نه‌بوونی بێلایه‌نی لهرووماڵكردنی شه‌ڕی داعش وایكردووه میدیای ئێرانی له‌رێی سه‌دان رۆژنامه‌و كه‌ناڵی ئاسمانی‌و رادیۆی حیزبه شیعییه‌كانه‌وه ببێته سه‌رمه‌شقی هه‌واڵ‌و زانیارییه‌كان، نموونه‌ی هه‌ره دیاریش ئه‌وه‌یه كه‌ناڵی "ئه‌لعاله‌م"ی ئێرانی هه‌واڵێكی بڵاوكرده‌وه كه ئه‌مه‌ریكا بهفرۆكهكانی هاوكاریی سه‌ربازی بۆ داعش به‌رده‌داته‌وه‌و بۆردومانی سوپای عێراقی‌و هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌كات، به‌دوای ئه‌ودا یه‌كسه‌ر میدیای هه‌موو هێزه شیعییه‌كانی عێراق ده‌ستیان كرد به‌دووباره بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵه.
سه‌ره‌تای ئه‌م واته‌واته لهدیالهوه ده‌ستی پێكرد كاتێك یه‌كێك لهفهرماندهكانی حه‌شدی شه‌عبی رایگه‌یاند كه فڕۆكه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكییان بینیوه به‌په‌ڕه‌شووت چه‌كی بۆ داعش به‌رداوه‌ته‌وه، به‌بێ هیچ به‌ڵگه‌یه‌كیش چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی "هاوپه‌یمانی نیشتیمانی" (شیعه) كه‌وتنه پشتیوانیكردنی ئه‌و ده‌نگۆیه، هه‌ر دوای ئه‌وه‌ش میلیشیا شیعه‌كانی وه‌ك "عه‌سائیب ئه‌هلل حه‌ق"و "كه‌تیبه‌كانی حیزبوڵا" رایانگه‌یاند كه چه‌كداره‌كانیان فڕۆكه ئه‌مه‌ریكییه‌كانیان بینیوه له‌و كاته‌ی هاوكاریی داعشیان كردووه.
له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كات پروپاگهندهكه زیاتر بڵاوبووه‌وه به‌تایبه‌تی له‌ناوچه‌كانی تكریت‌و سامه‌ڕای سه‌ر به‌پارێزگای سهلاحهدینو گه‌رمه‌و رومادی سه‌ر به‌پارێزگای ئه‌نبار، به‌و هۆیه‌وه حكومه‌ت ناچاربوو لیژنه‌یه‌ك پێك بهێنێت بۆ به‌دواداچوونی راستییه‌كان.
له‌چاوپێكه‌وتنی ژماره‌یه‌ك رۆژنامه‌نووس له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌ره‌ك وه‌زیران له‌كۆتایی شوباتی رابردوو، عه‌بادی رایگه‌یاند كه خۆی شوێن ئه‌و هه‌واڵانه كه‌وتووه‌و بۆی ده‌ركه‌وتووه راست نین‌و وتی "ئه‌م جۆره درۆكردنه چه‌ند ئامانجێكی دیاریكراوی له‌پشته‌وه‌یه".
هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده‌دا باڵێۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌عێراق زیاتر له‌جارێك به‌یاننامه‌ی فه‌رمی بڵاوكرده‌وه بۆ به‌درۆخستنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی چه‌ند فه‌رمانده‌یه‌كی سوپا‌و پۆلیس‌و گه‌وره به‌رپرسانی عێراق له‌نێویاندا ئیبراهیم جه‌عفه‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌و خالید عوبێدی وه‌زیری به‌رگری ره‌تیان كرده‌وه.
سه‌یره‌كه له‌وه‌دایه تائێستاش زۆربه‌ی عێراقییه‌كان بڕوا بهپڕوپاگهندهكه دهكهنو بڕوایان به‌قسه‌كانی حكومه‌ت نییه، چونكه هه‌م میدیای شیعه‌ی نزیك له‌ئێران توانیویانه بڕوا به‌عێراقییه‌كان بهێنن كه فرۆكه ئه‌مه‌ریكییه‌كان سه‌ربازه عێراقیه‌كان ده‌كوژێت‌و یارمه‌تی داعش دهداتو رێ له‌حه‌شدی شه‌عبی ده‌گرێت بۆ ئازادكردنی شاره‌كان، هه‌م میدیای كوردی‌و سوننه‌ش چه‌ند جارێك ئه‌م جۆره زانیارییه‌یان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌و بانگه‌شه‌یان بۆ كردووه.
