راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

عه‌ره‌بی‌.. زمانی‌ فه‌رامۆشكراو له‌كوردستانی‌ عێراق

له‌كۆتایی‌ ساڵانی‌ په‌نجاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ پێشوو به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ چالاكوانانی‌ سیاسی‌ كورد له‌به‌غدا له‌هاتن‌و…
18.04.2013  |  سلێمانی

به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ حیزبه‌ كوردییه‌كان له‌كوردستانی‌ عێراق خۆ ده‌بوێرن له‌وه‌ی‌ له‌ (لۆگۆ)كانیان به‌ زمانی‌ عه‌ره‌بی‌ ناوو دروشمه‌كانیان بنووسن. له‌كاتێكدا چه‌ند له‌و حیزبانه‌ به‌شدارن له‌حكومه‌تی‌ به‌غداو به‌رپرسیارێتی‌ گه‌وره‌یان له‌ئه‌ستۆیه‌.

له‌دوای‌ ئینقلابی‌ عه‌بدولكه‌ریم قاسم به‌سه‌ر حوكمی‌ پاشایه‌تییدا (ته‌مموزی‌ 1958) هه‌ڵتۆقین‌و سه‌رهه‌ڵدانی‌ پارته‌ سیاسییه‌كان له‌عێراق پێ‌ به‌پێ‌ روو له‌زۆربوون بوو، ئه‌وكاته‌ ئیتر كورده‌كانیش له‌دووره‌وه‌ دانه‌نیشتن به‌ڵكو ئه‌و خه‌باته‌ی‌ به‌نهێنی‌ ده‌ستیان دابووێ‌ له‌سه‌رده‌می‌ حوكمی‌ پاشایه‌تی‌، خستیانه‌ سه‌ر به‌ڕه‌و به‌ئاشكرا ده‌ستیان دایه‌ چالاكی‌.

بۆ ئه‌وه‌یش به‌غدا باشترین شوێن بوو، رۆژنامه‌و راگه‌یه‌نراوه‌ی‌ حیزبی‌ به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ به‌زمانی‌ عه‌ره‌بی‌ بوو، ئه‌وان هه‌رچه‌نده‌ كوردیی‌ بوون‌و دروشمه‌كانیان خه‌بات بوو له‌پێناو ده‌ستخستنی‌ مافه‌كانی‌ كورد، به‌ڵام زۆرتر زمان و ئه‌ده‌بیاتی‌ عه‌ره‌بی‌ زاڵ بوو به‌سه‌ریاندا. ئێستا دوای‌ ئه‌و هه‌موو ساڵه‌و هێشتا مانه‌وه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ عێراقدا، به‌ڵام كه‌متر بایه‌خ به‌زمانی‌ عه‌ره‌بی‌ ده‌درێت له‌لایه‌ن حیزبه‌ كوردییه‌كان له‌عێراقدا.

چاودێرانی‌ سیاسی‌ ده‌ڵێن بایه‌خنه‌دان به‌زمانی‌ عه‌ره‌بی‌ وه‌كو ساڵه‌كانی‌ زوو، په‌یوه‌ندیی‌ به‌ڕه‌وشی‌ گه‌شه‌ كردووی‌ كوردستان هه‌یه‌ له‌چاو شاره‌كانی‌ دیكه‌ی‌ عێراق هه‌روه‌ها ئه‌و دابڕانه‌ قوڵه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان به‌شاره‌كانی‌ دیكه‌ی‌ عێراقه‌وه‌، حیزبه‌ كوردییه‌كان له‌مه‌ترسی‌ توانه‌وه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی‌ به‌غدا نین بۆیه‌ تا پێیان بكرێت روو له‌وڵاتانی‌ ده‌وروبه‌رو رۆژاوا ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌یش زۆر پێویستیان به‌زمانی‌ عه‌ره‌بی‌ نییه‌.

ساڵانی‌ 2010و 2011 سێ‌ حیزبی‌ گه‌وره‌ له‌كوردستان كۆنگره‌ی‌ حیزبییان به‌ست (یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان، پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستان) ئه‌وانه‌ له‌كۆنگره‌دا ده‌ستكاریی‌ لۆگۆی‌ حیزبه‌كانیان نه‌كرد جگه‌ له‌ی‌.ن.ك ئه‌ویش به‌كه‌می‌، به‌ڵام هه‌موویان به‌زمانی‌ كوردیی‌ و ئینگلیزی‌ له‌سه‌ر لۆگۆكانیان ناوی‌ خۆیان نووسیوه‌و زمانی‌ عه‌ره‌بیان فه‌رامۆشكرد.

