راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

چیرۆكی‌ شایه‌تحاڵه‌كان له‌باره‌ی‌ كچه‌ ئێزدییه‌كانه‌وه‌

خاڵس جومعە
دۆسێی‌ رفاندنی‌ كچه‌ ئێزدییه‌كان سێ‌ مانگ له‌مه‌وبه‌ر چیرۆكی‌ جیاوازی‌ له‌باره‌وه‌ باسكراوه‌، هه‌ندێك له‌وانه‌ راستین‌و…
13.11.2014  |  موسڵ
Iraqi Kurdish protesters hold placards and shout slogans denouncing the Islamic State (IS) threat to Yazidi women and girls during a demonstration outside the United Nations (UN) offices in the city of Arbil, the capital of the autonomous Kurdish region, on August 24, 2014. Hundreds of thousands of people across northern Iraq have fled violence, which has seen members of minority groups face kidnapping and death, after the Islamic State (IS) jihadist group spearheaded a militant offensive that has overrun large areas of the country. AFP PHOTO / SAFIN HAMED        (Photo credit should read SAFIN HAMED/AFP/Getty Images)
Iraqi Kurdish protesters hold placards and shout slogans denouncing the Islamic State (IS) threat to Yazidi women and girls during a demonstration outside the United Nations (UN) offices in the city of Arbil, the capital of the autonomous Kurdish region, on August 24, 2014. Hundreds of thousands of people across northern Iraq have fled violence, which has seen members of minority groups face kidnapping and death, after the Islamic State (IS) jihadist group spearheaded a militant offensive that has overrun large areas of the country. AFP PHOTO / SAFIN HAMED (Photo credit should read SAFIN HAMED/AFP/Getty Images)

ته‌نها كاری‌ ئه‌و كچه‌ی‌ داعش بۆ یه‌كێك له‌ئه‌میره‌كانی‌ رفاندبوو گریان‌و له‌خۆدان بوو، چه‌ند هه‌فته‌یه‌كیش تێپه‌ڕیوه‌ كه‌چی‌ ئه‌و ئه‌میره‌ ناوه‌ناوه‌ له‌گوندێكی‌ دووره‌ ده‌ستی‌ شنگار هه‌ر ده‌چێته‌ لای‌.

دانیشتوانه‌ عه‌ره‌به‌كه‌ی‌ ئه‌و گونده‌ چیرۆكی‌ شیرینی‌ ته‌مه‌ن شانزه‌ ساڵیان نه‌ده‌زانی‌ (شیرین ناوێکی خوازراوە)، چونكه‌ خاوه‌نی‌ ئه‌و ماڵه‌ی‌ كچه‌كه‌ی‌ لێداندراوه‌ هیچ نادركێنێت، به‌ڵام له‌ژیانی‌ ناو گونددا نهێنی‌ زۆر نامێنێته‌وه‌و ژنه‌كان له‌نێوان خۆیاندا به‌چرپه‌ به‌یه‌كیان ده‌وت "داماوه‌ ئێزدییه‌".

چه‌ند چیرۆكێكی‌ تری‌ هاوشێوه‌ له‌ناوچه‌ نزیكه‌كانی‌ ده‌وروبه‌ری‌ شنگار باسده‌كرێن به‌تایبه‌تی‌ له‌قه‌زای‌ به‌عاج كه‌ ده‌كه‌وێته‌ خۆرئاوای‌ موسڵه‌وه‌، له‌وێش ژماره‌یه‌كی‌ زۆر كه‌نیزه‌ی‌ ئێزدی‌ هه‌یه‌ كه‌ چه‌كدارانی‌ داعش له‌نێوان خۆیاندا دابه‌شیان كردوون.

شه‌یه‌تحاڵه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا چه‌ند یه‌كێك له‌و كچه‌ ئێزدییانه‌ براونه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ به‌عاج به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌ستدرێژی‌ سێكسییان كراوه‌ته‌ سه‌ر یان له‌رووی‌ جه‌سته‌ییه‌وه‌ ئازاردراون.

