راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

كورده‌كان بارگه‌و بنه‌ بۆ هه‌رێم ده‌پێچنه‌وه‌

هیوا بەرزنجی
هه‌شت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، هه‌موو خه‌ون‌و خه‌یاڵێكی هه‌ژار كۆچكردن بوو بۆ ئه‌وروپا، وه‌كخۆی باسی ده‌كات رۆژئاوا لای ئه‌و، ئه‌و به‌هه‌شته…
4.07.2013  |  هه‌ولێر

رۆژی‌ 20ی‌ حوزه‌یرانی‌ رابردوو له‌سه‌رتاسه‌ری‌ جیهان یادی‌ رۆژی‌ جیهانی‌ په‌نابه‌ران كرایه‌وه‌، له‌هه‌رێمی‌ كوردستانیش به‌شێك له‌چالاكییه‌كانی‌ ئه‌و رێوره‌سمه‌ به‌رێوه‌چوو، به‌ڵام جیاوازی‌ ئێستای‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ‌ ساڵانی‌ رابردوو ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و كوردانه‌ی‌ بارگه‌و بنه‌ ده‌پێچنه‌وه‌ بۆ وڵات، زۆر زیاترن له‌وانه‌ی‌ وڵات جێده‌هێڵن.

له‌سه‌ره‌تای‌ نه‌وه‌ده‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو به‌سه‌دان هاوڵاتی‌ كورد هه‌رێمی‌ كوردستانیان جێهێشت‌و له‌رێی‌ قاچاخه‌وه‌ روویان له‌وڵاتی‌ ئه‌وروپا كرد، ژماره‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ له‌سه‌رده‌می‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان (1994 - 1998) به‌رێژه‌یه‌كی‌ به‌رچاو رووی‌ له‌هه‌ڵكشان كرد، به‌ڵام له‌پاش ساڵی‌ 2003ه‌وه‌ كۆچی‌ پێچه‌وانه‌ بۆ هه‌رێم ده‌ستی‌ پێكردووه‌ته‌وه‌.

ئه‌وانه‌ی‌ له‌نزیكه‌وه‌ چاودێری‌ بارودۆخی‌ ئابوری‌ هه‌ڵكشاوی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كه‌ن، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردوودا هه‌رێمی‌ كوردستان گۆڕانكاری‌ وه‌ها به‌سه‌ردا هاتووه‌ كه‌ ده‌رفه‌تی‌ كاری‌ زیاتر بڕه‌خسێنێت، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ نه‌ك هه‌ر كورده‌كان كه‌متر وڵات جێده‌هێڵن‌و ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، به‌ڵكو ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ كه‌سانی‌ بیانیش ئێستا له‌هه‌رێمی‌ كوردستان كارده‌كه‌ن.

هه‌ژار عه‌لی كەئێستا تەمەنی 30 ساڵە، دەیگێڕایەوە بەر لەوەی بچێتە هاندەران‌و رێگای قاچاخ‌و قاچاخچی ببینێت، هەمیشە بیری لەشتی جوان‌و دنیایەكی خۆشتر لێرەی كردوەتەوە، بەڵام "هەموو ئەو چیرۆكانە یەك بەیەك بەپێچەوانەوە دەردەچون". هه‌ژار باس لەوەش دەكات ئەوانەی كە رێگەی دەرەوەیان گرتبووه‌به‌ر سەرەتا زۆر گوێیان نەداوەتە هەموو ئەو ناسۆر‌و ئیهانە‌و برسێتی‌و سەرما‌و سۆڵەیە،"چونكە واماندەزانی بەگەيشتن بەئەوروپا‌و وەرگرتنی جواب وەك ئەوە وایە بچیتە بەهەشتەوە‌و هەموو شتەكانت بیردەچێتەوە".

هه‌ژار، چیرۆكی خۆی درێژەدات بەوەی كە هەرچۆن بێت گەيشتوەتە فه‌ره‌نسا‌و بەپارەی قەرز ئەو شتەی تاقیكردوەتەوە كەلێرە خەونی پێوەدیوە، بەڵام ئێستا گەڕاوەتەوە بۆ ئەو شوێنەی كەیەكەمجار لێوەی چوە بۆ هاندەران‌و پێیوایە لەم گەشتەیدا فێری ئەوەبووە كە مەسەلەی نیشتەجێبون هەروا شتێكی سانا نیە مرۆڤ بتوانێت بڕیاری گۆڕینی بدات، ده‌شیوت "ئه‌وكاته‌ له‌به‌رخراپی ره‌وشی سیاسی و ئابووری وڵاتم جێهێشت، به‌ڵام ئێستا دۆخه‌كه‌ سه‌ده‌ر سه‌د گۆڕاوه‌و ژیان لێره‌ خۆشتره‌ تا ئه‌وروپا".

