راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

كه‌ربه‌لا ده‌ستبه‌رداری‌ نه‌ریته‌كانی‌ ره‌مه‌زان نابێت

ئیبراهیم ئەلجبوری
وه‌ك ساڵانی‌ پێشوو خه‌ڵكی‌ كه‌به‌لا كێبڕكێیانه‌ له‌سه‌ر ئاماده‌كردنی‌ خواردنه‌ كلاسیكییه‌كانی‌ ره‌مه‌زان، سفره‌و خوانی‌…
7.08.2013  |  كه‌ربه‌لا

ره‌مه‌زانی‌ كه‌ربه‌لا ته‌نانه‌ت به‌ر له‌ده‌ستپێكردنیشی‌ ده‌گاته‌ ماڵه‌كانی‌ ئه‌و شاره‌و خۆیانی‌ بۆ ئاماده‌ ده‌كه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئوم حسێن (50 ساڵ‌) ده‌ڵێت "به‌ر له‌وه‌ی‌ ره‌مه‌زان ده‌ست پێبكات به‌چه‌ند رۆژێك ئه‌وه‌ی‌ پێویستم بێت له‌بازاڕو دوكانه‌ كۆنه‌كان ده‌یكڕم له‌خواردن‌و خواردنه‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ شه‌ربه‌ته‌كانی‌ ته‌مه‌ر هیندو مێوژ".

كه‌ربه‌لا خاوه‌نی‌ شه‌ربه‌تێكی‌ تایبه‌تی‌ خۆیانن كه‌ ناویان ناوه‌ "سكنجبیل" ئه‌م شه‌ربه‌ته‌ پێكدێت له‌خه‌ل‌و نه‌عنا كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ تایبه‌ت ئاماده‌ ده‌كرێ‌و به‌ده‌گمه‌ن ماڵێك له‌كه‌ربه‌لا ده‌بینیت ئێواران ئه‌و شه‌ربه‌ته‌ له‌سه‌ر سفره‌كه‌ی‌ نه‌بێت.

له‌پاڵ‌ ئه‌م شه‌ربه‌ته‌شدا خه‌ڵكی‌ كه‌ربه‌لا له‌ماڵه‌كانیان شیرینی‌ ره‌مه‌زان دروست ده‌كه‌ن له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌بازاڕ بیكڕن، له‌دیارترین ئه‌و شیرینیانه‌ش لوقمه‌قازی‌‌و زلوبیاو پاقلاوه‌یه‌، ره‌نگه‌ هۆكاره‌كه‌شی‌ ئه‌وه‌ بێت كه‌ له‌ره‌مه‌زاندا نرخی‌ كیلۆیه‌ك پاقلاوه‌ ده‌گاته‌ بیست هه‌زار دینار.

ته‌نانه‌ت له‌رووی‌ خواردنیشه‌وه‌ كه‌ربه‌لا جیاوازی‌ هه‌یه‌ له‌شاره‌كانی‌ تر، چونكه‌ به‌شی‌ زۆری‌ پشتی‌ به‌ستووه‌ به‌چێشتخانه‌ی‌ ئێرانی‌، وه‌ك ئه‌و جۆره‌ مریشكه‌ له‌سۆس‌و باده‌م‌و گوێزو دۆشاوی‌ ته‌ماته‌و راشی‌‌و ده‌نكه‌ هه‌ناردا ئاماده‌ ده‌كرێت.

ئوم حسێن ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌م خواردنه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ تایبه‌ت ئاماده‌ ده‌كرێت‌و زۆربه‌ی‌ خێزانه‌كانی‌ كه‌ربه‌لا به‌باشی‌ فێریبوون‌و ته‌نها له‌نه‌جه‌فی‌ هاوسێیانه‌وه‌ توانای‌ دروستكردنی‌ هه‌یه‌ به‌و شێوه‌یه‌.

به‌پێچه‌وانه‌ی‌ شارێكی‌ وه‌ك به‌غداوه‌ كه‌ زۆربه‌ی‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ له‌ماڵه‌وه‌ كاره‌كانیان ده‌كه‌ن‌و له‌ترسی‌ گه‌رمای‌ هاوین ناچنه‌ ده‌ره‌وه‌، خه‌ڵكی‌ كه‌ربه‌لا زۆربه‌ی‌ رۆژه‌كانیان له‌ناو بازاڕو كوچه‌و كۆڵانه‌كان به‌رێده‌كه‌ن كه‌ بۆنی‌ رابردوویه‌كی‌ نزیكیان لێدێت.

ئه‌بو سه‌رمه‌د كه‌ربه‌لائی‌ ده‌ڵێت "پاش به‌ربانگ ده‌چمه‌ مه‌زارگه‌ی‌ ئیمام حسێن بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌مه‌راسیمی‌ خه‌تمی‌ قورئان‌و بۆنه‌ ئاینییه‌كان به‌شدار بم".

یه‌كێكی‌ تر له‌نه‌ریته‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كه‌ربه‌لا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆربه‌ی‌ ماڵه‌كان له‌نێوانی‌ به‌ربانگ‌و پارشێودا سه‌ردانی‌ یه‌كتر ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ‌ كه‌س پارشێو له‌ماڵی‌ هاوڕێكانیان ده‌كه‌نه‌وه‌و پاش نوێژی‌ به‌یانی‌ جێیان ده‌هێڵن.

