راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

یه‌كه‌م ئه‌زموونی‌ ژنانی‌ هاتوچۆ له‌به‌غدا

موستەفا سەعدون
وه‌ستان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی‌ به‌غداو رێكخستنی‌ ره‌وتی‌ هاتوچۆ ئاسان نییه‌، چونكه‌ ئه‌و شاره‌ له‌پایته‌خته‌كانی‌ تری‌ دنیا ناچێت كه‌ له‌رووی‌ ئه‌منی‌‌و سیاسی‌‌و خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ سه‌قامگیرن
12.05.2015
Streets in Erbil, Iraq
Streets in Erbil, Iraq

به‌كراسه‌ سپییه‌كه‌ی‌ به‌ری‌‌و ته‌نوره‌ نیلییه‌كه‌ی‌ پێیه‌وه‌ خۆی‌ ئاماده‌ كردو كڵاوه‌كه‌ی‌ كرده‌ سه‌ری‌، ئینجا به‌زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌وته‌ رێ‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بچێته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان، ئه‌مه‌ دیمه‌نی‌ مولازم نه‌سرین عه‌زیز بوو ئه‌وكاته‌ی‌ له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ هاتوچۆی‌ به‌غدا هاته‌ ده‌ره‌وه‌.

 

وه‌ستان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی‌ به‌غداو رێكخستنی‌ ره‌وتی‌ هاتوچۆ ئاسان نییه‌، چونكه‌ ئه‌و شاره‌ له‌پایته‌خته‌كانی‌ تری‌ دنیا ناچێت كه‌ له‌رووی‌ ئه‌منی‌‌و سیاسی‌‌و خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ سه‌قامگیرن، به‌ڵكو هیچ پێوه‌رێكی‌ شاری‌ هاوچه‌رخی‌ تێدا نییه‌.

 

له‌ناو به‌غدادا هه‌ڵڵاو بێسه‌روبه‌ره‌یی‌ هاتوچۆ هه‌یه‌، ئه‌و كاره‌ به‌پۆلیس پیاوه‌كانی‌ هاتوچۆ رێكناخرێت، جا به‌دڵنیاییه‌وه‌ بۆ ژنان زه‌حمه‌تتره‌، ئۆتۆمبێلی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان گوێ‌ به‌هیچ یاساو رێسایه‌ك ناده‌ن‌و به‌پێچه‌وانه‌ی‌ ره‌وته‌وه‌ رێده‌كه‌ن، به‌هه‌مان شێوه‌ ئۆتۆمبێلی‌ به‌رپرسه‌كانیش به‌س باكیان به‌یاسای‌ هاتوچۆ نییه‌، بۆیه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی‌ به‌غدا به‌ڕێوه‌ ده‌چن له‌ده‌ستی‌ پۆلیسی‌ هاتوچۆدا نییه‌.

 

نه‌سرین له‌سه‌ر شه‌قامی‌ یه‌كتربڕی‌ یاریگای‌ شه‌عب ده‌وه‌ستێت كه‌ یه‌كێكه‌ له‌قه‌ره‌باڵغترین ناوچه‌كانی‌ به‌غدا، به‌یارمه‌تی‌ چه‌ند پۆلیسێكی‌ تری‌ هاتوچۆ له‌پیاوان هه‌وڵی‌ رێكخستنی‌ هاتوچۆ ده‌كات، كاتێكیش تاكسییه‌كان به‌وێدا تێده‌په‌ڕن زۆربه‌یان هێواشی‌ ده‌كه‌نه‌وه‌و شۆفێره‌كان به‌سه‌رسوڕمانه‌وه‌ ته‌ماشا ده‌كه‌ن كه‌ ژنێك له‌سه‌ر شه‌قامه‌كه‌ وه‌ستاوه‌.

 

نه‌سرین خۆی‌ باش ده‌زانێت كه‌ به‌هۆی‌ بارودۆخی‌ ئه‌منییه‌وه‌ رێكخستنی‌ هاتوچۆی‌ شه‌قامه‌كانی‌ به‌غدا قورسه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ زۆركه‌س سه‌یره‌ به‌لایانه‌وه‌ چاوه‌ڕێی‌ ده‌ستی‌ ژنێك بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ رایان بگرێت یان رێگه‌ی‌ رۆیشتنیان پێبدات.

