راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

میدیای‌ عێراقی‌ له‌یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌دا شكستی‌ هێنا

داود ئه‌لعه‌لی‌
له‌رۆژی‌ 9ی‌ حوزه‌یرانه‌وه‌ هه‌ر كه‌ داعش ده‌ستی‌ گرت به‌سه‌ر موسڵ‌‌و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی‌ تری‌ سوننه‌نشیندا،…
25.06.2014  |  به‌غدا

Tweet
//

ئه‌م ماوه‌یه‌ ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كانی‌ عێراق به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ی‌ سه‌ره‌كیدا دابه‌ش بوبوون، به‌شێك له‌پاڵ‌ هه‌وڵی‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ داعشدا بوون‌و به‌شی‌ دووه‌میش چه‌كدارانیان به‌"شۆڕشگێڕ" ناوده‌برد، ده‌ركه‌وت چه‌نده‌ ئه‌م میدیایه‌ له‌ژێر كاریگه‌ری‌ تایفیدایه‌.

روماڵی‌ بێ‌ زانیاری‌

كه‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان له‌شه‌ڕی‌ داعشدا پاشه‌كشه‌یان كرد، عێراقییه‌كان زۆر زیاتر له‌جاران چاوه‌ڕێی‌ ئه‌وه‌بوون بزانن چی‌ ده‌گوزه‌رێ‌، به‌ڵام هیچ یه‌كێك له‌ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كان نه‌یانتوانی‌ به‌ته‌واوی‌ روماڵی‌ رووداوه‌كان بكه‌ن، له‌بری‌ ئه‌وه‌ خۆیان سه‌رقاڵ‌ كردبوو به‌جوڵاندنی‌ جۆش‌و خرۆشی‌ خه‌ڵكی‌ به‌لێدانی‌ سروودو چه‌ند دیمه‌نێك له‌ئه‌رشیفی‌ شه‌ڕه‌ كۆنه‌كانی‌ عێراق.

خه‌ڵكی‌ شاره‌كانی‌ ناوه‌ڕاست‌و خوارووی‌ عێراق ده‌ستیان له‌سه‌ر دڵیان بوو بزانن پێشڕه‌وی‌ داعش به‌چی‌ گه‌یشتووه‌ كه‌چی‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كان هه‌ر گۆرانیان لێده‌دا‌و چه‌ند به‌رنامه‌یه‌كیشیان ته‌رخانكردبوو بۆ وه‌رگرتنی‌ ته‌له‌فۆنی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ "خۆبه‌خشانه‌" ئاماده‌بوون شه‌ڕی‌ داعش بكه‌ن، هه‌موو ئه‌مانه‌ وایكرد عێراقییه‌كان په‌نا بۆ ئه‌و كه‌ناڵانه‌ ببه‌ن كه‌ له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌تدا نین، بۆ ئه‌وه‌ی‌ بزانن له‌وێ‌ چ باسه‌.

زیاتر له‌ ده‌ كه‌ناڵی‌ ئاسمانی‌ عێراقی‌ فه‌تواكه‌ی‌ سیستانیان كردبووه‌ تاكه‌ پێوه‌ری‌ ئاماده‌كردنی‌ راپۆرت‌و هه‌واڵه‌كان كه‌ تیایدا داوایكردبوو خه‌ڵكی‌ چه‌ك له‌دژی‌ داعش هه‌ڵبگرن.

شاشه‌ی‌ ئه‌و ته‌له‌فزیۆنانه‌ ته‌نها دیمه‌نی‌ ئه‌و گه‌نجانه‌ی‌ پیشان ده‌دا كه‌ گوایه‌ خۆیان ئاماده‌ ده‌كه‌ن بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ داعش‌و هوتافیان ده‌وته‌وه‌، به‌ڵام له‌وه‌ به‌دواوه‌ زانیارییه‌كان كۆتاییان پێده‌هات‌و نه‌ده‌زانرا ئه‌و چه‌كدارانه‌ كه‌ چوونه‌ به‌ره‌كانی‌ جه‌نگ، شه‌ڕیان كرد یان نا.

