راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

مه‌سیحییه‌كان جه‌ژنه‌كه‌یان ده‌به‌نا ناو چادرێكه‌وه‌

خاڵس جومعە
به‌درێژایی‌ مێژوو هیچ كاتێك وه‌كو ئێستا كه‌نیسه‌كانی‌ نه‌ینه‌وا خامۆش نه‌بوون، ئه‌مساڵ‌ مه‌سیحییه‌كان دوور له‌ماڵ‌‌و حاڵی‌ خۆیان…
24.12.2014  |  هه‌ولێر
The
The

جیاواز له‌رابردوو، ئێستا بێده‌نگی‌ باڵی‌ به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا پۆشیوه‌‌و ئه‌وه‌ی‌ تۆزێك گه‌رموگوڕی‌ هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌، ئه‌و چادره‌یه‌ كه‌ به‌ناوی‌ "چادری‌ یه‌سوع" له‌ناو ئاواره‌ مه‌سیحییه‌كان له‌هه‌ولێر هه‌ڵدراوه‌و هه‌ر زوو له‌سه‌ر تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی‌ وه‌ك فه‌یسبووك ده‌نگێكه‌ زۆری‌ دایه‌وه‌.

كه‌نیسه‌ی‌ (مارئیلیا) له‌عه‌ینكاوه‌ی‌ هه‌ولێر به‌هۆی‌ ئه‌و چادره‌وه‌ كه‌ له‌نزیك چادرگه‌ی‌ ئاواره‌كان هه‌ڵدراوه‌ ناووناوبانگێكی‌ زۆری‌ په‌یداكردووه‌، ئه‌و كه‌نیسه‌یه‌ له‌سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ ئابه‌وه‌ نزیكه‌ی‌ 300 خێزانی‌ ئاواره‌ی‌ مه‌سیحی‌ له‌خۆگرتووه‌ له‌وانه‌ی‌ له‌ناوچه‌كانی‌ دۆڵی‌ نه‌ینه‌وا هه‌ڵهاتوون پاش ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و ناوچانه‌ كه‌وته‌ ده‌ست داعش.

له‌به‌رده‌م ده‌رگای‌ كه‌نیسه‌كه‌ گه‌نجێكی‌ ته‌مه‌ن (22 ساڵ‌) پێشوازی‌ كردم كه‌ بۆ پاسه‌وانی‌ جێگه‌كه‌ وه‌ستابوو، له‌وه‌ڵامی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م رۆژانه‌ هه‌ست به‌چی‌ ده‌كات؟ وتی‌ "هیچ دیمه‌نێكی‌ ئاهه‌نگ لێره‌ نییه‌ ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت"، له‌و كاته‌دا ده‌ستی‌ راكێشا بۆ چادره‌كه‌و ئه‌و دره‌خته‌ی‌ له‌ته‌نیشتی‌ رازێندرابۆوه‌.

ئه‌و گه‌نجه‌ كه‌ ناوی‌ داود بوو ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد سه‌ره‌ڕای‌ بارودۆخه‌كه‌، به‌ڵام ته‌نها منداڵان ده‌ستبه‌رداری‌ ئاهه‌نگه‌كانی‌ خۆیان نه‌بوون.

هه‌ركاتێك سه‌رنجی‌ داود ده‌چووه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ سیاجه‌كه‌و ئه‌و داره‌ رازێندراوه‌یه‌ی‌ ده‌بینی‌ كه‌ له‌به‌رده‌م بازاڕێكی‌ به‌رامبه‌ری‌ داندرابوو، یه‌كڕاست یاده‌وه‌رییه‌كانی‌ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌ی‌ خۆی‌ قه‌ره‌قوش كه‌ له‌گه‌ڵ‌ خێزانه‌كه‌یدا چوار مانگه‌ جێی‌ هێشتووه‌.

