ئه‌م ناوه هه‌موو رۆژێك له‌گوێی مامۆستا‌و خوێندكاردا ده‌زرنگێته‌وه، به‌تایبه‌تی كه هیچ كه‌س ناوێرێت سه‌ركێشی به‌ژیانی بكات‌و دژی بڕیاره‌كانی بوه‌ستێته‌وه، ئه‌و هه‌ر پاش چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك كه بووه سه‌رۆكی دیوانی فێركردنی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" (وه‌زیری په‌روه‌رده)، گۆڕانكاری گه‌وره‌و مه‌ترسیداری خولقاند.
له‌ناو حه‌وشه‌ی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی موسڵ زولقه‌رنه‌ین وه‌ستاو به‌ئاماده‌بووانی وت "سوێند بێت من ئه‌م پۆسته‌م ناوێت‌و حه‌زم له‌كاری ئۆفیس نییه، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه هاتووم له‌دژی كافره‌كان جیهاد بكه‌ن"، سه‌لیم وه‌جیه كه ناوی خوازراوی فه‌رمانبه‌رێكی په‌روه‌رده‌یه دیمه‌نی ئه‌و رۆژه‌ی به‌رپرسه‌كه ده‌گێڕێته‌وه كه زۆر كه‌سی به‌خۆیه‌وه سه‌رقاڵ كردووه.
سه‌لیم وه‌ك زۆربه‌ی هاوڕێكانی ناچاره به‌وپه‌ڕی وریاییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه نوێیه‌كاندا بكات، له‌وه‌ڵامی پرسیاری ژنهكهشیدا به‌م شێوه‌یه وه‌سفی زولقهرنهینی ده‌كرد "پیاوێكی كه‌ته‌ی ریشداره، سی ساڵی ته‌مه‌نی ته‌واو نه‌كردووه، هه‌ندێ جار نه‌رمی له‌گه‌ڵ فه‌رمانبه‌ره‌كاندا ده‌نوێنێ، به‌ڵام كه‌ی بیه‌وێت ترسێكی زۆر بڵاو ده‌كاته‌وه".
له‌ولاوه كچی فه‌رمانبه‌ره‌كه كه گوێی له‌قسه‌ی باوكی بوو وێنه‌ی دڕنده‌یه‌كی كێشا كه شمشێرێكی پێیه‌و دوو شاخی هه‌یه، وێنه‌كه‌ی نیشانی باوكیداو وتی: باوكه له‌مه ئه‌چێت؟
ئه‌م ئه‌ستێره نوێیه‌ی داعش ناوه ناوه له‌پڕ خۆی ده‌كات بهخوێندنگاو زانكۆكاندا، ئه‌و بڕیارانه‌شی رایده‌گه‌یه‌نێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بواری گفتوگۆیان تیا نییه.
هه‌رچه‌نده تائێستا ناوی راسته‌قینه‌ی دیار نییه، به‌ڵام ناوه خوازراوهكه لهگێڕاوه ئاینییه‌كانه‌وه وه‌رگیراوه‌و ههڵسوكهوتهكانیشی ئاینییه‌كان پێچه‌وانه‌ی په‌یامی فێركردنه، چونكه ده‌ستده‌گرێت به‌سه‌ر پاره‌ی دروستكردنی خوێندنگاداو خه‌رجی ده‌كات بۆ كڕینی چه‌ك.
له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك فه‌رمانبه‌ری په‌روه‌رده‌و چه‌ند بهڵێندهرێكدا ئه‌نجامیدا، رایگه‌یاند كه ده‌ستی گرتووه به‌سه‌ر شه‌ش ملیار دیناردا، كاتێكیش زانی به‌ڵێنده‌ره‌كان بێزاربوون، به‌ده‌نگێكی ره‌ق وتی "ئێستا دروستكردنی خوێندنگا‌و زانكۆ گرنگ نییه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی گرنگه سه‌ركه‌وتنه به‌سه‌ر دوژمنانی ئیسلامدا".
ئه‌وه روونه كه داعش كه‌سێكی تایبه‌تی بۆ ئه‌م پۆسته ده‌ستنیشان كردووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌ی میسری قسه ده‌كات، به‌قسه‌ی فه‌رمانبه‌ره‌كانیش كه له‌پاسه‌وانه تایبه‌ته‌كه‌یه‌وه گوێیان لێبووه ره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌ڵمانیشی هه‌یه.
زانكۆی موسڵ كه به‌گه‌وره‌ترین زانكۆكانی عێراق دهدهنرێتو به‌ده‌یان باڵه‌خانه‌ی تێدایه، ده‌ستی توندڕه‌وه‌كان پێی گه‌یشتووه‌و بووه‌ته گرنگترین موڵك‌و ماڵه‌كه‌ی زولقه‌رنه‌ین.
ئه‌م دامه‌زراوه زیندووه ئێستا وا ئاماده ده‌كرێت ببێته ناوه‌ندی به‌رهه‌مهێنانی توندوتیژی، چونكه كۆلێژه‌كانی یاسا‌و زانستی سیاسی‌و هونه‌ره جوانه‌كانی ههڵوهشاندووتهوهو پرۆگرامی خوێندنی ئیسلامی‌و چه‌ند پرۆگرامێكی تری گۆڕیوه، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌كۆلێژه‌كان كوڕ‌و كچی له‌یه‌ك جیاكردووهتهوهو به‌نۆره ده‌وام ده‌كه‌ن.
