راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

مه‌سیحییه‌كانی‌ موسڵ‌ چاره‌یان ته‌نها له‌به‌غدایه‌

ئەحمەد محەمەد
داعش پاش ئه‌وه‌ی‌ موسڵی‌ گرته‌ ده‌ست ته‌نها توانی‌ 37 رۆژ خۆی بگرێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ نیازی‌ راسته‌قینه‌ی‌ خۆی‌ بخاته‌روو له‌و…
20.11.2014  |  سلێمانی
Extremists marked Christians' houses in Mosul with an 'N'.
Extremists marked Christians' houses in Mosul with an 'N'.

له‌و كاته‌وه‌ی‌ داعش له‌سه‌ر خانووی‌ مه‌سیحییه‌كانی‌ نوسی‌ موڵك‌و ماڵی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌‌و پیتی‌ (ن)ی‌ خسته‌ سه‌ر دیواره‌كانیان، ئیتر مه‌سیحییه‌كان زیاتر بڕوایان به‌بڕیاره‌كانی‌ داعش له‌ق بوو، خۆشیان بۆ سیناریۆی چاوه‌ڕوان نه‌كراو ئاماده‌كرد، زۆری‌ نه‌خایه‌ند بڕیاری‌ ده‌ركردنی‌ هه‌موویان دراو ئۆتۆمبێل‌و موڵك‌و ماڵه‌كه‌یان به‌زۆر لێسه‌ندرا.

سه‌میر عه‌بدولسه‌مه‌د كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و ئاوارانه‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌دووه‌م شه‌وی‌ مۆڵه‌ته‌كه‌دا موسڵیان جێهێشتووه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ په‌له‌ په‌لیان بووه‌ بۆ ده‌ربازكردنی‌ ژیانیان نه‌یانتوانیوه‌ ناسنامه‌و به‌ڵگه‌نامه‌ حكومییه‌ پێویسته‌كان له‌گه‌ڵ خۆیاندا هه‌ڵبگرن‌و به‌بێ‌ ئه‌وانه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ هه‌ولێر.

پاش ئه‌وه‌ی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ كاتی‌ له‌كامپێكی‌ ئاواره‌كان ماونه‌ته‌وه‌، عه‌بدولسه‌مه‌د ناچار بووه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌ندامانی‌ خێزانه‌كه‌ی‌ بچنه‌ به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی‌ شوناس‌و پێداویستییه‌ فه‌رمییه‌كان ده‌ربكه‌نه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ وه‌ك خۆی‌ ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات كارئاسانی‌ ده‌كرێت بۆ ئاواره‌كان كه‌ پاسپۆرت‌و ره‌گه‌زنامه‌ ده‌رده‌هێنن، به‌ڵام زۆر به‌زه‌حمه‌ت توانیوێتی‌ پێناس بۆ كچه‌ حه‌وت ساڵه‌كه‌ی‌ ده‌ربكاته‌وه‌.

هه‌یسه‌م مه‌تی‌ كه‌ له‌قه‌زای‌ حه‌مدانییه‌ هه‌ڵهاتووه‌ كاتی‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ له‌ماڵه‌وه‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌بیربووه‌ سه‌رجه‌م به‌ڵگه‌نامه‌ پێویسته‌كان له‌گه‌ڵ‌ خۆیدا ببات، هه‌یسه‌م به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌و مه‌سیحییانه‌ی‌ دوو شه‌وی‌ یه‌كه‌می‌ مۆڵه‌ته‌كه‌ هه‌ڵهاتن توانییان به‌ڵگه‌نامه‌ پێویسته‌كان‌و به‌شێك له‌پاره‌و پوله‌كه‌یان له‌گه‌ڵ‌ خۆیاندا ببه‌ن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی‌ دواهه‌مین شه‌و شاره‌كه‌یان جێهێشت هه‌رچی‌ پاره‌یان هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت مۆبایله‌كانیشیان لێسه‌ندرا".

مه‌تی‌ كه‌ دواجار له‌ژێرزه‌مینی‌ یه‌كێك له‌كه‌نیسه‌كانی‌ سلێمانی‌ نیشته‌جێبووه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات هه‌ندێ‌ له‌مه‌سیحییه‌كانی‌ موسڵ‌‌و حه‌مدانییه‌ دوای‌ ته‌واوبوونی‌ مۆڵه‌ته‌كه‌ش ئاماده‌نه‌بوون ماڵ‌و حاڵیان جێبهێڵن، بۆیه‌ داعش سه‌رجه‌میانی‌ ده‌ستگیركردووه‌و پاش چه‌ند رۆژێك ئازادی‌ كردوون، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات هیچ لایه‌نێكی‌ حكومی‌ یان ئه‌هلی‌ ئه‌و موڵك‌و ماڵه‌ی‌ نه‌ژماردووه‌ كه‌ مه‌سیحییه‌كان له‌دوای‌ خۆیان جێیان هێشتووه‌.

هه‌یسه‌م مه‌تی‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌خه‌ڵكه‌وه‌ بیستوویه‌تی‌ ئێستا كه‌سانێكی‌ تر له‌ماڵه‌كانی‌ ئه‌واندا نیشته‌جێكراون‌و هه‌ندێ‌ ماڵی‌ تریش یان روخێنراون یان به‌ته‌واوی‌ تاڵان كراون.

