راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هه‌زاران كه‌س گیرۆده‌ی‌ بیره‌ نه‌وتێك بوون

عه‌بدوڵڵا سالم
له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌ی‌ قیاره‌ چه‌ند ساڵێكه‌ به‌ته‌نیشت ئاگری‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ بۆرییه‌…
30.05.2013  |  موسڵ

رۆژی‌ پێنجی‌ نیسانی‌ رابردوو سیان له‌بیره‌كانی‌ كێڵگه‌ی‌ نه‌وتی‌ قیاره‌ له‌لایه‌ن كه‌سانێكی‌ نه‌ناسراوه‌ ته‌قێنرانه‌وه‌، ئه‌و كێڵگه‌یه‌ 95 بیری‌ تێدایه‌ ده‌كه‌وێته‌ دووری‌ (62كم) له‌باشووری‌ پارێزگای‌ موسڵ‌.

ئه‌و تیمه‌ی‌ به‌رگری‌ شارستانی‌ كه‌ گه‌یشتنه‌ شوێنی‌ رووداوه‌كه‌ توانیان ئاگری‌ دوان له‌بیره‌كان كۆنترۆڵبكه‌ن، به‌ڵام بۆ بیری‌ سێهه‌م كه‌ ژماره‌ 74ی‌ له‌سه‌ره‌، پێویستی‌ به‌وه‌ بوو تیمێك له‌به‌غدا به‌هاوكاری‌ چه‌ند پسپۆڕێكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ به‌هانایه‌وه‌ بێن، تا به‌شێوه‌یه‌كی‌ ته‌ندروست ناوچه‌كه‌ له‌مه‌ترسی‌ گازه‌ بڵاوبووه‌كان بپارێزن.

په‌یامنێری‌ "نیقاش" خۆی‌ سه‌ردانی‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كه‌ی‌ كردوو چاوی‌ به‌وه‌ كه‌وت كه‌ دیوارێكی‌ خۆڵ‌ به‌به‌رزی‌ سێ‌ مه‌تر له‌ده‌وری‌ كێڵگه‌كه‌ به‌رزكراوه‌ته‌وه‌و له‌ژێر چاودێری‌ وردی‌ ئه‌منیدایه‌و لێناگه‌ڕێن هیچ كه‌س لێێ‌ نزیك ببێته‌وه‌، جا ئه‌و كه‌سه‌ له‌هه‌ر ئاستێكی‌ به‌رپرسیارێتیدا بێت.

هه‌ر له‌دووره‌وه‌ گڕو كڵپه‌و دوكه‌ڵی‌ بیری‌ ژماره‌ 74 به‌روونی‌ به‌دی‌ ده‌كه‌یت كه‌ به‌تیره‌ی‌ بیست مه‌ترو به‌به‌رزی‌ سه‌د مه‌تر به‌ره‌و ئاسمان هه‌ڵده‌كشێت، له‌نزیك ئه‌ویشه‌وه‌ چه‌ند كه‌سێك به‌دڵه‌راوكێوه‌ چاودێری‌ بارودۆخه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

یه‌كێك له‌وانه‌ كه‌ خۆی‌ وتی‌ له‌نێو تیمێكی‌ پسپۆڕی‌ وه‌زاره‌تی‌ نه‌وته‌، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ده‌وری‌ بیره‌كه‌یه‌و هه‌موو هه‌وڵیان بۆ ئه‌وه‌یه‌ ئاگره‌كه‌ وه‌ك خۆی‌ بمێنێته‌وه‌، چونكه‌ به‌قسه‌ی‌ ئه‌و له‌ئه‌نجامی‌ خامۆشبوونی‌ ئاگره‌كه‌ جۆرێك له‌غاز دێته‌ ده‌ره‌وه‌ كه‌ به‌رووبه‌ری‌ چه‌ند میلێك مه‌ترسی‌ ده‌خاته‌ سه‌ر ژیانی‌ هاوڵاتیان.

له‌و كاته‌ی‌ وه‌ڵامی‌ به‌رێوه‌به‌ره‌كه‌یانی‌ ده‌دایه‌وه‌ وتی‌ "ده‌توانین ئاگره‌كه‌ بكوژێنینه‌وه‌، به‌ڵام تا زیاتر گڕی‌ پێوه‌ بێت، زیاتر ژیانی‌ هاوڵاتیان پارێزراوه‌".

محه‌مه‌د عه‌بد جبوری‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌پێی‌ قسه‌ی‌ پسپۆڕان گڕگرتنی‌ ئه‌و بیره‌ نه‌وته‌ هه‌ر رۆژێك زیانی‌ نیو ملیۆن دۆلار ده‌گه‌یه‌نێت "هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م بڕه‌ ئێجگار كه‌مه‌، چونكه‌ توانای‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ بیره‌كه‌ حه‌وت هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی‌ خاوی‌ قورسه‌ له‌رۆژێكدا‌و له‌لایه‌ن كۆمپانیایه‌كی‌ كۆنگۆلییه‌وه‌ به‌رێوه‌ ده‌برا، به‌ڵام له‌پڕ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ناڕۆشن كۆمپانیاكه‌ كاره‌كانی‌ راگرت".

