راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هه‌وای‌ كه‌ش‌و هه‌وا داوێتی‌ له‌عێراقییه‌كان

حه‌یده‌ر نه‌جم
له‌پڕ هه‌موو چایخانه‌كه‌ پێكه‌وه‌ بێده‌نگ بوون‌و روویان كرده‌ ئه‌و شاشه‌ گه‌وره‌یه‌ی‌ به‌دیواره‌كه‌وه‌…
3.10.2013  |  به‌غدا
A fan collects pictures of weather girl Angie Alaa\'s different outfits.
A fan collects pictures of weather girl Angie Alaa\'s different outfits.

كه‌س به‌باشی‌ گوێی‌ له‌وه‌ نه‌بوو كچه‌كه‌ چی‌ ده‌ڵێت، ته‌نانه‌ت هیچیشیان به‌لایانه‌وه‌ گرنگ نه‌بوو وه‌زعی‌ كه‌ش‌و هه‌وا چۆنه‌، هه‌موویان سه‌رنجیان دابووه‌ جوڵه‌و له‌ش‌ولاری‌ كچه‌كه‌.

ئه‌م پێشكه‌شكاره‌ ژنێكی‌ گه‌نجی‌ میسرییه‌و ناوی‌ ئێنجی‌ عه‌لایه‌، عێراقییه‌كان به‌جله‌كراوه‌و شێوازی‌ داهێنانی‌ قژی‌‌و ماكیاژه‌ تۆخه‌كه‌ی‌ ده‌یناسنه‌وه‌، به‌پێچه‌وانه‌ی‌ پێشكه‌شكاره‌كانی‌ تری‌ كه‌ش‌و هه‌وا كه‌ زۆربه‌ی‌ كات ماكیاژێكی‌ ساده‌یان هه‌یه‌و له‌و چه‌ند خوله‌كه‌ كه‌مه‌ی‌ ده‌رده‌كه‌ون سه‌رنجی‌ خه‌ڵك بۆ خۆیان نابه‌ن.

كه‌چی‌ ئه‌م كچه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی‌ هه‌موویانه‌وه‌ جلێكی‌ ته‌سكی‌ له‌به‌ردایه‌و به‌مه‌كرو نازه‌وه‌ ئه‌مسه‌رو ئه‌وسه‌ی‌ ستۆدیۆكه‌ ده‌كات‌و خۆی‌ ده‌نوشتێنێته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ده‌رهێنه‌ره‌كه‌ش مه‌به‌ستی‌ بێت ته‌واوی‌ له‌ش‌و لاری‌ ده‌رده‌خات، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ ئیبراهیم سامه‌رایی‌‌و هاوڕێكانی‌ چاوه‌ڕێی‌ ده‌ركه‌وتنی‌ بكه‌ن.

سامه‌رایی‌ گه‌نجێكی‌ ته‌مه‌ن بیست ساڵی‌ خوێندكاری‌ زانكۆیه‌، ده‌ڵێت "زۆر به‌ده‌گمه‌ن ته‌ماشای‌ كه‌ناڵی‌ به‌غدادییه‌م ده‌كرد، به‌ڵام به‌هۆی‌ ئه‌م كچه‌وه‌ ئالوده‌بووم پێیانه‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌كاتی‌ هه‌واڵه‌كانی‌ كه‌ش‌و هه‌وا".

ئه‌م گه‌نجه‌ مۆبایله‌كه‌ی‌ پڕكردووه‌ له‌ڤیدیۆی‌ ئه‌و كچه‌و ته‌نانه‌ت واڵپه‌یپه‌ری‌ مۆبایله‌كه‌شی‌ هه‌ر وێنه‌ی‌ ئه‌وه‌.

پێده‌چێت سه‌رسامبوونی‌ گه‌نجان به‌م كچه‌ بوبێت به‌دیارده‌، چونكه‌ جگه‌ له‌كۆمێنتی‌ به‌رده‌وامی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ته‌نانه‌ت كه‌ناڵه‌ راگه‌یاندنه‌كانیش چه‌ند راپۆرتێكیان له‌سه‌ر كردووه‌.

له‌یه‌كێك له‌په‌یجه‌كاندا یه‌كێك نوسیبووی‌ "وایكردووه‌ عێراقییه‌كان چاودێری‌ كه‌ش‌و هه‌وا بكه‌ن.. به‌راستی‌ رۆڵی‌ هه‌بووه‌ له‌وه‌ی‌ له‌رووی‌ ژینگه‌وه‌ هۆشیاریان بكاته‌وه‌" یه‌كێكی‌ تر وه‌ڵامی‌ داوه‌ته‌وه‌و نوسیوێتی‌ "بۆچی‌ ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌ ته‌ماشای‌ ده‌كه‌ن، خۆ یاری‌ كلاسیكۆ نییه‌؟" مه‌به‌ستی‌ له‌یاری‌ به‌رشه‌لۆنه‌و ریال مه‌دریده‌.

