راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

خه‌لیفه‌كه‌ی‌ داعش ته‌نه‌كه‌ی‌ خۆڵ ده‌كاته‌ پێوه‌ر

خاڵس جومعە
پێت سه‌یر نه‌بێ‌ ئه‌گه‌ر بیستت موسڵی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ داعش، زۆر پاكو خاوێنتره‌ له‌و موسڵه‌ی‌ به‌ده‌ست حكومه‌تی‌ عێراقییه‌وه‌ بووه‌، ئێستا داعش ده‌یه‌وێ‌ به‌خزمه‌تگوزاری‌ مه‌یلی‌ خه‌ڵك ببات.
14.05.2015  |  موسڵ
عمال التنظيف في الموصل
عمال التنظيف في الموصل

پێت سه‌یر نه‌بێ‌ ئه‌گه‌ر بیستت موسڵی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ داعش، زۆر پاكو خاوێنتره‌ له‌و موسڵه‌ی‌ به‌ده‌ست حكومه‌تی‌ عێراقییه‌وه‌ بووه‌، ئێستا له‌وێ‌ تاسه‌ی‌ سه‌رشه‌قامه‌كان‌و زیاده‌ڕه‌وی‌ سه‌ر شۆسته‌كان هه‌ڵگیراون، به‌ڵام پرسیاری‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌وه‌یه‌، بۆچی‌ وایه‌؟

 

له‌و كاته‌وه‌ی‌ كه‌ له‌مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ ساڵی‌ رابردوو ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی‌ وتاره‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی‌ له‌مزگه‌وتێكی‌ موسڵ پێشكه‌شكرد‌و خۆی‌ وه‌ك "خه‌لیفه‌" راگه‌یاند، ئه‌وه‌ زیاتر روون بووه‌ته‌وه‌ كه‌ داعش گرنگییه‌كی‌ تایبه‌ت به‌موسڵ ده‌دات له‌رووی‌ خزمه‌تگوزارییه‌وه‌و له‌هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی‌ تری‌ جیاكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتیدان.

 

سه‌عید خزری‌ رۆژنامه‌نووس باس له‌بارودۆخی‌ ناو شاره‌كه‌ ده‌كات‌و له‌رێی‌ ته‌له‌فۆنه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "وه‌ك شانه‌ی‌ هه‌نگ به‌یانی‌ زوو كارمه‌ندانی‌ شاره‌وانی‌ له‌گه‌ڵی‌ ئۆتۆمبێله‌كانی‌ پاككردنه‌وه‌ ده‌ڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان‌و هه‌تا كۆتایی‌ ده‌وام ناوه‌ستن، به‌جۆرێك كارده‌كه‌ن كه‌ پێشتر لێیان نه‌بینراوه‌".

 

فه‌رمانگه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی‌ موسڵ كه‌ بیست ساڵه‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌و شاره‌ لێیان ناڕازین، خزر هۆكاری‌ باشبوونیان ده‌گێرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كارمه‌نده‌كان ئێستا له‌ژێر فه‌رمانی‌ داعشدا كارده‌كه‌ن‌و قوڕبه‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ باش كارناكات یان پابه‌ند نابێت به‌فه‌رمانه‌كانه‌وه‌.

 

یه‌كێك له‌به‌شه‌ كارگێڕییه‌كانی‌ داعش كه‌ چه‌ند هه‌فته‌ی‌ رابردوو ده‌نگێكی‌ زۆری‌ دایه‌وه‌، لقی‌ "دیوانی‌ خزمه‌تگوزاریی"ه‌، ئه‌م دیوانه‌ ده‌ستیكرد به‌لابردنی‌ هه‌موو ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی‌ له‌پاش ساڵی‌ 2003وه‌ به‌هۆكاری‌ ئه‌منی‌، رێوبانه‌كانیان پێ گیرابوو، ئینجا شاره‌كه‌ی‌ پاككرده‌وه‌و به‌شێكی‌ شه‌قامه‌كانی‌ قیرتاوكردو بازاڕی‌ رێكخست‌و زیاده‌ڕه‌وی‌ سه‌ر شۆسته‌و شوێنه‌ گشتییه‌كانی‌ هه‌ڵگرت.

 

پێده‌چێت داعش له‌دابه‌شكردنی‌ ئیش‌و كاره‌كاندا پشت به‌خه‌ڵكه‌ شاره‌زاكانی‌ ببیستێت، چونكه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ "نیقاش" له‌ئه‌ندازیارێكی‌ شاره‌وانییه‌وه‌ زانیوێتی‌، سه‌رۆكایه‌تی‌ دیوانی‌ خزمه‌تگوزاری‌ سپێردراوه‌ به‌ئه‌ندازیارێكی‌ خه‌ڵكی‌ پارێزگای‌ دیاله‌ كه‌ ته‌مه‌نی‌ نزیكه‌ی‌ سی‌ ساڵه‌و به‌"ئه‌بو عوبێده‌" بانگ ده‌كرێت.

