راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

نه‌وت سه‌ری‌ كچانی‌ به‌سره‌ ده‌خوات

سه‌لیم وه‌ززان
رووداوی‌ خۆسوتاندنی‌ مه‌ها عه‌باسی‌ ته‌مه‌ن چوارده‌ ساڵ‌ به‌نه‌وت یه‌كه‌مین رووداوی‌ له‌و شێوه‌یه‌ نییه‌…
11.09.2013  |  به‌سرا

به‌هۆی‌ پێكهاته‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ناوچه‌كه‌، خێزانی‌ قوربانییه‌كه‌ هه‌موو ده‌رگاكانیان به‌رووی‌ پێدانی‌ زانیاری‌ داخستووه‌، چونكه‌ بیركردنه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ به‌جۆرێكه‌ كه‌ ئه‌م رووداوانه‌ كاریگه‌ری‌ خراپی‌ ده‌بێت له‌سه‌ر ناوو ناوبانگی‌ خێزانه‌كه‌ی‌، به‌ڵام دراوسێكانی‌ مه‌ها ئاماده‌بوون قسه‌یه‌ك له‌باره‌ی‌ رووداوه‌كه‌وه‌ بكه‌ن.

ئه‌وان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ كچه‌كه‌ نه‌وتی‌ كردووه‌ به‌سه‌رتاپای‌ جه‌سته‌یداو به‌هۆیه‌وه‌ خۆی‌ سوتاندووه‌، ئه‌وه‌تا ئه‌حمه‌د مجبری‌ دراوسێی‌ ده‌ڵێت "پاش 24 كاتژمێر له‌گه‌یاندنی‌ به‌نه‌خۆشخانه‌ ئینجا كچه‌كه‌ گیانی‌ له‌ده‌ستدا".

به‌قسه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ خۆسوتاندنی‌ ئه‌و كچه‌ په‌یوه‌ندی‌ هه‌یه‌ به‌و باره‌ ده‌رونییه‌ی‌ له‌به‌ره‌نجامی‌ كێشه‌ی‌ ناو خێزانه‌كه‌ی‌ بۆی‌ دروست بووه‌.

مجبر ده‌ڵێت "خێزانێكی‌ گه‌وره‌ن كه‌ ده‌ منداڵی‌ تێدایه‌، باوكیشیان به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ‌ ژن‌و منداڵه‌كان شه‌ڕی بوو، له‌و كاته‌شی‌ كه‌ له‌یه‌ك جیابوونه‌ته‌وه‌ باوكه‌كه‌ نه‌یهێشتووه‌ منداڵه‌كان دایكیان ببینن، پێم وایه‌ ئه‌مه‌ هۆكار بێت".

ئه‌مه‌ سێهه‌مین حاڵه‌تی‌ له‌و چه‌شنه‌یه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا له‌ماوه‌ی‌ ساڵێكداو هه‌شته‌مین حاڵه‌تیشه‌ له‌سه‌ره‌تای‌ ئه‌مساڵه‌وه‌ كه‌ له‌به‌سره‌ روویداوه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئه‌منی‌ ئاگادار له‌م رووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند كه‌ له‌ماوه‌ی‌ ئه‌مساڵ‌‌و ساڵی‌ رابردوودا حاڵه‌تی‌ خۆكوشتن له‌ناو ژنانی‌ به‌سره‌ زیادی‌ كردووه‌، چالاكوانانی‌ مه‌ده‌نیش داوا ده‌كه‌ن رۆڵی‌ پۆلیسی‌ كۆمه‌ڵگا چالاك بكرێت‌و یاسایه‌ك ده‌ربكرێت بۆ به‌رگرتن له‌توندوتیژی‌.

به‌پێی‌ راپۆرتێك كه‌ مێژووه‌كه‌ی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ مانگی‌ ئازاری‌ رابردوو، رێكخراوی‌ مافی‌ مرۆڤ له‌قه‌زای‌ زوبێر ئه‌وه‌ی‌ ده‌رخستووه‌ كه‌ رێژه‌ی‌ خۆكوشتنی‌ ژنان به‌ره‌و هه‌ڵكشان ده‌چێت، هه‌روه‌ك چۆن كه‌میله‌ فه‌زاعی‌ چالاكوانی‌ بواری‌ ژنان پێی‌ وایه‌ "دووباره‌بوونه‌وه‌ی‌ ئه‌م حاڵه‌تانه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌كه‌می‌ هۆشیاری‌ خێزان‌و نه‌بوونی‌ یاسای‌ پاراستنی‌ مافی‌ ژنان".

له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "ژنان رووبه‌رووی‌ فشاری‌ زۆر ده‌بنه‌، زۆرجار بڕیاری‌ عه‌شیره‌ت له‌سه‌رو هه‌موو یاسایه‌كه‌وه‌یه‌، چه‌ندین حاڵه‌تی‌ ئه‌و خۆكوشتنانه‌ په‌یوه‌ندییان هه‌بووه‌ به‌زۆر به‌شوودانه‌وه‌ یان تۆمه‌تباركردن‌و دانه‌وه‌یان له‌بری‌ قه‌رزو سوڵح".

