راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

نۆره‌ی‌ تۆیه‌؛ هه‌ڵمه‌تێكی‌ گه‌نجانه‌ دژی‌ توندوتیژی‌

موسته‌فا حه‌بیب
"نۆره‌ی‌ تۆیه‌".. ئه‌مه‌ دروشمێك نییه‌ بۆ ترساندنت، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌یه‌ بیرت بهێنێته‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر تاماوی‌ بێده‌نگی‌…
2.05.2013  |  به‌غدا
Young Iraqis from the You\'re Next campaign light candles in honour of Iraqis killed.
Young Iraqis from the You\'re Next campaign light candles in honour of Iraqis killed.

ئه‌مه‌ ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌یه‌ كه‌ پێنج گه‌نجی‌ چالاكوانی‌ بواری‌ مافی‌ مرۆڤ هه‌ڵیانبژاردووه‌ بۆ ناونیشانی‌ هه‌ڵمه‌تێكی‌ بێوێنه‌ كه‌ به‌شوێن ژماره‌ی‌ قوربانیانی‌ كوشتن‌و ته‌قینه‌وه‌كانه‌وه‌یه‌.. ئه‌و رووداوانه‌ی‌ رۆژانه‌ ده‌یان كه‌س تیایدا ده‌بنه‌ قوربانی‌‌و ئه‌نجامه‌كه‌شی‌ ته‌نها ژماره‌یه‌كی‌ ناو هه‌واڵه‌كانه‌.

وه‌ك دامه‌زرێنه‌رانی‌ ئه‌م گروپه‌ ده‌ڵێن ئه‌م هه‌نگاوه‌یان وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌كه‌ له‌به‌رامبه‌ر كوشتاری‌ رۆژانه‌ی‌ عێراقیه‌كان، به‌تایبه‌تی‌ له‌پاش ته‌قاندنه‌وه‌ی‌ قاوه‌خانه‌ی‌ گه‌نجانی‌ ناوچه‌ی‌ عامریه‌ له‌به‌غدا له‌نۆزده‌ی‌ مانگی‌ رابردوو كه‌ تیایدا ده‌یان گه‌نج بوونه‌ قوربانی‌.

نه‌وف عاسی‌ یه‌كێك له‌و پێنج گه‌نجه‌ی‌ ده‌ستی‌ داوه‌ته‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌وه‌ی‌ مایه‌ی‌ سه‌رنجه‌ ئه‌وه‌یه‌ زۆربه‌ی‌ خه‌ڵك لایه‌نی‌ مرۆیی‌ كوشتنه‌كانیان له‌یاد كردووه‌و بوونه‌ته‌ رووداوێكی‌ ئاسایی‌، ئه‌وه‌ی‌ ده‌مانترسێنێت ئه‌وه‌یه‌ زیاتر له‌جاران دروشم‌و مقۆمقۆی‌ تایفی‌ گه‌شه‌ی‌ سه‌ندووه‌‌و دوور كه‌وتوینه‌ته‌وه‌ له‌لایه‌نه‌ مرۆییه‌كه‌".

هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ ته‌نها ئیدانه‌ی‌ ته‌قینه‌وه‌كان ناكات، به‌ڵكو گله‌یش له‌عێراقییه‌كان ده‌كات كه‌ راهاتوون له‌گه‌ڵ‌ ته‌قینه‌وه‌كان‌و هه‌واڵی‌ كوژانی‌ دۆستانیان بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ نقه‌یان لێوه‌ بێت، ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ بیری‌ هاوڵاتی عێراقی‌ ده‌خاته‌وه‌ كه‌ ره‌نگه‌ له‌جاری‌ داهاتوودا نۆره‌ی‌ تۆ بێت.

گفتوگۆیه‌كی‌ سه‌ر فه‌یسبوك له‌نێوان نه‌وف‌و هاوڕێكانیدا له‌باره‌ی‌ گاڵته‌كردن به‌ژماره‌ی‌ قوربانییه‌كانه‌وه‌ بووه‌ هۆكاری‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌، یه‌كێكیان پێشنیاری‌ كرد له‌گۆڕه‌پانی‌ فیرده‌وس له‌ناوه‌ڕاستی‌ به‌غدا كۆببنه‌وه‌و له‌وێوه‌ سه‌ره‌تای‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یان ده‌ست پێبكه‌ن.

پاش دوو كاتژمێر له‌م گفتوگۆیه‌ هه‌موویان له‌سه‌ر فه‌یسبوك نوسیان كه‌ ده‌چنه‌ گۆڕه‌پانی‌ فیرده‌وس‌و مۆم بۆ گیانی‌ قوربانی‌ ته‌قینه‌وه‌كان داده‌گیرسێنن، هه‌ر به‌راستیش وایان كرد.