ژماره‌یه‌ك له‌رۆژنامه‌نووسانی‌ شاره‌كانی‌ ناوه‌ڕاست‌و خوارووی‌ عێراق فۆرمی‌ خۆبه‌خشیان پڕكرده‌وه‌ بۆ شه‌ڕی‌ دژی‌ داعش‌و به‌شێكیشیان به‌جلی‌ سه‌ربازییه‌وه‌ له‌سه‌ر شاشه‌ ده‌رده‌كه‌وتن.

له‌به‌رامبه‌ردا گروپێكی‌ تر له‌ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كان له‌پاش كه‌وتنی‌ موسڵه‌وه‌ هه‌موو هه‌وڵیان بۆ ئه‌وه‌ بوو كه‌ له‌خه‌ڵك تێبگه‌یه‌نن ئه‌وه‌ی‌ له‌موسڵ‌ رووده‌دات شۆڕشه‌و "موسڵ‌ ئازادكراوه‌".

تاراده‌یه‌ك ده‌نگی‌ ئه‌م گروپه‌ به‌سه‌ر ئه‌وی‌ تردا زاڵ‌ بوو، ئه‌مانه‌ به‌رده‌وام دیمه‌نی‌ پاشه‌كشه‌ی‌ سوپایان پیشان ده‌دا‌و ده‌ریانده‌خست كه‌ چۆن ئۆتۆمبێل‌و چه‌كه‌كانی‌ سوپا كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ست چه‌ند گه‌نجێكی‌ هه‌رزه‌كار، له‌م شاشانه‌وه‌ كه‌سانی‌ نه‌ناسراو ده‌رده‌كه‌وتن كه‌ وه‌ك سه‌ركرده‌ی‌ ئه‌و "شۆڕشه‌" ده‌ناسێنران.

له‌نێوان ئه‌م دوو رووماڵه‌ نا چونیه‌كه‌دا گرنگترین زانیاری‌ كه‌ له‌هاوڵاتیانی‌ عێراقی‌ ون بوو ئه‌وه‌بوو به‌راستی‌ چی‌ رووده‌دات، هیچ ده‌زگایه‌ك نه‌بوو زانیاری‌ هه‌ردوو به‌ره‌ی‌ ناكۆكییه‌كه‌ وه‌ك خۆی‌ بگوێزێته‌وه‌.

ژماره‌یه‌ك له‌كارمه‌ندانی‌ كه‌ناڵه‌كان به‌كۆمه‌ڵ‌ ده‌ستیان له‌كاركێشایه‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ خۆیان ده‌یانوت له‌سه‌ر ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ "كه‌ناڵه‌كه‌ نه‌یتوانیوه‌ بێ‌ ده‌ستكاری‌ زانیارییه‌كان بگوێزێته‌وه‌" ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ‌ په‌یامنێرانی‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ عه‌ره‌بییه‌و حه‌ده‌س‌و ئه‌ی‌ ئێن پی‌ روویدا.

داخستنی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان

رۆژی‌ 1ی‌ حوزه‌یران ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ عێراقی‌ بڕیاریاندا به‌داخستنی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان‌و له‌گه‌ڵیشیدا ڤایبه‌رو واتساپ له‌كاركه‌وتن.

ئه‌میر خزر وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ وه‌زاره‌تی‌ گه‌یاندن به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌سه‌دا 80ی‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ی‌ له‌عێراق ده‌گوزه‌رێ‌ پشتی‌ به‌لایه‌نی‌ راگه‌یاندن به‌ستووه‌".

هه‌روه‌ها وتی‌ "رێوشوێنی‌ داخستنی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان پێویست بووه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ كاریگه‌رییه‌ سلبییه‌كه‌یان له‌سه‌ر ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌، زۆربه‌ی‌ وڵاتانی‌ دونیاش هه‌ر كه‌ خۆپیشاندانێك یان كاره‌ساتێكی‌ سروشتی‌ رووبدات ئه‌و تۆڕانه‌ له‌كار ده‌خه‌ن".

خزر ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ وه‌زاره‌تی‌ گه‌یاندن رێگه‌ ده‌دات له‌كاتی‌ ده‌وامی‌ فه‌رمی‌ له‌كاتژمێر حه‌وتی‌ به‌یانییه‌وه‌ هه‌تا چواری‌ پاشنیوه‌ڕۆ ئه‌و تۆڕانه‌و ئینته‌رنێت به‌كار بهێنرێت، به‌ڵام به‌قسه‌ی‌ ده‌یان به‌كارهێنه‌ر، فه‌یسبوك‌و تویته‌رو یوتیوب به‌ته‌واوی‌ راگیراون‌و له‌هه‌ندێ‌ ناوچه‌ی‌ به‌غداش ئینته‌رنێت نه‌ماوه‌‌و له‌ناوچه‌كانی‌ تریش زۆر خاوه‌.