 

له‌باره‌ی‌ كاره‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت "دڵخۆشم به‌وه‌ی‌ به‌شێكم له‌رێكخه‌رانی‌ هاتوچۆی‌ پایته‌خت.. سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌و هه‌موو مه‌ترسیه‌ی‌ له‌ئارادایه‌، به‌ڵام هه‌موو شتێك به‌جوان ده‌بینم، وه‌ك ژنێكی‌ عێراقی‌ به‌وه‌ ئاسووده‌م كه‌ ده‌توانم كاری‌ مه‌یدانی‌ بكه‌م".

 

له‌ساڵانی‌ حه‌فتاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو یه‌كێك له‌كاریكاتێریسته‌ به‌ناوبانگه‌ عێراقییه‌كان كه‌ ناوی‌ (موئه‌یه‌د نیعمه‌)یه‌ كاریكاتێرێكی‌ كێشابوو كه‌ تیایدا ژنه‌ پۆلیسێكی‌ هاتوچۆ له‌سه‌ر شه‌قامه‌و دایكیشی‌ خوشك‌و براكانی‌ هێناوه‌ بۆ ئه‌وێ‌ تا له‌لای‌ دایانبنێت خۆی‌ بچێت سه‌وزه‌ بكڕێت، ئه‌و ده‌مه‌ نیعمه‌ به‌گاڵته‌جاڕییه‌وه‌ باسی‌ په‌یوه‌ندی‌ ژن‌و كاری‌ پۆلیسی‌ كردبوو.

 

ده‌وترێ‌ هه‌ر له‌ساڵانی‌ حه‌فتاكاندا عێراق یه‌كێك بووه‌ له‌پێشینه‌ی‌ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بیانه‌ی‌  رێگه‌ی‌ به‌ژن داوه‌ كاری‌ پۆلیسی‌ هاتوچۆ بكه‌ن، به‌ڵام له‌ساڵانی‌ هه‌شتاكاندا به‌هۆی‌ شه‌ڕه‌وه‌ ئه‌م رۆڵه‌ پوكایه‌وه‌و ژنان ته‌نها رۆڵی‌ كارگێڕییان له‌ناو ئۆفیسه‌كاندا پێبه‌خشرا.

 

عه‌مید عه‌ممار وه‌لید وته‌بێژی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ هاتوچۆی‌ به‌غدا به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "به‌شی‌ راگه‌یاندن‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ هاتوچۆ ده‌مێكه‌ هه‌وڵی‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ی‌ خه‌ڵك ده‌دات له‌باره‌ی‌ كاری‌ ژنانی‌ هاتوچۆوه‌ تا شۆفێره‌كان له‌سه‌ر ئه‌م دیمه‌نه‌ رابهێنێت".

 

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ی‌ ئێستا ده‌كرێت كارێكی‌ ئه‌زموونییه‌ بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان‌و زانینی‌ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵك تا چه‌ند به‌لایه‌نه‌وه‌ په‌سه‌نده‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ عێراق كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ خۆرهه‌ڵاتییه‌و رانه‌هاتووه‌ به‌بینینی‌ ژنان به‌و شێوه‌یه‌".

 

عه‌مید وه‌لید ده‌شڵێت "له‌ناو پۆلیسی‌ هاتوچۆدا ژنانیش به‌هه‌مان پێوه‌ری‌ پیاوان وه‌رده‌گیرێن، مه‌رجی‌ سه‌ره‌كیش ئه‌وه‌یه‌ ته‌مه‌نیان له‌سه‌روو بیست‌و شه‌ش ساڵه‌وه‌ نه‌بێت".

 

هودا كه‌ ژنه‌ پۆلیسێكی‌ هاتوچۆیه‌ وه‌ك خۆی‌ ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات زۆر ئاسووده‌یه‌ به‌وه‌ی‌ له‌ئۆفیسی‌ فه‌رمانگه‌كه‌ی‌ هاتووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌و له‌سه‌ر شه‌قام كاره‌كانی‌ راده‌په‌ڕێنێت، له‌م رووه‌وه‌ ده‌ڵێت "ده‌توانین هاوشانی‌ پیاوان له‌هه‌موو بوارێكدا كاربكه‌ین.. هیچ شتێك به‌لای‌ ئێمه‌وه‌ ئاسته‌م نییه‌".

