راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

بێبه‌شبوون.. له‌شه‌قامێكی‌ به‌غداوه‌ بۆ هه‌ولێر

مەناف ئەلساعدی
ئه‌و شێوه‌ سه‌یره‌ی‌ هونه‌رمه‌ند ویسام فوراتی وێنه‌ی‌ پێده‌كێشێت ره‌نگه‌ پێویستی‌ به‌شیكردنه‌وه‌ هه‌بێت بۆ…
28.02.2013  |  به‌غدا
A recent art exhibition on a Baghdad street drew curious onlookers.
A recent art exhibition on a Baghdad street drew curious onlookers.

ئه‌م پێشانگا نا باوه‌ كه‌ ناوی‌ "بێبه‌شبوون"(حیرمان)ی‌ هه‌ڵگرتووه‌ 32 تابلۆی‌ له‌خۆ گرتووه‌، خاوه‌نه‌كه‌شی‌ رۆژێك له‌رۆژان هونه‌ری‌ نه‌خوێندووه‌، به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌كی‌ خۆرسك شێوازێكی‌ بێوێنه‌و ناوازه‌ فێربووه‌، هه‌ژاری‌‌و بێبه‌شبوونیش ئیلهامی‌ كێشانی‌ تابلۆكانی‌ بوون.

نیقاش چاوی‌ به‌فوراتی‌ كه‌وت‌و له‌باره‌ی‌ شێوازی‌ وێنه‌كێشان‌و هۆكاری‌ كردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و پێشانگایه‌ له‌سه‌ر شه‌قامێك پرسیاری‌ لێكرد، ئه‌مه‌ش ده‌قی‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یه‌:

نیقاش: ئه‌م هونه‌ره‌ی‌ خۆت به‌چی‌ ناوده‌به‌یت‌و چی‌ له‌هونه‌ره‌كانی‌ تری‌ شێوه‌كاری‌ جیای‌ ده‌كاته‌وه‌؟

فوراتی: من ئه‌م هونه‌ره‌ به‌هونه‌ری‌ واقیعی‌ ناوده‌به‌م، به‌و پێیه‌ی‌ كه‌لوپه‌له‌كانی‌ له‌واقعێكی‌ ساده‌وه‌ ده‌ستهاتوون، ئه‌وه‌ی‌ كه‌ جیای‌ ده‌كاته‌وه‌ له‌هونه‌ره‌كانی‌ تری‌ شێوه‌كاری‌‌و كۆی‌ جۆره‌كانی‌ تری‌ هونه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌رۆحێكی‌ ساده‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌، تابلۆكانم له‌به‌ره‌نجامی‌ كه‌لوپه‌لی‌ ساده‌و هه‌ژارانه‌وه‌ به‌رهه‌مهاتوون.

نیقاش: ئه‌و هۆكارانه‌ چین كه‌ وایكرد پشت به‌م جۆره‌ هونه‌ره‌ ببه‌ستیت؟

فوراتی‌: ئه‌و هه‌ژاری‌‌و بێبه‌شبوونه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی‌ له‌ژینگه‌ی‌ ژیانم له‌شاری‌ سه‌در روویانداوه‌ وایكردووه‌ ئه‌م ئه‌زموونه‌ بێوێنه‌یه‌ به‌رهه‌م بهێنم، ده‌مویست هونه‌رێك بێت جیا له‌جۆره‌كانی‌ تری‌ هونه‌ر، پاش پلاندانان‌و راهێنان بۆ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر فێری‌ ئه‌م هونه‌ره‌بووم‌و تێگه‌یشتم گوزارشت له‌ناخی‌ خۆم ده‌كات، دواتر سه‌ركه‌وتووبوم له‌وه‌ی‌ تابلۆكانم به‌شێوه‌یه‌كی‌ ناباو دروست بكه‌م‌و ده‌ستبه‌رداری‌ فڵچه‌و بۆیاخ بووم.

نیقاش: جێگه‌یه‌كی‌ تایبه‌تت هه‌یه‌ وێنه‌ی‌ تیا بكێشیت؟

فوراتی‌: نه‌خێر، باری‌ دارایم رێگه‌ی‌ ئه‌وه‌ نادات، ئه‌و ژووره‌ی‌ تێیدا ده‌ژیم هه‌ر ئه‌وه‌ی‌ به‌كارده‌هێنم بۆ به‌جێگه‌یاندنی‌ خولیاكه‌م، بڕوام وایه‌ رۆژێك ده‌مگه‌ێنێته‌ ناوبانگی‌ جیهانی‌، به‌ڵام ئاواتم ئه‌وه‌یه‌ رۆژێك له‌رۆژان ببمه‌ خاوه‌نی‌ جێگه‌یه‌كی‌ تایبه‌ت به‌كێشانی‌ وێنه‌كانم.

