راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

نان به‌خۆڕاییه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی‌ پاره‌یان پێ نییه‌

ئیبراهیم ساڵح
خۆت به‌ئاواره‌ مه‌زانه‌ تۆ خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌یت، ئه‌مه‌ قسه‌ی‌ به‌غدادییه‌كانه‌ كه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن به‌پێی‌ توانا…
31.07.2014  |  به‌غدا

Tweet
//

"ئه‌گه‌ر پاره‌ت پێنییه‌، نان به‌خۆڕاییه‌" ئه‌مه‌ ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌یه‌كه‌ كه‌ یه‌كێك له‌نانه‌واخانه‌كانی‌ ناوچه‌ی‌ حه‌ی‌ جامیعه‌ی‌ به‌غدا هه‌ڵیواسیوه‌، بێگومان ئه‌مه‌ش هێمایه‌كی‌ روونه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكێكی‌ زۆر هه‌یه‌ توانای‌ كڕینی‌ نانیان نییه‌ هه‌رچه‌نده‌ هه‌رزانیشه‌.

حه‌سه‌ن حه‌یده‌ر خاوه‌نی‌ نانه‌واخانه‌كه‌ له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر كه‌ نانه‌واخانه‌كه‌مان كرده‌وه‌ ئه‌م رسته‌یه‌مان له‌سه‌ر نووسی‌".

له‌ناو ریزی‌ دوورو درێژی‌ به‌رده‌م نانه‌واخانه‌كه‌ ژنێك سه‌ره‌ی‌ گرتبوو كه‌ ماندوێتی‌‌و هه‌ژاری‌ به‌رووخساو جل‌و به‌رگه‌كانیه‌وه‌ دیاربوو، بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌س دركی‌ پێبكات ده‌ نانی‌ خسته‌ ناو زه‌رفێكه‌وه‌ سوپاسی‌ نانه‌واكه‌ی‌ كرد.

ئوم عه‌بدوڵا كه‌ له‌نان وه‌رگرتن ته‌واوبوو به‌په‌یامنێری‌ "نیقاش"ی‌ وت "ئێمه‌ له‌ئاواره‌كانی‌ ئه‌نبارین‌و هاتوینه‌ته‌ ئه‌م ناوه‌ كه‌ ناسیاوه‌كانمانی‌ لێیه‌، هه‌رچه‌نده‌ پاره‌ی‌ نانم پێیه‌، به‌ڵام ده‌مه‌وێت بۆ كڕینی‌ پێداویستی‌ تر به‌كاری‌ بهێنم كه‌ به‌خۆڕایی‌ ده‌ستمان ناكه‌وێت".

رۆژانه‌ حه‌سه‌ن چاوی‌ به‌چه‌ندین كه‌س ده‌كه‌وێت كه‌ به‌خۆڕایی‌ نان ده‌به‌ن، بۆ ئه‌مه‌ ده‌ڵێت "خه‌ڵكێكی‌ زۆر نان به‌خۆڕایی‌ ده‌به‌ن، به‌تایبه‌تی‌ له‌مانگی‌ ره‌مه‌زانی‌ پیرۆزدا ئه‌و حاڵه‌ته‌ زۆربوو، هه‌ژار زۆرن‌و ئاواره‌كانیش زۆر زیادیان كردووه‌".

حه‌سه‌ن درێژه‌ به‌قسه‌كانی‌ ده‌دات‌و ده‌ڵێت "چه‌ند ساڵه‌ له‌نانه‌واخانه‌ كارده‌كه‌م‌و له‌و ماوه‌یه‌دا ده‌یان نانه‌وام بینیوه‌ كه‌ به‌خۆڕایی‌ نانیان داوه‌ به‌خه‌ڵك، به‌ڵام ئه‌مڕۆ خه‌ڵكێكی‌ زۆر هه‌یه‌ پاره‌ی‌ نانیان پێ‌ نییه‌".

نوسینی‌ سه‌ر نانه‌واخانه‌كه‌ هانی‌ زۆرێك له‌خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ی‌ داوه‌ پاڵپشتی‌ ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه‌ بكه‌ن، هه‌ندێ‌ كه‌س پاره‌ی‌ نانه‌كه‌ داده‌نێن‌و نان نابه‌ن، به‌ڵكو به‌نانه‌واكه‌ ده‌ڵێن هه‌ر كه‌سێكی‌ هه‌ژار هات نانی‌ بداتێ‌، هه‌ندێكی‌ تریش نانه‌كه‌ ده‌كڕن‌و خۆیان ده‌یبه‌ن بۆ خێزانه‌ ئاواره‌كان.

ئه‌بو محه‌مه‌د كه‌ له‌نانكڕین بووه‌وه‌ وتی‌ "بایی‌ هه‌زار نانم بۆ خۆمان كڕی‌و بایی‌ هه‌زاریش بۆ خێزانێكی‌ ئاواره‌ كه‌ له‌م ناوچه‌یه‌ نیشته‌جێبوون، خه‌ڵكی‌ ئێره‌ چییان بۆ بكرێت بۆ ئاواره‌كان درێغی‌ ناكه‌ن".

ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه‌ ته‌نها نانه‌واكانی‌ نه‌گرتووه‌ته‌وه‌، هه‌ركه‌سێكیش له‌شه‌قامه‌كانی‌ به‌غدا بسوڕێته‌وه‌ به‌چاوی‌ خۆی‌ چه‌ندین هه‌وڵی‌ له‌م شێوه‌یه‌ به‌دی‌ ده‌كات.

