راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

خه‌لیفه‌كه‌ی‌ داعش چووه‌ پاڵ نه‌وه‌ی‌ سپۆنج بۆب

خاڵس جومعە
ره‌نگه‌ باشترین وه‌سف بۆ موسڵ له‌سه‌رده‌می‌ داعشدا ئه‌وه‌ بێت كه‌ پێی‌ بوترێت، ژیان له‌سه‌رده‌می‌ تاریكیدا، ئه‌وه‌ی‌…
9.04.2015  |  موسڵ

ژیان ناوه‌ستێت، ئه‌مه‌ قسه‌ی‌ سه‌ر زاری‌ زۆربه‌ی‌ موسڵییه‌كانه‌ پاش ده‌ مانگ له‌حوكمی‌ داعش، دیارترین دیمه‌نی‌ ژیانیش زۆربوونی‌ خواستی‌ هاوسه‌رگیرییه‌، بۆیه‌ زۆركه‌س له‌وه‌ ده‌پرسن چۆن له‌ژێر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ توندو ئاگرینه‌دا هێشتا كه‌سانێك هه‌ن بیریان لای‌ ژیانه‌.

عومه‌ر محه‌مه‌د كه‌ گه‌نجێكی‌ دانیشتوی‌ موسڵه‌ له‌رێی‌ ته‌له‌فۆنه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند كه‌ ته‌نها له‌ماوه‌ی‌ دوو هه‌فته‌دا به‌شداری‌ سێ‌ بۆنه‌ی‌ هاوسه‌رگیری‌ هاوڕێكانی‌ كردووه‌و له‌نزیكه‌وه‌ له‌چۆنێتی‌ به‌ڕێوه‌چوونی‌ ئاهه‌نگه‌كانی‌ روانیوه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ داعشدا.

محه‌مه‌د پێی‌ وایه‌ موسڵییه‌كان ئیتر ئارامیان نه‌ماوه‌و له‌وه‌ تێگه‌یشتوون كه‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادكردنه‌وه‌ی‌ شاره‌كه‌یان زۆر ده‌خایه‌نێت، بۆیه‌ ده‌یانه‌وێت درێژه‌ به‌ژیان بده‌ن، هۆكاری‌ زۆربوونی‌ هاوسه‌رگیریش په‌یوه‌ندی‌ هه‌یه‌ به‌كه‌می‌ تێچوون‌و ماره‌ییه‌وه‌یه‌، جا ئه‌گه‌ر به‌هۆی‌ كه‌م ده‌رامه‌تی‌ یان به‌هۆی‌ بڕیاره‌كانی‌ داعشه‌وه‌ بێت كه‌ رێ‌ به‌ئاهه‌نگی‌ گۆرانی‌‌و میوزیك‌و تێكه‌ڵبوونی‌ ژن‌و پیاو نادات.

بۆ زیاتر تێگه‌یشتن له‌هۆكاره‌كان "نیقاش" له‌یه‌كێك له‌زاواكانی‌ پرسی‌ كه‌ ناوی‌ زیاده‌و ته‌مه‌نی‌ 23 ساڵه‌ ئاخۆ چی‌ پاڵی‌ پێوه‌ ناوه‌ بۆ هاوسه‌رگیری‌؟

زیاد ده‌ڵێت "پێشتر بڕیاری‌ هاوسه‌رگیریم دابوو، به‌ڵام به‌هۆی‌ هاتنی‌ داعشه‌وه‌ دوامخست، كه‌ زانیم ده‌ركردنیشیان زۆر ده‌خایه‌نێت، بۆیه‌ جارێكی‌ تر هێنامه‌وه‌ به‌ر مه‌یدان‌و دایك‌و باوكیشم پشتیوانیان كردم".

زیاد باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئێستا خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌ زۆر بیر له‌ئاینده‌یان ناكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ زیاتر له‌دوو ملیۆن دانیشتوی‌ ئه‌و شاره‌ هه‌مان چاره‌نوسیان هه‌یه‌و هه‌موویان پێكه‌وه‌ چاوه‌ڕێی‌ ده‌كه‌ن.

ئێستا داعش وه‌ك هه‌موو كاروبارێكی‌ تر لووتی‌ ژه‌نیوه‌ته‌ هاوسه‌رگیریشه‌وه‌، له‌مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ ساڵی‌ رابردووه‌وه‌ ده‌رگای‌ دادگا مه‌ده‌نییه‌كان داخراوه‌و هه‌موو هاوسه‌رگیرییه‌ك ده‌بێت له‌لای‌ دادگای‌ به‌ناو شه‌رعی‌ تۆمار بكرێت‌و هه‌ر كه‌سێك ئه‌و كاره‌ نه‌كات سزا ده‌درێت.

عومه‌ر محه‌مه‌د باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ داعش مه‌سه‌له‌ی‌ هاوسه‌رگیری‌ به‌كارده‌هێنێت بۆ راكێشانی‌ چه‌كداری‌ نوێ‌، چونكه‌ هه‌ر كه‌سێك بڕیاری‌ هاوسه‌رگیری‌ بدات بڕی‌ هه‌زار بۆ 1500 دۆلاری‌ ده‌داتێ‌‌و چه‌ند پارچه‌ كه‌لوپه‌لێكیشی‌ بۆ ده‌كڕێت.