محه‌مه‌د تابور به‌رێوه‌به‌ری‌ ناحیه‌ی‌ قیاره‌ كه‌ ماڵه‌كه‌ی‌ ته‌نها دوو كۆڵان له‌ودیو ستونی‌ ئاگره‌كه‌وه‌یه‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند هێزه‌ ئه‌منییه‌كان رێگه‌یان نه‌داوه‌ ئه‌ویش له‌ئاگره‌كه‌ نزیك بكه‌وێته‌وه‌.

تابور دودڵی‌ خۆی‌ نه‌شارده‌وه‌ له‌مه‌ترسی‌ ئه‌و ئاگره‌ی‌ زاتر له‌مانگێكه‌ به‌ئاسماندا ده‌چێت، به‌تایبه‌تی‌ له‌سایه‌ی‌ ئه‌و ناڕۆشنییه‌ی‌ تیمه‌كه‌ی‌ به‌غدا له‌سه‌ر رووداوه‌كه‌یان دروستكردووه‌.

به‌رێوه‌به‌ری‌ ناحیه‌كه‌ خه‌تای‌ كه‌وتنه‌وه‌ی‌ ئاگره‌كه‌ی‌ خسته‌ ئه‌ستۆی‌ وه‌زاره‌تی‌ نه‌وت به‌وپێیه‌ی‌ رازی‌ نه‌بووه‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ بكاته‌ پاسه‌وان‌و له‌بری‌ ئه‌وان پشتی‌ به‌ستووه‌ به‌چه‌ند پاسه‌وانێك كه‌ له‌شاره‌كانی‌ تره‌وه‌ هێناونی‌‌و ده‌وامیان رێك‌و پێك نه‌بووه‌.

له‌مڕووه‌وه‌ وتی‌ "94 بیره‌ نه‌وت ته‌نها به‌ 180 پاسه‌وان پارێزگارییان لێده‌كرا، سه‌ره‌ڕای‌ كه‌می‌ ژماره‌یان، كه‌چی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا زۆربه‌یان ده‌وامیان نه‌ده‌كرد".

به‌رێوه‌به‌ری‌ ناحیه‌كه‌ گومانی‌ له‌هه‌ڵسوكه‌وتی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كردو ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ چه‌ند رۆژێك به‌ر له‌رووداوه‌كه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ ناوچه‌كه‌و شورایه‌كیان له‌خۆڵ‌ له‌ده‌وری‌ كیڵگه‌كه‌ دروستكردووه‌و كه‌چی‌ دوای‌ ئه‌وه‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ روویداوه‌.

به‌رێوه‌به‌ری‌ ناحیه‌ی‌ قیاره‌ سه‌رسوڕمانی‌ خۆی‌ ده‌ربڕی‌ له‌وه‌ی‌ كارمه‌ندانی‌ وه‌زاره‌تی‌ نه‌وت ده‌سته‌وه‌ستانن‌و هیچ شتێك بۆ خامۆشكردنی‌ ئاگره‌كه‌ ناكه‌ن، له‌كاتێكدا كۆمپانیای‌ نه‌وتی‌ باكور كه‌ سه‌رپه‌شتی‌ كێڵگه‌كه‌ ده‌كات له‌ساڵی‌ 1953وه‌ دامه‌زراوه‌و ده‌بێت بایی‌ ئه‌وه‌نده‌ شاره‌زایی‌ هه‌بێت كه‌ چاره‌سه‌ری‌ ئه‌م حاڵه‌تانه‌ بكات.

ئێستا ئاسمانی‌ قیاره‌ یه‌ك پارچه‌ دوكه‌ڵی‌ ره‌ش دایپۆشیوه‌، به‌جۆرێك له‌دووری‌ 40 كیلۆمه‌تره‌وه‌ به‌روونی‌ ئه‌و دوكه‌ڵه‌ ده‌بینرێت‌و وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ له‌گڕكانێكه‌وه‌ ده‌ربچێت، دانیشتوانی‌ گه‌ڕه‌كی‌ شه‌هیدانی‌ ناحیه‌كه‌ش كه‌ ته‌نها شه‌قامێكی‌ سێ‌ مه‌تری‌ له‌ئاگره‌كه‌یان جیا ده‌كاته‌وه‌، ترسی‌ خۆیان ناشارنه‌وه‌ له‌و دوكه‌ڵه‌ی‌ بۆ ماوه‌ی‌ زیاتر له‌مانگێكه‌ هه‌ڵیده‌مژن.