له‌ناوچه‌ی‌ حه‌ی‌ سه‌یدییه‌ سه‌رتاشێكی‌ پیاوان له‌سه‌ر جامخانه‌كه‌ی‌ نوسیوه‌ "سه‌رچاكردن بۆ میوانه‌كان پێنج هه‌زار دیناره‌" له‌مه‌دا مه‌به‌ستی‌ ئاواره‌كانه‌، له‌كاتێكدا خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ به‌ ده‌ هه‌زار دینار سه‌ر ده‌تاشن.

ئه‌حمه‌د موسته‌فا شاگری‌ سه‌رتاشه‌كه‌ ده‌ڵێت "داهاتمان سنورداره‌ بۆیه‌ ناتوانین شتێكی‌ ئه‌وتۆ پێشكه‌ش به‌ئاواره‌كان بكه‌ین، ئه‌وه‌ی‌ پێمان كراوه‌ ئه‌وه‌یه‌ نرخی‌ سه‌رچاككردنمان دابه‌زاندووه‌، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌مان له‌ده‌سه‌ڵاتدا بووه‌".

ده‌ستپێشخه‌ری‌ خه‌ڵكی‌ به‌غدا بۆ ئاواره‌كانی‌ ئه‌و پارێزگایانه‌ی‌ باری‌ ئه‌منیان نائارامه‌ پاش ئه‌وه‌ هات كه‌ ژماره‌یه‌كی‌ ئاواره‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو هه‌ڵكشاوه‌.

له‌مزگه‌وتی‌ عومه‌ر موختاریش له‌ناوچه‌ی‌ یه‌رموك له‌به‌غدا ئیمامی‌ مزگه‌وته‌كه‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی‌ راگه‌یاند بۆ كۆكردنه‌وه‌ی‌ پیتاك بۆ ئاواره‌كان، هه‌رزوو ناو مزگه‌وته‌كه‌ پڕبوو له‌خوارده‌مه‌نی‌‌و راخه‌رو هه‌ندێ‌ كه‌لوپه‌لی‌ كاره‌بایی‌ وه‌ك ساردكه‌ره‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌بڕێك پاره‌و داوو ده‌رمان.

محه‌مه‌د ئیبراهیم كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌هه‌ڵمه‌ته‌كه‌دا كارده‌كات به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌ر له‌به‌ره‌به‌یانییه‌وه‌ تا نوێژی‌ شێوان كۆمه‌ك كۆده‌كه‌ینه‌وه‌، رۆژانه‌ به‌سه‌دان ئاواره‌ له‌دیاله‌و ئه‌نبارو نه‌ینه‌واو سه‌لاحه‌دین‌و كه‌ركوكه‌وه‌ رووده‌كه‌نه‌ ناوچه‌كه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ پێشتریش ژماره‌یه‌ك ئاواره‌ی‌ سوری‌ هه‌ر لێره‌ نیشته‌جێبوون".

ئیبراهیم درێژه‌ به‌قسه‌كانی‌ ده‌دات ده‌ڵێت "پێمان وابوو ئه‌م قه‌یرانه‌ به‌مانگێك یان كه‌متر كۆتایی‌ دێت، به‌ڵام زۆر درێژه‌ی‌ كێشاو نازانین كه‌ی‌ ته‌واو ده‌بێت، بۆیه‌ ده‌ستمانكرد به‌كۆكردنه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ك".

عه‌بدولكه‌ریم عانی‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ئاواره‌كانی‌ ئه‌نبار له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "رۆژانه‌ دێینه‌ ئێره‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌شه‌ خۆراكی‌ خۆمان ببه‌ین، هه‌ندێكیشمان توانیومانه‌ پێداویستییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ وه‌ك داوو ده‌رمان‌و كه‌لوپه‌لی‌ نیشته‌جێبوون ده‌ست بخه‌ین".

له‌جێگه‌یه‌كی‌ تری‌ هه‌مان ناوچه‌ حاجی‌ جه‌مال جبوری‌ كه‌ كۆمپانیای حه‌ج‌و عه‌مره‌ی‌ هه‌یه‌ ئه‌ویش ده‌ستیكردووه‌ به‌كۆكردنه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ك‌و هاوكاری‌ بۆ ئاواره‌ عێراق‌و سورییه‌كان.

جبوری‌ ده‌ڵێت "هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی‌ سندوقێكم دانا بۆ كۆكردنه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ك سه‌ردانكه‌رانی‌ كۆمپانیاكه‌و خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ تیایدا به‌شدارییان كرد، خه‌ڵكێكی‌ زۆری‌ ئاواره‌ له‌ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌و ئێمه‌ش ئه‌و پاره‌یه‌یان به‌سه‌ردا دابه‌ش ده‌كه‌ین".

نێرده‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌عێراق (یونامی‌) رایگه‌یاند تا كۆتایی‌ مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ رابردوو ژماره‌ی‌ ئاواره‌كان له‌به‌غدا گه‌یشتووه‌ته‌ زیاتر له‌ 375 هه‌زار كه‌س، حكومه‌تی‌ ناوه‌ندو حكومه‌تی‌ لۆكاڵیش بڕێك پاره‌یان ته‌رخانكردووه‌ بۆ یارمه‌تیدانی‌ ئاواره‌كان، له‌دواهه‌مین هه‌نگاویشدا حكومه‌ت بڕی‌ پێنج سه‌د ملیۆن دۆلاری‌ ته‌رخانكردووه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ شوێنی‌ ئاواره‌كان رێكنه‌خراوه‌، بۆیه‌ ره‌نگه‌ گه‌یشتنی‌ ئه‌و یارمه‌تییانه‌ ئاسان نه‌بێت.