ئه‌وه‌ی‌ مایه‌ی‌ سه‌رسوڕمان بوو ئه‌وه‌ بوو ئه‌و پێنج گه‌نجه‌ی‌ كه‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یان ده‌ست پێكرد، هه‌ر كه‌ گه‌یشتنه‌ گۆڕه‌پانی‌ فیرده‌وس بینیان 30 كه‌سی‌ تر له‌گۆڕه‌پانه‌كه‌ وه‌ستاون‌و له‌سه‌ر جله‌كانیان نوسیویانه‌ "نۆره‌ی‌ تۆیه‌" بۆ ئه‌وه‌ی‌ په‌یامێك بده‌نه‌ پیاده‌ڕۆكان كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ تایفی‌ بیر له‌قوربانییه‌كان نه‌كه‌نه‌و وانه‌زانن ته‌نها ژماره‌یه‌كن‌و بێده‌نگی‌ هه‌ڵبژێرن.

گۆڕه‌پانی‌ فیرده‌وس كه‌ ساڵی‌ 2003 په‌یكه‌ره‌كه‌ی‌ سه‌دامی‌ تیا روخێنرا، هانده‌رێك بوو بۆ كۆبوونه‌وه‌ی‌ گه‌نجانی‌ چالاكوانی‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌.

هه‌ر هه‌مان رۆژ له‌فه‌یسبوك په‌یجێكیان كرده‌وه‌ به‌ناوی‌ "نۆره‌ی‌ تۆیه‌" (أنت التالی) له‌رۆژی‌ یه‌كه‌می‌ دروستبوونیشیدا 1000 كه‌س لایكیان كرد.

هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ ته‌نها به‌فه‌یسبوكه‌وه‌ نه‌وه‌ستا، به‌ڵكو چه‌ندین سه‌ردانی‌ مه‌یدانیشی‌ به‌خۆوه‌ بینی‌، دامه‌زرێنه‌رانی‌ سه‌ردانی‌ چواری‌ كۆلێژی‌ زانكۆی‌ به‌غدایان كرد، به‌و بڕوایه‌ی‌ كه‌ گه‌نجان هۆشیارن‌و له‌ئاینده‌ی‌ خۆیان ده‌ترسن.

ئه‌و گه‌نجانه‌ هه‌ر ده‌رفه‌تێكیان بدۆزیبایه‌وه‌ یه‌كسه‌ر هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی‌ خۆیان لێ‌ راده‌گه‌یاند، هه‌فته‌ی‌ رابردووش له‌شه‌قامی‌ موته‌نه‌یی‌ كۆبوونه‌وه‌ كه‌ پڕیه‌تی‌ له‌كتێبخانه‌و سه‌ردانكه‌رانی‌ له‌رۆشنبیرو رۆژنامه‌نووس‌و نوسه‌رو هونه‌رمه‌ندان‌و خوێندكارانی‌ زانكۆن.

له‌شه‌قامی‌ موته‌نه‌بیش مۆمیان داگیرساندو چه‌ند له‌زگه‌یه‌كی‌ سه‌ر سنگیان ئاماده‌ كردبوو كه‌ به‌چه‌ند زمانێك لێی‌ نوسرابوو "نۆره‌ی‌ تۆیه‌"، چه‌ند ئامێرێكیشیان دروستكردبوو هاوشێوه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ له‌بازگه‌كان به‌ده‌ست سه‌ربازه‌كانه‌وه‌یه‌و بۆ پشكنینی‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌، مه‌به‌ستیشیان له‌وه‌ بوو كه‌ ئه‌م ئامێره‌ هیچ سوودێكی‌ نییه‌.

نه‌وف ده‌ڵێت "داوامان له‌عێراقییه‌كان ئه‌وه‌یه‌ لایه‌نی‌ مرۆیی‌ بۆ خۆیان بگێڕنه‌وه‌و دوور بكه‌ونه‌وه‌ له‌تێڕوانینی‌ تایفی‌ بۆ قوربانییه‌كان، كوژرانی‌ عێراقیه‌ك له‌هه‌ر تایفه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ك بێت سه‌ره‌نجام له‌ده‌ستچوونی‌ مرۆڤێكه‌، بۆیه‌ داوامانكردووه‌ بێده‌نگ نه‌بن له‌و شكسته‌ ئه‌منیه‌ی‌ ناتوانێ‌ رێ‌ له‌ته‌قینه‌وه‌ بگرێت".