موسه‌ننا مه‌حمود كه‌ گه‌نجێكی‌ دانیشتووی‌ ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌یه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ چه‌ندین خێزان له‌ناوچه‌كه‌ دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه‌و هه‌ندێكیشیان باریان كردووه‌ بۆ گونده‌كان، تا بتوانن له‌كێڵگه‌كه‌ دوور بكه‌ونه‌وه‌.

موسه‌ننا سه‌ری‌ به‌رزكرده‌وه‌و ده‌ستی‌ درێژكرد وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ بیه‌وێت ئاستی‌ دوكه‌ڵه‌كه‌ بپێوێت‌و وتی‌ "ئێمه‌ به‌بۆنی‌ دوكه‌ڵ‌‌و بارانی‌ ره‌ش راهاتووین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ ده‌مانترسێنێت گازه‌ كوشنده‌كانی‌ بیره‌كه‌یه‌".

موسه‌ننا چیرۆكی‌ چه‌ند دزێكی‌ بێ‌ ئه‌زموون ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ چۆن پاش كه‌وتنی‌ رژێمه‌كه‌ی‌ سه‌دام حسێن له‌ساڵی‌ 2003 ویستویانه‌ نه‌وت له‌و كێڵگه‌یه‌ ده‌ربكه‌ن، به‌ڵام گازی‌ بیره‌كان ده‌ستبه‌جێ‌ دوانیانی‌ كوشتووه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌چه‌ندین چیرۆكی‌ تر كه‌ به‌هۆی‌ گازی‌ بیره‌كانه‌وه‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، ئه‌مڕۆش له‌وه‌ ده‌ترسن سوتانی‌ ئه‌و بیره‌ كاره‌ساتێك به‌دوای‌ خۆیدا بهێنێت.

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ ئه‌سیل نوجێفی‌ پارێزگاری‌ نه‌ینه‌وا به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند كه‌ له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداری‌ رێوشوێنی‌ تیمه‌ پسپۆڕه‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ نه‌وته‌‌و جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان به‌ئارامییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ بیره‌كه‌دا ده‌كه‌ن‌و مه‌به‌ستیانه‌ ئاگره‌كه‌ به‌رده‌وام بێت بۆ سوتانی‌ گازه‌كان، هه‌تا مه‌ترسی‌ له‌سه‌ر گیانی‌ هاوڵاتیان دروست نه‌بێت.

ئه‌سیل نوجێفی‌ رونیكرده‌وه‌ ئه‌و هێزانه‌ی‌ پارێزگاری‌ له‌بیره‌كان ده‌كه‌ن پێیان راگه‌یاندووه‌ كه‌ له‌دووره‌وه‌و له‌ڕێی‌ هاوه‌نه‌وه‌ بیره‌كان ته‌قێنراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام تیمه‌كانی‌ به‌رگری‌ شارستانی‌ سه‌لماندویانه‌ كه‌ سێ‌ بۆمب له‌سه‌ر سێ‌ بیره‌كه‌ چێنراون.

له‌باره‌ی‌ هۆكاری‌ به‌رده‌وامبوونی‌ ئاگره‌كه‌وه‌ ئه‌دیب عوسمان پسپۆڕ له‌كاروبای‌ نه‌وت به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند ئه‌و گورزه‌ی‌ به‌رو كه‌لوپه‌له‌كان كه‌وتووه‌ له‌گه‌ڵ‌ خێرایی‌ هه‌ڵقوڵانی‌ نه‌وته‌كه‌ بووه‌ته‌ مایه‌ی‌ به‌رده‌وامی‌ ئاگره‌كه‌ بۆ زیاتر له‌مانگێك، كه‌لوپه‌لی‌ پاراستنی‌ ناوخۆی‌ بیره‌كه‌ش لاوازن‌و به‌رگه‌ی‌ ئه‌و پله‌ گه‌رما به‌رزه‌یان نه‌گرتووه‌.

ناوبراو ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ مه‌ترسی‌ راسته‌قینه‌ له‌سه‌ر دانیشتوانی‌ قیاره‌ سوتانی‌ نه‌وته‌كه‌ نییه‌، به‌ڵگو ئه‌و گازه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵیدا ده‌چێته‌ هه‌واوه‌و ده‌بێته‌ ماده‌یه‌كی‌ كبریتی‌ كوشنده‌، بۆیه‌ تیمه‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ نه‌وت پلانێكی‌ تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌بووه‌.

ئه‌دیب ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد كه‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌و گازانه‌ له‌هه‌واده‌ ده‌بووه‌ مایه‌ی‌ گیانله‌ده‌ستدانی‌ سه‌دان كه‌س‌و چه‌ندین ئاژه‌ڵ‌، بۆیه‌ ده‌بوو پرۆسه‌ی‌ كوژاندنه‌وه‌ی‌ ئاگره‌كه‌و كۆنترۆڵكردنی‌ گازه‌كات پێكه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێن.