ئه‌م مانگه کاتی یاسایی کاری په‌رله‌مانی کوردستان (خولی سێیه‌م) ته‌واو ده‌بێ، له‌ماوه‌ی ئه‌و چوار ساڵه‌دا ته‌نیا شتێ که فراکسۆنه‌کانی ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵات به‌بێ کێشمه‌کێشی زۆر له‌سه‌ری کۆک بوون، پایته‌ختی رۆشنبیریی سلێمانی بوو. کۆکبوونێک که ئێسته له"فه‌رامۆشیدایه" وه‌کو به‌شێکی زۆر له‌رۆشنبیران و هونه‌رمه‌ندانی شاره‌که ده‌یڵێن.
رۆژی 3ی دیسەمبەری 2012 پرۆژه یاساکه له‌په‌رله‌مانی کوردستان به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سه‌نکرا، له‌پرۆژه‌که‌دا ده‌ستنیشانکراوه ده‌بێ ساڵانه وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی کوردستان بودجه‌یه‌کی تایبه‌ت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته دابین بکات، به‌ڵام خه‌ڵک ده‌ڵێن هه‌ست به‌هیچ ئاڵ‌وگۆڕێک ناکه‌ن به‌سه‌ر ره‌وشی رۆشنبیریی‌و هونه‌ری شاره‌که‌دا هاتبێ له‌دوای بریاره‌که‌ی په‌رله‌مانه‌وه.
ڕەووف بێگەر نووسه‌رو وه‌رگێڕی ناسراوی شاری سلێمانی ده‌ڵێ "لەدوای بڕیارەکەی پەرلەمانەوە شتێکی زیادە نەکراوە بۆ ره‌وشی هونه‌رو رۆشنبیریی له‌سلێمانی، چاوه‌روانییه‌کان وه‌هابوون دەبوا زۆرترین چالاکیی هونەریی ڕۆشنبیرییلهدوای بریاره‌که ئه‌نجام بدرایه که‌چی وادیاره ته‌نیا پایتەختی ڕۆشنبیریی سه‌ر کاغه‌زه".
بێگه‌رد ئێسته به‌کاتی به‌رێوه‌به‌ری (دەزگای چاپ و په‌خشی سەردەم)ه که یه‌کێکه له‌ده‌زگا پر به‌رهه‌مه‌کانی چاپه‌مه‌نی له‌کوردستانی عێراق‌و (شێرکۆ بێکه‌س)ی شاعیر سه‌رۆکیه‌تی.
له‌باره‌ی پێویستی بریارێکی له‌و شێوه‌یه وتی "ئه‌وه بریارێکی سیاسی بوو. هەر لەسەرەتاوە بەپایتەختبوونی سلێمانی بەڕۆشنبیریی لام دروست نەبوو چونکێ نازناوێکی له‌وجۆره به‌بریار ناکرێ به‌ڵکو که‌لتوورو مێژووی شار‌و ناوچه‌که ئه‌یسه‌لمێنێ که کوێ شایسته‌ی ناونیشانێکی له‌و شێوه‌یه".
ره‌ووف زیاتر وتی "سلێمانیش سیما‌و خه‌سڵه‌ته‌کانی پایتەختی ڕۆشنبیریی له‌مێژه تیابووە، شیعر‌و ئەدەبو لایەنە ڕۆشنبیرییەکانو چاپخانه دایمه پێشکەوتوو بووە ئه‌مانه هه‌موو مێژوو کردوونی نەوەک بڕیاری سیاسی یان پەرلەمان، ئێسته‌یش که بووه‌ته یاسا‌و بریار ده‌بێ لەسه‌ر کاغەزەوە بگۆڕینە سه‌ر واقیع".
ئه‌و که‌سانه‌ی بۆ ئه‌م راپۆرته قسه‌یانکردووه ده‌ڵێن ئه‌و بریاره هیچی له‌واقیعی رۆشنبیریی‌و فه‌رهه‌نگی شاره‌که نه‌گۆریوه جگه له‌وه‌ی ناوێکی بۆ زیادکراوه. وا دیاره خه‌ڵک چاوه‌روانی زۆری له‌حکومه‌ت هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌گرنگی بریاره بکه‌ن له‌سه‌ر شاره‌که‌یان.
