راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

بەڵێننامە یاساییەکانیش، ژنانی داڵدەدراو ناپارێزن

ئاڵا لەتیف
ناوه‌ڕاستی‌ هه‌فته‌ی‌ داهاتوو ژنانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ‌ ژنانی‌ تری‌ جیهان كه‌مپینی‌ ساڵانه‌ی‌…
20.11.2014  |  سلێمانی

یه‌كێك له‌و باسانه‌ی‌ به‌لای‌ چاكوانانی‌ ژنانه‌وه‌ وه‌ك گرفتێكی‌ گه‌وره‌ ده‌بینرێت دروستبوونی‌ مه‌ترسییه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ژنانه‌ی‌ له‌سه‌نته‌ره‌كانی‌ داڵده‌دانه‌وه‌ ده‌چنه‌وه‌ بۆ ناو كه‌سوكاریان، هه‌رچه‌نده‌ ئێستا باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ هه‌وڵ هه‌یه‌ بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ یاساكان له‌و باره‌یه‌وه‌، به‌ڵام رووداوه‌ "تاڵ‌"ه‌كان مایه‌ی‌ مه‌ترسین.

به‌پێی‌ سیسته‌می‌ كاری‌ ناوه‌نده‌كانی‌ داڵده‌دانی‌ ژنان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان، هه‌ر ژنێك كه‌ به‌هۆی‌ كێشه‌ی‌ خێزانییه‌وه‌ له‌ده‌ست كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ هه‌ڵهاتبێت، راده‌ستی‌ هیچ یه‌كێك له‌كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ نه‌كرێته‌وه‌ تا ئه‌وكاته‌ی‌ به‌ڵێننامه‌ی‌ یاسایی‌ له‌لای‌ دادوه‌ر پڕنه‌كه‌نه‌وه‌و به‌ڵێنی‌ پاراستنی‌ سه‌لامه‌تی‌ ژیانی‌ كه‌سه‌كه‌ نه‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌و به‌ڵێننامانه‌ رێگرییان نه‌كردووه‌ له‌وه‌ی‌ دواتر كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ ده‌ست بۆ كوشتنی‌ كچه‌كانیان نه‌به‌ن.

ناوه‌نده‌كانی‌ داڵده‌دانی‌ ژنان له‌لایه‌ن بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی به‌ڕێوه‌ ده‌برێن كه‌ ئه‌مه‌ش دامه‌زراوه‌یه‌كی‌ حكومییه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ دەیەوێت لەرێگەی پڕکردنەوەی بەڵێننامەی یاساییەوە گرەنتی سەلامەتی ژنانی داڵدەدراوی ناو شێڵتەرەکانی بکات دوای رادەستکردنەوەیان، بەڵام ئەوانەی ئەمساڵ کوژراون دەستکەوتی باش نین بۆ ئەو بەڕێوەبەرایەتیە.

یەکەم رۆژی ساڵی نوێی ٢٠١٤ بەکوژرانی رۆژین عادلی تەمەن شانزە ساڵان دەستی پێکرد لەکەلار(140كم باشووری‌ شاری‌ سلێمانی‌)، ئەو کچە بەر لە دوو ساڵ (٢٠١٢) بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی‌و بونی مەترسی لەسەر ژیانی، حكومەت لەیەكێك لەشێڵتەرەكانیدا هێشتبویەوە هەتا ئەو کاتەی کە لە 7ی‌ ئایاری‌ 2012 بەبڕیاری دادگای گەرمیان‌و دوای پڕکردنەوەی بەڵێننامەی یاسایی رادەستی خێزانەکەی کرابۆوە.

رۆژین کە دوو برای تۆمەتبارن بەکوشتنی، دووەمین کەیس بوو کە لەچواچێوەی سنوری کاری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی لەگەرمیان تۆمار کرابێت، پێشتریش لە 20ی‌ ته‌مموزی‌ 2012دا كچێك بەناوی نیگار رەحیم (15 ساڵ‌) لەلایەن برایەكیەوە بەچەقۆ كوژرا، دوای تێپەڕبونی هەشت رۆژ بەسەر ئەو بەڵێننامەیەدا کە خێزانەکەی لەبەردەم دادوەردا پڕیان کردبۆوە.

کەیسی کوشتنی رۆژین تاكه‌ کەیسی کوشتنی ژنانی داڵدەدراویش نییە کە لە ساڵی ٢٠١٤دا لەکوردستان تۆمار کرابێت، هەرچەندە خێزانەکانیان کەفالەتی سەلامەتی ژیانیان کردون.

لەهەولێر تەنها لەماوەی پانزە رۆژدا (27ی‌ شوبات تا 14ی‌ ئازار) به‌پێی‌ راگه‌یه‌ندراوی‌ پۆلیس دوان لەو کەیسە داڵدەدراوانە بەدەستی کەسوکارەکانیان کوژران کە یەکێکیان سێ رۆژو ئەویتریان تەنها دوو رۆژ بەسەر گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە تێپەڕی بوو.

