راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

داعش موسڵ‌ له‌جیهانی‌ ده‌ره‌وه‌ داده‌بڕێت

تایبه‌ت
رۆژ به‌رۆژ گه‌مارۆكه‌ی‌ داعش له‌سه‌ر خه‌ڵكی‌ موسڵ‌ چڕتر ده‌بێته‌وه‌، پاش ئه‌وه‌ی‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌…
4.12.2014  |  موسڵ
Mobile phones are no use in Mosul any more.
Mobile phones are no use in Mosul any more.

به‌ر له‌دوو رۆژ له‌رادیۆی‌ زهوری‌ سه‌ر به‌شاره‌وانی‌ موسڵ‌ به‌یاننامه‌یه‌ك به‌ناوی‌ وته‌بێژی‌ داعشه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌، تیایدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ كاری‌ كۆمپانیاكانی‌ مۆبایل له‌سنوری‌ "ده‌وڵه‌تی‌ خه‌لافه‌ت"دا كۆتایی‌ هاتووه‌و جارێكی‌ تر ناگه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ده‌رگای‌ كرده‌وه‌ به‌رووی‌ ئه‌گه‌ره‌كانی‌ هه‌نگاوی‌ داهاتووی‌ داعش له‌كاتێكدا بۆخۆی‌ زۆر سوودی‌ له‌مۆبایل بینیوه‌.

هه‌ندێ‌ كه‌س پێیان وایه‌ داعش ئه‌م هه‌نگاوه‌ی‌ وه‌ك ئاماده‌سازییه‌كه‌ بۆ ئه‌گه‌ری‌ هێرشی‌ به‌رفراوانی‌ حكومه‌ت بۆ سه‌ر موسڵ‌، هه‌ندێكی‌ تر وایده‌بینن كه‌ بابه‌ته‌كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌مه‌سه‌له‌ داراییه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌.

ئه‌ندازیارێكی‌ بواری‌ په‌یوه‌ندییه‌كان كه‌ خۆی‌ داوایكرد به‌جابر ناوی‌ ببرێت پێی‌ وایه‌ كۆمپانیاكانی‌ مۆبایل له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئاماده‌نین سه‌رانه‌ به‌داعش بده‌ن، بۆیه‌ ئه‌و رێكخراوه‌ ده‌یه‌وێت تۆڵه‌یان لێبكاته‌وه‌و ده‌ڵێت "نا چێته‌ عه‌قڵه‌وه‌ داعش بۆ به‌رگرتن له‌هێرشی‌ سه‌ربازی‌ مۆبایل په‌ك بخات، له‌كاتێكدا كۆمپانیاكانی‌ بواری‌ ئینته‌رنێت هه‌ر كارده‌كه‌ن‌و چه‌ندین خزمه‌تگوزاری‌ په‌یوه‌ندیكردنی‌ خۆڕایی‌ له‌به‌ر ده‌ستدایه‌".

زۆركه‌س په‌نجه‌ی‌ تۆمه‌ت بۆ هه‌ندێ‌ كۆمپانیای‌ مۆبایل راده‌كێشن‌و تۆمه‌تباریان ده‌كه‌ن به‌وه‌ی‌ هه‌م سه‌رانه‌یان داوه‌ته‌ داعش‌و هه‌م به‌هۆی‌ سیمكارته‌ نه‌ناسراوه‌كانیانه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌خه‌ڵك كراوه‌و پاره‌ی‌ لێسه‌ندراوه‌.

ئه‌م خه‌ڵكانه‌و له‌نێویشیاندا عومه‌ر ماجیدی‌ رۆژنامه‌نووس پێی‌ وایه‌ به‌شێك له‌و كۆمپانیایانه‌ی‌ له‌رابردوودا سه‌رانه‌یان ده‌دا به‌داعش، ئێستا به‌هۆی‌ فشاری‌ حكومه‌ت‌و هاوپه‌یمانێتی‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ ناتوانن ئه‌و كاره‌ بكه‌ن، بۆیه‌ داعش په‌لاماریان ئه‌دات.

عومه‌ر ده‌ڵێت "بورجی‌ كۆمپانیاكانی‌ مۆبایل له‌ناو ماڵی‌ خه‌ڵكیدا داندراون‌و مانگانه‌ بۆ ئه‌وه‌ بڕێك كرێیان پێده‌درا، ئێستا داعش كه‌وتووه‌ته‌ په‌لاماردانیان، هه‌ندێ‌ خه‌ڵكیش وا مه‌زه‌نده‌ ده‌كه‌ن داعش له‌و رێیه‌وه‌ بیه‌وێت پاره‌ له‌كۆمپانیاكان بسه‌نێت".

