راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

به‌غدا به‌كامێرای‌ چاودێری‌ ته‌نراوه‌

موسته‌فا حه‌بیب
به‌م دواییه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌ربڵاو كامێرای‌ چاودێری‌ له‌دوكان‌و بازاڕه‌كانی‌ به‌غدا پایته‌خت بڵاوبووه‌ته‌وه‌،…
28.08.2014  |  به‌غدا
Results of a car bomb in Baghdad.
Results of a car bomb in Baghdad.

Tweet
//

له‌ماوه‌ی‌ كه‌متر له‌هه‌فته‌یه‌كدا سێ‌ ته‌قینه‌وه‌ له‌رێی‌ ئۆتۆمبێله‌وه‌ له‌ناوچه‌ی‌ كه‌راده‌ی‌ ناوه‌ندی‌ به‌غدا ئه‌نجامدران كه‌ گه‌ڕه‌كێكی‌ به‌ناوبانگی‌ به‌غدایه‌‌و شیعه‌و سوننه‌و كوردی‌ تێدا ده‌ژین‌و باره‌گای‌ چه‌ندین هێزی‌ سیاسی‌ تیا كۆبووه‌ته‌وه‌.

دوای‌ ئه‌م ته‌قینه‌وانه‌ كه‌ بازاڕی‌ سه‌ره‌كی‌ كه‌راده‌ی‌ گرته‌وه‌، حكومه‌ت بڕیاریدا ئه‌و شاڕێیه‌ بۆ چه‌ند رۆژێك دابخات، پێده‌چێت ئه‌مه‌ش تاكه‌ رێگه‌چاره‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتداران بێت بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ توندوتیژی‌، به‌ڵام ئه‌م رێوشوێنه‌ ناڕه‌زایی‌ زۆری‌ خه‌ڵكی‌ لێكه‌وته‌وه‌و به‌هۆیه‌ حكومه‌ت بڕیاریدا شه‌قامه‌كه‌ بكاته‌وه‌، به‌ڵام به‌یه‌ك ئاراسته‌، له‌كاتێكدا جاران دوو ئاراسته‌ بوو.

ته‌قینه‌وه‌كه‌ زیانی‌ گه‌وره‌ی‌ گه‌یانده‌ دوكانی‌ باسم ئیبراهیم كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و شه‌قامه‌ جل‌و به‌رگ ده‌فرۆشێت، ئێستا دوو رۆژه‌ له‌نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی‌ دووكانه‌كه‌ بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ كامێرایی‌ چاودێری‌ داناوه‌ هه‌م بۆ ده‌رگای‌ دوكانه‌كه‌یی‌‌و هه‌م بۆ شه‌قامه‌كه‌ش.

باسم به‌"نیقاش"ی‌ وت "بۆ ئه‌وه‌ كامێرام داناوه‌ كه‌ چاودێری‌ جموجۆڵی‌ خه‌ڵك‌و شه‌قامه‌كه‌ بكه‌م، به‌ڵكو له‌رێیه‌وه‌ ئه‌و گومانلێكراوانه‌ بدۆزینه‌وه‌ كه‌ ئۆتۆمبێله‌كان ده‌ته‌قێننه‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ تیرۆریسته‌كه‌ كاتێك كامێراكه‌ ده‌بینێت سڵ‌ ده‌كاته‌وه‌و ره‌نگه‌ كاره‌كه‌ی‌ ئه‌نجام نه‌دات، چونكه‌ ده‌زانێ‌ ئاشكرا ده‌بێت".

باسم تاكه‌ كه‌س نییه‌ كه‌ بڕیاری‌ داوه‌ كامێرا دابنێت، به‌ڵكو خاوه‌نی‌ زۆربه‌ی‌ دوكانه‌كانی‌ بازاڕه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ پایته‌خت به‌تایبه‌تی‌ له‌ناوچه‌كانی‌ كه‌راده‌و مه‌نسورو به‌غداد جه‌دیده‌‌و به‌یاع‌و سه‌یدییه‌ هه‌مان كاریان كردووه‌.

له‌سه‌ر یوتیوب به‌ده‌یان ڤیدیۆی ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌نزیك دوكان‌و بازاڕه‌كانی‌ به‌غدا ئه‌نجامدراون، هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌رێی‌ كامێرای‌ چاودێرییه‌وه‌ وێنه‌گیراون‌و له‌ناو خه‌ڵكیدا بینه‌ری‌ زۆریان هه‌یه‌.

