راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

بیزاكه‌ی‌ موسڵ‌ مه‌ترسی‌ له‌سه‌ره‌

عه‌بدوڵڵا سالم
هه‌رجارێك له‌رووی‌ خۆرئاواوه‌ بچیته‌ ناوچه‌ی‌ موسڵی‌ دێرین، یه‌كسه‌ر مناره‌ی‌ حه‌دبا دێته‌ پێش چاوت كه‌ به‌لای‌ خۆرهه‌ڵاتدا…
13.02.2014  |  موسڵ

مناره‌ی‌ حه‌دبای‌ له‌به‌رد دروستكراو، به‌رزییه‌كه‌ی‌ 45 مه‌تره‌و زیاتر له‌سێ‌ مه‌تر لاربووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ نازناوی‌ بورجی‌ بیزای‌ عێراقی‌ لێبنرێت، به‌ڵام ئێستا به‌هۆی‌ جوڵه‌ی‌ ئاوی‌ ژێرزه‌وییه‌وه‌ مناره‌كه‌ له‌به‌رده‌م مه‌ترسیدایه‌و چه‌ندین درزی‌ گه‌وه‌ی‌ تێبووه‌، به‌هۆی‌ نه‌شاره‌زایی‌و نائارامییه‌وه‌، ده‌زگا حكومییه‌كان له‌ئاست ئه‌و مه‌ترسییه‌دا ده‌سته‌وه‌ستانن.

حه‌دبا بۆ مناره‌ی‌ مزگه‌وتی‌ گه‌وره‌ی‌ شاره‌كه‌ دروستكراوه‌ له‌لای‌ راستی‌ موسڵدا، هه‌ندێ‌ كه‌سیش به‌مناره‌ی‌ نوری‌ ناوی‌ ده‌به‌ن، ئه‌ویش به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ ساڵی‌ 1170 له‌سه‌ر ده‌ستی‌ سه‌ركرده‌ی‌ سوپای‌ ئیسلام نوره‌دین زه‌نكی‌ بنیادنراوه‌.

عه‌بدولجه‌بار جه‌رجیس توێژه‌رو مێژووناس ئه‌وه‌ی‌ به‌"نیقاش" راگه‌یاند كه‌ مناره‌ی‌ حه‌دبا به‌هۆی‌ شێوه‌ی‌ بنیادنانیه‌وه‌ كه‌م وێنه‌یه‌، هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ش ناوبانگێكی‌ جیهانی‌ وه‌رگرتووه‌.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ مناره‌كه‌ له‌به‌ردو گه‌چ دروستكراوه‌، هه‌ر به‌هۆی‌ وشكبوونه‌وه‌ی‌ گه‌چه‌كه‌و ره‌شه‌باوه‌ لاربووه‌ته‌وه‌، به‌و پێیه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ جاره‌كان ره‌شه‌با له‌لای‌ خۆرئاواوه‌ دێت، بۆیه‌ به‌لای‌ خۆرهه‌ڵاتدا لاربووه‌ته‌وه‌.

فه‌رمانگه‌ی‌ شوێنه‌وارو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ ئه‌وقاف‌و فه‌رمانگه‌ی‌ ئه‌ندازه‌ی‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا، كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ مناره‌كه‌ له‌سه‌ر ده‌ریایه‌كه‌ له‌ئاوی‌ ژێر زه‌وی‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ مایه‌ی‌ دروستبوونی‌ درزو كه‌لێن تێیدا، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر نۆژه‌ن نه‌كرێته‌وه‌و كێشه‌ی‌ ئاوی‌ ژێر زه‌وی‌ چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، ئه‌وا دوور نییه‌ بڕوخێت.

هۆكارێكی‌ تر كه‌ بووه‌ته‌ مایه‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ جدی‌ بۆ سه‌ر حه‌دباو شوێنه‌واره‌كانی‌ تری‌ موسڵ‌، باری‌ ئه‌منی‌ شاره‌كه‌یه‌ له‌ساڵی‌ 2003وه‌، زۆرجار شه‌ڕ له‌نێو گروپه‌ چه‌كداره‌كان‌و سوپای‌ ئه‌مه‌ریكاو پاش ئه‌وانیش سوپای‌ عێراق روویداوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ ته‌قینه‌وه‌ پێی‌ لێدانه‌بڕیوه‌.

ئه‌سیل نوجێفی‌ پارێزگاری‌ نه‌ینه‌وا به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند یه‌كه‌م هه‌نگاوی‌ هه‌وڵه‌كانی‌ ئه‌وان بۆ ئه‌وه‌یه‌ مناره‌كه‌ له‌مه‌ترسی‌ روخان رزگار بكه‌ن، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد كه‌ رۆژی‌ 22ی‌ ئه‌یلولی‌ رابردوو له‌هه‌ولێر یاداشتێكی‌ لێكگه‌یشتنیان له‌گه‌ڵ‌ رێكخراوی‌ یونسكۆ ئیمزا كردووه‌ بۆ توێژینه‌وه‌ له‌باره‌ی‌ چۆنێتی‌ پاراستنی‌ حه‌دبا، به‌و پێیه‌ی‌ شوێنه‌وارێكی‌ دیاری‌ ئیسلامی‌ عه‌ره‌بی‌‌و عێراقییه‌.