 

ئه‌و ئه‌ندازیاره‌ كه‌ داوایكرد ناوی‌ بڵاونه‌كرێته‌وه‌، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد ئه‌بو عوبێده‌ خۆی‌ به‌رده‌وام شه‌قام‌و شوێنه‌ گشتییه‌كان به‌سه‌رده‌كاته‌وه‌و ناوه‌ ناوه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك به‌شی‌ فه‌رمانگه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان كۆده‌بێته‌وه‌، ئه‌وانه‌ی‌ تائێستا موسڵیان جێنه‌هێشتووه‌.

 

ئه‌ندازیاره‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ كارمه‌ندان‌و به‌ڕێوه‌به‌رانی‌ فه‌رمانگه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی‌ دیوانه‌وه‌ چاودێرییه‌كی‌ ورد ده‌كرێن‌و هه‌ر كه‌سێك سه‌رپێچی‌ بكات سزایه‌كی‌ توند ده‌درێت، جا هه‌رچه‌نده‌ سه‌رپێچییه‌كه‌ كه‌میش بێت، ئه‌و به‌دوری‌ نازانێت سزاكان بگاته‌ جه‌ڵد لێدان‌و ده‌ست په‌ڕاندن‌و ته‌نانه‌ت سه‌ر په‌ڕاندنیش.

 

هه‌موو شه‌قامه‌كان پاككراونه‌ته‌وه‌و ژینگه‌پارێزه‌كان ناهێڵن خۆڵ‌و خاشاك كۆببێته‌وه‌، تیمی‌ چاكسازی‌ رێگ‌و بان‌و ئاوه‌ڕۆ شه‌وو رۆژ له‌كاردان، هێماكانی‌ هاتوچۆ خه‌ریكه‌ داده‌نرێنه‌وه‌و گڵۆپی‌ سه‌ر شه‌قامه‌كانیش كار پێده‌كرێنه‌وه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌قسه‌ی‌ ئه‌ندازیاره‌كه‌ی‌ شاره‌وانی‌.

 

كارێكی‌ تر دیوانه‌كه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ چه‌ند بازاڕێكی‌ سه‌رگیراوی‌ دروستكردو هه‌موو ئه‌و فرۆشیارانه‌ی‌ له‌سه‌ر شه‌قام‌و شوێنه‌ گشتییه‌كان بوو ناچاری‌ كردن بچنه‌ ئه‌و جێگایانه‌ له‌به‌رامبه‌ر كرێی‌ ساڵانه‌ی‌ (1500) دۆلار، یه‌كێك له‌دیارترین ئه‌و بازاڕانه‌ش ئه‌وه‌یه‌ له‌ناوه‌ندی‌ شاری‌ موسڵ دروستكراوه‌ له‌سه‌ر داروپه‌رودوی‌ كۆنترین بنكه‌ی‌ پۆلیس له‌نه‌ینه‌وا.

 

هه‌ر هه‌نگاوێك كه‌ داعش هه‌ڵیده‌هێنێت هاوتایه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵمه‌تێكی‌ راگه‌یاندن له‌ژێر ناونیشانی‌ "له‌سایه‌ی‌ خه‌لافه‌تدا، موسڵ گه‌شه‌ ده‌كات"، ئه‌و په‌یامه‌ش به‌پله‌ی‌ یه‌كه‌م ئاراسته‌ی‌ خه‌ڵكی‌ موسڵ ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ پشتگیرییان به‌ده‌ست بهێنێَت، ئه‌مه‌ش ئه‌و كاته‌ سه‌ر ده‌گرێت ئه‌گه‌ر بڕوایان هێنا داعش بۆ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر ده‌مێنێته‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ دروشمی‌ رێكخراوه‌كه‌ بریتییه‌ له‌وه‌ی‌ "ده‌مێنێته‌وه‌و په‌ل ده‌هاوێ‌".

 

هه‌نگاوی‌ هه‌ره‌ بوێرانه‌ش رووكردنه‌ گه‌شتوگوزارو كاتبه‌سه‌ربردن بوو، كاتێك داعش هۆتێلی‌ (ئۆپرۆی‌) جارانی‌ كرده‌وه‌و ناوینا "هۆتێلی‌ وارسین"‌و به‌و بۆنه‌یه‌شه‌وه‌ له‌رۆژی‌ یه‌كی‌ ئایار ئاهه‌نگێكی‌ خێزانی‌ خۆڕایی‌ بۆ ئه‌ندامانی‌ داعش‌و خێزانه‌كانیان رێكخست.

