راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ژنێك به‌یه‌ك ملیۆن دۆلار خوێندنگایه‌ك ده‌كاته‌وه‌

ئه‌حمه‌د قاسمی
پاش خزمه‌تێكی‌ چل ساڵه‌ له‌بواری‌ پزیشكیدا، ژنێكی‌ عێراقی‌ دووره‌ وڵات به‌بڕی‌ یه‌ك ملیۆن دۆلار قوتابخانه‌یه‌كی‌ نموونه‌یی‌ كچان…
29.01.2015  |  به‌رلین
The Babel Chamber of Commerce presented Madiha al-Birman (center) with a plaque in appreciation.
The Babel Chamber of Commerce presented Madiha al-Birman (center) with a plaque in appreciation.

دكتۆره‌ مه‌دیحه‌ عه‌بود بیرمانی‌ له‌كتێبێكی‌ بچووكدا كه‌ بۆ خوێندكاره‌كانی‌ ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ی‌ نوسیوه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ناچار بووه‌ له‌كاتی‌ خوێندنی‌ ئاماده‌ییدا بچێته‌ خوێندنگایه‌كی‌ كوڕان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وكاته‌ له‌بابل ته‌نها به‌شی‌ وێژه‌یی‌ له‌خوێندنگای‌ ئاماده‌یی‌ كچاندا هه‌بووه‌. "نیقاش" له‌مباره‌یه‌وه‌ چاوپێكه‌وتنێكی‌ له‌گه‌ڵ‌ مه‌دیحه‌ عه‌بود ئه‌نجامدا.

نیقاش: له‌ژیاننامه‌ی‌ خۆتدا ئاماژه‌ت به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ئاماده‌یی‌ زانستی‌ بۆ كچان نه‌بووه‌، ئایا ئه‌م جیاوازییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ نه‌بووه‌ مایه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ بۆ خوێندنی‌ پزیشكی‌ روو بكه‌یته‌ به‌ریتانیاو رێڕه‌وی‌ ژیانی‌ خۆت هه‌ڵبژێریت؟

مه‌دیحه‌ عه‌بود: خوێندنی‌ ئاماده‌یی‌ ئه‌زموونێكی‌ قورس بوو، نه‌ك هه‌ر بۆخۆم، به‌ڵكو بۆ كه‌سوكاره‌كه‌شم كه‌ كچه‌كه‌یان له‌نێوان هه‌زاران خوێندكاریی‌ كوڕاندا بوو، ئه‌م ئه‌زموونه‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ بڕیار له‌ئاینده‌ی‌ خۆم بده‌م، بوێری‌‌و توانای‌ زیاتری‌ ده‌مێ‌، سه‌فه‌ركردنیشم بۆ به‌ریتانیا بۆ گه‌یشتنم بوو به‌ئاوات، چونكه‌ خێزانه‌كه‌م حه‌زیان به‌زانسته‌، ئه‌زموونی‌ ئاماده‌یی‌‌و سه‌فه‌ركردن‌و شێوازی‌ په‌روه‌رده‌كردنم توانای‌ ئه‌وه‌یان ده‌مێ‌ به‌پشت به‌ستن به‌خۆم رووبه‌رووی‌ ئاسته‌نگه‌كانی‌ ژیان ببمه‌وه‌، به‌ڵام هێشتا سروشتی‌ كچێكی‌ خۆهه‌ڵاتیم له‌ده‌ست نه‌داوه‌.

نیقاش: تۆ له‌ته‌مه‌نی‌ چل ساڵیدا رووت كرده‌ وڵاتی‌ سوید، فێربوونی‌ زمانی‌ سویدی‌‌و ته‌واوكردنی‌ خوێندنی‌ باڵا له‌بواری‌ پزیشكیدا له‌وێ‌ زه‌حمه‌ت نه‌بوو؟

مه‌دیحه‌ عه‌بود: وه‌ك په‌ناهه‌نده‌ نه‌چوومه‌ سوید، به‌ڵكو خوێندكار بووم، یه‌كه‌مجاریش نه‌بوو له‌وڵاتێكی‌ ئه‌وروپی‌ نیشته‌جێ‌ ببم، سیانزه‌ ساڵ‌ له‌سوید مامه‌وه‌و دواتر چوومه‌ نه‌رویج نیشته‌جێبووم‌و وه‌ك پزیشكی‌ راوێژكار كارم ده‌كرد، هه‌وڵی‌ زۆرمدا له‌سروشتی‌ ئه‌م دوو گه‌له‌ تێبگه‌م، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ زمانی‌ هه‌ردوو وڵات فێربووبووم، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌جوانی‌ نه‌رویج تێگه‌یشتم بڕیاری‌ مانه‌وه‌مدا، پێموایه‌ نه‌رویج جوانترین وڵاته‌ له‌و 46 وڵاته‌ی‌ سه‌ردانم كردوون.