له‌ماوه‌ی‌ ده‌ ساڵی‌ رابردوودا هه‌ر پرۆژه‌یه‌كی‌ بازرگانی‌ گه‌وره‌ یان بچووك كرابێته‌وه‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كان به‌زۆر سه‌رانه‌یان لێسه‌ندووه‌، بۆیه‌ خه‌ڵك پێیان وایه‌ قاعیده‌و دواتریش داعش هه‌ندێ‌ كۆمپانیای‌ مۆبایلیان ناچار كردووه‌ كه‌ سه‌رانه‌یان بده‌نێ‌‌و ئێستا ئه‌و كۆمپانیایانه‌ ئاماده‌نین پاره‌كه‌ بده‌ن.

هه‌ندێك كه‌س له‌گۆشه‌نیگایه‌كی‌ تره‌وه‌ له‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌ڕوانن‌و پێیان وایه‌ ئه‌وه‌ی‌ داعش ده‌یكات رێوشوێنێكی‌ ئه‌منییه‌ بۆ پچڕاندنی‌ په‌یوه‌ندی‌ خه‌ڵكه‌ ناڕازییه‌كه‌ له‌گه‌ڵ‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كه‌ ئێستا له‌هه‌رسێ‌ به‌ره‌ی‌ باكورو باشوورو رۆژهه‌ڵات له‌ده‌ستپێشخه‌ریدان.

ره‌بیع عه‌ونی‌ چالاكوانی‌ سیاسی‌ له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "بڕینی‌ په‌یوه‌ندی‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ هێمایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ترسێكی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌یه‌ له‌شه‌ڕی‌ موسڵ‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ دواهه‌مین په‌ناگه‌ی‌ ئه‌و گروپه‌یه‌ له‌عێراقدا".

ره‌بیع ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ كرد ئه‌م هه‌نگاوه‌ی‌ داعش پاش ئه‌وه‌ دێت كه‌ چه‌ند رۆژێكه‌ هاتوچۆی‌ هاوڵاتیانی‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ موسڵ‌ قه‌ده‌غه‌ كردووه‌، چونكه‌ خه‌ڵكێكی‌ زۆر له‌و واقیعه‌ تاڵه‌ هه‌ڵدێن نه‌ كاره‌بایان هه‌یه‌و نه‌ ئاو، ئه‌وانه‌شی‌ ده‌یانه‌وێت سه‌فه‌ر بكه‌ن ده‌بێت یه‌كێك ببێته‌ كه‌فیلیان‌و به‌ڵێن بدات پاش ده‌ رۆژ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ند خاڵێكی‌ پشكنینی‌ له‌ناو شاردا داناوه‌.

لێره‌دا پرسیاری‌ ئه‌وه‌ دێته‌ ئاراوه‌، ئه‌ی‌ باشه‌ ئه‌گه‌ر داعش كاری‌ كۆمپانیاكانی‌ مۆبایل په‌ك بخات، خۆی‌ چۆن په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ گرێ‌ ده‌دات له‌و ناوچه‌ به‌رفراوانه‌ی‌ به‌ده‌ستیه‌وه‌یه‌تی‌.

هه‌ندێ‌ سه‌رچاوه‌ له‌ناو موسڵه‌وه‌ وه‌ڵامی‌ ئه‌م پرسیاره‌ ئه‌ده‌نه‌وه‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ داعش پشت به‌ئامێره‌كانی‌ په‌یوه‌ندی‌ ئاسمانی‌ ده‌به‌ستێت وه‌ك ته‌له‌فۆنی‌ سوره‌ییا، هه‌روه‌ها له‌رێی‌ ئینته‌رنێتیشه‌وه‌ په‌یوه‌ندی‌ ئه‌نجام ده‌دات، هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌چوارچێوه‌یه‌كی‌ سنورداردا، ئه‌مه‌ش سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌و سیسته‌می‌ په‌یوه‌ندییه‌ی‌ له‌هێزه‌ ئه‌منی‌‌و هه‌واڵگیرییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستی‌ كه‌وتوون پاش ئه‌وه‌ی‌ رۆژی‌ 9ی‌ حوزه‌یران له‌موسڵ‌ هه‌ڵهاتن.

به‌هۆی‌ ئه‌م بڕیاره‌ نوێیه‌ی‌ داعشه‌وه‌ به‌ده‌یان كه‌س له‌وانه‌ی‌ كارت‌و پێداویستییه‌كانی‌ مۆبایل ده‌فرۆشن مه‌ترسییه‌كی‌ گه‌وره‌یان لێنیشتووه‌، چونكه‌ مانای‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌بنه‌ به‌شێك له‌و سوپا بێكاره‌ی‌ له‌موسڵدا هه‌ن.

ئه‌م هه‌نگاوه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ موسڵ‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ‌ ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ی‌ خۆیدا ده‌پچڕێت‌و ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ ته‌نها كۆمپانیایه‌كی‌ ئینته‌رنێته‌ كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ له‌هه‌ر كاتێكدا داعش ئه‌وه‌ش بپچڕێت‌و موسڵ‌ له‌جیهانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ داببڕێت.