راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

له‌موسڵ باوی‌ جلی‌ ئه‌فغانییه‌

عه‌بدولهادی‌ محه‌ممه‌د
بۆ ئه‌م وه‌رزه‌ گه‌نجانی‌ موسڵ‌ پێویستیان به‌وه‌ نییه‌ به‌دوای‌ مۆدێلی‌ جل‌و به‌رگی‌ تازه‌دا بگه‌ڕێن، ئه‌مساڵ‌…
3.07.2014  |  موسڵ
An extremist fighter shows off
An extremist fighter shows off

Tweet
//

جلی‌ ئه‌فغانی‌ بریتییه‌ له‌كراسێكی‌ درێژو شڕواڵێكی‌ فش، كاتی‌ خۆی‌ چه‌كدارانی‌ تاڵیبان له‌ئه‌فغانستان له‌به‌ریان ده‌كرد به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ ناوی‌ ئه‌فغانی‌ وه‌رگرتووه‌، ئه‌مڕۆ هه‌موو چه‌كداره‌كانی‌ داعش ئه‌و جله‌یان پۆشییوه‌، تا وای‌ لێهاتووه‌ خه‌ڵكی‌ موسڵ‌ له‌نێوان خۆیاندا ده‌یانوت شاره‌كه‌یان بووه‌ته‌ قه‌نده‌هار.

له‌یه‌كێك له‌خاڵه‌كانی‌ پشكنینی‌ داعش چه‌كدارێكی‌ ته‌مه‌ن شه‌ست ساڵ‌ وه‌ستابوو ئه‌وانه‌ی‌ ده‌وروبه‌ری‌ به‌حاجی‌ ناویان ده‌برد، به‌وه‌دا دیاربوو كه‌ سه‌رگه‌وره‌یانه‌، حاجی‌ له‌سه‌رخۆ له‌گه‌ڵ‌ گه‌نجێكدا قسه‌ی‌ ده‌كرد كه‌ تازه‌ بڕیاریدابوو به‌خۆبه‌خشانه‌ ببێته‌ چه‌كداری‌ داعش، ئه‌و گه‌نجه‌ پانتۆڵێكی‌ كاوبۆو كراسێكی‌ له‌به‌ردابوو كه‌ چه‌ند ده‌سته‌واژه‌یه‌كی‌ ئینگلیزی‌ له‌سه‌ر نوسرابوو، رێنمایی‌ گه‌نجه‌كه‌ی‌ ده‌كرد كه‌ ده‌بێت ئه‌و جلوبه‌رگانه‌ له‌به‌ر بكات كه‌ كاتی‌ خۆی‌ پێغه‌مبه‌ر له‌به‌ریكردوون.

موسڵ‌ ته‌نها چه‌كداری‌ بێگانه‌ی‌ له‌خۆنه‌گرتووه‌، به‌ڵكو جلی‌ سه‌یریشی‌ به‌خۆوه‌ بینیوه‌، ته‌نانه‌ت ئێستا به‌شێك له‌و پیاوانه‌ی‌ سه‌ر به‌داعشیش نین هه‌مان جل ده‌پۆشن.

حه‌سه‌ن یوسف پێش ئه‌وه‌ی‌ بچێته‌ بازاڕ بڕیاریدابوو كه‌ دشداشه‌یه‌ك بكڕێت بۆ ئه‌م وه‌رزی‌ گه‌رمایه‌ باش بێت، به‌ڵام له‌بازاڕ ئه‌و مۆدێله‌ نوێیه‌ سه‌رنجی‌ راكێشابوو بۆیه‌ بڕیاریدابوو بیكڕێت، یه‌كه‌م رۆژیش كه‌ جله‌كه‌ی‌ له‌به‌ركرد زۆربه‌ی‌ كه‌سه‌ نزیكه‌كانی‌‌و به‌تایبه‌تی‌ ژنه‌كه‌ی‌ پرسیاریان لێده‌كرد بۆچی‌ ئه‌و جله‌ی‌ كڕیوه‌، ئه‌ویش دڵی‌ ده‌دانه‌وه‌و ده‌یوت "مه‌ترسن نه‌بوومه‌ته‌ داعش، به‌ڵام ئێستا ئه‌م جلانه‌ باوێتی‌".

شه‌قامی‌ حه‌له‌ب ئه‌و بازاڕه‌یه‌ كه‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردوو سه‌رجه‌م به‌رگدرووه‌كانی‌ سه‌رقاڵی‌ دروونی‌ جل‌و به‌رگی‌ سه‌ربازو پۆلیس بوون، به‌ڵام ئه‌مڕۆ رووكاری‌ یه‌كه‌می‌ هه‌موو ئه‌و دوكانانه‌ جلی‌ ئه‌فغانی‌ پیا هه‌ڵواسراوه‌.

