راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

زانكۆی‌ ئه‌مه‌ركی‌ ده‌یه‌وێت گۆڕانكاری‌ ریشه‌یی‌ بكات

كریستن ڤان دن تۆم
یه‌كێك له‌نه‌نگییه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ خوێندن له‌عێراقدا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پشتی‌ به‌ستووه‌ به‌له‌به‌ركردنی‌ وانه‌كان‌و…
5.06.2014  |  سلێمانی
Graduates in Baghdad. Pic: Getty
Graduates in Baghdad. Pic: Getty

Tweet
//

پاش چوار ساڵ‌ له‌خوێندن خولی‌ سێهه‌می‌ ده‌رچووانی‌ زانكۆی‌ ئه‌مه‌ریكی‌ له‌سلێمانی‌ چوونه‌ بازاڕی‌ كاره‌وه‌، به‌ڵام ئاست‌و توانای‌ ئه‌م ده‌رچووانه‌ جیاوازییه‌كی‌ زۆری‌ هه‌یه‌ له‌و هه‌زاران ده‌رچووه‌ی‌ ساڵانه‌ له‌زانكۆ فه‌رمییه‌كانه‌وه‌ ده‌رده‌چن.

له‌كاتێكدا به‌پێی‌ ئاماره‌كان 50% هێزی‌ كار له‌كوردستان‌و 35% هێزی‌ كار له‌عێراق له‌كه‌رتی‌ گشتیدا كارده‌كه‌ن، به‌ڵام جیاوازی‌ ده‌رچووانی‌ زانكۆی‌ ئه‌مه‌ریكی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆریان له‌كه‌رتی‌ تایبه‌تدا سه‌رقاڵی‌ كاركردنن.

سه‌ره‌ڕای‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ش به‌پێی‌ ئاماری‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان هێشتا 18% ئه‌وانه‌ی‌ ته‌مه‌نیان له‌نێوان 14 بۆ 25 ساڵدایه‌ به‌ده‌ست بێكارییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، به‌ڵام به‌نزیكه‌یی‌ سه‌رجه‌م ده‌رچووانی‌ زانكۆی‌ ئه‌مه‌ریكی‌ كاری‌ خۆیان هه‌یه‌.

یه‌كێك له‌به‌هێزترین خاڵه‌كانی‌ ئه‌م ده‌رچووانه‌ له‌وه‌دا خۆی‌ ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ له‌كه‌رتی‌ تایبه‌تدا كارده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تایه‌كی‌ زۆر گرنگه‌ بۆ گۆڕانكاری‌ ریشه‌یی‌ له‌پێناو بنیادنانی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌تی‌ گه‌شه‌سه‌ندوو له‌عێراقدا، چونكه‌ كه‌رتی‌ تایبه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆ له‌رووی‌ ئابورییه‌وه‌ به‌شێكی‌ گرنگه‌ له‌بنیادنانی‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ دیموكراتی‌.

ئه‌و سیسته‌مه‌ی‌ له‌عێراق‌و هه‌رێمی‌ كوردستاندا كاری‌ پێده‌كرێت وایكردووه‌ له‌رێی‌ دامه‌زراندن‌و به‌خشینی‌ ئیمتیازه‌وه‌ هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كان ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆیان بپارێزن، چونكه‌ واده‌كه‌ن خه‌ڵك منه‌تباریان بن‌و هه‌میشه‌ گوێڕایه‌ڵی‌ حیزبه‌ فه‌رمانڕه‌كان بن.

ئه‌م حاڵه‌ته‌ زۆر به‌روونی‌ له‌كاتی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت، چونكه‌ چه‌ندین نمونه‌ی‌ زیندوو هه‌یه‌ كه‌ پاڵێوراوی‌ هێزه‌ فه‌رمانڕه‌واكان پاره‌و زه‌وی‌و ئیمتیاریان به‌خشیوه‌ته‌وه‌، ناشكرێ‌ پێمان وابێت له‌عێراقدا هه‌ڵبژاردنێكی‌ بێغه‌ش به‌ڕێوه‌بچێت هه‌تا ئه‌و كاته‌ی‌ هاوڵاتیان به‌سه‌ربه‌ستانه‌ ده‌نگ ده‌ده‌ن به‌سیاسه‌تی‌ هێزه‌كان، نه‌ك پاداشتی‌ ئیمتیازه‌كه‌یان بده‌نه‌وه‌.