هه‌ر حیزبه‌ ناسیۆنالیست‌و عه‌لمانییه‌كان نین كه‌ وازیان له‌وه‌ هێناوه‌ به‌زمانی‌ عه‌ره‌بی‌ ناوی‌ خۆیان له‌سه‌ر لۆگۆكانیان بنووسن، دوو حیزبی‌ ئیسلامی‌ خاوه‌ن جه‌ماوه‌ری‌ وه‌كو (كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان‌و یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌) خۆیان پارستووه‌ له‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ زۆرجار ئه‌و حیزبانه‌ له‌لایه‌ن كه‌سانی‌ ناسیۆنالیستی‌ كوردییه‌وه‌ تاوانبار ده‌كرێن به‌ زاڵكردنی‌ زمان‌و ئه‌ده‌بیاتی‌ عه‌ره‌بی‌ له‌كاروباری‌ سیاسییاندا.

دكتۆر ده‌رباز محه‌مه‌د، مامۆستایه‌ له‌كۆلێژی‌ زانسته‌ مرۆییه‌كان (به‌شی‌ جوگرافیا) له‌زانكۆی‌ سلێمانی‌ ده‌ڵێ‌ ئه‌و پرسه‌ په‌یوه‌ندیی‌ به‌هاتنه‌ ئارای‌ ته‌كنۆلۆژیا هه‌یه‌ كه‌ وایكردووه‌ حیزبه‌ كوردییه‌كان له‌و قۆناغه‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ ته‌نیا رادیۆ هه‌بوو تا ده‌نگی‌ خۆیان بگه‌یه‌نن، بۆیه‌ له‌لۆگۆكانیشیان زمانی‌ عه‌ره‌بیان به‌كارهێناوه‌ تا ببنه‌ هۆی‌ سه‌رنج ڕاكێشانی‌ عه‌ره‌به‌كان.

دكتۆر ده‌رباز ده‌ڵێت " له‌سه‌رده‌می خه‌باتی‌ شۆڕشگێڕیی‌ له‌چیا، ته‌له‌ڤزیۆنی كوردیی نه‌بوو، شۆڕش رۆژنامه‌یه‌كی نه‌بوو به‌جیهانی عه‌ره‌بیدا بڵاوبێته‌وه‌ ته‌نیا رادیۆ هه‌بوو، بۆ ئه‌وه‌ی‌ بناسرێت وشه‌ی‌ عه‌ره‌بی‌و گوتاری عه‌ره‌بی له‌لۆگۆو به‌یاننامه‌كانیاندا ده‌نووسرا. به‌ڵام ئێستا قۆناغه‌كه‌ له‌ئاستێكی‌ دیكه‌دایه‌ ته‌له‌ڤزیۆن، سایتی ئینته‌رنێتی، رۆژنامه‌ی‌ خۆی هه‌یه‌و خۆده‌رخستن زۆر ئاسانتره‌ له‌چاو ساڵانی‌ سه‌ره‌تای‌ شۆڕش"

دكتۆر ده‌رباز درێژه‌ی‌ پێدا "ئێستا حیزبه‌ كوردییه‌كان وه‌كو جاران پێویستییان به‌وجۆره‌ خۆ ناساندنانه‌ نییه‌ بۆ جیهانی‌ عه‌ره‌بی‌، چونكه‌ تازه‌ هه‌رێمی كوردستان بووه‌ته‌ واقیع كه‌ چین‌و كۆریاو ژاپۆن‌و هه‌موو ئه‌وروپایش زانیارییان له‌باره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌روه‌ها هۆیه‌كی‌ دیكه‌ هه‌یه‌ له‌كوردستانی‌ عێراق ئاماژه‌یه‌ بۆ دووركه‌وتنه‌ له‌به‌شه‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌ی‌. ئه‌و حیزبانه‌ كورد و كوردستانین. خۆ له‌ڕاستیدا ئه‌و حیزبانه‌ هیج جه‌ماوه‌ریان لای عه‌ره‌به‌كان نییه‌ ئه‌گه‌ر هه‌شیانبێ له‌جێی‌ نه‌بوانه‌".

زمانی‌ عه‌ره‌بی‌ له‌كوردستانی‌ عێراق هه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ له‌لایه‌ن حیزبه‌كانه‌وه‌ فه‌رامۆشكراوه‌، به‌ڵكو له‌ناوه‌نده‌كانی‌ خوێندن‌و شوێنه‌ گشتییه‌كانیش بووه‌ته‌ شتێكی‌ راستی‌، ئه‌و سه‌نته‌رانه‌ی‌ بۆ فێربوونی‌ زمان كراونه‌ته‌وه‌ له‌شاره‌كانی‌ كوردستان، زۆر به‌كه‌می‌ فێرخوازیی‌ زمانی‌ عه‌ره‌بیان بۆ ده‌چێ‌، به‌ڵام بۆ ئینگلیزی‌ و فه‌ره‌نسی‌‌و توركی‌ رێژه‌كه‌ زۆر له‌سه‌ره‌وه‌یه‌.

