به‌ر له‌دوو هه‌فته كه‌ربه‌لا لهپشوویهكدا ده‌ژیا كه بۆ 15 رۆژ درێژ بووه‌وه، له‌و ماوه‌یه‌دا ده‌رگای سه‌رجه‌م خوێندنگا‌و فه‌رمانگه حكومییه‌كانی پارێزگاكه داخران، هۆكاره‌كه‌شی به‌رێوه‌چوونی مه‌راسیمی چله‌ی ئیمام حوسێن بوو، پێش ئه‌مه‌ش به‌چل رۆژی تر به‌هه‌مان شێوه پارێزگاكه كه‌وته پشووه‌وه، ئه‌وه‌یان له‌رۆژی ده‌ی موحهرهمو به‌هۆی ساڵانه‌ی ئیمام حوسێنه‌وه بوو.
چه‌ند رۆژێكی تر دیسان به‌بۆنه‌ی یادی له‌دایكبوونی پێغه‌مبه‌ره‌وه هه‌زاران كه‌س به‌پێ روو له‌نه‌جه‌ف دهكهنو ئه‌و رۆژه‌ش ده‌بێته‌وه پشوو، ئه‌مه ئه‌گه‌ر پشووی سه‌ری ساڵ‌و بۆنه ره‌سمییه‌كانی ترمان له‌یاد نه‌چێت.
زۆری ژماره‌ی پشووه‌كان كێشه‌ی زۆری بۆ هاوڵاتیان دروستكردووه‌و كاره‌كانی په‌كخستوون، له‌نێو ئه‌مانه‌شدا ره‌نگبێ خوێندكاران‌و ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی كاریان به‌فه‌رمانگه حكومییه‌كانه له‌هه‌موویان زیاتر زه‌ره‌رمه‌ندتر بن، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی له‌و رۆژانه‌دا نرخی پێداویستییه سه‌ره‌كییه‌كان به‌رز ده‌بێته‌وه‌و نانه‌واو سه‌مونخانه‌كان كارنه‌كه‌ن.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری خوێندكاران ئه‌م دهوامنهكردنهیان پێخۆشه، به‌ڵام بۆ ئه‌وانه‌ی له‌دوا قۆناغه‌كانی خوێندندان، زیانی زۆریان به‌ر ده‌كه‌وێت، له‌مڕووه‌وه یاسین عه‌لی سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی به"نیقاش"ی وت "پاش هه‌ر پشوویه‌كی خوێندكاران چه‌ند رۆژێكیان ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌وه ئاستی چستو چالاكی پێشوتریان".
ناوبراو روونیكرده‌وه ئه‌و خوێندكارانه‌ی له‌دوا قۆناغی خوێندندان ده‌بێت پرۆگرامی خوێندن ته‌واو بكه‌ن، هه‌ر پشوویه‌كیش وانه‌كانیان له‌سه‌ر كه‌ڵه‌كه دهكاتو ده‌بێت دواتر بكه‌ونه په‌له په‌ل.
مه‌هدی كه‌رار كه خوێندكاری پۆلی شه‌شه‌ی زانستییه پشتیوانی قسه‌ی سه‌رپه‌رشتیاره په‌روه‌رده‌ییه‌كه دهكاتو روونیده‌كاته‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌نیوه‌ی ساڵ نزیكبوونه‌ته‌وه، به‌ڵام نه‌گه‌یشتوونه‌ته نیوه‌ی وانه‌كان، له‌مڕووه‌وه ده‌ڵێت "زه‌حمه‌ته پێ رابگه‌ین هه‌موو وانه‌كان ته‌واو بكه‌ین، ئه‌مه‌ش زیانی زۆرمان پێده‌گه‌یه‌نێت".