باس له‌وه‌ش ده‌كات ئه‌و ژنانه‌ی‌ خۆیان سووتاندووه‌و به‌ر له‌گیان له‌ده‌ستدانیان وته‌یان لێوه‌رگیراوه‌ دانیان به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ هۆكاره‌كه‌ی‌ خیانه‌تی‌ هاوسه‌ری‌ یان كێشه‌ی‌ خێزانی‌‌و هێنانی‌ ژنی‌ دووه‌م بووه‌ له‌لایه‌ن مێرده‌كانه‌وه‌.

داخراوی‌ كۆمه‌ڵگای‌ زوبێرو به‌سره‌ وایكردووه‌ له‌زۆربه‌ی‌ جاره‌كاندا هۆكاری‌ خۆسوتاندنی‌ ژنان ئاشكرا نه‌بێت، ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌خێزانه‌كان ئاماده‌ نین پرسه‌شیان بۆ دابنێن.

فه‌زاع ده‌ڵێت "له‌پرسه‌كاندا چه‌ندین چیرۆك بۆ ژنه‌كه‌ دروست ده‌كرێت‌و دزه‌ ده‌كاته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ هۆكاری‌ راسته‌قینه‌ ون ده‌بێت".

ته‌نانه‌ت له‌زۆربه‌ی‌ حاڵه‌ته‌كاندا كوشتنی‌ ژنان به‌ناوی‌ خۆكوشتن یان تۆمه‌تی‌ شه‌ره‌فپارێزی‌ ده‌شاردرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بكوژه‌كه‌ سزای‌ قورسی‌ به‌سه‌ردا نه‌درێت.

له‌مڕووه‌وه‌ لێكۆڵه‌ره‌وه‌یه‌كی‌ داد كه‌ داوایكرد ناوی‌ نه‌هێنرێت وتی‌ "زۆربه‌ی‌ ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی‌ وه‌ك خۆكوشتن تۆمار ده‌كرێت له‌راستیدا كوشتنن، ته‌نانه‌ت زۆرجار قوربانییه‌كه‌ له‌لای‌ پۆلیس ناچار ده‌كرێت كه‌ بڵێت خۆی‌ هه‌وڵی‌ خۆكوشتنی‌ داوه‌، ئه‌مه‌ش شێواندنی‌ راستیه‌كه‌یه‌".

ناچاركردنی‌ كچان به‌وه‌ی‌ ده‌ست له‌خوێندن هه‌ڵبگرن‌و زوو شوبكه‌ن، یه‌كێكی‌ تره‌ له‌هۆكاره‌كانی‌ زیادبوونی‌ خۆكوشتن له‌به‌سره‌.

نه‌سرین حسێن كه‌ ژنه‌ مامۆستایه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات یه‌كێك له‌خوێندكاره‌كانی‌ له‌قۆناغی‌ ئاماده‌یی‌ ساڵی‌ پار هه‌وڵی‌ خۆكوشتنی‌ داوه‌، پاش ئه‌وه‌ی‌ بڕێكی‌ زۆری‌ حه‌پی‌ قوت داوه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات ئه‌گه‌ر زوو نه‌گه‌یشتایه‌ نه‌خۆشخانه‌ گیانی‌ له‌ده‌ست ده‌دا.

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ فه‌زاع جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ دابڕان له‌خوێندن‌و فشاری‌ خێزانی‌‌و نائارامی‌ ده‌روونی‌ هۆكاره‌كانی‌ خۆكوشتنن‌و ده‌ڵێت "فشاره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی‌ سه‌ر كچان‌و ژنان خه‌مۆكی‌ دروست ده‌كات، له‌پاڵیدا به‌ستنه‌وه‌ی‌ سه‌ربه‌ستی‌ لێیان حاڵه‌ته‌كانی‌ خۆكوشتن زیاد ده‌كات".

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ د. سالم جه‌میلی‌ پسپۆڕی‌ نه‌خۆشییه‌ ده‌رونییه‌كان ده‌ڵێت "ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی‌ له‌بواری‌ كرانه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵگا هاتوونه‌ته‌ پێش وایكردووه‌ مه‌سه‌له‌ نوێیه‌كان له‌گه‌ڵ‌ ده‌بونه‌ریتی‌ كۆن به‌یه‌كدا بده‌ن".

ئه‌و پێی‌ وایه‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان‌و ئینته‌رنێت‌و سه‌ته‌لایت ده‌رگای‌ دنیابینی‌ به‌رووی‌ كچاندا كردووه‌ته‌وه‌‌و بیركردنه‌وه‌ی‌ گۆڕیون.

جه‌میلی‌ ده‌ڵێت "كچان‌و ژنان هه‌ست به‌چه‌وسانه‌وه‌ ده‌كه‌ن‌و پێیان وایه‌ په‌راوێزخراون، له‌كاتێكدا به‌چاوی‌ خۆی‌ پێشكه‌وتن‌و كرانه‌وه‌ی‌ دنیا ده‌بینێت".