نیقاش: ئه‌و قۆناغه‌ چییه‌ كه‌ تابلۆكانی‌ فوراتی‌ پیایدا تێپه‌ڕ ده‌بێت؟ ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ چین كه‌ به‌كاریان ده‌هێنیت؟

فوراتی: قۆناغی‌ دروستكردنی‌ هه‌ر تابلۆیه‌ك سه‌ره‌تا به‌كێشانی‌ وێنه‌كه‌ له‌سه‌ر ته‌خته‌ ده‌ست پێده‌كات له‌رێی‌ قه‌ڵه‌مه‌وه‌، پاش ئه‌وه‌ ته‌له‌كان ده‌چه‌مێنمه‌وه‌‌و ده‌یخه‌مه‌ ئه‌و چاڵانه‌ی‌ له‌سه‌ر ته‌خته‌كه‌ هه‌ڵمكه‌ندوون، دواتر به‌چه‌سپێك كه‌ له‌هێلم‌و قوڕی‌ ده‌ستكرد پێكهاتووه‌ پێكیانه‌وه‌ گرێیان ده‌ده‌م، پاشان به‌بۆیه‌یه‌ك ره‌نگیان ده‌كه‌م كه‌ له‌رووه‌كه‌وه‌ ده‌رهاتوون، ئه‌ویش پێكدێت له‌ئاوی‌ چه‌وه‌نه‌ری‌ سورو خه‌ڵوزو توتن‌و گوڵی‌ بۆندار كه‌ زۆرجار ره‌نگه‌كه‌یان تۆخه‌، له‌رێی‌ ئاوو پارچه‌یه‌ك قوماشه‌وه‌ ده‌ستكاری‌ پله‌ی‌ ره‌نگه‌كه‌ ده‌كه‌م به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ فڵچه‌و بۆیه‌ به‌كاربهێنم كه‌ بۆ هه‌ر تابلۆیه‌ك پێنج رۆژم پێده‌چێت.

نیقاش: بۆچی‌ پێت باش بوو تابلۆكانت له‌سه‌ر شه‌قامێك نمایش بكه‌یت له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ بیانبه‌یته‌ هۆڵێك، ئاخۆ ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین پێشانگاته‌؟

فوراتی‌: ئه‌مه‌ رێگایه‌كی‌ نوێیه‌ كه‌ تێچوونی‌ نییه‌، بۆخۆی‌ رۆحی‌ هه‌ژاری‌‌و بێبه‌شبوونه‌، هه‌ر ئه‌مانه‌شم كرده‌ ناونیشانی‌ پێشانگاكه‌، له‌جێگایه‌ك نمایشم كردن كه‌ ره‌خنه‌گران‌و رۆژنامه‌نووس‌و هونه‌رمه‌ندانی‌ لێ كۆده‌بنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مین پێشانگام نییه‌، به‌ڵكو ساڵی‌ 2004 پێشانگایه‌كی‌ ترم كرده‌وه‌.

نیقاش: كاردانه‌وه‌ی‌ خه‌ڵك بۆ پێشانگاكه‌ چۆن بوو؟

فوراتی: مایه‌ی‌ ره‌زامه‌ندی‌ خه‌ڵكێكی‌ زۆر بوو كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی‌ باش له‌به‌رده‌م تابلۆكانم راوه‌ستان، شێوازه‌كه‌م پرسیارگه‌لێكی‌ زۆری‌ له‌لای‌ هونه‌رمه‌ندان‌و خوازیارانی‌ هونه‌ر دروستكرد به‌و پێیه‌ی‌ شێوازی‌ سه‌یرو وردی‌ تێدابوو له‌به‌كارهێنانی‌ ره‌نگه‌كان، زۆرێك له‌هونه‌رمه‌ندان داوایان لێكردم پێشانگای‌ هاوبه‌شیان له‌گه‌ڵدا بكه‌مه‌وه‌، هه‌ندێكی‌ تریش داوایانكرد هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك له‌سه‌ر شه‌قامی‌ موته‌نه‌بی‌ زیادكردنی‌ ئاشكرا بۆ تابلۆكان ئه‌نجام بده‌م.

نیقاش: پێشانگای‌ تر ده‌كه‌یته‌وه‌؟

فوراتی: به‌ڵێ‌ دیارترین بیرۆكه‌یان ئه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ بێت كه‌ په‌یوه‌ستن به‌مافی‌ ژنه‌وه‌، هه‌روه‌ك له‌ئاماده‌كاریدام بۆ كردنه‌وه‌ پێشانگایه‌ك له‌چوارچێوه‌ی‌ چالاكیه‌كانی‌ به‌غدا وه‌ك پایته‌ختی‌ رۆشنبیری‌ عه‌ره‌ب له‌ساڵی‌ 2013، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ ده‌مه‌وێت له‌هه‌ولێریش پێشانگایه‌كی‌ تر بكه‌مه‌وه‌.

نیقاش: خواسته‌كانی‌ داهاتووت چین؟

فوراتی: كۆمه‌ڵێك خواست‌و بیرۆكه‌م هه‌یه‌ كه‌ ده‌مه‌وێت جێبه‌جێیان بكه‌م، دیارترینیان ئه‌وه‌یه‌ په‌یمانگایه‌كی‌ هونه‌ری‌ بكه‌مه‌وه‌ یان وه‌رشه‌یه‌ك بۆ راهێنانی‌ هونه‌ری‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای‌ به‌شداریكردن له‌و پێشانگایانه‌ی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ لۆكاڵ‌‌و ناوچه‌یی‌‌و جیهانی‌ به‌رێوه‌ده‌چن، هه‌ر وه‌ك ده‌مه‌وێت په‌یامێك بگه‌یه‌نم بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی‌ ته‌م‌ومژی‌ بێهوایی‌ له‌لای‌ زۆرێك له‌گه‌نجه‌ داهێنه‌ره‌كان كه‌ تووشی‌ بێهیوایی‌‌و بێبه‌شبوون هاتوون، ناوه‌ڕۆكی‌ په‌یامه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كاربكه‌ن به‌جدی‌‌و هه‌ژاریش داهێنان ده‌خولقێنێت.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