هه‌رژنێك رووبكاته‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ توندوتیژی‌ خێزانی‌ راسته‌وخۆ له‌شێلته‌ره‌كان داڵده‌ نادرێت، چونكه‌ به‌شێكیان كێشه‌كانیان ساده‌تره‌و ئاسان چاره‌سه‌ر ده‌بن، به‌ڵام بۆ ئه‌و ژنانه‌ی‌ داڵده‌ ده‌درێن، لەحاڵەتی بەجێهێشتنی شێڵتەرەکەشدا پێویستە دادوەر بەڵگەنامەی تەواوی بخرێتە بەر دەست کە هیچ مەترسیەک لەسەر ژیانی نیە، لەبەرامبەریشدا دەبێت لانی کەم یەکێک لەئەندامانی خێزانەکەی بەڵێننامەی یاسایی پڕ بکاتەوەو کەفالەتی وەرگرتنەوەی بکات.

هه‌رچه‌نده‌ ئێستا لەدوای کوشتنی ئەو کەیسانەوە رێوشوێنەکان توندتر کراونەتەوە وەک سەرکەوت عومەر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی لەسلێمانی، به‌"نیقاش"ی‌ وت "ساڵانی پێشو ویستی کەیسەکە بۆ بەجێهێشتنی شێڵتەر لەلای دادوەر ئەولەویەتی هەبوو، بەڵام لەدوای کوشتنی ئەو کەیسانەوە ئێستا دەبێت راپۆرتی لێکۆڵەری توندوتیژی‌و توێژەرە کۆمەڵایەتیەکانی بەڕێوەبەرایەتیش ئەوە بسەلمێنێت کە بەجێهێشتنی شێڵتەرەکە هیچ مەترسیەک لەسەر ژیانی دروست ناکات."

ئەوەش وەک ئاماژەیەک بەوەی کە پێشتر دادگا راوبۆچونی لێکۆڵەری توندوتیژی "بەهەند وەرنەگرتوە" لەبارەی بونی مەترسی لەسەر کەیسەکە.

بەڵام هێشتا ئەو رێوشوێنانەی لەبەردەستن بۆ گرەنتی پاراستنی کەیسەکان بەلای سەرکەوتەوە ئەوەندە جێی دڵنیایی نین، دەڵێت "بەڵێننامەکە بەتەنیا هیچ رێگرییەک ناکات لەبەرامبەر ویستی کەسوکارەکان بۆ کوشتنی کەیسەکان، بەتایبەتی ئەگەر پەیوەندی بەپاککردنەوەی شەرەفەوە هەبێت."

ئەمە بۆچونی هاوبەشی بەڕێوەبەرەکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەیە کە لەهەر سێ پارێزگاکەی هەرێمدا نوسینگەیان هەیە.

ژیلەمۆ عەبدولقادر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی لەهەولێر بە"نیقاش"ی ووت "هه‌ندێك ئەوەندە لەبەرامبەر بەمەسەلەی شەرەفدا توندن، تەنانەت بۆیان گرنگ نییە ئەگەر لەسەر کوشتنەکە بیست ساڵیش بچنە زیندانەوە."

ئەو بەڕێوەبەرە نمونەی حوکمدانی چوار کەسی خێزانێک بە ١٥- ٢٠ ساڵ زیندانی وەبیر دەهێنێتەوە کە لەئابی ٢٠١٢دا کچە داڵدەدراوەکەی خۆیان کوشت دوای تەنها یەک رۆژ لەوەرگرتنەوەی، دەڵێت "بەڵێننامەیان لێوەرگیرابوو، بەڵام ئەوان شەرەفی خۆیان بەلاوە گرنگتر بوو."

بەلای ئەو بەڕێوەبەرانەوە زیاتر لەهۆکارێک بەشدارە لەکوشتنی کەیسە داڵدەدراوەکان دوای رادەستکردنەوەیان، ئەوان تەنها هۆکارەکە لەکەفالەتکردنەکەدا نابیننەوە.

کەمی سزای یاسایی لەسەر بکوژانی ژن، بەهۆکارێکی دیکەی بوونی مەترسی زیاتر لەسەر کوشتنی کەیسە داڵدەدراوەکان دادەنرێت لەلایەن ئەو بەڕێوەبەرانەوە بۆئەمەش پێشنیاریان بۆ ئەنجومەنی دادوەری‌و پەرلەمانی کوردستان کردوە کە لەهەموارکردنەوەی یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠١١دا کار بەبەڵێننامە ناکرێت‌و لەجیاتی ئەوە حیجز بخرێتە سەر موڵکێکی گرانبەهای خێزانی کەیسەکە، هەروەک ئەو مادە یاساییەش کە پەیوەندی بەپاراستنی کەیسەوە هەیە دەبێت پێداچونەوەی بۆ بکرێت، بۆئەوەی لانی کەم رێژەی هەوڵدان بۆ کوشتن کەم بکرێتەوە، سەرکەوت عومه‌ر دەڵێت "ناتوانین سەدا سەد گرەنتی ئەوە بدەین کە هیچ کەیسێکی داڵدەدراو دوای تەسلیم کردنەوەی ناکوژرێت، بەڵام هەتا رێوشوێنەکان توندتربن، کەمترین چانس دەبێت بۆئەوانەی دەیانەوێت ژنێک بکوژن."