یه‌كێك له‌پزیشكه‌كانی‌ ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ كه‌ ئاماده‌نه‌بوو ناوی‌ خۆی‌ ئاشكرا بكات به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌مه‌ كاری‌ مرۆڤی‌ هۆشمه‌ند نییه‌، ئه‌وه‌ی‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و كچانه‌ كراوه‌ ده‌ستدرێژی‌ به‌كۆمه‌ڵ‌‌و ئاشكرایه‌".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا سه‌رپه‌رشتی‌ چاره‌سه‌ری‌ ده‌ له‌و كچانه‌م كردووه‌، به‌راستی‌ تووشی‌ شۆك بووم، یه‌كێك له‌وانه‌ ته‌مه‌نی‌ سیانزه‌ ساڵ‌ بوو له‌بارێكی‌ ته‌ندروستی‌‌و ده‌رونی‌ سه‌ختتدا بوو".

وه‌ك پزیشكه‌كه‌ ده‌ڵێت له‌نێوان ئه‌و ده‌ ژنه‌دا یه‌كێكیان به‌ڕێوه‌به‌ری‌ خوێندنگایه‌ك بووه‌ له‌ناوچه‌یه‌كی‌ ئێزدینشین، ئه‌و ژنه‌ كه‌ ته‌مه‌نی‌ سی‌ ساڵه‌ به‌م دواییه‌وه‌ به‌بێهۆشی‌ گه‌یه‌ندراوه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌‌و له‌سه‌ره‌تاوه‌ پزیشكه‌كه‌ وایزانیوه‌ گیانی‌ له‌ده‌ستداوه‌، به‌ڵام دواتر چاره‌سه‌ری‌ خێرای‌ بۆ كراوه‌.

دواتر پزیشكه‌كه‌ بۆی‌ روونبووه‌ته‌وه‌ هۆكاری‌ بێهۆشبوونی‌ ژنه‌كه‌ ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ ده‌ رۆژ مانی‌ له‌خواردن گرتووه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ زیاد له‌چه‌كدارێكی‌ داعش ده‌ستدرێژییان كردووه‌ته‌ سه‌ر.

به‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ چیرۆكه‌كه‌ی‌ شیرین، ئه‌و كچه‌ له‌گه‌ڵ‌ كه‌سدا قسه‌ ناكات‌و له‌ژووره‌كه‌ی‌ ناچێته‌ ده‌ره‌وه‌، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ش ده‌خوات كه‌ بمێنێت.

ژنی‌ ئه‌و خاوه‌ن ماڵه‌ی‌ شیرینی‌ تێدایه‌ وه‌ك زۆربه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ تری‌ گونده‌كه‌ له‌گه‌ڵیدا هاوسۆزه‌، به‌ڵام كه‌س ناوێرێت ناڕازی‌ بێت، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ مێرده‌كه‌ی‌ پێی‌ وتووه‌ "ئه‌و ئه‌میره‌ ره‌حم به‌كه‌س ناكات".

پاش ماوه‌یه‌كی‌ زۆر ژنه‌كه‌ توانیوێتی‌ وا شیرین بكات بكه‌وێته‌ قسه‌ ئینجا زانیوێتی‌ كه‌ زۆر نه‌خۆشه‌و پێویستی‌ به‌چاره‌سه‌ری‌ خێرای‌ پزیشكی‌ هه‌یه‌.

ده‌بوو شیرین‌و ئه‌و ژنه‌ 130 كیلۆمه‌تر ببڕن بۆ ئه‌وه‌ی‌ بگه‌نه‌ موسڵ‌، بۆیه‌ دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ژنه‌كه‌ پرسی‌ به‌مێرده‌كه‌ی‌ كردووه‌و ئه‌ویش به‌ئه‌میره‌كه‌ی‌ وتووه‌، ئه‌میر رازی‌ بووه‌ به‌و مه‌رجه‌ی‌ چه‌كدارێكی‌ داعشیان له‌گه‌ڵدا بێت نه‌وه‌ك شیرین رابكات.

له‌ناوه‌ڕاستی‌ موسڵ‌ هه‌ردوكیان پێكه‌وه‌ چوونه‌ لای‌ پزیشكێكی‌ ژنانه‌و پزیشكه‌كه‌ ئه‌م چیرۆكه‌ی‌ بۆ "نیقاش" گێڕایه‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌ژنه‌كه‌ی‌ بیستووه‌.