نه‌ك هه‌ر ئه‌مه، به‌ڵكو چه‌ندین واتهواتو پڕوپاگه‌نده‌ی تر هه‌یه كه میدیاكان بهگشتیو به‌تایبه‌تی میدیای شیعه بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه بێ ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌یان پێبێت، كه‌چی وه‌رگره‌كان به‌وپه‌ڕی بڕواوه قه‌ناعه‌تی پێدهكهنو له‌ناو خۆیاندا ده‌یڵێنه‌وه، ته‌نانه‌ت له‌تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش كار گه‌یشتووه‌ته ئه‌وه‌ی هه‌ر كه‌س بڕوا به‌و زانیاریانه نه‌كات به"خۆفرۆش"و دۆستی داعش ناوی ده‌به‌ن.
یه‌كێكی تر له‌و پڕوپاگه‌ندانه‌ی به‌مدواییه بڵاوبووه‌وه له‌كاتی شه‌ڕی تكریت بوو دژ به‌داعش له‌سه‌ره‌تای مانگی رابردوو (ئازار) كاتێك وه‌ها بڵاوكرایه‌وه كه "ره‌غدی كچی سه‌دام حوسێن لهتكریت گه‌مارۆ دراوه‌و یارمه‌تی داعش ده‌دات، داواشی له‌حه‌شدی شه‌عبی كردووه رێی بده‌ن له‌شاره‌كه بچێته ده‌ره‌وه له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ش بڕێكی زۆر پاره‌یان بداتێ".
پێده‌چێت به‌وردی كار له‌سه‌ر ئه‌م پڕوپاگه‌نده‌یه كرابێت، چونكه عێراقییه‌كان ده‌زانن كه تكریت زێدی سه‌دام حوسێنه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه شیعه رقیان له‌و شاره‌یه‌و ده‌یانه‌وێت تۆڵه‌ی لێبكه‌نه‌وه، بۆیه هه‌ر زوو پڕوپاگه‌نده‌كه بڵاوبووه‌و زۆركه‌س باوه‌ڕیان پێكرد، ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه چه‌ند ساڵێكه ره‌غد له‌ئه‌رده‌ن نیشته‌جێیه.
هه‌ر له‌نێو ئه‌و پڕوپاگهندانهشدا ئه‌وه بڵاوبووه‌وه كه "حیزبی به‌عس به‌سه‌رۆكایه‌تی عیززه‌ت دوری جێگری سه‌رۆك كۆماری سه‌رده‌می به‌عس، رێبه‌رایه‌تی سوپایه‌ك ده‌كات له‌تكریت‌و موسڵ‌و سه‌رقاڵی ئاماده‌كارییه بۆ په‌لاماردانی حه‌شدی شه‌عبی"، كاتی ئه‌م پڕوپاگه‌نده‌یه‌ش وا بڵاوكرایه‌وه كه حه‌شدی شه‌عبی توانیویانه شۆفێره تایبه‌ته‌كه‌ی عیززه‌ت دوری‌و یه‌كێك لهناسیاوو هاوڕێكانی ده‌ستگیربكه‌ن.
میدیاكانی شیعه به‌ته‌نها به‌بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م پڕوپاگه‌نده‌یه‌وه نه‌وه‌ستان، به‌ڵكو ئه‌ركی تریشیان گرته ئه‌ستۆ، له‌وانه بهكاریزماكردنی سه‌ركرده‌كانی ئێران‌و حه‌شدی شهعبیو ناوزڕاندنی سیاسهتمهدارو په‌رله‌مانتارانی سوننه به‌وه‌ی پشتیوانی داعش ده‌كه‌ن.