زۆرێك له‌رۆژنامه‌نووسه‌ عێراقییه‌كان پشتیان به‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ به‌ستووه‌ بۆ ده‌ستكه‌وتنی‌ زانیاری‌ له‌ناوچه‌ نائارامه‌كان، نه‌یاره‌كانی‌ حكومه‌ت ڤیدیۆی‌ شكانی‌ سوپای‌ لێ‌ بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌و دۆسته‌كانی‌ حكومه‌تیش شكسته‌كانی‌ داعش.

داعش تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌كارده‌هێنێت بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بیروبۆچوون‌و ئه‌و چالاكییه‌ سه‌ربازیانه‌ی‌ ئه‌نجامی‌ ده‌دات، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ سوودی‌ لێده‌بینێت بۆ راكێشانی‌ خه‌ڵك بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ریزه‌كانیدا ببنه‌ چه‌كدار.

ئه‌و گروپه‌ توندڕه‌وه‌ به‌ر له‌چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك فیلمێكی‌ دیكۆمێنتاری‌ له‌سه‌ر په‌لاماردانی‌ موسڵ‌ بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ له‌به‌شی‌ چواره‌میدا ده‌رده‌كه‌وت به‌ چ شێوه‌یه‌كی‌ دڕندانه‌ دژی‌ سه‌ربازو هاوڵاتیانی‌ سیڤیل ده‌جوڵێنه‌وه‌.

هیشام هاشمی‌ توێژه‌ری‌ پسپۆڕ له‌كاروباری‌ گروپه‌ ئیسلامییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ وێبسایت‌و په‌یجه‌كانی‌ نزیك له‌داعش به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رفراوان ئه‌و فیلمه‌یان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌‌و تیایدا به‌وردی‌ كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كراوه‌ وه‌ك شه‌ڕێكی‌ ده‌رونی‌ به‌كاری‌ بهێنن.

هیشام ده‌ڵێت "به‌راده‌یه‌كی‌ زۆر دڵنیام زۆربه‌ی‌ سه‌ربازه‌ عێراقییه‌كان ئه‌و فیلمه‌یان بینیوه‌و بوونه‌ته‌ نێچیری‌ بانگه‌شه‌كانی‌ داعش بۆیه‌ هه‌ڵهاتوون".

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ باس له‌كاریگه‌رییه‌ سلبییه‌كانی‌ ئه‌و تۆڕانه‌ ده‌كرێت، به‌ڵام هه‌ندێكیش له‌وه‌ ده‌ترسن ئه‌مه‌ ببێته‌ رێگایه‌ بۆ شاردنه‌وه‌ی‌ زانیاری‌ له‌خه‌ڵكی‌.

زیاد عجێلی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ جێبه‌جێكاری‌ روانگه‌ی‌ ئازادییه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانی‌ عێراق به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "راگرتنی‌ ئینته‌رنێت زیان به‌ناووناوبانگی‌ عێراق ده‌گه‌یه‌نێت، چونكه‌ ده‌بێت هه‌موو سه‌رچاوه‌كانی‌ ئاڵوگۆڕی‌ زانیاری‌ له‌به‌رده‌ستدابن".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "شه‌ڕی‌ نێوان حكومه‌ت‌و گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان پێویستی‌ به‌م رێوشوێنانه‌ نییه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ ئه‌و گروپانه‌ له‌لای‌ شوێنكه‌وتوانیان گه‌وره‌تر ده‌كات، هه‌روه‌ها هه‌موو میدیاكان له‌رێی‌ ئینته‌رنێته‌وه‌ زانیاری‌ ده‌گوێزنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش كاره‌كه‌یان په‌ك ده‌خات".

پرۆسه‌ی‌ راگرتنی‌ ئینته‌رنێت زۆری‌ نه‌خایه‌ند، چونكه‌ به‌سه‌دان به‌كارهێنه‌ر له‌رێی‌ به‌رنامه‌كانی‌ هاككردنه‌وه‌ توانیان ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ بشكێنن‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌كار بهێنن، وه‌زاره‌تی‌ گه‌یاندنیش هه‌ڕه‌شه‌ی‌ كرد ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ به‌رده‌وام بێت به‌یه‌كجاری‌ ئینته‌رنێت راده‌گرێت.