ئه‌و كاته‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ یه‌كێك له‌سه‌ردانكه‌ره‌كان رۆیشت بۆ وێنه‌گرتنی‌ چادره‌كه‌، داود وتی‌ "ساڵی‌ پار ئه‌م كاتانه‌ خۆمان ئاماده‌ ده‌كرد بۆ ئاهه‌نگ گێڕان، به‌ڵام ئه‌مڕۆ باسی‌ جه‌ژن ناكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی‌ یاده‌وه‌رییه‌ تاڵه‌كانمان بیر نه‌كه‌وێته‌وه‌".

له‌ته‌نیشت چادره‌كه‌وه‌ ژوورێكی‌ بچووك هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ب دۆگلاس بازی‌ سه‌رپه‌رشتیاری‌ كه‌نیسه‌ی‌ مارئیلیاو چادرگه‌ی‌ ئاواره‌كانی‌ لێیه‌.

ئه‌و پیاوه‌ خۆی‌ ته‌رخان كردووه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی‌ چادرگاكه‌و خوێندنگاو په‌یمانگای‌ ئاواره‌كان، له‌ماوه‌ی‌ ئه‌و نیو كاتژمێره‌شدا كه‌ قسه‌ی‌ بۆ "نیقاش" كرد باسی‌ ئه‌و ده‌رده‌سه‌رییانه‌ی‌ كرد كه‌ رووبه‌رووی‌ ئاواره‌كان ده‌بێته‌وه‌و زۆر به‌ده‌گمه‌ن باسی‌ خۆشی‌ جه‌ژنه‌كانی‌ كرد، به‌ڵام هه‌ر كه‌ گه‌یشته‌ سه‌ر "چادری‌ مه‌سیح" كه‌ خۆی‌ بیرۆكه‌كه‌ی‌ داناوه‌ به‌پیرۆزییه‌كی‌ زۆره‌وه‌ باسی‌ لێوه‌ ده‌كرد.

ئه‌ب بازی‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت "حه‌زره‌تی‌ مه‌سیح له‌ژیانی‌ خۆیدا رووبه‌رووی‌ كۆچ بووه‌ته‌وه‌، له‌م باره‌شدا كه‌ سه‌دان هه‌زار ئاواره‌ تووشی‌ نه‌هامه‌تی‌ بوون، بڕیاماندا به‌م چادره‌ بچووكه‌ بۆنه‌كه‌ بكه‌ینه‌وه‌"، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ی‌ كردوومانه‌ گوزارشتێكی‌ روون ره‌وانه‌ بۆ ده‌قه‌كه‌ی‌ ناو ئینجیل كه‌ تیایدا هاتووه‌: خوداوه‌ند چادره‌كه‌ی‌ خۆی‌ له‌ناو خه‌ڵكدا داناوه‌".

بارودۆخی‌ ئه‌و خێزانانه‌ی‌ له‌ناو ئه‌م چادرگه‌یه‌دا ده‌ژین زۆر باشتره‌ له‌گوزه‌رانی‌ ئه‌وانه‌ی‌ له‌چادرگه‌كانی‌ ترو باڵه‌خانه‌ ته‌واو نه‌بووه‌كاندا نیشته‌جێن، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش له‌به‌رچاو بگرین كه‌ ژماره‌ی‌ ئاواره‌ مه‌سیحییه‌كان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان گه‌یشتووه‌ته‌ سه‌د هه‌زار كه‌س‌و پشكی‌ شێریش وه‌ك هه‌میشه‌ به‌ر هه‌ولێر كه‌وتووه‌‌و به‌ته‌نها له‌شارۆچكه‌ی‌ عه‌ینكاوه‌ حه‌وت هه‌زار خێزان گیرساونه‌ته‌وه‌.

