راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

مه‌ترسن به‌غدا سه‌لامه‌ته‌

ئیبراهیم ساڵح
کاتێک‌ ده‌نگۆی‌ نزیكبوونه‌وه‌ی‌ داعش له‌به‌غدا بڵاوبووه‌وه‌، یه‌كسه‌ر له‌گه‌ڵیدا خه‌ڵكێكی‌ زۆر كه‌وتنه‌…
24.10.2014  |  به‌غدا
A screenshot from the Facebook 'Baghdad is fine' campaign run by young local bloggers.
A screenshot from the Facebook 'Baghdad is fine' campaign run by young local bloggers.

هه‌ڵمه‌تی‌ "به‌غدا سه‌لامه‌ته‌" چه‌ندین وێنه‌و ڤیدیۆی‌ ناو شاره‌كه‌ی‌ له‌خۆگرتووه‌ كه‌ دیوێكی‌ تری‌ ژیانی‌ به‌غدادییه‌كان نیشان ده‌دات كاتێك له‌ماڵه‌وه‌ ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌و سه‌ردانی‌ باخچه‌و بازاڕو شوێنه‌ گشتییه‌كان ده‌كه‌ن‌و به‌شدار ده‌بن له‌بۆنه‌كانداو ژیانی‌ ئاساییان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ شاره‌كه‌ له‌بارێكی‌ ناجێگیردایه‌.

عه‌لی‌ قه‌یس یه‌كێك له‌رێكخه‌رانی‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ ده‌ڵێت "بیرۆكه‌كه‌ له‌و بڕوایه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گرتووه‌ كه‌ شاره‌ ئازیزه‌كه‌مان پێویستی‌ به‌كارێكی‌ پۆزه‌تیڤه‌ بۆی‌ بكه‌ین، یه‌كێك له‌بلۆگه‌ره‌كان پێشنیاری‌ هاشتاگی‌ كرد له‌وێوه‌ هه‌موومان بووینه‌ كه‌ره‌سته‌یه‌كی‌ راگه‌یاندن‌و بڵاوكردنه‌وه‌ له‌پێناو به‌غدا".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "داوامان له‌وانه‌ كرد كه‌ به‌شداری‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یان كردووه‌ هه‌ریه‌كه‌یان له‌ناوچه‌كه‌ی‌ خۆی‌ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌و وێنه‌و ڤیدیۆ بگرێت‌و به‌ناوی‌ ناوچه‌كه‌ی‌ خۆیه‌وه‌ بڵاوی‌ بكاته‌وه‌، بۆ نموونه‌ مه‌نسور # به‌غدا سه‌لامه‌ته‌، ئه‌مه‌ش وزه‌یه‌ك له‌به‌رامبه‌ر هه‌واڵه‌ درۆینه‌كان ده‌خاته‌ گه‌ڕ كه‌ به‌زوویی‌ بڵاوبوونه‌وه‌و ترسیان له‌به‌غدا بڵاوكرده‌وه‌".

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ به‌شێكی‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ پشتی‌ به‌ستووه‌ به‌شۆفێری‌ تاكسییه‌كان، چونكه‌ ئه‌وان له‌زۆر ناوچه‌ ده‌گه‌ڕێن‌و هاندراون بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌رێی‌ مۆبایله‌كانیانه‌وه‌ وێنه‌ی‌ راسته‌قینه‌ی‌ به‌غدا بگوێزنه‌وه‌.

وێنه‌ی‌ "سێڵفی‌" به‌شێكی‌ تری‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی‌ پێكهێناوه‌، ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تێكی‌ باش بووه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ حه‌زیان له‌م جۆره‌ وێنانه‌یه‌ تا وێنه‌ی‌ خۆیان‌و كه‌سه‌ ئازیزه‌كانیان له‌چه‌ند بۆنه‌یه‌كی‌ جیاوازدا بگرن.

سامر سه‌ڵاح یه‌كێك له‌به‌شدارانی‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌ڵمه‌ته‌ گوزارشتی‌ له‌وه‌ ده‌كرد كه‌ ئێمه‌ی‌ گه‌نجان ده‌مانه‌وێت، ئه‌و په‌یامه‌مان گه‌یاند كه‌ سه‌ره‌ڕای‌ شه‌ڕو ته‌قینه‌وه‌كان ژیانمان تێكناچێت‌و وێنه‌ی‌ سیڵفیش به‌شێكی‌ گرنگی‌ ئه‌و راسته‌ی‌ بۆ گواستینه‌وه‌".

