هه‌ندێك پێیان وابوو عێراق ده‌بێته ویلایه‌تی په‌نجاو یه‌كه‌مینی ئه‌مه‌ریكا، هه‌ندێكی تریش چه‌كیان له‌به‌رامبه‌ر سوپای داگیركاری وڵاته‌كه‌یان هه‌ڵگرتوو رێگای توندوتیژیان هه‌ڵبژارد، به‌شێكی تریش سواری شه‌مه‌نده‌فه‌ری ئه‌مه‌ریكا بوون بۆ گه‌یشتن بهدهسهڵاتو ئه‌وه‌یان بیرچووه‌وه كه ئه‌مه‌ریكا رۆڵی گه‌وره‌ی هه‌بوو لهرزگاركردنیان له‌ده‌ست دیكاتۆرێك به‌قه‌باره‌ی سه‌دام حسێن.
پاش تێپه‌ڕبوونی ده ساڵ به‌سه‌ر ئه‌م یارییه‌دا عێراقییه‌كان شه‌ڕی دژی ئه‌مه‌ریكا، یان شه‌ڕی ئه‌مه‌ریكا دژی ئه‌وانیان بیرچووهوهتهوهو شه‌ڕێكی تری خۆبه‌خۆیان راگه‌یاندووه، ناكۆكییه‌ك كه هێنده‌ی تر وڵاتێكی لهبهریهكههڵوهشاو ههڵدهوهشێنێتو دیار نییه چاره‌نووسی ئه‌م وڵاته چی به‌سه‌ر دێت، ئاخۆ وڵاتێكی ئاینی ده‌بێت له‌شێوه‌ی ئێران یان پشك پشكێنه‌ی وه‌ك لوبنان یان وڵاتێك به‌سه‌رێكی لاواز‌و چه‌ند په‌لێكی به‌هێزه‌وه.
به‌راستی ئه‌مه‌ریكییه‌كان دروستكه‌ری عێراقی پاش ساڵی 2003 بوون، ئه‌وان پێكهاته‌ی نهتهوهییو ئاینی‌و جوگرافی عێراقی نوێیان داڕشته‌وه، وه‌ك چۆن به‌ریتانیه‌كان له‌ساڵی 1921 ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌یان پێكهێنا، ته‌نانه‌ت له‌و ده‌مه‌دا ده‌وترا خوا عێراقی به‌م شێوه‌یه دروست نه‌كردووه، به‌ڵكو ئه‌وه ده‌ستكردی میسته‌ر وینستۆن چه‌رچڵه (وه‌زیری ئه‌و ده‌مه‌ی وڵاته‌كانی ژێر ركێفی به‌ریتانیا)، ئه‌گه‌ر ئه‌وكاتیش وڵات به‌هۆی ده‌ستی ده‌ره‌كییه‌وه وه‌ها دروست بوبێت، ئه‌وا ئه‌مڕۆ له‌ناوخۆدا جارێكی تر پێكهاته‌كه‌ی داده‌ڕێژرێته‌وه.
ئێستا ئه‌وه روونه كه ئه‌مه‌ریكا هیچی نه‌كردووه جگه له‌هه‌ڵدانه‌وه‌ی سه‌رقاپی ئه‌م عێراقه بۆ ئه‌وه‌ی بۆنی هه‌موو ناچونیهكیه خه‌فه‌كراوه‌كانی ته‌مه‌نی ده‌وڵه‌تی عێراقی لێ بێته ده‌ره‌وه، ئه‌وه‌تا هه‌ر عێراقییه‌ك پێناسه‌یه‌كی نوێی بۆخۆی داناوه، ئه‌وان له‌رووی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه كورد‌و عهرهبو توركومانو كلدۆئاشورین، له‌رووی ئاینیشه‌وه موسوڵمان‌و مهسیحیو مهندائیو یهزیدین، له‌رووی مه‌زهه‌بیشه‌وه سوننه‌و شیعه‌ن.
عێراقییه‌كان بۆخۆیان زیاتر ترسیان له‌م فره ره‌نگییه هه‌یه‌و بگره به‌قه‌د ئه‌وه لهموشهكه كیشوهربڕهكانو چه‌كه كۆمه‌ڵكوژه‌كان ناترسن، ته‌نانه‌ت ئه‌م ترسه‌یان زیاتره له‌ترسی ده‌وڵه‌تانی سهفهویو عوسمانی‌و بهریتانیو ئه‌مه‌ریكی.
