راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

له‌به‌سره‌ تاوانی‌

مورته‌زا تاڵب
ته‌نها سێ‌ فیشه‌ك به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ كۆتایی‌ به‌ژیانی‌ ژنه‌ ته‌مه‌ن بیست‌و پێنج ساڵه‌كه‌ی‌ بهێنێت، به‌و…
30.05.2013  |  به‌سرا

مێردی‌ ئه‌و ژنه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ خۆی‌ بۆ پۆلیس ئاماژه‌ی‌ پێكردووه‌ كاتێك گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ بینیوێتی‌ ژنه‌كه‌ی‌ له‌باوه‌شی‌ ئه‌و پیاوه‌دایه‌، بۆیه‌ ده‌ستبه‌جێ‌ ژنه‌كه‌ی‌ كوشتووه‌و شۆفێری‌ تاكسییه‌كه‌ش ناچار بووه‌ له‌رێی‌ سوڵحی‌ عه‌شایه‌رییه‌وه‌ بڕێك پاره‌ بدات‌و شوێنی‌ نیشته‌جێبوونی‌ بگۆڕێت، هه‌رچی‌ مێردی‌ ژنه‌كه‌شه‌ پاش رووداوه‌كه‌ی‌ خۆی‌ راده‌ستی‌ پۆلیس كردووه‌و به‌سێ‌ ساڵ‌ حوكمدراوه‌، چونكه‌ به‌تاوانی‌ "شه‌ره‌فپارێزی‌" بۆی‌ هه‌ژمار كراوه‌.

محه‌مه‌دی‌ شۆفێری‌ تاكسی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ژنه‌كه‌ پێشتر پێی‌ راگه‌یاندووه‌ كه‌ به‌منداڵی‌ ناچاریان كردووه‌ شوو بكات‌و هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ خۆش ناوێت، چه‌ند جارێكیش تا ئه‌و كاته‌ داوای‌ جیابوونه‌وه‌ی‌ لێكردووه‌.

ئه‌مه‌ یه‌كه‌م رووداو نییه‌و دوا رووداویش نابێت له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی‌ به‌بیانووی‌ پابه‌ندبوون به‌دابوو نه‌ریت‌و كه‌لتوری‌ ئاینی‌‌و عه‌شایه‌ری‌ ژنان ده‌كوژن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پیاوێكیش نه‌یه‌وێت به‌تۆمه‌تی‌ خیانه‌تكردن ژنه‌كه‌ی‌ بكوژێت، ئه‌وا ناچاری‌ ده‌كه‌ن یان كه‌سانێكی‌ تر له‌بری‌ ئه‌و كاره‌كه‌ ده‌كه‌ن.

سالم عه‌لی‌ حاڵه‌تێكی‌ تری‌ له‌و شێوه‌یه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ به‌سه‌ر ناسیاوێكیاندا هاتووه‌و ده‌ڵێت "پیاوه‌كه‌ پێی‌ زانی‌ كه‌ ژنه‌كه‌ خیانه‌تی‌ لێده‌كات، بۆیه‌ ته‌ڵاقیدا، به‌ڵام براكانی‌ به‌وه‌ رازی‌ نه‌بوون‌و ژنه‌كه‌یان فڕاندووه‌و براكه‌ی‌ خۆشیان بردووه‌و حه‌پی‌ بێهۆشكردنیان داوه‌تێ‌ هه‌تا له‌گه‌ڵیاندا به‌شداربێت بۆ كوشتنی‌ ژنه‌كه‌".

پاش دوو رۆژ پۆلیس ته‌رمی‌ ژنه‌كه‌یان له‌ناوچه‌یه‌كی‌ بیاباناوی‌ له‌قه‌زای‌ زوبێر (20 كلم خۆرئاوای‌ به‌سره‌) دۆزیوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌و ناوچه‌ چۆڵانه‌ی‌ كه‌ زۆرجار ته‌رمی‌ ژنه‌ كوژراوه‌كانی‌ لێ‌ فڕێده‌درێت.

له‌مرووه‌وه‌ نه‌قیب حوسام فازیل خه‌له‌ف له‌پۆلیسی‌ كۆمه‌ڵگا ده‌ڵێت "دیارده‌ی‌ كوشتنی‌ ژنان به‌بیانووی‌ شه‌ره‌ف پارێزی‌ له‌پارێزگای‌ به‌سره‌ زیادی‌ كردووه‌، كه‌ زۆربه‌ی‌ حاڵه‌ته‌كان بكوژه‌كه‌ كه‌سوكاری‌ ژن یان پیاوه‌كه‌یه‌، یاخود ئه‌و كاره‌ له‌لایه‌ن كه‌سانێكی‌ نه‌ناسراوه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت".