 

كاتێك دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر هودا چووه‌ته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان، خه‌ڵكی‌ به‌سه‌رسوڕمانه‌وه‌ ته‌ماشایان كردووه‌ كه‌ ژنێك له‌نێوان ئه‌و هه‌موو پیاوه‌دا كاره‌كانی‌ راده‌په‌ڕێنێت، به‌ڵام رووداوی‌ هه‌ره‌ خۆش به‌لایه‌وه‌ ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ شۆفێرێكی‌ تاكسی‌ وێنه‌ی‌ سێڵفی‌ له‌گه‌ڵدا گرتووه‌.

 

به‌لای‌ هوداوه‌ كاركردن له‌بارودۆخێكی‌ ئه‌منی‌ ئاڵۆزدا زۆر زه‌حمه‌ته‌، به‌ڵام وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت ئه‌مه‌ ته‌حه‌ددایه‌ بۆ سه‌لماندنی‌ توانای‌ ژنانی‌ عێراقی‌.

 

لیوا نه‌جم عه‌بود به‌رێوه‌به‌ری‌ راگه‌یاندن‌و په‌یوه‌ندی‌ كاروباری‌ پۆلیس له‌وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ رێژه‌ی‌ به‌شداری‌ ژنان له‌كاری‌ پۆلیسیدا زیادی‌ كردووه‌و چه‌ند ژنێكیش توانیویانه‌ بگه‌نه‌ پله‌ی‌ جیاوازی‌ ئه‌فسه‌ری‌.

 

لیوا نه‌جم به‌"نیقاش"ی‌ وت "ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ ژنانی‌ خۆبه‌خش له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ هاتوچۆ هه‌ن، به‌شێكیان له‌ناو فه‌رمانگه‌و به‌شێكی‌ تریان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانن، وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ گرنگی‌ به‌به‌شداری‌ ژنان ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی‌ وڵاتانی‌ جیهان رێبكه‌ین".ده‌شڵێت "ژماره‌ی‌ ژنانی‌ پۆلیسی‌ هاتوچۆ زیاتر له‌سه‌د ژنه‌، به‌ڵام هه‌موویان له‌مه‌یداندا كارناكه‌ن".

 

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ بۆ زۆرێك له‌شۆفێره‌كان ئه‌م دیمه‌نه‌ نوێیه‌، بۆیه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌باشی‌ لێی‌ تێناگه‌ن، كاتێك واسیق تائی‌ شۆفێری‌ تاكسی‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان رۆیشتووه‌و ژنێك به‌به‌رگی‌ پۆلیسی‌ هاتوچۆوه‌ ده‌ستی‌ لێڕاگرتووه‌، پێی‌ سه‌یربووه‌و وایزانیوه‌ ئه‌وه‌ی‌ رووده‌دات به‌شێكه‌ له‌دیمه‌نێكی‌ ته‌له‌فزیۆنی‌، به‌ڵام كه‌ ته‌ماشای‌ ئه‌ملاو ئه‌ولای‌ كردووه‌ له‌هیچ جێگه‌یه‌كه‌وه‌ كامێرای‌ نه‌بینیوه‌.

 

تائی‌ ده‌ڵێت "شتێكی‌ دڵخۆشكه‌ره‌ كه‌ ژنان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان كاری‌ هاتوچۆ رێكده‌خه‌ن.. به‌مه‌ ئاسووده‌ین، چونكه‌ ده‌بێته‌ به‌شێك له‌و رۆژه‌ی‌ له‌به‌غدادا تیای‌ ده‌ژین"، به‌پێكه‌نینیشه‌وه‌ ده‌ڵێت "هه‌ر ژنێكی‌ هاتوچۆ بیه‌وێت سزام بدات، ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه‌ چاوباشقاڵی‌ له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م".

 

ئه‌وه‌ی‌ ئێستا له‌به‌غدا رووده‌دات یه‌كه‌م ئه‌زموون نییه‌ له‌عێراقدا، چونكه‌ پێشتر ئه‌م هه‌نگاوه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ ده‌ستی‌ پێكردووه‌‌و شوێنی‌ خۆی‌ كردووه‌ته‌وه‌، ئینجا په‌ڕیوه‌ته‌وه‌ بۆ به‌سره‌ وه‌ك یه‌كه‌مین پارێزگای‌ سه‌ر به‌حكومه‌تی‌ ناوه‌ند.

 
سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