یه‌كێكی‌ تر له‌كۆمێنته‌كانی‌ سه‌ر ئه‌و ژنه‌ پێشكه‌شكاره‌ كه‌ خێزانی‌ هونه‌رمه‌ندێكی‌ میسرییه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌سێك نوسیبووی‌ "تاكه‌ شتێكی‌ گه‌شی‌ ناو كه‌ناڵه‌ عێراقییه‌كان" له‌به‌رامبه‌ردا یه‌كێكی‌ تر رایه‌كی‌ پێچه‌وانه‌ی‌ هه‌بوو نوسیبووی‌ "ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و پێشكه‌شی‌ ده‌كات كه‌ش‌و هه‌وا نییه‌، به‌ڵكو نمایشی‌ جل‌و به‌رگه‌"، خوێندكارێكی‌ گه‌نجیش داوای‌ كردبوو ماوه‌ی‌ كه‌ش‌و هه‌وا زیاد بكرێت بۆ یه‌ك سه‌عات، چونكه‌ ناتوانێت له‌و ماوه‌ كه‌مه‌دا له‌كه‌ش‌و هه‌وا تێبگات.

ئه‌م گرنگی پێدانه‌ به‌لای‌ كه‌ناڵی‌ به‌غدادییه‌وه‌ مایه‌ی‌ دڵخۆشییه‌، چونكه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ یه‌كێك له‌فه‌رمانبه‌رانی‌ كه‌ناڵه‌كه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "كه‌ناڵه‌كه‌ دڵخۆشه‌ به‌وه‌ی‌ له‌ماوه‌ی‌ كه‌مدا بڕگه‌ی‌ كه‌ش‌و هه‌وا ئه‌و هه‌موو سه‌رنجه‌ی‌ راكێشاوه‌و پێش به‌رنامه‌كانی‌ تر كه‌وتووه‌ته‌وه‌ جا ئه‌گه‌ر له‌بینینی‌ راسته‌وخۆ بێت یان له‌رێی‌ یوتیوبه‌وه‌".

ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ كه‌ داوایكرد ناوی‌ نه‌هێنرێت وتی‌ "هه‌ندێ‌ له‌كارمه‌نده‌كان له‌ستۆدیۆی‌ كه‌ناڵه‌كه‌ له‌به‌غداو قاهیره‌ چاوه‌ڕێی‌ ده‌ركه‌وتنی‌ ئه‌و هاوپیشه‌یه‌یان ده‌كه‌ن تا قسه‌ی‌ خۆیان هه‌بێت".

پێده‌چێت بنه‌مای‌ ساده‌یی‌ له‌سه‌رده‌می‌ ته‌له‌فزیۆنی‌ ره‌ش‌و سپی‌ به‌جێمابێت‌و سه‌ته‌لایته‌كان بۆ كۆكردنه‌وه‌ی‌ زۆرترین بینه‌ر به‌شوێن كه‌سانی‌ سه‌رنجڕاكێشه‌وه‌ بن.

دیارده‌ی‌ ته‌ماشاكردنی‌ كه‌ش‌و هه‌وا ته‌نها ئه‌م كچه‌ی‌ نه‌گرتووته‌وه‌، به‌ڵكو چه‌ند دانه‌یه‌كی‌ تریش هه‌ن ته‌ماشاكه‌ریان زۆره‌، به‌ڵام نه‌ك به‌ئاستی‌ ئه‌و "دڵ سوتێنه‌" كه‌ عێراقییه‌كان به‌ئێجی‌ عه‌لای‌ ده‌ڵێن.

له‌و پێشكه‌شكارانه‌ی‌ تریش كه‌ عێراقییه‌كان خویان داونه‌تێ‌، یه‌كێكیان بریتییه‌ له‌دارین شاهین له‌كه‌ناڵی‌ جه‌دیدی‌ لوبنانی‌‌و میشیلا حه‌دادی‌ كه‌ناڵی‌ (mtv)‌و كچه‌ پێشكه‌شكاری‌ ئه‌رده‌نی‌ روبی‌ خه‌لیل له‌كه‌شوهه‌وای‌ جه‌زیره‌، هه‌روه‌ها پێشكه‌شكاری‌ مه‌غریبی‌ مریه‌م سه‌عید له‌كه‌ناڵی‌ (mbc).