 

هه‌ر دوای‌ هه‌فته‌یه‌ك‌و نزیك له‌و هۆتێله‌، داعش ده‌رگای‌ كۆشكه‌كانی‌ سه‌دام حسێنی‌ كرده‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ گه‌شتوگوزارو كات به‌سه‌ربردن، وه‌ك سه‌عد خزر ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات كه‌ خه‌ڵكێكی‌ زۆر به‌په‌رۆشه‌وه‌ سه‌ردانیان ده‌كه‌ن.

 

پرۆسه‌كه‌ ئه‌و كاته‌ گه‌یشته‌ ئه‌نجام كه‌ توانرا كاره‌با بۆ موسڵ بگێڕدرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ی‌ به‌هۆی‌ شه‌ڕی‌ نێوان پێشمه‌رگه‌و داعشه‌وه‌ هێڵه‌كانی‌ گواستنه‌وه‌ بچڕابوون‌و پێنج مانگه‌ كاره‌با له‌وشاره‌ بڕاوه‌، یه‌كێك له‌ئه‌ندامانی‌ تیمی‌ چاككردنه‌وه‌ی‌ كاره‌با له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌بو عوبه‌یده‌ به‌په‌رۆشه‌وه‌ به‌ده‌م بیرۆكه‌ی‌ ناردنی‌ تیمی‌ چاككردنه‌وه‌وه‌ چوو بۆ تاوه‌ره‌كانی‌ گواستنه‌وه‌و فه‌رمانیدا پارێزگارییان لێبكرێت".

 

ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ ده‌شڵێت "به‌ره‌زامه‌ندی‌ پێشمه‌رگه‌ كاری‌ چاككردنه‌وه‌مان ئه‌نجامدا، پاش ئه‌وه‌ی‌ رێگه‌یان داین بچینه‌ وێستگه‌ی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ كاره‌با له‌به‌نداوی‌ موسڵ‌و به‌وهۆیه‌وه‌ كاره‌با بۆ شاره‌كه‌ گه‌ڕایه‌وه‌".

 

دیوانی‌ خزمه‌تگوزاریی‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ی‌ وه‌ك "سه‌ركه‌وتن"ی‌ خۆیان ئه‌ژماركرد، چونكه‌ ده‌ریده‌خات كه‌ باشتر له‌ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌سیل نوجێفی‌ پارێزگار ده‌توانن به‌ده‌م پێداویستی‌ خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌وه‌ بچن.

 

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ ماوه‌ی‌ ده‌ مانگه‌ حكومه‌ت موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ داعش ده‌دات، به‌ڵام داعش ده‌یه‌وێت خۆی‌ به‌ری‌ داهاته‌كه‌یان بچنێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌ر پاره‌یه‌ك بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ فه‌رمانگه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان، سه‌ره‌نجام ده‌چێت گیرفانی‌ داعشه‌وه‌، له‌نێو ئه‌و داهاته‌ناشدا وه‌رگرتنی‌ (10) هه‌زار دیناری‌ مانگانه‌ له‌هه‌ر ماڵێك له‌به‌رامبه‌ر پاككردنه‌وه‌ی‌ رێوبانه‌كان، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌كرێی‌ دوكان‌و بازاڕو قاوه‌خانه‌و كارگه‌و گه‌راجه‌كانی‌ وه‌ستانی‌ ئۆتۆمبێل كه‌ كۆی‌ ئه‌م داهاتانه‌ش سه‌دان ملیۆن دیناره‌.

 

داعش له‌خه‌یاڵی‌ ئه‌وه‌دا نییه‌ له‌رێی‌ سندوقه‌كانی‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ره‌زامه‌ندی‌ خه‌ڵك بده‌ست بهێنێت، چونكه‌ نه‌ بڕوای‌ به‌دیموكراسییه‌و نه‌ به‌پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت ئه‌و ره‌زامه‌ندیه‌ له‌رێی‌ پێشكه‌شكردنی‌ خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ ده‌سته‌به‌ر بكات.

 

زیاتر له‌ ده‌ مانگه‌ موسڵ به‌ده‌ست داعشه‌وه‌یه‌و كوشتن‌و ترساندن‌و تیرۆر ته‌نها توانیوێتی‌ به‌شێكی‌ كه‌می‌ موسڵییه‌كان بباته‌ باوه‌شی‌ داعشه‌وه‌، ئێستا پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌: ئاخۆ "ته‌نه‌كه‌ی‌ خۆڵ" ده‌توانێت ئه‌و ئامانجه‌ بۆ داعش بپێكێت‌و خه‌ڵكی‌ موسڵ بكاته‌ دۆستی‌ خۆی‌؟

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