رۆژنامه‌نووس له‌دووری‌ رووداوه‌كان

به‌هۆی‌ زه‌حمه‌تی‌ هاتوچۆی‌ په‌یامنێرانه‌وه‌ زانیاری‌ ورد نه‌ده‌گه‌یشته‌ ده‌زگاكانی‌ راگه‌یاندن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ به‌هۆی‌ پچڕانی‌ ئینته‌رنێت له‌شاره‌كانی‌ ئه‌نبارو دیاله‌و تكریت‌و موسڵ‌ راپۆرت‌و هه‌واڵه‌كان زۆر دره‌نگ ده‌گه‌یشته‌ لایه‌نی‌ بڵاوكه‌ره‌وه‌.

زۆرێك له‌رۆژنامه‌نووسان هه‌وڵیاندا به‌ڕێگای‌ تر زانیاری‌ بگه‌یه‌ننه‌ ئه‌و كه‌ناڵانه‌ی‌ كاریان له‌گه‌ڵدا ده‌كردن، ئه‌ویش له‌رێی‌ په‌یوه‌ندی‌ ته‌له‌فۆنییه‌وه‌، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ زۆرێك له‌رۆژنامه‌نووسان له‌شوێنی‌ كاره‌كانی‌ خۆیان نه‌مان‌و روویانكرده‌ شاره‌كانی‌ هه‌ولێرو سلێمانی‌، هه‌ندێكیشیان له‌ماڵه‌وه‌ مانه‌وه‌و نه‌یانتوانی‌ كار بكه‌ن به‌تایبه‌تی‌ كه‌ داعش داوای‌ لێكردبوون تۆبه‌ بكه‌ن‌و واز له‌كاره‌كه‌یان بهێنن.

بۆ پڕكردنه‌وه‌ی‌ شوێنی‌ په‌یامنێره‌كان، كه‌ناڵه‌كان ناچاربوون پشت به‌شایه‌تحاڵ‌‌و خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ ببه‌ستن، به‌ڵام بێگومان ئه‌و زانیارییانه‌ی‌ ئه‌وانیش ده‌یانگواسته‌وه‌ له‌ژێر كاریگه‌ری‌ حه‌زو ئاره‌زووه‌كانی‌ خۆیاندا بوو.

ژماره‌یه‌كی‌ كه‌م له‌میدیا عێراقییه‌كان توانیان رۆژنامه‌نووس بنێرنه‌ ناوچه‌ گه‌رمه‌كان، ته‌نها له‌چه‌ند حاڵه‌تێكی‌ ده‌گمه‌ندا ئه‌وانیش چیرۆكی‌ مه‌یدانیان له‌گه‌ڵ‌ خۆیاندا هێنایه‌وه‌، له‌و كاتانه‌شدا په‌یامنێره‌كه‌ له‌گه‌ڵ‌ سه‌ربازێك یان ئه‌فسه‌رێكدا قسه‌ی‌ ده‌كرد له‌سه‌نگه‌رێكی‌ قایمه‌وه‌و قسه‌كه‌ش بریتی‌ بوو له‌وه‌ی‌ "خه‌ریكه‌ پرۆسه‌یه‌كی‌ سه‌ربازی‌ سه‌ركه‌وتوو ئه‌نجام ده‌ده‌ین".

كێشه‌ی‌ رۆژنامه‌نووسه‌ سه‌ربه‌خۆكانیش ئه‌وه‌یه‌ سوپای‌ عێراقی‌ رێیان نادات كار بكه‌ن یان هیچ گه‌ره‌نتییه‌كیان ناداتێ‌ بۆ پاراستنیان، به‌ڵام كه‌ناڵه‌ جیهانییه‌كان له‌نموونه‌ی‌ بی‌ بی‌ سی‌‌و سی‌ ئێن ئێن راسته‌وخۆ له‌ناو هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌و سوپاوه‌ له‌دیاله‌و كه‌ركوك وێنه‌یان ده‌گوێزایه‌وه‌و هیچ رێگرییه‌كیان بۆ دروست نه‌ده‌كرا.