محه‌مه‌د تۆفیق كه‌ له‌ته‌نیشت ئیبراهیم سامه‌رائییه‌وه‌ دانیشتبوو هه‌موو ئه‌و ناوانه‌ی‌ له‌به‌ر بوو، به‌ڵام ئه‌وكاته‌ هه‌ر دڵی‌ له‌لای‌ كه‌ش‌و هه‌واكه‌ی‌ كه‌ناڵی‌ به‌غدادییه‌ بوو.

كاتێكیش پرسیارمان لێكرد چۆن ئه‌و هه‌موو كچه‌ پێشكه‌شكاره‌ ئه‌ناسێت وتی‌ "ئێنجی‌ وایلێكردم ته‌ماشای‌ كه‌ش‌و هه‌وای‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ تریش بكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی‌ بزانم پێشكه‌شكاره‌كانی‌ ئه‌وانیش وه‌ك ئه‌و جوانن، بۆیه‌ ئه‌وانه‌م دۆزیه‌وه‌".

سه‌رسامی‌ كه‌ش‌و هه‌وا ته‌نها كوڕانی‌ نه‌گرتووه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو كچانیش به‌شی‌ خۆیان به‌رده‌كه‌وێت، وه‌ك سامه‌رایئی‌و هاوڕێكانی‌ ده‌ڵێن كچه‌ هاوڕێكانیان له‌زانكۆ به‌هه‌مان شێوه‌ی‌ ئه‌مان ته‌ماشای‌ ئێنجی‌‌و هاوشێوه‌كانی‌ ده‌كه‌ن، هه‌ندێكیشیان لوبنانییه‌كانیان پێ باشه‌و به‌شێكیان ئه‌رده‌نی‌‌و مه‌غریبییه‌كه‌، به‌ڵام له‌نێو ئه‌وانه‌شدا ئێنجی‌ عه‌لا له‌پله‌ی‌ یه‌كه‌مدایه‌، چونكه‌ زۆربه‌ی‌ عێراقییه‌كان كاتی‌ ده‌ركه‌وتنی‌ ده‌زانن.

ئه‌م دوو گه‌نجه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ كچه‌كانی‌ هاوڕێیان ته‌ماشای‌ پێشكه‌شكاره‌كان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ شێوه‌ی‌ خۆگۆڕین‌و قژ رازاندنه‌وه‌ی‌ تازه‌ فێر ببن، نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئاگایان له‌كه‌ش‌و هه‌وا بێت.

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ناڵه‌ عه‌ره‌بییه‌كان، به‌تایبه‌تیش لوبنانییه‌كان چه‌ندین كچه‌ پێشكه‌شكاری‌ جوانیان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی‌ ناویان هێنرا له‌نێوان گه‌نج‌و پیره‌كانیشدا زۆرترین ته‌ماشاكاریان هه‌یه‌.

حه‌مید ئه‌بو مسته‌فا كه‌ خاوه‌نی‌ گازینۆیه‌كه‌ ده‌ڵێت "هه‌وای‌ ئه‌م كچه‌ پێشكه‌شكارانه‌ له‌گه‌نجه‌كانه‌وه‌ په‌ڕیوه‌ته‌وه‌ بۆ لای‌ به‌ته‌مه‌نه‌كان".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر گه‌نجه‌كان سه‌رقاڵی‌ دۆمینه‌ بن، هه‌ندێ‌ له‌و به‌ته‌مه‌نانه‌ به‌گاڵته‌وه‌ بیری‌ كاتی‌ پێشكه‌شكردنی‌ كه‌ش‌و هه‌وام ده‌هێننه‌وه‌".

ئه‌بو مسته‌فای‌ ته‌مه‌ن په‌نجا ساڵ‌ ده‌ڵێت "رۆژێك كه‌ گه‌نجه‌كان سه‌رقاڵی‌ ته‌ماشاكردنی‌ فتبۆڵێنی‌ دوو تیپی‌ ئینگلیزی‌ بوون، پیاوێكی‌ به‌ته‌مه‌ن له‌وسه‌ری‌ گازینۆكه‌وه‌ وتی‌ ئه‌رێ‌ ته‌ماشای‌ دڵ سوتێنه‌كه‌ ناكه‌ن؟ به‌شێكی‌ زۆریان هاواریان كرد هێشتا كاتی‌ نه‌هاتووه‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