پۆلیسی‌ كۆمه‌ڵگا له‌مانگی‌ شوباتی‌ ساڵی‌ 2012 له‌پارێزگاكانی‌ ناوه‌ڕاست‌و خوارووی‌ عێراق دامه‌زراوه‌و كاره‌كه‌ی‌ بریتییه‌ له‌چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.

نه‌قیب حوسام دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه‌ شێوازی‌ كاره‌كه‌ی‌ ئه‌وان ئێجگار زه‌حمه‌ته‌و ده‌ڵێت "له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ كارمه‌نده‌كانمان له‌پارێزگا جیاوازه‌كان بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام كه‌س ناتوانێت دیارده‌ی‌ كوشتنی‌ ژنان به‌بیانوی‌ شه‌ره‌فپارێزی‌ بنه‌بڕ بكات، هه‌رچه‌نده‌ چه‌ندین جاریش رۆڵیان گێڕاوه‌ له‌رزگاركردنی‌ ژنان".

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا چه‌ندین سیمیناری‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ به‌هاوكاری‌ زانكۆی‌ به‌سره‌و رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵی‌ مه‌ده‌نی‌ له‌سه‌ر ئه‌و تاوانه‌ ئه‌نجامدراوه‌.

هه‌ندێ‌ له‌توێژه‌ران پێیان وایه‌ دیارده‌ی‌ بوونی‌ په‌یوه‌ندی‌ ناشه‌رعی‌ به‌رێژه‌یه‌كی‌ زیاتر له‌ناو ژنانی‌ شوكردوودا بڵاوه‌ وه‌ك له‌كچان، بۆ ئه‌مه‌ش یاسر جاسم توێژه‌ری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ یه‌كێك له‌دیارترین هۆكاره‌كانی‌ زوو به‌شوودانی‌ كچانه‌و ده‌ڵێت "هه‌ندێ‌ له‌كچان ته‌نانه‌ت پێش ته‌مه‌نی‌ یاسایش به‌شوو ده‌درێن، ئه‌مه‌ش واده‌كات كه‌ هیچ سۆزێكیان بۆ هاوسه‌ره‌كه‌یان نه‌بێت‌و ئه‌ویش توندوتیژ بێت له‌گه‌ڵیاندا".

ره‌گ‌و ریشه‌ی‌ تاوانی‌ "شه‌ره‌فپارێزی‌" ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دابو نه‌ریته‌ عه‌شایه‌رییه‌ كۆنه‌كان‌و له‌مڕووه‌وه‌ محه‌مه‌د یاسر سه‌رۆكی‌ یه‌كێك له‌عه‌شیره‌ته‌كانی‌ پارێزگای‌ به‌سه‌ره‌ ده‌ڵێت "پیاوماقوڵان ده‌یانه‌وێت ئه‌و جۆره‌ كێشانه‌ له‌رێی‌ سوڵحه‌وه‌ كۆتایی‌ پێبهێنن به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ خوێنی‌ تیادا بڕژێت"، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات له‌كاتی‌ خیانه‌تی‌ هاوسه‌ریدا له‌سه‌ر تاوانكار پێویسته‌ بڕێك پاره‌ بداته‌ مێردی‌ ژنه‌كه‌و بڕێكیش ده‌داته‌ كه‌سوكاری‌ مێرده‌كه‌ی‌‌و پاش ئه‌وه‌ش ژنه‌كه‌ی‌ ته‌ڵاق ده‌دات.

دان به‌وه‌شدا ده‌نێت كه‌ یاساو رێسا عه‌شایه‌رییه‌كان رێگه‌ به‌مێرده‌كه‌ ده‌ده‌ن ژنه‌كه‌ی‌ بكوژێت‌و هه‌روه‌ها كه‌سوكاری‌ مێرده‌كه‌ش بۆیان هه‌یه‌ هه‌مان كار بكه‌ن.

له‌باره‌ی‌ كچێكیشه‌وه‌ كه‌شووی‌ نه‌كردبێت ئه‌و سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌ رێسا عه‌شایه‌رییه‌كان روونده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت "ده‌بێت كه‌سی‌ تاوانكار كچه‌كه‌ بهێنێت، ئه‌گه‌ر رازیش نه‌بوو ده‌كوژرێت".