پزیشكه‌كه‌ كه‌ خۆی‌ داوایكرد به‌ مه‌روه‌ ناوی‌ ببرێت وتی‌ "كچه‌كه‌ ره‌نگی‌ تێكچوبوو ئازارێكی‌ زۆریشی‌ هه‌بوو، له‌رووی‌ ده‌رونیشه‌وه‌ رووخابوو، به‌ڵام حاڵی‌ زۆر له‌و رفێندراوانه‌ی‌ تر باشتربوو كه‌ له‌نه‌خۆشخانه‌ بینیومن، چونكه‌ زۆریان به‌سه‌ختی‌ لێیان درابوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئاماده‌ نه‌بوون خۆیان بده‌ن به‌ده‌سته‌وه‌".

له‌نه‌خۆشخانه‌ی‌ كۆماری‌ موسڵ‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ ژنێكی‌ رووسی‌ ده‌كه‌ن كه‌ سه‌ر به‌داعشه‌و سه‌رپه‌رشتی‌ چاره‌سه‌ری‌ ئێزدییه‌كان ده‌كات.

به‌قسه‌ی‌ یه‌كێك له‌په‌رستاره‌كان ئه‌و ژنه‌ روسییه‌ زۆر توندڕه‌وه‌ نیقابی‌ پۆشیوه‌و به‌دارێك له‌كچه‌ ئێزدییه‌كان ده‌دات، ته‌نانه‌ت له‌و پزیشكانه‌ش ده‌دات كه‌ به‌قسه‌ی‌ ناكه‌ن، هه‌ر ئه‌ویش به‌رپرس بووه‌ له‌وه‌ی‌ كچه‌ ئێزدییه‌كان رانه‌كه‌ن.

شایه‌تحاڵه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ كچه‌ ئێزدییه‌ رفێندراوه‌كان ئێستا بوون به‌دوو به‌شه‌وه‌، به‌شێكیان بوونه‌ته‌ ژنی‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی‌ داعش پاش ئه‌وه‌ی‌ ناچار كراون ببن به‌موسوڵمان هاوشێوه‌ له‌یلا، به‌شێكی‌ تریشیان وه‌ك خۆیان ماونه‌ته‌وه‌و داعشییه‌كان كه‌ی‌ بیانه‌وێت ده‌ستدرێژییان ده‌كه‌نه‌ سه‌ر.

ژماره‌ی‌ راسته‌قسنه‌ی‌ كچه‌ ئێزدییه‌ رفێندراوه‌كان نه‌زانراون، به‌ڵام هه‌ندێ‌ راپۆرت باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ژماره‌یان به‌سه‌دانه‌‌و به‌سه‌ر سوریاو نه‌ینه‌وادا دابه‌ش بوون، به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆریشیان له‌قه‌زای‌ ته‌له‌عفه‌ر به‌دیل گیراون كه‌ شه‌ست كیلۆمه‌تر له‌خۆرئاوای‌ موسڵه‌.

به‌ر له‌هه‌فته‌یه‌ك چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی‌ ئێزدی‌ رایانگه‌یاند كه‌ په‌نجا بارمته‌ی‌ ئێزدی‌ له‌ده‌ست داعش هه‌ڵهاتوون كه‌ به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆریان ژنانن‌و گه‌یشتوونه‌ته‌ چیای‌ شه‌نگار، باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ پێشتریش دووسه‌د كچی‌ تر به‌پاره‌ له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌ ئازادكراون.

یه‌كێك له‌پیاوماقوڵانی‌ ئه‌و گونده‌ی‌ شیرینی‌ لێ‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه‌ به‌خه‌ڵكی‌ گونده‌كه‌ی‌ وتووه‌ "هه‌ر خێزانێك ده‌رگای‌ ماڵه‌كه‌ی‌ بۆ داعش بكاته‌وه‌ تا ژنه‌ ئێزدییه‌كانی‌ تیا بهێڵنه‌وه‌، تا ماوه‌ شوره‌یی‌ به‌رۆكی‌ به‌رنادات".

هه‌رچی‌ شیرینیشە پێش ئه‌وه‌ی‌ كلینیكه‌كه‌ی‌ مه‌روه‌ جێبهێلێت تكای‌ لێكردووه‌ ده‌رزییه‌ك یان هه‌رشتێكی‌ تری‌ بداتێ‌ كه‌ رێ له‌دووگیانی‌ بگرێت، چونكه‌ نایه‌وێت رۆژێك بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لای‌ خێزانه‌كه‌ی‌‌و منداڵێكی‌ پێبێت له‌"قێزه‌وه‌نترین پیاو".