ئه‌بو سه‌رمه‌د ده‌ڵێت "هه‌ندێ‌ جار گوێ‌ له‌چیرۆكه‌ كۆنه‌كان ده‌گرین‌و به‌شێك له‌خه‌ڵكیش شه‌وان له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و كه‌سه‌دا رێده‌كه‌ن كه‌ به‌ده‌نگی‌ ته‌پڵ‌ خه‌ڵك بۆ به‌ربانگ به‌خه‌به‌ر ده‌هێنێته‌وه‌".

هه‌ر له‌پێش به‌ربانگه‌وه‌ باخچه‌و شوێنه‌ گشتییه‌كان پڕ ده‌بن له‌خه‌ڵكی‌، ئه‌وانه‌ی‌ مه‌نجه‌ڵه‌كانیان له‌گه‌ڵ‌ خۆیان ده‌به‌نه‌ ده‌ره‌وه‌و هه‌موویان له‌ده‌وری‌ سفره‌یه‌ك كۆده‌بنه‌وه‌ بۆ رۆژو شكاندن.

حه‌مید ناسر یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌كاتی‌ به‌ربانگ ده‌چێته‌ باخچه‌ گشتییه‌كان به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌گه‌ڵ‌ خێزانه‌كه‌م ده‌چینه‌ ئه‌و باخچه‌و شوێنه‌ گشتیانه‌ی‌ ره‌مه‌زان به‌رووی‌ خه‌ڵكدا كراونه‌ته‌وه‌، تێشووی‌ ره‌مه‌زانه‌كه‌مان ده‌به‌ینه‌ ده‌ره‌وه‌و له‌رۆتینی‌ ماڵه‌وه‌ دوور ده‌كه‌وینه‌وه‌، قه‌ره‌باڵغی‌ خه‌ڵكه‌كه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر هانمان ده‌دات دووباره‌ی‌ بكه‌ینه‌وه‌".

یه‌كێكی‌ تر له‌داب‌و نه‌ریته‌كانی‌ تر كه‌ربه‌لا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵكی‌ خواردن‌و شیرینی‌ له‌گه‌ڵ‌ یه‌كتر ده‌گۆڕنه‌وه‌‌و ئه‌مه‌شیان ناوناوه‌ "دابه‌شكردنی‌ چاكه‌" كه‌ پێیان وایه‌ ئه‌مه‌ جۆرێكه‌ له‌وه‌فاو چاكه‌كردن له‌گه‌ڵ‌ مردووه‌كانیاندا.

له‌مڕووه‌وه‌ حاجی‌ ئوم حه‌نان ده‌ڵێت "گۆڕینه‌وه‌و دابه‌شكردنی‌ خۆراك له‌ره‌مه‌زاندا جوانترین‌و خۆشترین نه‌ریته‌كانه‌، له‌و كاته‌ پرسیاری‌ ناوی‌ مردووی‌ ماڵه‌كه‌و دایكی‌ ده‌كه‌ین تا سوره‌تی‌ فاتیحای‌ بۆ بخوێنین، ئه‌مه‌ش نه‌ریتێكی‌ ئاینی‌ خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌یه‌".

عه‌قید ئه‌حمه‌د حه‌سناوی‌ وته‌بێژی‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ كه‌ربه‌لا به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ پلانی‌ ئه‌منی تایبه‌ت به‌مانگی‌ ره‌مه‌زانیان هه‌یه‌و ئۆتۆمبێلی‌ پۆلیسیان بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ له‌نزیك بازاڕو شوێنه‌ گشتییه‌كان، به‌ڵام بڕیاریان داوه‌ هاتوچۆ قه‌ده‌غه‌ نه‌كه‌ن تا زه‌حمه‌تی‌ بۆ خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌ دروست نه‌كه‌ن.

فه‌رمانگه‌ی‌ هاتوچۆی‌ كه‌ربه‌لاش پلانی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ هه‌یه‌ بۆ كارئاسانی‌ هاتوچۆی‌ ئۆتۆمبێل وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن له‌پێناو سه‌لامه‌تی‌ خه‌ڵك‌و شۆفێراندا، بۆ ئه‌مه‌ عه‌قید مانع عامری‌ به‌رێوه‌به‌ری‌ پۆلیسی‌ هاتوچۆی‌ كه‌ربه‌لا ده‌ڵێت "سزای‌ چه‌ندین شۆفێرمان داوه‌، كار گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ندین ئۆتۆمبێلمان ده‌ست به‌سه‌ردا گرتووه‌".

هه‌رچۆنێك بێت ساڵ‌ له‌دوای‌ ساڵ‌ تێپه‌ڕ ده‌بێت، كه‌ربه‌لاش به‌زه‌حمه‌ت گۆڕانه‌كانی‌ ده‌وری‌ كاری‌ تێده‌كه‌ن‌و خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ به‌دوو ده‌ست خۆیان هه‌ڵواسیوه‌ به‌نه‌ریته‌كانی‌ رابردوویانه‌وه‌.