چونكه به‌ساده‌یی ئه‌م فره پێكهاته‌یه پرسیارێك دروست ده‌كات، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه چۆن ده‌كرێت ئه‌م هه‌موو گروپانه له‌سه‌ر بنه‌مای دانپیادانانو هاوسه‌نگی به‌رێوه ببرێن، چۆن ده‌كرێت به‌بێ زۆرلێكردن هه‌موو ئه‌م گروپانه یه‌كگرتوو بن، له‌سه‌ر ئاستی تاكه كه‌سیش ئه‌و پرسیاره دروست ده‌بێت، تاكی عێراقی ئه‌مڕۆ كێن؟
مێژووی هاوچه‌رخی عێراق هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دروستبوونیه‌وه له‌ساڵی 1921 نزیكمان ده‌كاته‌وه له‌و سیاسه‌ته‌ی ده‌وڵه‌ت په‌یڕه‌وی كردووه، ئه‌ویش ده‌سته‌مۆكردنی ئه‌سپه نالهبارهكانن تا له‌خاوه‌نه‌كانیان به‌هێزتر نه‌بن.
ئه‌م ده‌وڵه‌ته هه‌میشه ده‌وڵه‌تێكی بێئهقڵو دڕنده‌و قێزه‌ون بووه، یاده‌وه‌رییه‌كی دروستكردووه كه پڕیه‌تی له‌برین، هه‌میشه دانی به‌پێكهاته‌كانی تردا نه‌ناوه‌و خه‌فه‌ی كردوون، ده‌وڵه‌تی "ئومه" بووه له‌گۆشه‌نیگای تێڕوانینی نه‌ته‌وه‌په‌رستی عه‌ره‌بییه‌وه‌و دوور كه‌وتووه‌ته‌وه له‌پێكهاته رهسهنو راسته‌قینه‌كه‌ی خۆی.
ره‌نگه جۆرێك لهناچونیهكی بێت كه من باسی ئه‌م فره پێكهاته‌ییه بكه‌م، بۆ گه‌نجێكی سی ساڵان كه نه‌وه‌كه‌ی له‌سێ جه‌نگدا ژیاوه، جه‌نگی دژی ئێران 1980 – 1988، جه‌نگی دووه‌می كه‌نداو 1991و ئابڵوقه‌یه‌كی ئابوری سیانزه ساڵانه‌و دواین جه‌نگیش كه ساڵی 2003 روویدا.
به‌هۆی –نیعمه‌تی گۆڕانكارییه‌وه- په‌راوێزێكی ئازادی نوسینم بۆ ره‌خساوه، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه كه به‌هۆی زنجیره‌ك توندوتیژییه‌وه وڵاته‌كه‌م له‌ناو ده‌چێت، كه رێچكه‌كه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی هێزه زلهێزه‌كانه‌وه سه‌ریهه‌ڵداوه.
حاڵی له‌مشێوه‌یه له‌رابردوودا به‌سه‌ر مهندائییهكاندا هاتووه، ئه‌وان گروپێكی دێرین بوون كه به‌ر له‌دوو هه‌زار ساڵ له‌كه‌ناره‌كانی دیجله‌و فورات ژیاون، ئێستاش له‌ژێر دارخورماكاندا نه‌ریته‌كانی خۆیان زیندوو ده‌كه‌نه‌وه، نه‌ریتێك كه له‌رابردووی خۆیانه‌وه سه‌ریهه‌ڵداوه.
ده‌كرێت ئه‌مه به"موعجیزه‌ی مه‌ندائی" وه‌سف بكرێت، مه‌به‌ستم له‌وه‌یه ئه‌م گروپه ئاینییه رێ‌یان نه‌داوه فره پێكهاته‌یی ببێته مایه‌ی توانهوهیانو ئه‌مه‌ش هێمایه بۆ زیندوێتی ئه‌و گروپه‌و لێبورده‌یی كۆمه‌ڵایه‌تییان.