له‌نزیك ئه‌و كه‌نیسه‌یه‌ سه‌میره‌ یه‌عقوب له‌ماڵێكدا نیشته‌جێبووه‌ كه‌ هێشتا ته‌واو نه‌كراوه‌، دوو رۆژیشه‌ خۆی‌‌و سێ‌ كچه‌كه‌ی‌ سه‌رقاڵن به‌دروستكردنی‌ هه‌ویره‌مه‌نی‌‌و خه‌ریكی‌ رازاندنه‌وه‌ی‌ ئه‌و ماڵه‌ن كه‌ هیچی‌ نییه‌ ته‌نها دیوار نه‌بێت، هه‌موو هه‌وڵێكیشیان بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌شێكی‌ ئاهه‌نگ ئامێز دروست بكه‌ن.

دایكه‌ ته‌مه‌ن شه‌ست ساڵه‌كه‌ ئومێدی‌ وایه‌ ئه‌مه‌ دواهه‌مین جه‌ژن بێت دوور له‌ماڵه‌كه‌ی‌ خۆیان كه‌ هاوسێی‌ كه‌نیسه‌ی‌ دۆمینیكان (كانیسه‌ی‌ ساعه‌) بوون له‌ناوه‌ندی‌ موسڵ‌، به‌پێچه‌وانه‌ی‌ كچه‌كانیه‌وه‌ كه‌ وه‌ك گه‌نجانی‌ تر ده‌یانه‌وێت بچنه‌ ده‌ره‌وه‌و له‌وڵاتێكی‌ بیانی‌ نیشته‌جێ‌ ببن.

هه‌رچی‌ دراوسێكانی‌ "چادری‌ مه‌سیح"ه‌، ئه‌وا بۆ چه‌ند مانگێك ده‌چێت له‌چادری‌ بچووكدا ده‌ژین، وه‌ك خێزانه‌كه‌ی‌ مامۆستا جۆرج یه‌عقوب كه‌ له‌پێنج كه‌س پێكهاتوون‌و له‌چادرێكی‌ 30 مه‌تریدان، ئه‌و مامۆستایه‌ ده‌ڵێت "زۆر دڵمان به‌و چادره‌ پیرۆزه‌ خۆشه‌و پێمان وایه‌ هاوبه‌شی‌ خه‌ممانه‌".

ئاواره‌كانی‌ ئێره‌ زۆر شتیان له‌ده‌ستداوه‌، بۆ نموونه‌ یه‌عقوب نه‌یتوانیوه‌ له‌گه‌ڵ‌ خێزانه‌ گه‌وره‌كه‌ی‌ كۆ ببێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ هه‌موویان چوونه‌ته‌ ئه‌رده‌ن به‌و هیوایه‌ی‌ له‌وڵاتێك مافی‌ په‌نابه‌رێتی‌ به‌ده‌ست بهێنن، دڵخۆشی‌ خۆیشی‌ به‌وه‌ ده‌داته‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ‌ هاوسێكانی‌ خێزانێكی‌ گه‌وره‌یان پێكهێناوه‌و په‌یوه‌ندی‌ نێوانیان له‌منداڵانی‌ قه‌یرانه‌كانه‌وه‌ له‌دایكبووه‌.

له‌ئاهه‌نگی‌ ئه‌م سه‌ری ساڵه‌دا ئه‌وه‌ی‌ به‌مه‌سیحییه‌كانه‌وه‌ دیاره‌ نه‌بوونی‌ سه‌روپێیه‌، چونكه‌ ئه‌وان به‌یانیانی‌ جه‌ژن سه‌روپێ‌ لێده‌نێن، وه‌ك یه‌عقوب ده‌ڵێت "جه‌ژن به‌بێ‌ سه‌روپێ‌ ناكرێت".

كاتێك له‌ئه‌ب بازیمان پرسی‌ ئومێدی‌ چییه‌؟، ته‌ماشای‌ ئه‌و دره‌خته‌ی‌ كرد كه‌ یه‌كێك له‌خوێندكاره‌كان به‌كاغه‌ز بۆی‌ دروستكردبوو، پاش كه‌مێك به‌خه‌مبارییه‌وه‌ وتی‌ "نوێژمان بۆ بكه‌ن، یارمه‌تیمان بده‌ن، رزگارمان بكه‌ن".