له‌هه‌ندێ‌ له‌و دیمه‌نانه‌دا جۆری‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ی‌ كه‌ ده‌ته‌قێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ ره‌نگ‌و شێوه‌ی‌‌و خاوه‌نه‌كه‌یی‌‌و شێوه‌ی‌ دانانی‌ ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌ش روونه‌ كه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی‌ به‌بیانووی‌ شت كڕینه‌وه‌ داده‌به‌زێت، به‌ڵام دواتر خۆی‌ ده‌دزێته‌وه‌و ئۆتۆمبێله‌كه‌ جێده‌هێڵێت.

هه‌ندێ‌ له‌ڤیدیۆكانی‌ تریش له‌رووی‌ وێنه‌گرتنه‌وه‌ روون نین‌و ژماره‌ی‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ ده‌رنه‌كه‌وتووه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و كه‌سه‌ی‌ رایده‌گرێت، بۆیه‌ پێویستیان به‌شاره‌زایانی‌ به‌ڵگه‌ی‌ تاوان هه‌یه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌.

به‌هۆی‌ زۆری‌ خواسته‌وه‌ دوكانی‌ فرۆشتنی‌ كامێرای‌ چاودێری‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌ربڵاو له‌به‌غدا بونیان هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌بازاڕی‌ "هرج" له‌ناوه‌ندی‌ پایته‌خت، ئه‌و دوكانانه‌ ده‌یان كامێرایان نمایش كردووه‌‌و جۆرو نرخه‌كانیان له‌سه‌ر نوسیوه‌.

كامیل ئالوسی‌ كه‌ خاوه‌نی‌ دوكانی‌ فرۆشتنی‌ كامێرای‌ چاودێرییه‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند له‌چه‌ند هه‌فته‌ی‌ رابردوودا خه‌ڵكێكی‌ زۆر كامێرایی‌ چاودێری‌ ده‌كڕن، له‌كاتێكدا جاران ته‌نها فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان داوایان ده‌كرد.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "جۆری‌ كامێره‌كان جیاوازن به‌پێی‌ ئاستی‌ بینین‌و كوالێتیان، له‌ 50 دۆلاره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات بۆ 1500 دۆلار، ده‌توانرێت له‌ئینته‌رنێتیش ببه‌سترێن بۆ ئه‌وه‌ی‌ خاوه‌نه‌كه‌ی‌ له‌ماڵه‌وه‌ چاودێری‌ دوكانه‌كه‌ی‌ بكات".

یه‌كێك له‌و گرتانه‌ی‌ له‌ئینته‌رنێت بڵاوبووه‌ته‌وه‌ به‌روونی‌ ئه‌وه‌ی‌ تیا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ چۆن كه‌سێك له‌نزیك شۆسته‌ی‌ شه‌قامێك له‌ناوچه‌ی‌ به‌غداد جه‌دیده‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ی‌ جێده‌هێڵێت‌و به‌خێرایی‌ دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌، سیمۆن جه‌رجیس له‌رێی‌ كامێرای‌ دوكانه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌ست به‌و جموجۆڵه‌ ده‌كات.

سیمۆن به‌"نیقاش"ی‌ وت "كه‌ بینیم هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌و هه‌وڵمدا به‌و كه‌سه‌ بگه‌مه‌وه‌و بیگرم، به‌ڵام نه‌متوانی‌، بۆیه‌ خاوه‌نی‌ هه‌موو دوكانه‌كانم ئاگاداركرده‌وه‌ كه‌ دوور بكه‌ونه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ گومانلێكراوه‌، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا په‌یوه‌ندیم به‌پۆلیسه‌وه‌ كرد، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ دره‌نگ گه‌یشتن ئۆتۆمبێله‌كه‌ ته‌قییه‌وه‌، خۆشبه‌ختانه‌ ته‌نها زیانی‌ ماڵی‌ به‌دواوه‌ بوو".