له‌كاتی به‌ڕێوه‌چوونی بۆنه ئاینییه‌كان له‌كه‌ربه‌لا، به‌تایبه‌تی له‌چله‌ی ئیمام حوسێن‌و ناوه‌ڕاستی شهعبانو 10ی موحه‌رره‌م، رێوشوێنی ئه‌منی توندوتۆڵ ده‌گیرێته‌به‌ر، به‌جۆرێك جموجۆڵی ئۆتۆمبێل قه‌ده‌غه ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش رێگری ده‌كات له‌وه‌ی خوێندكاران‌و مامۆستایان‌و فه‌رمانبه‌ران بگه‌نه شوێنی كاره‌كانیان.
به‌ده‌یان كه‌س خۆیان‌و مامه‌ڵه‌كانیان له‌چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌دان پشووه‌كان ته‌واو ببێت‌و كاره‌كانیان رایی بكرێت، زۆربوونی پشووه‌كانیش، كاره‌كه‌ی ئه‌وان هێنده‌ی تر دوا ده‌خات.
عه‌لی جابر یه‌كێكه له‌و هاوڵاتیانه‌ی به‌هۆی پشووه‌كانه‌وه ماوه‌یه‌كی زۆره كاره‌كانی دواكه‌وتووه، له‌مڕووه‌وه ده‌ڵێت "ده‌مه‌وێت ماوه‌ی ئه‌و راژه‌یه بگێڕمه‌وه كه به‌هۆی كاری سیاسییه‌وه دهركرابووم، به‌ڵام كاتێك به‌هۆی پشووه‌وه مامه‌ڵه‌كان كه‌ڵه‌كه ده‌بن، مانای ئه‌وه‌یه ده‌بێت من زیاتر رابوه‌ستم".
حه‌بیب سابر یه‌كێكی تره له‌وانه‌ی مامه‌ڵه‌كه‌ی پهكیكهوتووهو ده‌ڵێت "ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه به‌شوێن مامه‌ڵه‌ی خانهنشینبوونمهوه، نازانم پاش چله راوانه‌ی ده‌سته‌ی خانه‌نشینی ده‌كرێت یان نا".
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی حكومه‌ت چه‌ندجارێك رایگه‌یاندووه كه هاتوچۆ بۆ ئه‌و ئۆتۆمبێلانه رێپێدراوه كه سه‌وزه‌و میوه‌و ماده‌ی خۆراكیان هه‌ڵگرتووه، به‌ڵام له‌زۆرینه‌ی جاره‌كاندا ئه‌مانیش رووبه‌رووی رێگری ده‌بنه‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر گه‌یشتنه ناوه‌ندی شاریش، ئه‌وا به‌ئاسانی ناتوانن بگه‌نه ئه‌و ناوچانه‌ی ده‌یانه‌وێت، ئه‌مه‌ش ده‌بێته مایه‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخ.
له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌روازه‌كانی كه‌ربه‌لا زۆرنین، بۆیه هه‌ر پشوویه‌ك به‌ته‌واوی شاره‌كه په‌كده‌خات، له‌مڕووه‌وه حسێن عه‌بودی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ربه‌لا پێی وایه شاره‌كه پێویستی به‌زیادكردنی ده‌روازه‌یه، به‌شێوه‌یه‌ك هاتنه‌ناوه‌وه‌ی ملیۆنان كه‌س ئاسان بكات‌و ژیانی گشتیش تێكنه‌دات.
عه‌بودی پێی وایه زیادكردنی دهروازهكانو گوێزانه‌وه‌ی فه‌رمانگا حكومییه‌كان بۆ ده‌ره‌وه‌ی شار، زۆرێك له‌كاری هاوڵاتیان ئاسان ده‌كات، ئه‌وه‌ش ناشارێته‌وه كه مه‌ترسی ئه‌منی دهستو پێی به‌رپرسانی شاره‌كه‌ی به‌ستووه.
عه‌بودی ئه‌وه روونده‌كاته‌وه ئه‌گه‌ر بارودۆخی ئه‌منی باشبوایه، ئه‌وا بۆنه ئاینییه‌كان به‌بێ گرتنی رێ‌و بانه‌كان ده‌كرانه‌وه‌و هاوڵاتیانیش سه‌غڵه‌ت نه‌ده‌بوون.