هه‌ر بۆ نموونه ئه‌و میدیایانه قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی سوپای قودسی ئێرانیان كرده پاڵه‌وانی شهڕهكانو ئه‌و وێنانه‌یان بڵاوده‌كرده‌وه كه له‌نێو حه‌شدی شه‌عبیدا دهیگرێتو سه‌ركرده عێراقییه‌كانی له‌پشته‌وه‌یه، وه‌ك هادی عامری رێبه‌ری رێكخراوی به‌در.
سلێمانی‌و عامری‌و ئه‌بو عیزرائیل له‌چاوی به‌شێك لهعێراقییهكاندا بوونه فریادڕهسو چیرۆكی "پاڵه‌وانێتی" ئه‌وان له‌شه‌ڕه‌كاندا داماو ده‌م ده‌كات، چه‌ندین كه‌سیش وێنه‌ی قاسم سوله‌یمانیان كردووه‌ته وێنه‌ی پرۆفایلی فه‌یسبووكه‌كانیان.
میدیاكانی عێراق به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به‌شیعه‌و سوننه‌و كورده‌وه رۆڵی گه‌وره‌یان هه‌بوو له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی چه‌ندین زانیاری ناڕاست، هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی له‌زۆربه‌ی شه‌ڕه‌كاندا ژماره‌ی قه‌به‌ی كوژراوانی داعش بڵاوده‌كه‌نه‌وه، دواتر روونده‌بێته‌وه كه ئه‌و ژمارانه راست نین‌و ئه‌مه‌ش بێمتمانه‌یی له‌نێو عێراقییه‌كاندا دروست ده‌كات.
به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر ئاستی هه‌ندێ میدیای دیاریكراو هه‌ڵمه‌تێكی به‌رفراوان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی رۆڵی سوپا‌و پۆلیس له‌پاراستنی ناوچه‌كان كه‌مبكاته‌وه‌و زهبهلاحییهكی گه‌وره به‌چه‌ند هێزێكی تر بدات، له‌وانه‌ش حه‌شدی شه‌عبی كه ئێستا به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ ئێران سه‌رپه‌رشتیان دهكاتو له‌لایه‌ن ئه‌فسه‌رانی سوپای پاسدارانی ئێرانه‌وه رێنوێنی ده‌كرێن.
كێشه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده‌و واته‌وات به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ دروستبوونی حه‌شدی شه‌عبیدا سه‌ریهه‌ڵداوه له‌حوزه‌یرانی ساڵی رابردووه‌وه، ئه‌و ده‌مه زۆربه‌ی میدیا لۆكاڵییه‌كانی عێراق كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتیوانی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی بكرێت له‌به‌رامبه‌ر داعشدا، بۆیه زۆر راستیان له‌و پێناوه‌دا شارده‌وه.
لهگهڵَ قوڵبوونه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كان له‌نێوان هێزی به‌زیوی عێراق‌و حه‌شدی شه‌عبی هاوپه‌یمانی له‌به‌رامبه‌ر داعش، زۆرێك له‌میدیاكان به‌ته‌واوی لهبێلایهنیو هاوسه‌نگی دوركهوتنهوهو له‌ژێر فشاردا خۆیان یه‌كیلایی كرده‌وه.
بۆ نموونه به‌ده‌یان په‌یامنێری میدیاكان له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبیدا چوونه ئه‌و ناوچانه‌ی ئازاد ده‌كران، به‌ڵام هیچیان نه‌یانتوانی هه‌واڵی سوتاندنی ماڵان‌و ده‌ستگیركردنی كه‌سی بێتاوانو كوشتنی چه‌ندین كه‌سی بێگوناهـ له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و هێزانه بڵاو بكه‌نه‌وه، به‌ڵكو كاری ئه‌و رۆژنامهنووسو میدیاوانانه ته‌نها ئه‌وه بوو كه سه‌ركه‌وتنه‌كانی سوپا‌و حه‌شدی شه‌عبی بڵاوبكه‌نه‌وه، میدیای شیعه‌ش كاری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرد كه وێنه‌یه‌كی جوانی چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی نمایش بكات، به‌وه‌ی ئه‌و گرته ڤیدیۆییانه‌ی بڵاوده‌كرده‌وه كه چه‌كداره‌كان به‌شێوه‌یه‌كی مرۆڤ دۆستانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ناوچه ئازادكراوه‌كان دهكهنو خۆراكیان ده‌ده‌نێ.