زاهیر سدیق په‌یکه‌رتاشێکی ناسراوی شاری سلێمانییه وتی "هەنگاوەکان بۆ جێبه‌جێکردنی بریاره‌که زۆر سستن، بۆ سەرپێکەوتنی پڕۆژە گەورەو گرنگەکانی هونه‌رو ڕۆشنبیریی خه‌ڵکانی بهرپرسو خه‌مخۆرمان پێویسته که‌چی ئەوانەی ئەمڕۆ کار بەدەستن لەمانای بەپایتەختبوونی ئەم شارە تێناگەن هه‌وڵه‌کانیان جدی نین. بریارێکی به‌و جۆره پێویستی بەپلانو کارنامەی گه‌وره هه‌یە، بەداخەوە لێرە پلانی گۆڕانکاری لەئاست ئەو ناوە نییە سلێمانی پێی بەخشراوە".
به‌ڵام وه‌زیری رۆشنبیریی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان کاوه مه‌حموود ده‌ڵێ کاری گه‌وره‌یان کردووه بۆ ئه‌و بریاره‌و به‌چڕی خه‌ریکی کار‌و پرۆژه‌ن له‌و باره‌یه‌وه.
وه‌زیری رۆشنبیریی له‌کاتی سه‌ردانی بۆ شاری سلێمانی تا به‌شداریی بکات له‌به‌خشینی خه‌ڵاتی رێزلێنان لهشاعیرێک قسه‌ی بۆ (نیقاش) کرد‌و وتی "یه‌ک ده‌قه بریاره‌که‌مان فه‌رامۆش نه‌کردووه زۆر کار هه‌یه هه‌نگاوی گه‌وره‌مان بۆ ناوه، له‌بودجه‌ی ساڵی 2013 وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی 20 ملیار دیناری دابینکردووه بۆ ئه‌و بڕیاره".
له‌باره گلهییو چاوه‌روانییه‌کانی رۆشنبیر‌و هونه‌رمه‌ندانی شاره‌که کاوه مه‌حموود وتی "ئێمه ده‌مانه‌وێ ژێرخانێکی تۆکمه دانێین بۆ هه‌نگاوه‌کانمان. پلانمان هه‌یه چه‌ند هۆڵێکی گه‌وره‌و شایسته بۆ شانۆ‌و سینه‌ما دروستکه‌ین. هه‌روه‌ها شارێکی رۆشنبیریی له‌سلێمانی دروسته‌که‌ین، خه‌ڵک مافی خۆیه‌تی چاوهروانبێو ره‌خنه بگرن، به‌ڵام هه‌نگاوه‌کانی ئێمه‌ش بێ گرفت نین‌و به‌شی خۆیان کێشه‌ی گه‌وره‌یان هاتووهتهرێ".
سلێمانی له‌دوای هه‌ولێر دووەم شاری گه‌وره‌ی کوردستانی عێراقه، ساڵی 1784 له‌لایه‌ن ئیبراهیم پاشای بابان بنیاتنراوه‌و له‌گه‌ڵ بنیاتنانی کراوه‌ته پایته‌ختی (ئیمارەتی بابان) که پێشتر پایته‌ختی میرنشینه‌که له(قه‌ڵاچوالان) بووه له‌باکووری خۆرهه‌ڵاتی ئێسته‌ی شاره‌که.
له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م‌و له‌گه‌ڵ دروستکردنی وڵاتی عێراق له‌ساڵی 1920 شاری سلێمانی بووه مه‌یدانی ململانێی کورده‌کان له‌گه‌ڵ ئینگلیزداو به‌سه‌رۆکایه‌تی (شێخ مه‌حموودی حه‌فید) یه‌که‌مین حکومه‌تی کوردستان راگه‌یه‌نرا، به‌ڵام حوکمدارییه‌که‌ی شێخ مه‌حموود به‌هۆی فشاری زۆری به‌ریتانییه‌کان بێ ئاکام مایه‌وه.
رۆژنامه‌نووسی ناسراوی فه‌ره‌نسی (کریس کۆچێرا) که به‌هۆی تێکه‌ڵی زۆری له‌گه‌ڵیان شاره‌زاییه‌کی زۆری له‌سه‌ر مێژووی دوور‌و نزیکی کورد هه‌یه وه‌سفی شاری سلێمانی به‌و جۆره ده‌کات که "پایته‌ختی رۆحی ناسیۆنالیزمی کورده".