ره‌نگبێ‌ فه‌رامۆشكردنی‌ زمانی‌ عه‌ره‌بی‌ له‌لایه‌ن حیزبه‌كان په‌یوه‌ندیی‌ به‌وه‌وه‌ هه‌بێ‌ كه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ شه‌قامیش ئه‌و ساردوسڕییه‌ هه‌ر هه‌یه‌، سیامه‌ند سدیق كه‌ دوكانی‌ فرۆشتنی‌ ره‌سمی‌ سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان‌و ئاڵای‌ حیزب‌و وڵاتانی‌ هه‌یه‌ له‌شه‌قامی‌ مه‌وله‌ویی‌ له‌شاری‌ سلێمانی‌ (یه‌كێك له‌شه‌قامه‌ قه‌ره‌باڵغه‌كانی‌ ئه‌و شاره‌) وتی‌ " زۆر به‌كه‌می‌ رێده‌كه‌وێ‌ ئاڵایه‌كی‌ عێراق بفرۆشم ئه‌وه‌ ره‌سمی‌ سه‌ركرده‌ سیاسی‌و ئاینییه‌كانی‌ عێراق هه‌ر نافرۆشرێن. راستییه‌ك هه‌یه‌ زۆركه‌م خه‌ڵكم بینیوه‌ له‌م سلێمانییه‌ خۆی‌ به‌عێراقی‌ بزانێ‌".

سه‌ركرده‌ی‌ حیزبه‌ كوردییه‌كان خۆ ده‌بوێرن له‌وه‌ی‌ به‌ڕوونی‌ بڵێن كه‌ بۆچی‌ له‌لۆگۆكانیان زمانی‌ عه‌ره‌بی‌ به‌كارناهێنن، هه‌ركامیان پاساوێكی‌ هێناوه‌یه‌وه‌ كه‌ له‌وانه‌ نییه‌ شته‌كه‌ به‌وجۆره‌بێ‌.

ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان بڵێسه‌ جه‌بار فه‌رمان كه‌ سكرتێری‌ حیزبه‌كه‌یان هێشتا سه‌ركۆماری‌ عێراقه‌ له‌لێدوانێكیدا بۆ "نیقاش" ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد له‌دوایین كۆنگره‌ی‌ حیزبه‌كه‌یان (ئۆكتۆبه‌ری‌ 2010) به‌نیازبوون زمانی‌ عه‌ره‌بی‌ له‌لۆگۆكه‌یاندا هه‌بێت "به‌ڵام هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ماینه‌وه‌ كه‌ ته‌نیا له‌سه‌ر ته‌خته‌كه‌ی‌ به‌زمانی‌ كوردیی‌ و ئینگلیزی ناوی‌ حیزبه‌كه‌ بنووسین نه‌ك زمانی‌ دیكه‌".

له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان محه‌مه‌د حه‌كیم شتێكی‌ دیكه‌ ده‌ڵێ‌، حه‌كیم به‌"نیقاش"ی‌ وت "فه‌رامۆشكردنی‌ زمانی‌ عه‌ره‌بی‌ له‌كوردستانی‌ عێراقی‌ په‌یوه‌ندیی‌ به‌و دابڕانه‌ قوڵه‌ی‌ له‌نێوان هه‌رێمی‌ كوردستان‌و به‌غدا هه‌بوو له‌ساڵانی‌ پێش پرۆسه‌ی‌ ئازادیی‌ عێراق، هه‌روه‌ها هه‌ڵمه‌تێكی‌ ناسیۆنالیستی‌ هه‌بوو له‌كوردستان بۆ دوورخستنه‌وه‌ی‌ زمانی‌ عه‌ره‌بی‌ ئه‌وه‌ وایكرد له‌ناوه‌نده‌كانی‌ خوێندنیش بایه‌خی‌ پێنه‌درێت‌و بخرێته‌ لاوه‌".

ئێستا هه‌رچیبێ‌ زمانی‌ عه‌ره‌بی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ شه‌قامی‌ كوردیی‌ له‌كوردستانی‌ عێراق له‌وپه‌ڕی‌ فه‌رامۆشیدایه‌و پێناچێ‌ به‌و نزیكانه‌ ببێته‌وه‌ به‌جێی‌ بایه‌خ. ساڵانێك كه‌ چه‌ندین نه‌وه‌ به‌وه‌ گه‌وره‌بوون زمانی‌ عه‌ره‌بی‌ له‌ناوه‌نده‌كانی‌ خوێندن به‌زمانی‌ عه‌ره‌بی‌ بوو ئه‌وه‌یش وه‌كو سیاسه‌تێكی‌ داسه‌پاو به‌سه‌ر خوێندكاره‌ كورده‌كاندا، بۆیه‌ له‌دوای‌ راپه‌ڕینی‌ كورده‌كان دژی‌ رژێمی‌ سه‌دام حوسێن (به‌هاری‌ 1991) شتێك كه‌ هیچ نه‌بووه‌ جێی‌ بایه‌خ زمانی‌ عه‌ره‌بی‌ بوو له‌ناوه‌نده‌كانی‌ خوێندن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