ره‌نگه‌ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌ بێت كه‌ زۆرێك له‌خێزانه‌كان په‌له‌یانه‌ ژن بۆ كوڕه‌ هه‌رزه‌كاره‌كانیان بهێنن كه‌ هه‌تا دوێنێ‌ به‌دیار فیلم كارتۆنی‌ "سپۆنج بۆب"ه‌وه‌ داده‌نیشتن، محه‌مه‌د به‌گاڵته‌وه‌ ده‌ڵێت "ئه‌مه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ سه‌رقاڵیان بكه‌ن‌و نه‌بنه‌ چه‌كداری‌ داعش، چونكه‌ بێكارییه‌كی‌ ته‌واو باڵی‌ به‌سه‌ر شاره‌كه‌دا كێشاوه‌و خوێندنیش راوه‌ستاوه‌".(سپۆنج بۆب زنجیره‌یه‌كی‌ فلیم كارتۆنی‌ ئه‌مه‌ریكییه‌ كه‌ باس له‌ژیانێكی‌ خه‌یاڵی‌ ژێر ئاو ده‌كات‌و له‌دوای‌ ساڵی‌ 1996ه‌وه‌ زیاتر گه‌شه‌ی‌ پێدرا).

هۆكارێكی‌ تر ئه‌وه‌یه‌ هێشتا دروستكردنی‌ پرۆژه‌كانی‌ نیشته‌جێبوون به‌رده‌وامه‌و ئه‌و گه‌نجانه‌ به‌نیوه‌ی‌ پاره‌ی‌ جاران شوێنێكی‌ نیشته‌جێبونیان ده‌ست ده‌كه‌وێت.

موسڵییه‌كان هێشتا ده‌چنه‌ چایخانه‌و شوێنه‌ گشتییه‌كان‌و ته‌ماشای‌ هه‌واڵه‌كان ده‌كه‌ن‌و به‌ورییاییه‌وه‌ له‌رووداوه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌ڕوانن، له‌ناوچه‌كانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ داعش، كاتێكیش حكومه‌تی‌ عێراق هه‌واڵی‌ ئازادكردنی‌ تكریتی‌ راگه‌یاند، زۆرێكیان به‌بێده‌نگی‌ خۆشی‌ خۆیان ده‌ربڕی‌، به‌ڵام ترسیشیان له‌ژیانی‌ خۆیان هه‌یه‌ به‌هۆی‌ نزیكبوونه‌وه‌ی‌ كاتی‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادكردنی‌ موسڵ.

جگه‌ له‌وه‌ موسڵییه‌كان چاودێری‌ رووداوه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ش ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تی‌ پرۆسه‌ی‌ "گه‌رده‌لولی‌ توندوتۆڵ" كه‌ ده‌ وڵاتی‌ عه‌ره‌بی‌ به‌ڕێبه‌رایه‌تی‌ سعودییه‌ بۆ سه‌ر گروپی‌ حوسییه‌كانی‌ یه‌مه‌ن له‌ 26ی‌ مانگی‌ رابردووه‌وه‌ به‌رپایان كردووه‌، ئه‌م رووداوه‌ ته‌واو خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌ی‌ دڵخۆش كردووه‌، چونكه‌ پێیان وایه‌ شه‌ڕێكه‌ دژی‌ ئێران كه‌ له‌ناو موسڵدا دوژمن‌و نه‌یاری‌ زۆره‌.

عومه‌ر محه‌مه‌د ده‌ڵێت "به‌هۆی‌ سه‌رقاڵیمان به‌شه‌ڕی‌ حوسییه‌كانه‌وه‌ نه‌هامه‌تی‌ خۆمان له‌بیر كرد، ئێستا زۆربه‌ی‌ كۆڕو كۆبوونه‌وه‌كان یان باسی‌ شه‌ڕی‌ دوای‌ تكریته‌ یان حوسییه‌كان".

له‌كۆتایی‌ مانگی‌ نیسان داعش رایگه‌یاند كه‌ به‌م زوانه‌ رووداوێكی‌ گرنگ رووده‌دات، هه‌ندێك وه‌ك درۆی‌ نیسان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كردو هه‌ندێكی‌ تر رووكاری‌ دوكان‌و بازاڕه‌كانیان بۆ رازاندبۆوه‌.

به‌ره‌به‌یانی‌ رۆژی‌ یه‌كی‌ نیسان هه‌ر له‌گه‌ڵ له‌خه‌و هه‌ستان خه‌ڵكی‌ موسڵ ده‌یانپرسی‌ ئاخۆ ده‌بێ‌ چی‌ رووبدات، كه‌س وه‌ڵامی‌ له‌لا نه‌بوو، به‌ڵام زۆر گریمانه‌ باس ده‌كرا وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ داعش به‌بێ‌ شه‌ڕ له‌شاره‌كه‌ ده‌كشێته‌وه‌ یان لێبوردن بۆ گیراوه‌كان ده‌رده‌چێت، به‌هێزترین ده‌نگۆش ئه‌وه‌ بوو كه‌ خه‌لیفه‌ ژنێكی‌ تری‌ هێناوه‌.

دواتر رۆژنامه‌یه‌كی‌ به‌ناوبانگی‌ عه‌ره‌بی‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی‌ ژنێكی‌ ئه‌ڵمانی‌ هێناوه‌ كه‌ له‌سوریا چووه‌ته‌ ناو داعشه‌وه‌و پاشان له‌موسڵ به‌رپرسیارێتی‌ پێ‌ سپێردراوه‌، به‌مه‌ش خه‌لیفه‌ چووه‌ پاڵ نه‌وه‌ی‌ سپۆنج بۆب كه‌ په‌له‌ی‌ ژنهێنانیانه‌ له‌م چه‌ند رۆژه‌دا، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر هه‌واڵه‌كه‌ راست بێت.