به‌پێی‌ ئامارێكی‌ وه‌زاره‌تی‌ مافی‌ مرۆڤی‌ عێراقی‌ به‌ته‌نها له‌ماوه‌ی‌ دوو ساڵی‌ رابردوودا 160 ژنه‌ به‌بیانووی‌ "شه‌ره‌فپارێزی‌" له‌عێراقدا كوژراون، هه‌رچه‌ند ئه‌م ژماره‌یه‌ ته‌واو ورد نییه‌، چونكه‌ به‌شێكیان ره‌نگه‌ له‌لای‌ پۆلیس تۆمار نه‌كرێن، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا له‌پارێزگایه‌كی‌ وه‌ك به‌سره‌ هیچ ئامارێك له‌به‌ر ده‌ستدا نییه‌.

به‌رپرسانی‌ ئه‌منی‌ هۆكاری‌ نه‌بوونی‌ ئاماری‌ ورد ده‌گێڕنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ئاسانی‌ ئه‌و جۆره‌ تاوانانه‌ ده‌شارێته‌وه‌ به‌تایبه‌تی‌ بۆ ناوچه‌یه‌ك كه‌ زۆرێك له‌دانیشتوانه‌كه‌ی‌ خاوه‌نی‌ چه‌كن، له‌مڕووه‌وه‌ نه‌قیب حوسام ده‌ڵێت "ده‌كرێت راستی‌ له‌لایه‌ن حكومییه‌كان‌و لێكۆڵه‌ره‌وان بشارنه‌وه‌و وه‌ها ده‌ریبخه‌ن كه‌ به‌گولله‌ی‌ وێڵ‌ یان له‌رێی‌ په‌لاماردانه‌وه‌ كوژراوه‌".

دكتۆر ره‌عد عه‌باس دیبیس مامۆستای‌ كۆلێژی‌ یاسا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات له‌ماده‌ی‌ 409ی‌ یاسای‌ تاوانه‌كانی‌ عێراقدا سزای‌ تاوانی‌ "شه‌ره‌فپارێز" به‌وه‌ دیاریكراوه‌ "ئه‌گه‌ر ژنی‌ زیناكار له‌گه‌ڵ‌ پیاوێكدا له‌شوێنی‌ خه‌وتن به‌دیكرا، ئه‌وا ئه‌گه‌ر مێرده‌كه‌ی‌ بیكوژێت سزای‌ قورسی‌ به‌سه‌ردا ناسه‌پێت"، به‌ڵام به‌پێی‌ ماده‌ی‌ دووه‌می‌ ده‌ستوری‌ عێراقی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ "نابێت یاسایه‌ك ده‌ربچێت كه‌ له‌گه‌ڵ‌ بنه‌ماكانی‌ ئاینی‌ ئیسلامدا ناكۆك بێت" به‌م پێیه‌ش وه‌ك ئه‌و مامۆستایه‌ی‌ یاسا ده‌ڵێت "ماده‌ی‌ 409 یه‌كناگرێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ ده‌ستوری‌ عێراقیدا".

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ هه‌نا ئیدوارد چالاكوانی‌ بواری‌ مافه‌كانی‌ ژنان داوا ده‌كات ماف بۆ ژنان بگێڕدرێته‌وه‌و ئه‌و یاسایانه‌ی‌ ئێستا كاریان پێده‌كرێت هه‌موار بكرێنه‌وه‌ "یاسا لێبورده‌یه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و بكوژانه‌ی‌ ژنان ده‌كوژن، له‌كاتێكدا ده‌بێت وه‌ك هه‌ر تاوانێكی‌ تری‌ كوشتن مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا بكرێت‌و ناشكرێت عه‌شیره‌ته‌كان فشار بخه‌نه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ری‌‌و تاوانه‌كان له‌ژێر په‌رده‌ی‌ ئایندا په‌رده‌پۆش بكرێت".

به‌ڵام وه‌ك نمار موزه‌فه‌ر مامۆستای‌ حه‌وزه‌ی‌ زانستی‌ نه‌جه‌ف ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات ئاینی‌ ئیسلام دژی‌ تاوانی‌ كوشتنه‌و ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر ژنێك به‌شایه‌دی‌ چوار كه‌س تاوانی‌ زینای‌ له‌سه‌ر سه‌لمێنرا، ئه‌وا سه‌د جه‌ڵده‌ی‌ لێده‌درێت له‌سه‌ر ده‌ستی‌ كه‌سانێك كه‌ مه‌رجی‌ ئاینییان تێدایه‌و ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ش به‌زه‌حمه‌ت ده‌ستده‌كه‌ون".

پێده‌چێت ئێستا له‌به‌سره‌ به‌هۆی‌ بێده‌نگی‌ هه‌ندێ‌ لایه‌نی‌ ئاینی‌‌و نه‌بوونی‌ ئارامییه‌وه‌، خۆشه‌ویستی‌‌و خیانه‌تی‌ هاوسه‌رێتی‌ ئێجگار قورس له‌سه‌ر ژنان بكه‌وێت.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