‌و سه‌عید به‌زاز خاوه‌نێتی‌، له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی‌ ئافاق كه‌ نوری‌ مالیكی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیرانی‌ پێشوو خاوه‌نێتی‌‌و په‌یامی‌ سیاسی‌ شیعه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌).

 

ناڕه‌زایی‌ رۆژنامه‌نووسانی‌ په‌رله‌مان گه‌یشته‌ ئه‌و راده‌یه‌ی‌ بۆ ماوه‌ی‌ زیاتر له‌كاتژمێرێك له‌ناوه‌ندی‌ راگه‌یاندنی‌ په‌رله‌مان مانیان گرت‌و زۆرێك له‌رۆژنامه‌نووسانی‌ تریش به‌گاڵته‌جاڕییه‌وه‌ باسی‌ ئه‌و پێوه‌ره‌ تایفییه‌یان كرد كه‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ پێ ده‌ستنیشان كراوه‌.

 

رۆژنامه‌نووسان مه‌هدی‌ كه‌ریم هه‌رچه‌نده‌ هه‌نگاوی‌ رێزلێنان له‌رۆژنامه‌نووسان به‌گرنگ ده‌زانێت، به‌ڵام پێی‌ وایه‌ به‌پێوه‌ری‌ لێهاتوویی‌ رۆژنامه‌نووسه‌كان خه‌ڵاتنه‌كراون، به‌ڵكو گرێدراوه‌ته‌وه‌ به‌رازیكردنی‌ چه‌ند لایه‌نێك‌و له‌سه‌ر بنه‌مای‌ تایفی‌‌و نه‌ته‌وه‌یی‌ بووه‌.

 

كه‌ریم كه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ له‌ناو په‌رله‌ماندا كاری‌ په‌یامنێری‌ ده‌كات به‌"نیقاش"ی‌ وت "فه‌رمانگه‌ی‌ رایگه‌یاندنی‌ په‌رله‌مان پێی‌ راگه‌یاندووین له‌پاش ناڕه‌زاییه‌كانه‌وه‌ سه‌رجه‌م رۆژنامه‌نووسه‌كانی‌ تر بڕوانامه‌ی‌ رێزلێنان‌و بڕێك پاره‌یان پێده‌درێت".

 

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ محه‌مه‌د ئه‌بوبه‌كر به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ فه‌رمانگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ په‌رله‌مان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ پێوه‌ری‌ لێهاتوویان له‌به‌رچاو گرتووه‌و نه‌كراوه‌ هه‌موو په‌یامنێره‌كان خه‌ڵاتیان پێبدرێت، چونكه‌ ئه‌و كاته‌ له‌بابه‌تی‌ رێزلێنان ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌.

 

ئه‌بوبه‌كر به‌"نیقاش"ی‌ وت "ساڵانی‌ رابردوو كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرا كۆمه‌ڵه‌یه‌ك بۆ رۆژنامه‌نووسانی‌ ناو په‌رله‌مان دروست بكرێت كه‌ خواستی‌ ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ بگه‌ێنێته‌ فه‌رمانگه‌ی‌ راگه‌یاندن‌و سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان، به‌ڵام به‌هۆی‌ ناكۆكی‌ نێوان رۆژنامه‌نووسه‌كان خۆیانه‌وه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ به‌رهه‌م".

 

به‌ڕێوه‌به‌ری‌ فه‌رمانگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ په‌رله‌مان به‌رگری‌ له‌هۆكاری‌ رێزلێنانه‌كه‌ ده‌كات‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات خه‌ڵاتكردنی‌ كه‌ناڵی‌ ئافاق به‌هۆی‌ چالاكی‌ په‌یامنێره‌كه‌یانه‌وه‌ بووه‌و كه‌ناڵی‌ شه‌رقیه‌ش به‌هۆی‌ ئه‌وه‌وه‌ بووه‌ كه‌ به‌رده‌وام دانیشتنه‌كانی‌ په‌رله‌مان رووماڵ ده‌كه‌ن‌و كه‌ناڵی‌ رووداویش به‌و هۆیه‌وه‌ بووه‌ كه‌ سێ‌ ساڵه‌ په‌یامنێره‌كه‌یان چالاكانه‌ له‌په‌رله‌ماندا كارده‌كات، هه‌روه‌ها كه‌ناڵی‌ عێراقییه‌ش بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ هاوبه‌شییه‌كی‌ راگه‌یاندنی‌ له‌گه‌ڵ په‌رله‌ماندا هه‌یه‌و هه‌موو دانیشتنه‌كانی‌ په‌رله‌مان ده‌گوێزێته‌وه‌.

 

به‌پێی‌ رێساكانی‌ په‌رله‌مان هه‌ر رۆژنامه‌نووسێك بیه‌وێت له‌ناو په‌رله‌ماندا كاربكات ده‌بێت نوسراوێكی‌ فه‌رمی‌ له‌ده‌زگاكه‌یه‌وه‌ بكات‌و له‌هه‌موو سه‌ردانێكیشدا ئیمزا بكات بۆ ئه‌وه‌ی‌ ژماره‌ی‌ سه‌ردانه‌كانی‌ دیار بێت.

 

وه‌لید شێخ كه‌ ئه‌ویش له‌ناو په‌رله‌ماندا كاری‌ په‌یامنێری‌ ده‌كات، وایده‌بینێت كه‌ بابه‌تی‌ تایفی‌ په‌ڕێوه‌ته‌وه‌ بۆ ناو هه‌موو كایه‌كان، به‌كاری‌ رۆژنامه‌نووسیشه‌وه‌، له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ عێراقی‌ رێ به‌هیچ رۆژنامه‌نووسێك ناده‌ن وه‌ك ئه‌وان بیر نه‌كاته‌وه‌و ئه‌و رێزلێنانه‌ش ته‌نها له‌سه‌ر بنه‌مای‌ تایفی‌ بووه‌".

 

زیاد عجێلی‌ سه‌رۆكی‌ روانگه‌ی‌ ئازادییه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانی‌ عێراق پێی‌ وایه‌ تاكه‌ پێوه‌ری‌ رێزلێنان ده‌بێت له‌سه‌ر بنه‌مای‌ پرۆفیشناڵی‌‌و بابه‌تیبوون‌و سه‌ر راستی‌ بێت، نه‌ك بنه‌مای‌ تایفی‌.

 

زیاد به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌م جیاكارییه‌ واده‌كات رۆژنامه‌نووسان سه‌نگه‌ر له‌یه‌كتر بگرن‌و كاردانه‌وه‌ی‌ خراپی‌ ده‌بێت، چونكه‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر رۆژنامه‌نووسان به‌ئاراسته‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌‌و تایفیدا ده‌بات نه‌ك پرۆفیشناڵی‌ له‌رووماڵكردندا".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