راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

خۆشه‌ویستی‌ له‌سه‌رده‌می‌ خه‌لیفه‌دا

نەوزەت شەمدین
سێ‌ مانگی‌ ره‌به‌قه‌ به‌ها مۆبایل‌و فه‌یسبووكه‌كه‌ی‌ مه‌یسوونی‌ خۆشه‌ویستی‌ نامه‌باران كردووه‌، به‌ڵام له‌و…
18.09.2014  |  به‌رلین
All Mosul women must now wear either black or white niqab.
All Mosul women must now wear either black or white niqab.

به‌ها یه‌كێكه‌ له‌و هه‌زاران گه‌نجه‌ی‌ داعش دڵی‌ شكاندوون‌و به‌بڕیاره‌ "پیاو سالارییه‌كانی‌" نیوه‌ جوانه‌كه‌ی‌ ژیانیانی‌ لێكردوون، له‌كاتێكدا ساڵانی‌ رابردوو رۆڵی‌ كۆمه‌ڵگا بۆ خه‌فه‌كردنی‌ هه‌ست‌و سۆزه‌كانیان هیچی‌ ئه‌وتۆی‌ كه‌متر نه‌بوو له‌هه‌وڵه‌كانی‌ داعش.

به‌ها له‌گه‌ڵ‌ مه‌یسوون به‌نیازی‌ ئه‌وه‌ بوون پاش ته‌واوكردنی‌ خوێندنه‌كه‌یان له‌ئه‌ندازیاری‌ كاره‌با له‌زانكۆی‌ موسڵ‌، هێلانه‌یه‌ك بۆ خۆیان پێكه‌وه‌ بنێن، چونكه‌ به‌ها پێی‌ وابوو كاتێك بووه‌ ئه‌ندازیار باوكی‌ مه‌یسوون ئاسان دڵی‌ نه‌رم ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ كچه‌كه‌ی‌ بداتێ‌‌و وه‌ك ئه‌وه‌ نییه‌ ئه‌م هێشتا خوێندكار بێت‌و به‌پاره‌ی‌ باوكی‌ بژی‌.

به‌ڵام داعش كه‌ له‌نۆی‌ حوزه‌یرانه‌وه‌ ده‌ستی‌ گرت به‌سه‌ر موسڵدا به‌ته‌واوی‌ ئه‌م پلانه‌ی‌ شێواند‌و به‌هاو مه‌یسونی‌ له‌یه‌ككرد، چونكه‌ خوێندن‌و كاری‌ هه‌موو دامه‌زراوه‌ حكومییه‌كان په‌كیكه‌وت.

به‌ها هه‌موو رۆژێك به‌خه‌مبارییه‌وه‌ چاودێریی‌ یه‌كێك له‌ده‌رگاكانی‌ زانكۆ ده‌كات كه‌ نزیكه‌ له‌ماڵه‌كه‌ی‌ خۆیان له‌ناوچه‌ی‌ كۆمه‌ڵگای‌ رۆشنبیری‌ به‌ری‌ چه‌پی‌ شاره‌كه‌، ئه‌و ته‌نها له‌ودیو دیواری‌ زانكۆوه‌ ده‌یتوانی‌ به‌دیداری‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی‌ شاد بێت، ئه‌گه‌ر نه‌یتوانیبایه‌ قسه‌شی‌ له‌گه‌ڵ‌ بكات خۆ لانی‌ كه‌م چاوی‌ پێی‌ ده‌كه‌وت.

وه‌ك به‌ها ده‌ڵێت داخستنی‌ ده‌رگای‌ زانكۆ تاكه‌ كێشه‌ نییه‌ "داعش ژنانی‌ ناچاركردووه‌ نیقاب بپۆشن، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌لای‌ مه‌یسونیشدا بڕۆم بێگومان نایناسمه‌وه‌".

له‌ماوه‌ی‌ ئه‌م سێ مانگه‌دا چه‌ند جارێك په‌یوه‌ندی‌ ته‌له‌فۆن‌و ئینته‌رنێت له‌موسڵ‌ پچڕاوه‌، به‌ڵام به‌ها له‌وه‌ سه‌ریسوڕماوه‌ كه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا رۆح بۆ په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی‌ ئه‌وان نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌و مه‌یسون وه‌ڵامی‌ ناداته‌وه‌.

به‌ها ده‌یه‌وێت دڵنه‌وایی‌ خۆی‌ بداته‌وه‌و ده‌ڵێت "ره‌نگه‌ ئه‌م ماوه‌یه‌ بێهیوا بوبێت" ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات له‌و چه‌ند جاره‌ی‌ به‌به‌رده‌م ماڵی‌ مه‌یسووندا تێپه‌ڕیوه‌ بینوێتی‌ كه‌ ژنان له‌و ماڵه‌ هاتوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌و چوونه‌ته‌ ژووره‌وه‌، به‌ڵام هه‌موویان یه‌كجۆر نیقابیان پۆشیوه‌ له‌ره‌نگی‌ ره‌ش، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌فه‌رمانی‌ داعش بۆ ئه‌و ژنانه‌یه‌ كه‌ شوویان كردووه‌، هیچ جارێك به‌رچاوی‌ نه‌كه‌وتووه‌ كچێك به‌نیقابی‌ سپییه‌وه‌ بێته‌ ده‌ر كه‌ ئه‌م نیقابه‌شیان دیسانه‌وه‌ به‌فه‌رمانی‌ داعش بۆ كچانی‌ شوونه‌كردووه‌، به‌بڕوای‌ به‌ها یان مه‌یسوون هه‌ر نایه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ یان ئه‌گه‌ر بشچێت ئه‌وا نیقابی‌ ره‌ش ده‌پۆشێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ نه‌زانن هێشتا شووی‌ نه‌كردووه‌و نه‌وه‌ك یه‌كێك له‌ده‌رگای‌ بدات بۆ داخوازی‌.