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ ئه‌یمه‌ن عه‌زیز هورمز قه‌شه‌ی‌ كه‌نیسه‌ی‌ ماریوسف له‌سلێمانی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ده‌رده‌سه‌ی‌ مه‌سیحییه‌كانیش به‌شێكه‌ له‌و ناره‌حه‌تییه‌ی‌ هه‌موو عێراقییه‌كانی‌ گرتووه‌ته‌وه‌ به‌تایبه‌تی‌ كه‌ ناوچه‌یه‌كی‌ زۆر كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ست رێكخراوێك هیچ له‌مانای‌ مرۆڤایه‌تی‌ نازانێت. له‌مه‌دا مه‌به‌ستی‌ له‌داعشه‌.

قه‌شه‌ ئه‌یمه‌ن به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند ئاواره‌ مه‌سیحییه‌كان ته‌نها ده‌توانن له‌به‌غدا پێناسی‌ باری‌ شارستانی‌‌و ره‌گه‌زنامه‌و كارتی‌ نیشته‌جێبوون‌و فۆرمی‌ خۆراك ده‌ربكه‌ن، به‌ڵام پاسپۆرت له‌هه‌ولێرو سلێمانیش بۆیان ده‌رده‌هێنرێت، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ زۆرێك له‌ئاواره‌كان توانای‌ داراییان نییه‌ كه‌ سه‌فه‌ر بكه‌ن بۆ به‌غدا تا به‌ڵگه‌نامه‌كان ده‌ربهێننه‌وه‌.

ئه‌و قه‌شه‌یه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات هه‌رچه‌نده‌ له‌به‌غدا كارئاسانی‌ بۆ ئاواره‌كان ده‌كرێت، به‌ڵام كێشه‌ به‌رۆكی‌ ئه‌و ئاوارانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ هیچ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی‌ ره‌سمییان هه‌ڵنه‌گرتووه‌، یان منداڵی‌ تازه‌ له‌دایكبوویان هه‌یه‌، هه‌روه‌ها وتی‌ "ئاواره‌كان له‌بارێكی‌ دژواردا ده‌ژین، چل خێزان له‌كه‌نیسه‌یه‌كدا نیشته‌جێبوون كه‌ ته‌نها په‌رده‌یه‌ك له‌یه‌كتریان جیا ده‌كاته‌وه‌".

به‌پێی‌ دواهه‌مین ئاماری‌ رێكخراوی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ په‌نابه‌ران ژماره‌ی‌ ئاواره‌كان له‌ناوخۆی‌ عێراقدا گه‌یشتووه‌ته‌ یه‌ك ملیۆن‌و 750 هه‌زار كه‌س له‌و ژماره‌یه‌ش زیاتر له‌45%یان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان نیشته‌جێن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ئاواره‌كانی‌ سوریاو توركیاو ئێران كه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ له‌هه‌رێمدان.

شروق عه‌بایچی‌ په‌رله‌مانتارو ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ كاتی‌ به‌دواداچوونی‌ كاروباری‌ په‌نابه‌ران ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ده‌رهێنانی‌ به‌ڵگه‌نامه‌ ته‌نها به‌س نییه‌ بۆ ئاواره‌كان.

عه‌بایچی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئاواره‌كان به‌هۆی‌ هه‌ڵهاتنیان به‌ڵگه‌نامه‌ فه‌رمییه‌كانیان له‌كیس چووه‌، بۆیه‌ له‌سه‌ر ده‌وڵه‌ت پێویسته‌ زوو قه‌ره‌بوویان بكاته‌وه‌و ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌یان بۆ ده‌ربكاته‌وه‌".

ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌شكرد ئه‌وه‌نده‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌فه‌وتانی‌ موڵك‌و ماڵی‌ ئاواره‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌مته‌رخه‌مییه‌كی‌ زۆر به‌دی‌ ده‌كرێت‌و حكومه‌ت وه‌ك پێویست ناچێت به‌ده‌میانه‌وه‌.

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ یونادم كه‌ننا په‌رله‌مانتاری‌ مه‌سیحی‌ له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق به‌"نیقاش"ی‌ وت "پێشنیارم كردووه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رن كه‌ فه‌رمانگه‌یه‌كی‌ نوێ‌ دروست بكرێت به‌ناوی‌ ده‌سته‌ی‌ نیشتیمانی‌ بۆ كاره‌سات‌و ئاواره‌یی‌ زۆره‌ملێ‌، كاری‌ بریتی‌ ده‌بێت له‌بوژاندنه‌وه‌ی‌ ژێرخانی‌ ئه‌وناوچانه‌ی‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ ئاواره‌ بوون".

كه‌ننا وتیشی‌ "ئه‌و ناوچانه‌ی‌ كه‌وتوونه‌ته‌ ده‌ست داعش دوو بۆ سێ‌ ساڵیان ده‌وێت تا بگه‌ڕێنه‌وه‌ باری‌ ئاسایی‌ خۆیان، بۆیه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ ته‌نها ئازادكردنی‌ ئه‌و ناوچانه‌ نییه‌، به‌ڵكو ده‌بێت ئه‌و خانووانه‌ نۆژه‌ن بكرێنه‌وه‌ كه‌ تێكدراون، هه‌روه‌ها پێویستمان به‌پرۆژه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ئاشته‌وایی‌‌و چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ یاساییه‌كانه‌".