به‌ڵام ئه‌و موعجیزه هه‌زار ساڵه‌یه خه‌ریكه به‌هۆی بێسه‌روبه‌ره‌یی ئێستاوه له‌ناو ده‌چێت، ئێستا ئه‌م گروپه كه بڕوایان به‌توندوتیژی نییه ته‌نانه‌ت بۆ به‌رگریكردنیش له‌خۆیان به‌ئاسانی كراونه‌ته ئامانج، كه‌سانی سه‌ر به‌م گروپه ده‌كوژرێن‌و دهڕفێنرێنو سه‌رانه‌یان لێده‌سه‌ندرێت، هه‌موویشی به‌هۆی ئه‌وه‌یه كه كاری زه‌ره‌نگه‌ری ده‌وڵه‌مه‌ندی كردوون.
به‌م پێیه‌ش ئه‌مه‌ریكا توانی بگاته ئه‌و ئامانجه‌ی ئیمپراتۆرییه‌ته‌كانی فه‌رمانڕه‌وای عێراق به‌هه‌زاران ساڵ پێیان نه‌كرا، ئه‌مه كاریگه‌رییه لاوه‌كییه‌كانی ده‌رزی دیموكراسییه كه ئه‌مه‌ریكییه‌كان لهعێراقیاندا، به‌هۆیه‌وه گروپه دێرینه‌كان ده‌توێنه‌وه‌و ئه‌و كه‌لتوره له‌ناو ده‌چێت كه بڕوای به‌فره ره‌نگیه.
له‌گه‌ڵ شێخ ستار جه‌بار سه‌رۆكی تایفه‌ی مه‌ندانی له‌باره‌گا ئاینییه‌كه‌یان له‌ناوچه‌ی جادرییه له‌سه‌ر كه‌ناری روباری دیجله دهسوڕاینهوهو وێنه‌ی ئه‌و جێگه‌یه‌م ده‌گرت، ئه‌و پیاوه وه‌ك ئه‌وه‌ی فریشته‌یه‌ك بێت له‌ئاسمانه‌وه هاتبێته خواره‌وه جلێكی سپی له‌لۆكه دروستكراوی له‌به‌ردا بوو، ئه‌و چاوه‌ڕوانی ناونانی دوو پیاوی نوێی ئاینی بوو (بۆنه‌یه‌كی ئاینییه‌و هه‌ر ده ساڵ جارێك رووده‌دات) كاتێك ته‌ماشای ئه‌و به‌ری زێیه‌كه‌ی ده‌كرد وه‌ك ئه‌وه‌ی لههاوئاینه په‌رته‌وازه‌كانی بڕوانێت وتی "ئێستا له‌هه‌موو جیهاندا 45 پیاوی ئاینی مه‌ندائی هه‌یه، به‌ته‌نها ئه‌وانه‌ش زمانی مه‌ندائی ده‌زانن، چونكه ئه‌وه زمانێكی ئاینییه‌و له‌كاروباری رۆژانه‌دا بهكاریناهێنین".
له‌كۆی 15 هه‌زار مه‌ندائی كه پێش هێرشی ئه‌مه‌ریكا له‌عێراقدا بوون، ئێستا ته‌نها له‌نێوان سێ بۆ پێنج هه‌زاریان ماون، ئه‌وانیش جانتاكانیان پێچاواتهوهو له‌چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌دان هه‌ر وڵاتێكی بیانی مافی په‌نابه‌رێتیان بداتێ‌و بارگه‌و بنه‌یان بپێچنه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌نجامه تۆقێنه‌ره‌كانی كۆچڕه‌وی كهمایهتییهكان له‌به‌رچاو بگرین، ئه‌وا نموونه‌ی مه‌ندائییه‌كان ئه‌وه‌مان پێدهڵێك كه ورده ورده فره زمانی له‌عێراقدا نامێنێت، له‌گه‌ڵ ئه‌ویشدا شارستانێتییهكان له‌یه‌ك دادهبڕێنو یاده‌وه‌رییه‌كان ده‌سڕێنه‌وه‌و خواستی پێكه‌وه ژیان ده‌پوكێته‌وه، به‌ده‌سته‌واژه‌یه‌كی رونتر ئه‌م كه‌مایه‌تیانه وه‌ك گروپ له‌ناو ده‌چن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌ندامه‌كانیشیان زیندوو بن‌و له‌چه‌ند وڵاتێكی جیاواز بژین.