یه‌كێك له‌مامۆستاكانی ئه‌و زانكۆیه پێی وایه زولقه‌رنه‌ین به‌هه‌ڕه‌مه‌كی ئه‌و كارانه ناكات، به‌ڵكو پلانی دانه‌وه بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كه‌ی، هه‌ندێ فه‌رمانبه‌ری ناچاركردووه له‌گه‌ڵی كاربكه‌ن، به‌و هۆیه‌شه‌وه وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عێراق موچه‌ی نزیكه‌ی 200 فه‌رمانبه‌ری بڕیوه به‌تۆمه‌تی هاوكاری توندڕه‌وه‌كان.
ئه‌و مامۆستایه ئاماژه به‌وه ده‌كات كه زولقه‌رنه‌ین هه‌ندێكات به‌شێوه‌زاری میسری گاڵته له‌گه‌ڵ فه‌رمانبه‌ره‌كانی دهكاتو قسه‌ی خۆشیان بۆ دهكاتو نوێژیان له‌گه‌ڵ ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ها ده‌ریبخات كه كه‌سێكی ساده‌یه.
یه‌كێكی تر له‌فه‌رمانه‌كانی زولقه‌رنه‌ین ئه‌وه‌یه ده‌بێت هه‌موو خوێندكاره كچه‌كان نیقاب بپۆشن، ته‌نانه‌ت ئه‌و بڕیاره گه‌یشتووه‌ته خوێندكارانی ته‌مه‌ن ده ساڵ، بۆ خوێندكارانی یه‌كی سه‌ره‌تایش كه ته‌مه‌نیان شه‌ش ساڵه ده‌بێت حیجاب بپۆشن.
هه‌رچی ژنه فه‌رمانبه‌ره‌كانه ئه‌وا ده‌رده‌سه‌رییه‌كی زۆریان هه‌یه، چیرۆكی هیام سه‌میر كه ناوێكی خوازراوه (55 ساڵ) یه‌كێكه له‌وانه، ئه‌و ژنه كه وه‌ك ژمێریار له‌زانكۆی موسڵ كارده‌كات، هه‌وڵده‌دات فێڵ له‌یاساكان بكات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ركی سه‌ر شانی خۆی رابپه‌ڕێنێت.
هه‌رزوو ده‌سته‌ی چاودێری به‌وه‌یان زانیوه‌و فه‌رمانیان پێكردووه پابه‌ند بێت به‌پۆشینی نیقابه‌وه، ئه‌ویش به‌توڕه‌یی وه‌ڵامی داونه‌ته‌وه‌و وتوویه‌تی: چاوم كزه‌و وه‌ك ئه‌بینن چاویلكه‌م له‌چاودایه، ئه‌گه‌ر روخسارم دابپۆشم هه‌زارو ملیۆن له‌یه‌ك جیا ناكه‌مه‌وه.
هه‌رچی نێرینهكانیشه ئه‌وا گرنگییه‌كی تایبه‌تیان پێده‌درێت، ئێستا كارگه‌كانی جل‌و به‌رگی ئاماده‌كراو جلی قه‌نده‌هاری به‌رهه‌م ده‌هێنن كه ئه‌مه‌ش به‌رگی فه‌رمی داعشه، به‌ڵام ئه‌مجاره به‌قه‌باره‌ی بچوكتر، چونكه بۆ خوێندكارانی سهرهتاییو ناوه‌ندییه.
نه‌ك هه‌ر ئه‌وه به‌ڵكو داعش چاوی بڕیوه‌ته ئه‌و هه‌زاران خوێندكاره تا بیانكاته چه‌كداری خۆی له‌ئاینده‌دا، هه‌رچه‌نده هه‌نگاوی یه‌كه‌میان شكستی هێنا، چونكه كاتێك نێردراوی داعش سه‌ردانی خوێندنگاكانی كرد بۆ ئه‌وه‌ی بزانێ كێ به‌خۆبه‌خش ده‌بێته چه‌كدار، كه‌س وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌و هیوابڕاو گه‌ڕایه‌وه.
ئه‌وه‌ی به‌ته‌واوی كه‌سوكاری خوێندكارانی توشی راڕایی كردووه، ئه‌وه‌یه كه كار ده‌كرێت بۆ گۆڕینی پرۆگرامه‌كان به‌جۆرێك له‌گه‌ڵ بیری داعشدا بگونجێت، هه‌نگاوی یه‌كه‌میش به‌لابردنی وانه‌كانی مێژوو نیشتیمانی ده‌ستی پێكردووه له‌خوێندنگاو زانكۆكان، هه‌ر شتێكیش باسی نیشتیمانی كردبێت لابراوه.
له‌وانه‌ش زیاتر؛ به‌مدواییه په‌یمانگای ئاماده‌كردنی ئیمام‌و وتاربێژی سه‌ر به‌داعش كرایه‌وه، ئه‌مه‌ش لهخوێندنگایهكی ناوه‌ندی موسڵ دوای ئه‌وه‌ی به‌فه‌رمانی زولقه‌رنه‌ین مامۆستا‌و خوێندكاره‌كانی ئه‌و خوێندنگایه ده‌ركران.
كاتێكیش له‌یه‌كێك له‌مامۆستا به‌ته‌مه‌نه‌كانیان پرسی: له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌م پیاوه فێربوون به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات؟
وه‌ڵامی دایه‌وه‌و وتی: نه‌وه‌یه‌ك لهتوندڕهوو پیاوكوژ پێده‌گه‌ن.