كه‌رار كه‌یتاوی‌ یه‌كێك له‌ئه‌ندامانی‌ هه‌ڵمه‌تی‌ "نۆره‌ی‌ تۆیه‌" به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌داخه‌وه‌ عێراقییه‌كان راهاتوون له‌سه‌ر دیمه‌نه‌كانی‌ كوژران‌و برینداربوون، ته‌نها وه‌ك ژماره‌یه‌كی‌ ناو لیستی‌ قوربانییه‌كان ته‌ماشایان ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ سات به‌سات لایه‌نی‌ مرۆییمان له‌ده‌ست بده‌ین".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "له‌پشت هه‌ر قوربانییه‌كه‌وه‌ چیرۆكێك‌و خێزانێك هه‌یه‌، به‌ڵام عێراقییه‌كان وه‌ك ئه‌مری‌ واقیع ته‌ماشای‌ بارودۆخه‌كه‌ ده‌كه‌ن‌و ناجوڵێن، هه‌موو مرۆڤێك هه‌ست‌و سۆزی‌ هه‌یه‌، به‌ڵام پێده‌چێت به‌هۆی‌ رووداوه‌كانه‌وه‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌م هه‌سته‌یان له‌ده‌ست دابێت، بۆیه‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌مان ده‌یه‌وێت بیریان بخاته‌وه‌".

ئه‌م گه‌نجانه‌ له‌سه‌ر په‌یجه‌كه‌یان له‌فه‌یسبوك ناپرسن شوناسی‌ قوربانییه‌كه‌ چییه‌، گرنگ نییه‌ به‌لایانه‌وه‌ شوێنی‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ مزگه‌وته‌ یان كه‌نیسه‌یه‌ یان ناو بازاڕو زانكۆیه‌، ئه‌وه‌ی‌ به‌لایانه‌وه‌ گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو كوژراوه‌كان قوربانین‌و له‌ده‌ست عێراق چوون، ئه‌وه‌ی‌ مایه‌ی‌ خه‌فه‌تیشه‌ سه‌رجه‌میان بوونه‌ته‌ ژماره‌یه‌ك‌و پاش چه‌ند رۆژێك له‌یاد ده‌كرێن.

حه‌یده‌ر حه‌مید كه‌ یه‌كێكی‌ تره‌ له‌به‌رێوه‌به‌رانی‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ ده‌ڵێت "هیوایه‌كی‌ زۆرمان به‌گه‌نجان هه‌یه‌، چونكه‌ گڕوتینێكی‌ زۆریان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شاون‌و هه‌ریه‌كه‌یان پێی‌ وایه‌ كه‌ به‌ته‌نهایه‌، له‌ناخیشه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت گۆڕانكاری‌ بكه‌ن‌و دژی‌ توندوتیژی‌ بوه‌ستنه‌وه‌".

حه‌یده‌ر درێژه‌ به‌قسه‌كانی‌ ده‌دات‌و ده‌ڵێت "ده‌بێت هه‌مووان بێنه‌ ده‌ره‌وه‌و دژی‌ توندوتیژی‌ بوه‌ستنه‌وه‌و یادی‌ قوربانییه‌كان بكه‌نه‌وه‌، ده‌مانه‌وێت ئه‌م قوربانیانه‌ بكه‌ینه‌ پاڵنه‌رێك بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ی‌ زیندوو زریانی‌ توندوتیژی‌ رابگرین كه‌ ره‌نگه‌ له‌هه‌ر سات‌و جێگه‌یه‌كدا به‌رۆكمان بگرێت".

له‌سه‌ر په‌یجی‌ "نۆره‌ی‌ تۆیه‌" ده‌یان كۆمێنت هه‌یه‌ كه‌ دژی‌ توندوتیژی‌ ده‌وه‌ستێته‌وه‌و داوا ده‌كات خه‌ڵكی‌ بێده‌نگ نه‌بن له‌ئاست بێده‌سه‌ڵاتی‌ سوپاو پۆلیس له‌پاراستنی‌ كه‌سانی‌ مه‌ده‌نی‌، هه‌روه‌ها چه‌ندین گرته‌ی‌ ڤیدیۆیی‌‌و وێنه‌ هه‌یه‌ كه‌ دژی‌ تایفه‌گه‌رییه‌.

له‌باره‌ی‌ هه‌نگاوه‌كانی‌ ئاینده‌شه‌وه‌ زه‌ین محه‌مه‌د یه‌كێكی‌ تر له‌رێكخه‌رانی‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ ده‌ڵێت "له‌رێی‌ كه‌سانی‌ خۆبه‌خشه‌وه‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ فراوانتر ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی‌ بگه‌ینه‌ زۆرترین ژماره‌ی‌ خه‌ڵك".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "ده‌سته‌وه‌ستان نابین، ره‌نگه‌ منیش ئه‌ندامێكی‌ خێزانه‌كه‌م یان هاوڕێیه‌كم یاخود دراوسێ‌‌و بگره‌ خۆیشم له‌ده‌ست بده‌م‌و ببمه‌ قوربانییه‌ك كه‌ ته‌نها له‌هه‌واڵه‌كانی‌ ئێواراندا وه‌ك ژماره‌یه‌ك باسبكرێم".

لینكی‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ له‌سه‌ر فه‌یسبوك:

https://www.facebook.com/groups/357752330992239/