ئه‌بو سه‌داد (52 ساڵ‌) له‌كۆنترین به‌رگدرووه‌كانی‌ ئه‌و شاره‌یه‌‌و سی‌ ساڵه‌ خه‌ریكی‌ دروونی‌ جل‌و به‌رگی‌ سه‌ربازییه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ هه‌موو ئه‌و جل‌و به‌رگه‌ سه‌ربازییانه‌ی‌ گۆڕیوه‌ته‌وه‌ به‌جلی‌ ئه‌فغانی‌.

نه‌ك هه‌ر دوكانی‌ به‌رگدرووه‌كان، به‌ڵكو كارگه‌كانی‌ دورینیش به‌و كاره‌وه‌ سه‌رقاڵبوو، له‌نێویاندا گه‌وره‌ترین كارگه‌ی‌ درومانی‌ كه‌ سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی‌ كشتوكاڵه‌.

یه‌كێك له‌فه‌رمانبه‌رانی‌ ئه‌و كارگه‌یه‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند به‌ر له‌ ده‌ رۆژ داعش داوایان لێكردوون خێرا بچنه‌وه‌ سه‌ر كاره‌كانیان‌و ده‌ست بكه‌ن به‌دورینی‌ جل‌و به‌رگی‌ ئه‌فغانی‌ بۆ چه‌كدارنی‌ داعش.

به‌پێی‌ قسه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی‌ داعش داوای‌ دورینی‌ ده‌ هه‌زار پارچه‌ جلی‌ كردووه‌‌و رۆژانه‌ش هه‌شت دۆلاریان بۆ هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك بڕیوه‌ته‌وه‌و به‌ڵێنیشیان پێداون سه‌ری‌ مانگ موچه‌ی‌ خۆیان بده‌نێ‌.

به‌پێی‌ زانیارییه‌كان داعش فه‌رمانیداوه‌ هه‌موو چه‌كدارانی‌ یه‌ك به‌رگ بپۆشن‌و به‌هه‌زاران مه‌تر قوماشی‌ هاوینه‌یان بۆ ئه‌و كاره‌ ته‌رخانكردووه‌، هه‌ندێ‌ له‌فه‌رمانبه‌رانی‌ كارگه‌كه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌ ده‌كرد كه‌ هه‌موو جله‌كان یه‌ك ره‌نگن‌و به‌شێكی‌ تریان ده‌یانوت به‌ سێ‌ ره‌نگی‌ جیاواز ده‌دورێن كه‌ هه‌ر ره‌نگێكیان بۆ ئاستێكی‌ جیاوازی‌ چه‌كدارانی‌ داعشه‌، به‌و پێیه‌ی‌ جل‌و به‌رگی‌ چه‌كدارو فه‌رمانده‌و ئه‌میر جیاوازییان هه‌یه‌، به‌ڵام زۆربه‌ی‌ ئه‌و ره‌نگانه‌ی‌ ئێستا به‌رچاو ده‌كه‌ون بێجییه‌كی‌ كراوه‌یه‌.

به‌ر له‌وه‌ی‌ داعش بێته‌ شاره‌كه‌، منداڵانی‌ ئه‌فسه‌رانی‌ سوپاو پۆلیس هه‌مان شێوه‌ی‌ جل‌و به‌رگی‌ باوكیان له‌به‌رده‌كرد به‌هه‌مان پله‌ی‌ سه‌ربازییه‌وه‌، ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌گه‌ڵ‌ چه‌كدارانی‌ داعشیشدا دووباره‌ بووه‌ته‌وه‌.

له‌م بارودۆخه‌دا ئه‌وانه‌ی‌ له‌هه‌موویان زیاتر قازانج ده‌كه‌ن بازرگانه‌كانن، یه‌كێك له‌بازرگانانی‌ جل‌و به‌رگ لای‌ هاوڕێكانی‌ باسی‌ له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ به‌نیازه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق ئه‌و جل‌و به‌رگه‌ ئه‌فغانیانه‌ به‌دورین بدات‌و له‌بازاڕه‌كانی‌ موسڵ‌ ساغیان بكاته‌وه‌، بۆیه‌ دوور نییه‌ رۆژێك بێت جلی‌ داعش ببێته‌ پڕفرۆشترین جۆره‌كانی‌ جل‌و به‌رگ له‌موسڵدا.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