به‌ها كه‌مێك بیری‌ كرده‌وه‌و وتی‌ "نازانم سزای‌ كچێك چییه‌ ئه‌گه‌ر شوونه‌كات به‌داعشییه‌ك، به‌ڵام پێم وایه‌ كه‌متر نییه‌ له‌جه‌ڵد لێدان".

به‌ها باش ده‌زانێت ئه‌گه‌ر هه‌ر سه‌ركێشییه‌كی‌ عاشقانه‌ بكات چی‌ به‌سه‌ر دێت، به‌ر له‌چه‌ند رۆژێك به‌فه‌رمانی‌ داعش گه‌نجێك به‌تۆمه‌تی‌ زیناكرن تا مردن ره‌جمكرا، له‌كاتێكدا هه‌مووان باش ده‌زانن به‌پێی‌ شه‌رعی‌ ئیسلام بۆ حاڵه‌تێكی‌ له‌م شێوه‌یه‌ ده‌بێت چوار شایه‌ت هه‌بێت‌و چه‌ند مه‌رجێكی‌ به‌سه‌ردا بسه‌پێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ سزا بدرێت، ته‌نانه‌ت به‌پێی‌ یاسای‌ عێراقیش به‌م شێوه‌یه‌یه‌، ئه‌و یاسایه‌ی‌ داعش به‌دروستكراوی‌ ده‌زانێت.

به‌ها پێی‌ وایه‌ ئه‌وه‌ی‌ داعش كردوویه‌تی‌ بۆ ده‌رخستنی‌ هێزو توانای‌ خۆیان بووه‌، ئه‌وه‌ش به‌دوور نازانێت هه‌ر هه‌وڵێك بۆ نزیكبوونه‌وه‌ له‌خۆشه‌ویسته‌كه‌ی‌ بدات ئه‌ویش ره‌جم بكرێت، له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "بۆ نه‌گبه‌تی‌ كه‌وتووینه‌ته‌ ده‌ست گروپێك كه‌ قسه‌ به‌ژنان ده‌ڵێن‌و كڕین‌و فرۆشتنیان پێوه‌ ده‌كه‌ن‌و وه‌ك مه‌ڕ خه‌ڵك سه‌رده‌بڕن‌و شاره‌كان وێران ده‌كه‌ن، كه‌چی‌ له‌سه‌ر كێشانی‌ جگه‌ره‌یه‌ك یان ده‌ربڕینی‌ هه‌ستێك خه‌ڵك سزا ده‌ده‌ن".

به‌و پێیه‌ی‌ موسڵ‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ موحافیزه‌كارو داخراوه‌، بۆیه‌ به‌ده‌گمه‌ن دیمه‌نی‌ كوڕو كچێكی‌ خۆشه‌ویستی‌ یه‌كتری‌ تیا به‌دی‌ ده‌كرا كه‌ پێكه‌وه‌ دابنیشن، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا عاشقه‌كان كۆڵیان نه‌ده‌دا له‌ژووانێكی‌ ناو بازاڕ نیگایه‌كی‌ یه‌كیان ده‌كرد یان له‌رێی‌ فه‌یسبووك‌و مۆبایله‌وه‌ هه‌ست‌و سۆزیان ده‌گۆڕییه‌وه‌.

داعش ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر كۆمه‌ڵگاكه‌ی‌ داخست، چونكه‌ رێگه‌ی‌ گرت ژنان كاربكه‌ن‌و گه‌وره‌و بچووكی‌ له‌خوێندنگاو زانكۆ ده‌كردو له‌رێی‌ نیقابه‌وه‌ له‌جیهانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ دابڕین، هه‌روه‌ها سزای‌ دانا بۆ ئه‌و ژنانه‌ش كه‌ له‌سه‌ر فه‌یسبووك ده‌ربكه‌ون.

به‌ها بۆ ئه‌وه‌ی‌ رووبه‌رووی‌ هیچ سزایه‌ك نه‌بێته‌وه‌ زوو په‌یجێكی‌ خۆشه‌ویستی‌ به‌ناوێكی‌ خوزاراوه‌وه‌ له‌سه‌ر فه‌یسبووك كرده‌وه‌و بۆ ماوه‌ی‌ دوو مانگ په‌یامی‌ خۆشه‌ویستی‌ تیا ده‌نوسی‌، یه‌ك مانگیش چاوه‌ڕێی‌ كرد مه‌یسوون هاوڕێیه‌تی‌ قبوڵ‌ بكات، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌نامه‌یه‌كی‌ تایبه‌تدا هه‌وڵ‌و كۆششه‌ نهێنییه‌كانی‌ خۆی‌ بۆ شیكرده‌وه‌، كه‌چی‌ له‌بری‌ مه‌یسوون نامه‌یه‌كی‌ تایبه‌تی‌ له‌په‌یجێكه‌وه‌ بۆ هات كه‌ وێنه‌ی‌ ئاڵای‌ داعشی‌ له‌سه‌ر بوو، له‌نامه‌كه‌دا داوای‌ لێكردووه‌ به‌یعه‌ت به‌"خه‌لیفه‌" بدات، چونكه‌ ئه‌وه‌ تاكه‌ رێگای‌ رزگاربوونه‌.