به‌ر له‌دوو ساڵ نه‌مده‌زانی گروپێك هه‌بن به‌ناو به‌هائییه‌كان تا ئه‌و كاته‌ی چه‌ند كه‌سێكم لێناسینو زانیم ئه‌وانه گروپێكن زیاتر لهسهدو بیست ساڵه له‌عێراقدان، به‌ڵام ساڵی 1971 رژێمی به‌عس فه‌رمانێكی ده‌ركردووه كه به‌هۆیه‌وه هه‌ر كه‌سێك نه‌ریتی به‌هائی په‌یڕه‌و بكات خۆی‌و خێزانه‌كه‌ی ده‌خرێته زیندانه‌وه، به‌ڵام ساڵی 1979 سه‌دام حسێن ئه‌و بڕیاره‌ی گۆڕیوه بۆ سزای له‌سێداره‌دان.
ئه‌مڕۆ هه‌رچه‌نده ئه‌مه‌ریكییه‌كان شانازی به‌وه‌وه ده‌كه‌ن كه سیسته‌مێكی دیموكراسیان له‌عێراقدا دامه‌زراندووه، به‌ڵام هێشتا بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی به‌هائییه‌كان وه‌ك خۆی ماوه‌و سه‌رجه‌میان له‌خانه‌ی ئاینه‌كه‌یان له‌سه‌ر ناسنامه نوسراوه "مسلم" (موسوڵمان)، ئه‌وانیش بهنهێنیو دوور له‌خه‌ڵكی نه‌ریته ئاینییه‌كانی خۆیان په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن، هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌ناو ماڵهكانیاندایه، چونكه شوێنه پیرۆزه‌كانیان هه‌ر له‌سه‌رده‌می به‌عسه‌وه ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه.
ئه‌وه‌ی زیاتر له‌هه‌موو ئه‌مانه‌ش ئازاریان ده‌دات به‌رده‌وام بوونی ئه‌و ئه‌فسانه نادروستانه‌یه كه به‌عسیه‌كان به‌مه‌به‌ست‌و بۆ ناوزڕاندنیان بڵاویان كرده‌وه‌و هێشتا خه‌ڵكێكی زۆر باوه‌ڕی پێیه‌تی، ژنێك كه سه‌ره‌تای حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو بۆ ماوه‌ی 15 ساڵ حوكمدراوه به‌هۆی ئه‌وه‌ی نه‌ریتی به‌هائی په‌یڕه‌و كردووه وتی "زیندان تاكه شوێن بوو كه ئازادی خۆمم تیا ده‌بینیه‌وه، چونكه له‌وێ هه‌موو كه‌س ده‌یزانی من چیمو له‌سه‌ر چی گیراوم، نوێژ‌و دوعای خۆم هه‌ر له‌وێ ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌مڕۆ له‌ده‌ره‌وه لهزیندانێكی گهورهدامو ناوێرم له‌لای هیچ كه‌س بڵێم من چیمو بڕوام به‌چییه".
ده‌بێ ئه‌وه‌نده بێویژدانیش نه‌كه‌م، ئه‌مه‌ریكییه‌كان زۆر له‌وه زیاتریان بۆ عێراق كردووه، كاتێك سه‌ردانی به‌سره‌م كرد‌و بینیم ئاڵاكان به‌بۆنه‌ی كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌شه‌كێنه‌وه، هه‌ر له‌وێ وێنه‌ی خامه‌نه‌ئی رابه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران بڵاوبووه‌وه، وه‌ك هێمایه‌كی راسته‌وخۆ بۆ ئه‌وه‌ی ئێران توانی سه‌ربكه‌وێت به‌سه‌ر "شه‌یتانی گه‌وره"دا، ئه‌مه‌ش ئه‌و نازناوه بوو كه ئێرانییه‌كان له‌سه‌رده‌می خومه‌ینیه‌وه لهئهمهریكایان نابوو.