هه‌ژار ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی دارایی له‌ئه‌وروپاو خراپبوونی گوزه‌ران‌و كه‌مبوونه‌وه‌ی كار په‌نابه‌ران ده‌گه‌رێنه‌وه‌ وڵاته‌كانیان به‌تایبه‌تیش كوردستان كه‌ دۆخی ئه‌منی‌و ئابووری به‌ره‌وپێشچوونی گه‌وره‌ی به‌خۆیوه‌ بینوه‌.

به‌پێی ئامارێكی نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان‌ ته‌نها له‌ساڵی 2012، نزیكه‌ی نیو ملیۆن مرۆڤ له‌سه‌ر ئاستی جیهان داوای مافی په‌نابه‌رێتیان له‌وڵاتانی وه‌رگر كردووه‌، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌پێی‌ زانیارییه‌ فه‌رمییه‌كان ژماره‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ روو له‌وڵاتانی‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌كه‌ن ئێجگار كه‌مترن له‌وانه‌ی‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌.

شكور یاسین به‌رێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی كۆچ‌و كۆچبه‌ران له‌وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم، ئه‌وه‌ی‌ بۆ "نیقاش" خسته‌ڕوو كه‌ له‌پاش ساڵی‌ 2003 هه‌تا ئه‌مساڵ‌ بیست‌و حه‌وت هه‌زار په‌نابه‌ری عێراقی ناویان تۆماركراوه كه‌ ‌له‌وڵاتانی ئه‌وروپاو ئه‌مریكا گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌و‌ زۆرینه‌یان خه‌ڵكی هه‌رێم بوون، هۆكاری ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ خراپوونی بواری ئابووی ئه‌وروپاو به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ باشبوونی ره‌وشی ئه‌منی‌و به‌ره‌وپێشچوونی ئابووری هه‌رێم، بۆیه‌ كۆچی پێچه‌وانه‌ ده‌ستی پێكردووه، له‌م رووه‌وه‌ ده‌ڵێت "ئێستا ده‌مانه‌وێت ناوی په‌نابه‌ره‌ گه‌ڕاوه‌كان رێكبخه‌ینه‌وه‌و بیده‌ینه‌ په‌رله‌مانی كوردستان تا به‌پێی یاسا قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌".

ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌شێكیان كاتی‌ زۆریان ده‌وێت تا ده‌توانن بچنه‌ سه‌ر كارێكی‌ جێگیرو بژێوی‌ ژیانیان دابین بكه‌ن، به‌ڵام هه‌ندێكی‌ تریان به‌هۆی‌ په‌یداكردنی‌ شاره‌زاییه‌وه‌ چانسی‌ گه‌وره‌ی‌ باشبوونی‌ داراییان له‌به‌رده‌مدایه‌.

به‌رپرسه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ ئێستا بڕی حه‌وت ملیۆن یۆرۆ له‌لایه‌ن بازاڕی یه‌كێتی ئه‌وروپاوه‌ بۆ ماوه‌ی (30) مانگ ته‌رخانكراوه‌ بۆ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی كه‌ به‌ئاره‌زووی خۆیان ده‌گه‌رێنه‌وه‌ عێراق‌و هه‌رێمی كوردستان، وتيشى "هاوكات له‌رێگه‌ی وه‌زاره‌تی كاره‌وه‌ هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی كار بۆ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ ده‌ده‌ین و ده‌یانخه‌ینه‌ سه‌ر كار".

به‌رێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی كۆچ‌و كۆچبه‌ران، ته‌ئكیدیش له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ 2003ه‌وه‌ كۆچی پێچه‌وانه‌ ده‌ستی پێكردووه‌و ساڵ له‌دوای ساڵیش رێژه‌ی په‌نابه‌رانی گه‌ڕاوه‌ روو له‌ هه‌ڵكشانه‌، به‌جۆرێك ساڵی 2011، (2969) په‌نابه‌ر، ساڵی 2012، رێژه‌كه‌ به‌رزبووته‌وه‌ بۆ (6298) په‌نابه‌ر، سێ مانگی یه‌كه‌می 2013، (1234) په‌نابه‌ر گه‌ڕاونه‌ته‌وه وڵات‌، به‌ڵام هیچ ئامارێكی‌ روونی‌ لانییه‌ ئاخۆ ژماره‌ی‌ په‌نابه‌رانی‌ كورد له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق چه‌ندن.