ئه‌وه‌شی‌ روونكرده‌وه‌ كه‌ دواتر له‌عه‌ممانی‌ پایته‌ختی‌ ئه‌رده‌ن یاداشتێكی‌ تریان له‌گه‌ڵ‌ رێكخراوه‌كه‌ ئیمزاكردووه‌ كه‌ له‌رێیه‌وه‌ یونسكۆ له‌ماوه‌ی‌ دوانزه‌ مانگدا توێژینه‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌یكه‌لی‌ مناره‌كه‌و پێكهاته‌ی‌ جیۆلۆجی‌ ناوچه‌كه‌ ده‌كات‌و پاش ئه‌وه‌ ده‌ست ده‌كرێت به‌نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی‌.

له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا چه‌ندین پێشنیار خراونه‌ته‌ روو بۆ راگرتنی‌ لاربوونه‌وه‌ی‌ مناره‌كه‌، له‌مڕووه‌وه‌ ئه‌ندازیار سالم عه‌زیز ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات یه‌كێك له‌بیرۆكه‌كان بریتی‌ بووه‌ له‌وه‌ی‌ به‌رده‌ دێرینه‌كان له‌رووكاری‌ مناره‌كه‌ بكرێته‌وه‌و له‌ناوه‌وه‌ سه‌ر له‌نوێ‌ به‌مه‌وادی‌ هاوچه‌رخ دروست بكرێته‌وه‌، ئینجا به‌رده‌ دێرینه‌كانی‌ جارێكی‌ تر پێوه‌ بكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ شێوه‌ كۆنه‌كه‌ی‌ له‌ده‌ست نه‌دات.

هه‌ندێكی‌ تریش پێشنیاری‌ ئه‌وه‌یان كردووه‌ له‌ده‌وروبه‌ری‌ مناره‌كه‌ چه‌ند چاڵێك هه‌ڵبكه‌نرێت‌و له‌رێی‌ ترومپاوه‌ ئاوی‌ ژێر زه‌وییه‌كه‌ بهێنرێته‌ ده‌ره‌وه‌.

له‌هه‌موو باره‌كاندا وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئه‌ندازیار سالم ده‌ڵێت "مه‌سه‌له‌كه‌ پێویستی‌ به‌پسپۆڕی‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌‌و له‌گه‌ڵیشیدا پاره‌ی‌ زۆری‌ ده‌وێت، ئه‌مه‌ش ئه‌و باره‌یه‌ كه‌ به‌مزوانه‌ له‌نه‌ینه‌وا ده‌ست ناكه‌وێت".

ئه‌م مناره‌یه‌ له‌لای‌ موسڵییه‌كان پێگه‌و بایه‌خێكی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ هه‌یه‌، ره‌نگه‌ به‌ته‌نها گه‌ڕانێكی‌ سه‌رپێیی‌ ناو شاره‌كه‌ ئه‌وه‌ت له‌لا روون بكاته‌وه‌، به‌و پێیه‌ی‌ چه‌ندین دوكان‌و چێشتخانه‌و كارگه‌و تیپی‌ هونه‌ری‌‌و وه‌رزشی‌ ناوی‌ حه‌دبایان له‌خۆیان ناوه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ هه‌ر له‌موسڵدا گه‌ڕه‌كێك هه‌یه‌ به‌و ناوه‌وه‌و خودی‌ موسڵیش هه‌ر نازناوی‌ حه‌دبای‌ هه‌یه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ وێنه‌ی‌ مناره‌كه‌ له‌سه‌ر پولی‌ پۆسته‌و ده‌ هه‌زاری‌ عێراقی‌ هه‌یه‌.

ئه‌م مناره‌یه‌ له‌لای‌ موسڵمان‌و مه‌سیحییه‌كانی‌ شاره‌كه‌ چیرۆكی‌ جیاوازی‌ له‌سه‌ره‌، هه‌ندێكیان وا ده‌گێڕنه‌وه‌ كه‌ نه‌بی‌ خزر پاڵی‌ داوه‌ته‌وه‌ به‌مناره‌كه‌وه‌، ئه‌ویش له‌شه‌رما چه‌ماوه‌ته‌وه‌، یان ده‌ڵێت بۆ پێغه‌مبه‌ری‌ ئیسلام سه‌ری‌ دانه‌واندووه‌، له‌لای‌ مه‌سیحییه‌كان چیرۆكێكی‌ تر هه‌یه‌، ئه‌وان ده‌ڵێن مه‌ریه‌می‌ دایكی‌ عیسا له‌نزیك هه‌ولێر نێژراوه‌ بۆیه‌ مناره‌كه‌ش به‌و ئاراسته‌یه‌ ملی‌ لاركردووه‌ته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ مێژوو دروستكردنی‌ مناره‌كه‌ له‌گه‌ڵ‌ هیچ یه‌كێك له‌و چیرۆكانه‌ یه‌ك ناگرێته‌وه‌، به‌ڵام خه‌ڵكی‌ پێیان خۆشه‌ ده‌ماو ده‌م به‌و چیرۆكانه‌ بكه‌ن.