نیقاش: سوربوونت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و خوێندنگایه‌ی‌ ده‌یكه‌یته‌وه‌ ته‌نها بۆ كچان بێت، جۆرێك نییه‌ له‌جیاكاری‌ ئیجابی‌، به‌و مانایه‌ی‌ ژنان له‌عێراق جیاكارییان له‌به‌رامبه‌ردا ده‌كرێت‌و ده‌رفه‌تی‌ ته‌واویان پێنادرێت؟

مه‌دیحه‌ عه‌بود: ره‌نگه‌ قسه‌كه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی‌ رێژه‌یی‌ راست بێت، من له‌لای‌ خۆمه‌وه‌ ئه‌وه‌م به‌دیكردووه‌ كه‌ ژنی‌ عێراقی‌ له‌ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ وڵات توانای‌ پێگه‌یشتن‌و گه‌شه‌كردنی‌ هه‌یه‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ زیاتر هانیان بده‌م، چونكه‌ ژنانی‌ عێراقی‌ چالاكترن له‌پیاوان‌و به‌رگه‌ی‌ فشاری‌ ئاینی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تییان گرتووه‌.

نیقاش: پلانی‌ ئه‌وه‌تان هه‌یه‌ جگه‌ له‌پرۆگرامه‌كانی‌ خوێندن، چه‌ند پرۆگرامێك بۆ لێبورده‌یی‌‌و ئاشتی‌‌و نه‌هێشتنی‌ توندوتیژی‌ له‌خوێندنگاكه‌تاندا زیاد بكه‌ن؟

مه‌دیحه‌ عه‌بود: له‌پاش راده‌ستكردنی‌ خوێندنگاكه‌ كاری‌ من ته‌واو بووه‌، به‌ڵام رۆڵم هه‌بووه‌ له‌ده‌ستنیشانكردنی‌ مامۆستاكان له‌پێدانی‌ پێشنیار، لیستێكم ئاماده‌كردبوو به‌ناوی‌ باشترین مامۆستاكانی‌ بابل‌و ناوی‌ به‌ڕێوه‌به‌ر، كه‌ له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ بابل كۆبوومه‌وه‌ لیسته‌كه‌ی‌ خۆمم پێدان‌و پێم راگه‌یاندن كه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ مامۆستاكان زۆر گرنگه‌، پێداگریم كرد له‌سه‌ر ناوی‌ چه‌ند مامۆستایه‌ك‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌، تائێستاش به‌ته‌له‌فۆن له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ په‌یوه‌ندیم هه‌یه‌ بۆ راگۆڕینه‌وه‌و پێشكه‌شكردنی‌ باشترین پرۆگرامی‌ خوێندن.

نیقاش: تۆ به‌خێرایی‌ عێراقت جێهێشت‌و هه‌موو شتێكت له‌پاش خۆت جێهێڵا، زیاتر له‌سی‌ ساڵ‌ دوور كه‌وتیته‌وه‌‌و كه‌ گه‌ڕایته‌وه‌ پرۆژه‌یه‌كت پێشكه‌شكرد بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتی‌، هیچ په‌یامێكت هه‌یه‌ له‌م رووه‌وه‌؟

مه‌دیحه‌ عه‌بود: به‌ڵێ‌، پێم وایه‌ نیشتیمان حكومه‌ته‌كان بنیادی‌ نانێن، به‌ڵكو گه‌ل بنیادی‌ ده‌نێت‌و حكومه‌ت له‌خزمه‌تیدا ده‌بێت، بۆیه‌ هاوكاری‌ خه‌ڵك بۆ بنیادنانه‌وه‌ی‌ نیشتیمان كۆڵه‌كه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ هه‌ستانه‌وه‌و چه‌سپاندنی‌ سیسته‌می‌ دیموكراسییه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