له‌هه‌رێمی‌ كوردستان جگه‌ له‌وه‌ی‌ به‌شێك له‌په‌نابه‌ران له‌سه‌ر خواستی‌ خۆیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ندێكی‌ تریان ناچار ده‌كرێن ئه‌و وڵاتانه‌ جێبهێڵن كه‌ بۆی‌ چوون، ئه‌م جۆرانه‌ش له‌په‌نابه‌ر به‌بڕوای‌ رێكخراوه‌كانی‌ په‌نابه‌ران "مافخوراون"‌و به‌زه‌حمه‌ت له‌گه‌ڵ‌ كۆمه‌ڵگاكه‌یان ده‌گونجێنه‌وه‌.

ئامانج عه‌بدوڵا به‌رپرسی فیدراسیۆنی سه‌رتاسه‌ری په‌نابه‌رانی عێراقی له‌هه‌رێمی كوردستان‌و عێراق، ئه‌وه‌ی بۆ "نیقاش" خسته‌ڕوو كه‌ ساڵی 2005 تا 2013 نزیكه‌ی 7 هه‌زار په‌نابه‌ری كورد به‌زۆری دیپۆرت كراونه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن به‌ریتانیاو سویدو ئه‌ڵمانیاو نه‌رویج‌و هۆڵه‌نداوە، هاوكات له‌ماوه‌ی 10 ساڵی رابروودا، نزیكه‌ی 30 هه‌زار په‌نابه‌ری كورد به‌ئاره‌زووی خۆیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

ئامانج ئه‌وه‌شی‌ نه‌شارده‌وه‌ كه‌ هێشتا كۆچی‌ هاوڵاتیانی‌ كورد به‌رده‌وامه‌‌و وتی‌ "ئێستاش كۆچی گه‌نجان بۆ هه‌نده‌ران به‌رده‌وامی هه‌یه‌، به‌ڵام رێژه‌كه‌ی یه‌كجار كه‌مبووته‌وه‌".

به‌رپرسه‌كه‌ی فیدراسیۆنی سه‌رتاسه‌ری په‌نابه‌رانی عێراقی هاوڕابوو له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ كه‌ قه‌یرانی دارایی‌و بێكار هۆكاری سه‌ره‌كی گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌نابه‌رانه‌ به‌هه‌ردوو شێوازی دیپۆتكردنه‌وه‌و به‌ئاره‌زوو گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ وڵات، ده‌شیوت "پێشتر به‌هۆی ناله‌باری كه‌ش‌و هه‌وای سیاسی‌و ئابووری هه‌رێم به‌تایبه‌ت له‌دوای كۆڕه‌وه‌كه‌ی به‌هاری 1991 تا رووخانی رژێمی به‌عس زۆرترین كۆچكردنی كوردان بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا روویداوه‌ كه‌ زۆرینه‌یان له‌ئه‌ڵمانیاو سویدو به‌ریتانیا گیرساونه‌ته‌وه‌".

به‌ڵام گۆران سه‌باح رۆژنامه‌نووس‌و شاره‌زای بواری كۆچ‌و كۆچبه‌ران رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئێستاش كۆچكردن به‌رده‌وامی هه‌یه‌و زەنگێكی مه‌ترسیداریش لێده‌دات له‌وه‌ی له‌ئێستادا له‌پاڵ كه‌سانی ئاسایی، خه‌ڵكی نوخبه‌و خاوه‌ن بڕوانامه‌و زمانزان كۆچ ده‌كه‌ن، ده‌شیوت "رۆیشتنی كه‌سانی خاوه‌ن ئه‌قڵ وڵات رووبه‌رووی كاره‌سات ده‌كاته‌وه‌، چونكه‌ نه‌بوونی دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی‌و گه‌نده‌ڵی‌و سه‌روه‌رنه‌بوونی یاسا هۆكاره‌ بۆ رۆیشتنی ئه‌و كه‌سانه‌".