هەرچەندە بەڕێوەبەرایەتیەکان لەرێگەی هۆبە تایبەتییەکانیانەوە دەیانەوێت بەدواداچون بۆ ژیانی کەیسەکان بکەن دوای رادەستکردنەوەیان، بەڵام وەک سەرکەوت دەڵێت "هەندێکجار هەلومەرجی خێزانی ئەو کەیسانە رێگە نادات وەک پێویست سەردانی بکەیت، یان بەپێچەوانەوە، تەنانەت ناشتوانین بەتەلەفون قسە لەگەڵ هەندێکیان بکەین."

لەمبارەیەشەوە پێشنیاریان کردوە کە لەهەموارکردنەوەی یاساکەدا ماوەیەک بۆ بەدواداچون دیاری بکرێ‌و کەیسەکانیش پابەند بکرێن بەوەی دەبێت رازی بن لێیان بپرسرێتەوە.

هه‌رجارێك یه‌كێك له‌و ژنانه‌ ده‌كوژرێت كه‌ له‌سه‌نته‌ره‌كانی‌ داڵده‌دان دێنه‌ ده‌ره‌وه‌، چالاكوانانی‌ ژنان ده‌نگیان لێ به‌رز ده‌بێته‌وه‌و داوا ده‌كه‌ن بەڕێوەبەرایەتیەکانی‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ توندوتیژی‌ "چیتر ژنان نەکەنە قوربانی بەڵێننامەیەک کە هیچ قورساییەکی لەسەر خێزان نیە."

بەهار مونزیر، رێکخەری گشتی گروپی ژنان –تۆڕی هاوبەشی چالاکوانانی داکۆکیکار لەمافەکانی ژنان- لەمبارەیەوە به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئەوانەی ئەمساڵ تۆمارکراون دەستکەوتی دڵخۆشکەر نین بۆ ئەو بەڕێوەبەرایەتیە، دەرکەوت بەڵێننامەکان ژنان ناپارێزن تەنانەت ئەگەر هەڕەشەی کوشتنیشیان لەسەر نەمابێت، بەهۆکاری تر خۆیان پەنا بۆ خۆ کوشتن دەبەن."

ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ کەیسی شلێرو حه‌لیمە ئەو دوو خوشکەی سەید سادق (58 كم له‌دووری‌ سه‌نته‌ری‌ سلێمانییه‌وه‌) کە لە ناو گۆماوێکدا دۆزرانەوە، دوای ئەوەی پێنچ مانگ پێشتر بەکەفالەتی خاڵیان رادەستی کەسوکاریان کرابونەوە.

کەیسی مردنی ئەو دوو خوشکە ‌هێشتا رون نیە کوشتنە یان خۆ کوشتنە، ئەگەرچی وەک بەهار دەڵێت "ئەوان لەبەر خراپی بارودۆخی ئابوریان رویان لەو بەێوەبەرایەتیە کردبوو، کەمتەرخەمی هەموو لایەنەکانە کە بەوەرگرتنی کەفالەتێک ئەوانیان رەوانەی ئەو ژیانە کردەوە کە تێیدا بەمردنێکی تەمومژاوی کۆتایی بەژیانیان بێت."

بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی مانگانە ئاماری توندوتیژیەکان دژ بەژنان لەهەرێم بڵاودەکاتەوە، بەڵام هیچ ئامارێکی تێدا نیە دەربارەی ئەو ژنانەی کە لەشێڵتەرەکاندا داڵدەدراون یان ئەوانەی دوای وەرگرتنی کەفالەت رادەستی کەسوکاریان کراونەتەوە.

بەڵام بەپێی ئامارێکی هۆبەی بەدواداچونی سلێمانی ئەو بەڕێوەبەرایەتیە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا 15ی‌ ئه‌م مانگه‌ (218) داغڵی شێڵتەر بوون، بەڵام لەئێستادا تەنها 25 ژن ماونەتەوە کە نۆ مناڵیشیان لەگەڵدایە.

ئه‌وه‌ی‌ ئێستا چالاكوانانی‌ ژنان داوای‌ ده‌كه‌ن ئه‌وه‌یه‌ ئیتر له‌دوای‌ هه‌فته‌ی‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ توندوتیژییه‌وه‌ كه‌لێنێك نه‌هێڵدرێته‌وه‌ كه‌ ژیانی‌ ژنانی‌ داڵده‌دراوی‌ تیا بكه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.