هاوڕێ عهرهبهكانم ده‌ڵێن ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر ده‌فرێكی ئاڵتوون عێراقی پێشكه‌ش بهئێرانییهكان كردووه، به‌سره‌ش ده‌كه‌وێته ئه‌و چوارچێوه‌یه‌وه چونكه به‌شێكه له‌ده‌وڵه‌تی ویلایه‌تی فه‌قێ.
به‌ڵام من وه‌ك هه‌ر كه‌سێكی تری به‌گومان ئاماده نه‌بووم بڕوا به‌و كڵێشه ئاماده‌كراوه بهێنمو یه‌كسه‌ر به‌و بینینه پێناسه‌ی وڵاتێك بكه‌م كه ئه‌مه‌ریكا جێی هێشتووه.
چونكه دیمه‌نێكی تر هه‌بوو كه راگه‌یاندنه‌كان دهریناخهنو رۆژنامه‌نووسه‌كانیش له‌سه‌ری نانوسن، كاتێك چوومه هه‌ندێ ناوچه‌ی زیاده‌ڕۆی زوبێر كه زۆربه‌ی ره‌شپێسته‌كانی به‌سره‌ی لێ نیشته‌جێن، تووشی سه‌رسوڕمان بووم كه بینیم له‌وێ وێنه‌ی ئۆبامانو مارتن لۆسهركینگ له‌سه‌ر دیواری خوێندنگه‌یه‌ك هه‌ڵواسراوه كه كه‌سێكی به‌رگریكار له‌مافی ره‌شپێسته‌كان دروستی كردووه.
بۆ چه‌ند كاتژمێر‌و چه‌ند رۆژێك گوێم له‌چیرۆكی نوێنه‌ری ره‌شپێسته‌كان كرد كه باسیان له‌وه ده‌كرد ئه‌وان له‌نه‌ته‌وه‌ی جیاوازن‌و باو‌و باپیرانیان به‌درێژایی مێژوو له‌باشووری عێراق گیرساونه‌ته‌وه.
ئه‌م رابوونی شوناسه كه ره‌شپێسته‌كانی عێراق گرتویانه‌ته به‌رو له‌گه‌ڵ بردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی 2009ی ئه‌مه‌ریكا له‌لایه‌ن ئۆباماوه، هانیدام كه جارێكی تر به‌شوێن شوناسی رۆشنبیری ئه‌فه‌ریقادا بچم كه شوناسی به‌سره‌ی دروست كردووه، زیاده‌ڕۆیی نییه گه‌ر بڵێم به‌سره له‌رێی شوێنه‌كه‌ی كه به‌سه‌ر كه‌نداوی عه‌ره‌بیدا دهڕوانێتو به‌هۆی گرنگییه مێژووییه بۆ جیهانی ئیسلامی له‌سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست، رۆڵی گه‌وره‌ی هه‌بووه له‌ده‌وڵه‌مه‌ندی رۆشنبیری وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی.
پاش ده ساڵ له‌كه‌وتنی په‌یكه‌ره‌كه‌ی سه‌دام حسێن له‌گۆڕه‌پانی فیردهوست له‌به‌غدا، ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ یاده‌وه‌ری داگیركردنی عێراق، ئاخۆ به‌ته‌نها په‌یكه‌رێك رووخا؟ ئایا شه‌مه‌نده‌فه‌ری دیموكراسی لهرێڕهوهكهی خۆی لاینه‌داوه‌و به‌و جێگه‌یه‌ك ناڕوات كه دیسانه‌وه دیكتاتۆرێكی نوێ دروست بكات؟ ئاخۆ فره‌یی واده‌كات له‌سه‌ر ده‌ستی گه‌وره‌كان گروپه بچوكه‌كان له‌ناو بچن؟
ئه‌مانه پرسیارێكن بۆ خۆم‌و زۆر له‌سه‌ریان ناوه‌ستم، پێم وایه ده‌بێت له‌جێگه‌یه‌كه‌وه ده‌ست پێبكه‌م، من ناتوانم به‌بێ ئه‌م فره‌ییه عێراق بهێنمه پێش چاوی خۆم، ئه‌مه رێگای منه بۆ گۆڕانكاری ناو خودی خۆم، به‌بێ فره‌یی ناكرێت هیوامان به‌ئاینده هه‌بێت.