ئه‌وه‌ی‌ سیمۆنی‌ توڕه‌كردووه‌ ئه‌وه‌یه‌ پۆلیس گرنگی‌ نه‌داوه‌ به‌ڤیدیۆكه‌و ده‌ڵێت "پێشبینم ده‌كرد له‌فه‌رمانگه‌ی‌ به‌ڵگه‌ی‌ تاوانه‌وه‌ بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌رێی‌ كامێراكه‌وه‌ تاوانباره‌كه‌ بدۆزنه‌وه‌ كه‌ به‌روونی‌ ده‌ركه‌وتووه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌بوونی‌ ڤیدیۆكه‌ ئاگادارم كردنه‌وه‌ گوێیان پێنه‌دا".

سه‌فا مه‌حمود كه‌ نه‌قیبێكی‌ پۆلیسه‌ له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌ندێ‌ له‌و ڤیدیۆیانه‌ی‌ له‌خاوه‌ن دوكانه‌كان وه‌ریده‌گرین به‌كه‌ڵك نایه‌ن، چونكه‌ كامێراكان خراپن‌و وێنه‌یان روون نییه‌، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ سودیان هه‌یه‌".

به‌قسه‌ی‌ نه‌قیب سه‌فا زۆربه‌ی‌ ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌ی‌ له‌سه‌ره‌تای‌ ئه‌مساڵه‌وه‌ له‌به‌غدا روویانداوه‌ بكه‌ره‌كانیان خۆكوژ نه‌بووه‌، به‌ڵكو كه‌سانی‌ ئاسایی‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌یان جێهێشتووه‌‌و دواتر ته‌قاندویانه‌ته‌وه‌، به‌پێی‌ دیمه‌نی‌ ناو كامێراكانیش بكه‌ره‌كان كه‌سانی‌ پۆشته‌و كه‌شخه‌ن‌و به‌ئاسانی‌ خه‌ڵك هه‌ستیان پێناكات.

ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ به‌غدا دڵخۆشه‌ به‌وه‌ی‌ هۆشیاری‌ خه‌ڵك زیادبووه‌ بۆ چاودێریكردنی‌ دوكان‌و ته‌نانه‌ت هه‌ندێ‌ له‌ماڵه‌كانیش، له‌مڕووه‌وه‌ محه‌مه‌د روبێعی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ به‌غدا به‌"نیقاش"ی‌ وت "بوونی‌ كامێرای‌ چاودێری‌ گرنگه‌و ئێمه‌ هانیان ده‌ده‌ین بۆ دانانی‌".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "خه‌ریكی‌ گه‌ڵاڵه‌كردنی‌ پرۆژه‌یه‌كین بۆ ئه‌وه‌ی‌ خاوه‌نی‌ سه‌رجه‌م دوكانه‌كان ناچار بكه‌ین كامێرایی‌ چاودێری‌ دابنێن، هه‌روه‌ك ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا ده‌یه‌وێت زیاتر له‌ 10 هه‌زار كامێرای‌ چاودێری‌ له‌شه‌قام‌و كۆڵانه‌كان دابنێت، ئه‌مه‌ش له‌وڵاتانی‌ ئه‌روپی‌ هاوشێوه‌ی‌ زۆره‌".

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ عه‌مار شه‌ریفی‌ عه‌قیدی‌ خانه‌نشین به‌"نیقاش"ی‌ وت "كامێرای‌ چاودێری‌ رۆڵی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌یه‌ له‌كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ته‌قینه‌وه‌و توندوتیژی‌، چونكه‌ به‌رده‌وام چاودێری‌ رێوبانه‌كان ده‌كات كه‌ ئه‌مه‌ش به‌پۆلیس ناكرێت".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "دانانی‌ تاكه‌ كامێرایه‌ك له‌سه‌ر شه‌قامێك، شوێنی‌ خاڵێكی‌ پشكنین ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ پێنج پۆلیسی‌ لێوه‌ستاوه‌، چونكه‌ پۆلیسه‌كان له‌كاتی‌ وه‌ستانیان ماندوو ده‌بن‌و ره‌نگه‌ به‌باشی‌ كاره‌كه‌ی‌ خۆیان نه‌كه‌ن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ قه‌ره‌باڵغی‌ دروست ده‌كه‌ن، به‌ڵام كامێرای‌ چاودێری‌ ماندوو نابێت‌و كاری‌ خۆی‌ ده‌كات، هه‌روه‌ها ده‌توانرێت بۆ رێكخستنی‌ هاتوچۆ دابنرێت یان بۆ ماڵان به‌مه‌به‌ستی‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ دزی‌".