به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌كه‌رتی‌ تایبه‌تدا موچه‌ی‌ جێگری‌‌و بێسه‌رئێشه‌و خانه‌نشینی‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ زۆرێك له‌عێراقییه‌كان پێیان باشه‌ له‌م كه‌رته‌دا كاربكه‌ن، له‌مڕووه‌وه‌ هاشم خه‌لیل یاریده‌ده‌ری‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ كۆمپانیای‌ ئارنست ئاند یۆنگی‌ دارایی‌ له‌عێراق ده‌ڵێت "عێراقییه‌كان ده‌یانه‌وێت له‌كه‌رتی‌ گشتی‌ كاربكه‌ن، چونكه‌ سودی‌ زۆرتره‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ره‌نگه‌ زه‌وی‌ وه‌ربگرن‌و خانه‌نشینی‌ مسۆگه‌ره‌و قه‌رزیشیان پێده‌درێت".

به‌هۆی‌ ئه‌و بارودۆخه‌ نائارامه‌ی‌ له‌زۆربه‌ی‌ ناوچه‌كانی‌ عێراقیشدا هه‌یه‌، عێراقییه‌كان له‌وه‌ ده‌ترسن هه‌ر ساتێك بێت زۆربه‌ی‌ كۆمپانیا بیانییه‌كان وڵات جێبهێڵن، بۆیه‌ متمانه‌یان زیاتر به‌كه‌رتی‌ حكومییه‌.

زۆربه‌ی‌ ده‌رچووانی‌ زانكۆی‌ ئه‌مه‌ریكی‌ پێیان وانییه‌ بتوانن له‌كه‌رتی‌ گشتیدا كاربكه‌ن، چونكه‌ ئه‌وان وایده‌بینن تواناكانیان له‌ناو گه‌نده‌ڵی‌‌و رۆتین‌و واسیته‌و واسیته‌كاریدا بزر ده‌بێت، وه‌ك یه‌كێك له‌ده‌رچووه‌كان وتی‌ "هه‌شت كه‌س داده‌مه‌زرێنن بۆ كارێك كه‌ به‌ته‌نها كه‌سێك ده‌كرێت".

یه‌كێكی‌ تر له‌كچه‌ ده‌رچووه‌كان وتی‌ "له‌گه‌ڵ‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی‌ له‌زانكۆی‌ ئه‌مه‌ریكییه‌وه‌ فێری‌ بوون، چۆن ده‌توانم له‌كه‌رتی‌ گشتی‌ كاربكه‌م؟ چونكه‌ ده‌زانم له‌وێ‌ هیچم پێناكرێت".

سه‌یره‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ ده‌رچووانی‌ ئه‌م زانكۆیه‌ به‌هۆی‌ هه‌ندێ‌ رێگری‌ زانستییه‌وه‌ ناتوانن له‌كه‌رتی‌ گشتی‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌رێم كاربكه‌ن، چونكه‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ عێراق به‌فه‌رمی‌ ئه‌م زانكۆیه‌ی‌ نه‌ناساندووه‌.

ئێستا له‌هیچ یه‌كێك له‌خوێندنگا عێراقییه‌كان ئه‌و زانسته‌ی‌ پێویسته‌ به‌خوێندكاره‌كان ناوترێته‌وه‌ وه‌ك خوێندنه‌وه‌و نوسینی‌ شیكاری‌‌و بیركردنه‌وه‌ی‌ ره‌خنه‌ییانه‌، چاره‌ی‌ ئه‌مه‌ش به‌دروستكردنی‌ ژماره‌یه‌كی‌ زیاتر هاوشێوه‌ی‌ زانكۆی‌ ئه‌مه‌ریكی‌ نییه‌، به‌ڵكو پێویستی‌ به‌چاكسازی‌ بنه‌ڕه‌تییه‌ له‌سیسته‌می‌ خوێندندا.

مه‌سه‌له‌كه‌ لێره‌دا بریتی‌ نییه‌ له‌وه‌ی‌ زمان‌و رۆشنبیرییه‌كی‌ جیاواز به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا بسه‌پێنرێت، به‌ڵكو بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ ده‌رفه‌تی‌ باشتری‌ فێربوونه‌ كه‌ هۆكارێكی‌ گرنگ ده‌بێت بۆ دروستكردنی‌ گۆڕانكاری‌ له‌عێراقدا.