هه‌ر زوو وه‌ك ئاگری‌ ناو پووش ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ له‌ناو به‌غدادییه‌كان‌و عێراقیانی‌ ده‌ره‌وه‌ بڵاوبووه‌وه‌، زۆربه‌یان له‌رێی‌ وێنه‌و ڤیدیۆو كۆمێنته‌وه‌ پشتیوانیان له‌هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ كرد.

ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی‌ چه‌ند بلۆگه‌رو چالاكوانێكی‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ به‌ڕێوه‌چوو، وه‌ڵامێك بوو بۆ ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی‌ به‌ر له‌چه‌ند رۆژێك داعش بڵاویكرده‌وه‌و ده‌زگاكانی‌ راگه‌یاندنیش رێگه‌یان بۆ خۆشكرد، ئه‌ویش به‌وه‌ی‌ داعش له‌به‌غدا نزیكبووه‌ته‌وه‌و بووه‌ته‌ مه‌ترسی‌ له‌سه‌ر ئه‌و فرۆكانه‌ی‌ له‌فرۆكه‌خانه‌ی‌ به‌غداوه‌ ده‌فڕن یان ده‌نیشنه‌وه‌.

حه‌سه‌ن حامید یه‌كێكی‌ تر له‌به‌شدارانی‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی‌ بڵاوبوونه‌وه‌ ترسێكی‌ زۆری‌ له‌دڵی‌ خه‌ڵكی‌ به‌غدا بڵاوكرده‌وه‌‌و له‌هه‌موو شوێنێك باسی‌ ئه‌وه‌ ده‌كرا كه‌ له‌پڕ په‌لاماری‌ شاره‌كه‌ ده‌دات".

سه‌ره‌ڕای‌ به‌رفراوانی‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌، به‌ڵام هه‌ندێك پێیان وایه‌ ئه‌م هه‌ڵمه‌تانه‌ هیچ له‌واقیع ناگۆڕێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ حه‌یده‌ر ئه‌حمه‌دی‌ رۆژنامه‌نووس‌و چالاكوان ده‌ڵێت "ته‌قینه‌وه‌و كوشت‌و بڕ هه‌ر به‌رده‌وامه‌، ئایا ئه‌مه‌ مانای‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌غدا سه‌لامه‌ته‌؟ ئه‌مه‌ ئاواتی‌ هه‌موومانه‌، به‌ڵام ته‌نها به‌قسه‌ ناكرێت‌و كرداری‌ ئه‌وێت".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ بوو كه‌ ده‌یوت داعش له‌به‌غدا نزیكبووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌ی‌ ئه‌گه‌ر به‌راستی‌ داعش گه‌یشت؟ ئێمه‌ گوێمان له‌هیچ قسه‌یه‌ی‌ نه‌بووه‌ دڵنیامان بكاته‌وه‌، نه‌ سیاسه‌تمه‌دارێك نه‌ به‌رپرسێك ده‌رنه‌كه‌وت قسه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان به‌درۆبخاته‌وه‌ كه‌ ده‌یوت داعش نزیكی‌ به‌غدایه‌، ئه‌وه‌ی‌ ده‌وترا ته‌نها چه‌ند بیانوویه‌ك بوون كه‌ جێی‌ باوه‌ڕ نه‌بوون".

له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌نجامده‌رانی‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ گه‌شبینن‌و زۆر گوێ‌ به‌ره‌شبینی‌ حه‌یده‌رو بێده‌نگی‌ به‌رپرسه‌كان ناده‌ن كه‌ فزه‌یان لێوه‌ نایه‌ت.

ئه‌مه‌ یه‌كه‌مینجار نییه‌ گه‌نجانی‌ عێراق هه‌ڵمه‌تی‌ له‌م شێوه‌یه‌ به‌رێوه‌ ده‌به‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ گرنگه‌ هه‌ڵمه‌تی‌ ئه‌مجاره‌یان رۆڵی‌ زۆری‌ هه‌بوو بۆ یه‌كخستنی‌ ده‌نگی‌ گه‌نجان به‌ئاراسته‌ی‌ په‌خشكردنی‌ گه‌شبین‌و خۆپاراستنیان له‌بێهیوایی‌ له‌رێی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ دیوی‌ دووه‌می‌ ژیانی‌ به‌غداوه‌.