زۆرێك له‌چاودێران پێیان وایه‌ كێشه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ له‌عێراقدا په‌یوه‌سته‌ به‌وه‌ی‌ لایه‌نه‌كان گوێ‌ له‌یه‌كتر ناگرن، هه‌ر لایه‌ك به‌ته‌نها خۆی‌ قبوڵه‌، ئه‌مه‌ش له‌بنه‌ڕه‌تدا په‌یوه‌سته‌ به‌و بنه‌مایه‌ی‌ له‌سه‌ری‌ په‌روه‌رده‌بوون، بێگومان خوێندنێكی‌ باشتر چاره‌ی‌ ئه‌مه‌ی‌ پێده‌كرێت، ئه‌ویش له‌رێی‌ دروستكردنی‌ گیانی‌ گوێگرتن‌و خوێندنه‌وه‌ی‌ به‌رامبه‌رو ره‌خنه‌و ره‌خنه‌ له‌خۆگرتن.

ئێستا خه‌ڵكێكی‌ زۆر هه‌یه‌ له‌عێراقدا هه‌ڵگری‌ بڕوانامه‌ی‌ زانكۆیه‌ بێ ئه‌وه‌ی‌ توێژنه‌وه‌یه‌كی‌ ئه‌كادیمی‌ راسته‌قینه‌یان ئه‌نجام دابێت، چونكه‌ ئه‌م سیته‌می‌ خوێندنه‌ ته‌نها قوتابی‌ له‌پۆلدا داده‌نێ‌ بۆ گوێگرتن به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ئاڵوگۆڕی‌ بۆچوونه‌كان بكرێت، خوێندن به‌ته‌واوی‌ پشتی‌ به‌ستووه‌ به‌له‌به‌ركردن‌و لێپرسینه‌وه‌ له‌تاقیكردنه‌وه‌كاندا، زۆربه‌ی‌ ئه‌و راپۆرتانه‌ش كه‌ مامۆستا داوای‌ ده‌كات، خوێندكاره‌كان له‌ئینته‌رنێته‌وه‌ بۆی‌ راده‌كێشن.

بۆ ئه‌وه‌ی‌ ژماره‌ی‌ ئه‌وانه‌ زۆربن كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ره‌خنه‌گرانه‌و بازرگانیانه‌ كارده‌كه‌ن، ده‌بێت وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌عێراقدا پێداچوونه‌وه‌یه‌كی‌ بنچینه‌یی‌ بۆ سیسته‌می‌ خوێندن بكه‌ن له‌هه‌موو ئاسته‌كاندا.

مانگی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ رابردوو عه‌لی‌ ئه‌دیب وه‌زیری‌ خوێندنی‌ باڵاو توێژینه‌وه‌ی‌ زانستی‌ عێراق به‌گه‌رموگوڕی‌ پشتیوانی‌ خۆی‌ ده‌ربڕی‌ بۆ گرتنه‌به‌ری‌ ئه‌و هه‌نگاوانه‌.

ئه‌دیب ئه‌و ده‌مه‌ وتی‌ "گه‌نجانی‌ عێراق پێویستیان به‌زیاتر له‌وه‌یه‌ كه‌ ته‌نها جێگه‌یه‌كیان هه‌بێت بۆ خوێندن"، هه‌روها وتی‌ "ده‌بێت سه‌رله‌نوێ‌ خۆیان له‌سه‌ر لێبورده‌یی‌‌و رێزگرتن‌و كرانه‌وه‌ رابهێنن، به‌شێوه‌یه‌كی‌ ره‌خنه‌گرانه‌ بیر بكه‌نه‌وه‌، هه‌رئه‌م بنه‌مایانه‌شه‌ كه‌ عێراقی‌ كردووه‌ته‌ پایته‌ختی‌ فیكری‌‌و جێگه‌ی‌ سه‌رجه‌م ئاینه‌ ئاسمانییه‌كان، به‌چاوی‌ خۆمان بینیمان كه‌ زانكۆی‌ ئه‌مه‌ریكی‌ له‌به‌یروت‌و قاهیره‌ چه‌نده‌ كاریگه‌رییان جێهێشتووه‌، ده‌مانه‌وێت له‌عێراقیشدا هه‌مان كاریگه‌ری‌ ببینین".